سێحری نیگا

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  851 بینین

من بووم و دوو سێ گەز هەوای هۆدەکەم. ئەوەندە تەنیا بووم کە ئەتگوت ئادەمم لە یەکەم ڕۆژی خوڵقانیا. بێدەنگی هێندە پڕ و چڕ بوو کە دەنگی لێدانی دڵ و نەبزی دەستم ئەتکوت گرمەی هەورە تریشقە و ڕژانی ئاوهەڵدێرێکی گەورەیە لە هەزار بەهەزاری شاخێکی سەختەوە. لە سەر هەودای نەدیاری بیرەوەری، چەرخ و خولم ئەخوارد و بەرەوپاش ئەگەڕامەوە. ژیانی سی ساڵەم لە پەڕاوێک ئەچوو کە شنەیەکی نەرم و نیان لاپەڕەکانی هەڵداتەوە. لە مناڵیمەوە پێیا دەهاتمەوە. وەک فەقێیەک کە لەبەر هەیوانی مزگەوت دەرسەکانی رابردووی دەور بکاتەوە.

مناڵیم زۆر تیژ تێپەڕی. جگە لە بزەی لێوێک کە هی ڕواڵەتێکی خەمبار بوو، چی ترم نەدەهاتە بەرچاو. بزەی دایکم بوو کە زوو بەجیێ هێشتتم و بەناوی یادگار هەر ئەو بزەی بۆ دانام کە هەمیشە لێوی ئەڕازاندەوە، بەڵام هەمیشەش ئەو بزەیە بەڕواڵەتێکی خەمبارەوە ئەنیشت. چەشنی قورینگێکی تەنیا کە چلەبڕی کردبێ و لە کەناری شەتاوێکی بەبەفر و سەهۆڵ گەمارۆدراو هەڵنیشتبێ. لەوساتەوە فێر بووم کە بزانم کام بزە هی دڵخۆشییە و کام زەردە هی پەرۆشی و پەشێوی و هەر لەو کاتەوە خەم بوو بە هەوێنی بیرەوەریم. ئۆهـ چەندە تاڵە خەمنامەی ژیان خوێندنەوە، خوێندنەوەی پەڕاوێک کە ئەزانی هەموو تڕاژێدییە و لە هیچ دێڕێک تووشی خۆشییەک نابی. بەبا کردنی کای کۆن! لە هەموو کەلاوەیەکا بەشوێن گەنجا گەڕان؛ ئەمەیە تەقەلای من لە پێداچوونەوەی ئەوەی بەسەرم هاتووە و ئەو ڕۆژانەی کە بناغەی خانووبەرەی تەمەنی منیان دامەزراندووە.

دێتەوەبیرم لە هۆدەیەکا کە بەرەو ڕۆژ پەنجەرەکانی ئەکرانەوە دادەنیشتم. زەردەی خۆرەتاو تا نیوەی مافوورەی هۆدەکەمی بەپۆی زەرد ئەتەنی و شەبەقی ئەکەوتە سەر ئاوێنەیەک کە بەدیوارەوە هەڵواسرابوو. پۆل پۆل پەڕەسێلکەی تیژباڵ بەقاژوقیژ بەبەر پەنجەرەی هۆدەکەمەوە تێئەپەڕین. قووقەی کەڵەشێرێک لە دەرەوە ئەهات و بالۆرەی سەگێکی برسی بەرز ئەبۆوە. کارەکەرە پیرەکەمان تا گوێی لە لوورەی سەگ ئەبوو لە ژێر لێویەوە نزایەکی ئەکرد و خێرا پەنجەرەی هۆدەکەی ئەبەست و بەدەم کارەوە ئەیگوت: «پەنا بەخوا ئەم جارە نۆرەی کێیە؟ »

ناوی پورە خاتوون بوو. بەهەزاران داستانی دێو و جنۆکە و پەری ئەزانی. جنۆکەیەک کە ئەبوو بەپشیلە و شەوانە ئەچوو لە کۆڕی زەماوەندی جنۆکەکانا زوڕنای لێ ئەدا، «گەسکەکۆڵە»و«شەولەبان»و ناوی تر. من لەگەڵ ئەوەشا کەزۆر لەو داستانانە ئەترسام و کاتی خەوتن سەرم ئەبردە ژێر لێفەکەمەوە، هەموو شەوێ گوڕووم ئەگرت و تا پوورە خاتوون داستانێکی بۆ نەگێڕابامەوە خەوم لێ نەدەکەوت. هەر لەمناڵییەوە فێر بووم کە ئادەمیزاد ئەسیری چارەنووسە و هەر هەوڵێ بدا لە دوای چارەنووس ڕزگاری نابێ!

