نووری شاعیری خەم

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 4 خولەک  819 بینین

سەلام لە گوێگری هەستیار و بیستیاری هونەرناسی بەرنامەی تاپۆ.

لە سەرەتای بەرنامەی تاپۆدا ڕامانگەیاند کە ئەم بەرنامە جگە لەمەی وەڵامی پرسیارە وێژەیییەکانتان ئەداتەوە، ئامادەیە بۆ ئەوە شیعر و نەسرەکانیشتان لە بەرنامەکەدا بنووسێ و بەناوی خۆتانەوە بڵاوی کاتەوە. لەم بەرنامەیەدا پارچە شیعرێکتان پێشکەش ئەکەین لە شوێنەوارەکانی کاک محەممەدی نووری. کاک محەممەدی نووری بەداخەوە کەم کارە و چەوتی ژیان ماوەی نادا زۆرتر بەهونەرەکەیەوە خەریک بێ؛ ئەگەر وا نەبوایە ئێمە ئێستە بینەری دیوانێکی جوان و ڕازاوەی شیعری ئەبووین. کاک نووری هەرچی شیعری هەیە هەموویان هیوا بڕاوانەن. ئەمەش ئەگونجێ هەر لە بەر ژیانی ناساز و نەهاتی بێ. وا دەرئەکەوێ کە هەرگیز تینی هومێدێک لە دڵی کاک نوورییا نەبووبێ، بەڵام نە من و نە گوێگرەکان ئەم دەلیلەمان قبوڵ نییە کە کاک نووری نەهاتی و چەوسانەوە و کەسەری خۆی بکا بە بەهانەی بەستنی سەرچاوەی زەوقی و ئێمە بێ بەش بکا لەو ئاوە زوڵاڵە. با ئەمەش بڵێم کە ئەم چوار شیعرانە بەزاراوەی موکریانین و ئەگەر وشەیەک یا شێوە دوانێک و تەعبیرێکی موکریانیتان تێدا بەر چاو کەوت لاتان سەیر نەبێ.

کاک محەممەدی نووری بەر لەوە شیعرەکەی دەست پێ بکا ئەڵێ: شیعرێکی «گۆران»ی- لە سەرەمەرگی هیوادا- خوێندۆتەوە و نووسیویەتی: «هەموو کەس بۆ مردووی خۆی دەگری، بەڵام گریانی گۆران بۆ هیوا و بێکەس هەموو کەسێکی خاوەن دڵ بانگ ئەکاتە سەر شیوەنگا. من لەو کۆڕە گەرمە شینەدا بەخوێندنەوەی ئەو هۆنراوەیەی مامۆستا گۆران بۆ چەند ڕۆژێک دڵم گەرم بوو. دەردی خۆم لە بیر چۆوە و سەرم دانەواند لە بەر دەرگای هونەر. هونەر فەرق ناکا کوردە، عەرەبە، یا تورک. کۆنە یا تازە، «حافز»ە یا «لاماڕتین»، ڕەشە یا سپی. هەرچی هەیە، هی هەر خەڵکێکە بەجوانی دەچزێتە گیان و دەکشێتە ناو ژیان، هەم پێکەنینی جوانە و هەم گریانی شکۆدارە. لێرەدا کاک نووری خۆی بەکەم داناوە و ئەنووسێ: «من نە نووسەرێکی زەبرم و نە شاعیرێکی زرنگ. تەنها ویستم بەزمانی بێ زمانی کڕنۆشێک بەرمە بەر بارەگای شیعر و شاعیر و بڵێم:

:ئەمن چی بڵێم بە جوانی،

:ڕێک و ڕەوان و ڕوون بێ

:وەک گۆرانی «گۆران»ی

:هۆی ئارامی دەروون بێ

:بزەی لێو و کزەی دڵ

:ئینسانی بێ و یەزدانی

:دەمی تیغ و پەڕی گوڵ،

:سێحرێکی جاویدانی

:«حافز» بەنیوەی شەوێ،

:بەسرودێکی عاسمانی

:«گۆران» بەچریکەی کەوێ

:بەقاسپەیەک گۆرانی

:فرشتەی بێتە دەرکێ

:پەری بێنە هەڵپەڕکێ

:زەوی بچتە سەمایە

:ئەمن چی بڵێم لە دوایە؟

 

هونەرمەند بەسەرسووڕماوی پەنا ئەباتە بەر ئیلهام و ئەپرسێ:

:ئەی هەوێنی دڵی هۆنەر

:ئەی هۆی زانست و ڕووناکی

:لە پێش دەرگات دادەنێم سەر

:باوێژە زەینم بە چاکی

:چیت پێشان دا، چیت خستە دڵ

:وا جوان هاتە دەرێ لە کڵ

:چیت لێ ستاند و چیت دایە

:وا جوان هێناتە کایە؟

:هۆنەر! ئەتۆ ئینسانی پاک

:نموونەی باش! ڕەوشتی چاک

:بۆ کێ دەگری؟ بۆ کێ دەژی؟

:دەبیە پۆلوو، دەبیە ڕەژی؟!

:چۆن سووتاوی؟ چۆن چۆقیوی؟

:جارێ شەمی، جارێ پیوی؟

:هەڵدایسێی بۆ دنیای ڕوون

:دادەمرێنی کوڵی دەروون

:تۆ «فیردەوسی» و «ویکتۆر هۆگۆ»ی

:تۆ لاماڕتین، یاخۆ «خواجۆ»ی

:تۆ «گۆران»ی، ئەستێرەی کۆی

:زەمان دەڕوا، کوا تۆ دەڕۆی؟

:دنیای پڕ ئاوازەی تۆ

:واتەی کۆن و تازەی تۆ

:لە هەر کوێ خۆی بنوێنێ

:خۆری و پڕشنگ دەپژێنێ

:هۆنەر بڵێ ئەتۆ لە کوێی

:نە ئاوا بووی، نە لەدەم سوێی

:نە نزیکی نە لێم دووری

:تۆ بڵێسەی کۆگای نووری

:برۆی، چاوی، برژانگی

:لەڕووی زەرد و رەشانگی

:خوێنی لە نێو پێستی سوور

:سپی پێستی وەک بلوور

:گیانی لە نێو هەمووانی

:ڕەنگ و زمان نازانی

:تۆ برووسکەی یەزدانی

:ئەمما کوڕی ئینسانی

:هۆنەر جێگات دیارە

:گەنجی کونجی وێرانێک

:ئاواڵ و هاوڕێ و یارە

:شەمێک، شەوێک پەروانێک

:لەو خێزانە بچکۆلە

:لەو وێرانە، لەو چۆلە

:جیهانێک ئەخەیتە ڕوو

:پڕ بەتاسە و ئارەزوو