تەمەن لە شازدە و حەڤدە تێپەڕی و من هەستم کرد لەگەڵ لاوانی ترا جیاوازم. شەرمن و کەمڕوو بووم؛ بەتایبەت کاتێ لەگەڵ کیژێکا ڕووبەڕوو ئەبووم، زمانم ئەبەسترا و قسەم بۆ نەدەهات. هەروەک کاتی مناڵی، خۆم نوقمی خەیاڵ کرد. سەرم بردە ناو کتێبەوە. لەگەڵ جیهانی بێدەنگ و ڕەنگاوڕەنگی ئەوین و خەیاڵدا بووم بەهاودەمی شەو و ڕۆژ. هەروەها بووم تا ڕۆژێک ڕوانینی چاوێکی گەش و ڕەش دڵی لەرزاندم! نە... نە... تۆ نابێ پابەندی ئەوینی خاکی بی. ئادەمیزاد بێ بەینەت و بەقان؛ چارەت ئەوەیە ڕاکەی، هەر تا ئەتوانی خۆت دوورخەیەوە. ئەوین جوانە، بەڵام ئەوینی ناو هۆنراوە و پەڕاو نەک هی ناو کووچە و شەقام... ئەم چاوە گەشانە داوێکە ئەتکا بە ئەسیرێکی دەست و پێ بەستراو. کاتێ خۆت و دڵت پێ سپارد جێت ئەهێڵێ.

هەموو ئەمانە هاتنە سەر لاپەڕەی بیرم؛ بەڵام سوودی نەبوو؛ ئەو دووچاوە گەورە و گەورەتر بوونەوە. هەموو دەوروبەری منیان داگرت، وەک شەوێک کە بەسەرتا بکێشێ و بەرچاوت تاریک کا، یا وەک ئەمە لە پڕ ڕۆژ بگیرێ و نیوەڕۆت لێ ببێ بە نیوەشەوو نەتوانی هەنگاو هەڵبڕی. ئەم دووچاوە گەشە، بەڕوانینی گەرم و ئەویندارانەیانەوە تەنانەت بۆ وردەیەکیش وازیان لێم نەدەهێنا. بێ وازی یەخەی گرتم. بیر و خەیاڵێکی تازە مێشکمی ئاڵۆز کرد، تا لەناکاو دیسانەوە لە کۆڵانێکی تەسکا کەوتمە بەر سێحری ئەو دووچاوە گەشە. نەمزانی چ هێزێک پاڵی پێوەنام کە بۆلای بکێشم و چ جادوویەکی زمانمی خستە کار. لەبەر خۆمەوە کوتم: «لام وا نەبوو ئیتر چاوم پێت بکەوێتەوە.» شەرمێکی کچانە روومەتی کرد بەدوو پۆلووی سووری ئاگر. پێکەنینی نادیاری لە دوو لێوی سوور و دووچاوی ڕەشیا دیاریدا. ئەو دوو گۆمە قووڵە بەشەپۆلی وردی یەک لەدوای یەک شڵەژان و بەنەرمی نەسیمێکی ئێوارانەی هاوین کوتی: «منیش لام وا نەبوو!»

― «لەو ڕۆژەوە من ئەوینم ناسی وژیانم ناسی. ئەگەر تۆ نەبوایەی و ئەگەر تۆ بەم نیگا گەرمە نەتگرتبایەمە بەر سەرنج، من چ بووم جگەلە کرمێک لەناو لاپەڕەی کتێبی زانکۆی مافا؟ ئاخۆ، جێگایەتی بڵێم سپاس کە ژیانت پێ ناساندم!»

تا حەوتەی داهاتوو، خواتان لەگەڵ.