ڕووناک

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  880 بینین

هەر دەبوو بێدەنگ بم، دەبوو نەنووسم، بەڵام لەو کاتەوە کە دڵم بەدڵی تۆوە پەیوەندکردووە، خۆپەرستی و غروورم نەماوە، خۆت ئاگات لێیە کە تا ئێستە زۆرم هەوڵ داوە بۆ خۆمت ڕاگرم، هەر کات قسەیەک هاتۆتە پێشەوە و سەرچاوەی ڕوونی ئەوینمان لێڵ کردووە؛ لەگەڵ ئەوەشا من تاوانێکم لە پێکهێنانی ئەم نێوان ناخۆشییەدا نەبووە دیسان هەر من دەستی ئاشتیم بۆ لات ڕاداشتووە.

بە گیان و دڵ کڕیاری نازت بووم، گوێم نەداوەتە گرمەی ترسێنەری دێوی غروورێک کە لە دەروونمدا وەخەبەر هاتووە، لەبەرچی؟ چونکە خۆشم ویستووی، تۆش پاش ئەوەی هەستی ناسکی کچانەت دامرکاوە، داوای ئاشتی منت وەرگرتەوە و بەپێکەنینێکت هەموو لای ڕەشبینی و ناهومێدییەکت لە دڵم ڕاماڵیوە. هەموو کچێک خاوەنی هەستێکی ئەوتۆیە، ئەیەوێ بۆ دڵدارەکەی ناز بکا، بتۆرێ و چاوەڕوانە کە پیاو هەنگاوی هەوەڵ بۆ ئاشتبوونەوە هەڵگرێ.

ئەم ڕاستەقینەیە کە من باشی تێئەگەم، ئەزانی کە هەمیشە هەر من پێشەنگی ئاشتبوونەوە بووم.

چ پەیمانێکمان بەست؟ چەندەمان زەمزەمەی بەهار و ئەوین و دڵداری بە گوێی یەکا چپاند؟ چەند سەعاتی بە شۆر و هەرگیز لە بیر نەچۆوەمان لەلای یەک بەسەر برد؟ لە بیرتە کە من ئەترسام بە جارێ خۆم بسپێرمە دەس گەردەلوولی ئەوین؟ چونکە تاڵترین تاقیکاریم لەم بارەوە هەبوو، بەڵام تۆی باش، تۆی خاوێن ناچارت کردم تەسلیم بم، دەروونی من ئامادەبوو، بۆ بانگهێشتنی میوانی ئەوین، ئەمزانی کە هەستی من تەنیا لە دوڕگەی بەرین و سەوزەڵانی دڵدارییا تێئەگا و پتەو ئەبێ؛ بەڵام ئەترسام ئەو دوڕگەیە کە من لە دڵما سازم کردووە بەو هەموو مەلە جوانانەیەوە کە جریوەیان وەک مووسیقای بێ وچانی ژیان دێتە گوێ لەپڕ ببێتە وشکارۆیەکی چڕ. ئەترسام ئەو هەنگاوانە کە من بەتاسەی هەرێمی ئەوینەوە هەڵیانئەگرم بمگەیەنێتە وڵاتی درۆو دەلەسە و فریوکاری. لە بیرت چۆتەوە ئەو رۆژە پاش ساڵێک کە بەچاو، بە ڕوانین، بە هەناسەی ساردوگاهێ بە بزەی شەرمێونی لێو تێمگەیاندبووی کە گرفتاری تۆم؟ لە کۆمەڵانێکا تووشی یەک هاتین، ئێوارەیەکی بەهار بوو تۆ کتێبەکانت بە سەر سینگی پڕ لە رازی کچانەتەوە گرتبوو، شەکەتی چەند سات گوێگرتن بۆ دەرس کوتنەوەی مامۆستای خوێندگەکە کەمێک چاوی لێڵ کردبووی، دەتکوت گۆلاوێکی مەندە بە پەلکی شلک و تەڕی شۆڕەبی سێبەری لێ کراوە.

لەمێژ بوو ئەمویست پرێسکەی دڵم لەلات بکەمەوە بەڵام نازانم چ سامێکی یەزدانم لە چاوتدا بەدی ئەکرد؟ کە هەر لەگەڵ ئەمدیتی زمانم دەچووە بەست. بەڵام ئەو ڕۆژە شەپۆڵی پەنگاو بەستووی هەستی من لەمپەڕی زمان و پەرژینی مژۆڵی ڕووخاند، گوتم: «ڕووناک!» ڕاوەستای، بزەیەکی هیوابزوێن کەوتە سەر لێوت و ڕەنگت کە لە پێشا وەک پۆلووی ئاگر سوور بوو گۆڕا، وەک ڕۆژی سەرکەل پەڕی، پاش ئیستێکی کورت بووی بەئاسکێکی سڵ و هەڵاتی. وەک دوێردێکی تیژ هەریری هەوای کۆڵانت لەت کرد، کۆڵان پڕ بوو لە بۆنی خۆشی ئەوینت. من مامەوە بەدڵێکی لەدەست دەرچوو. گیانەکە ڕەنگە لەبیرت نەمابێ چونکە ئەمڕۆ بۆم دەرکەوتووە ئەم ماوەیە هەر نەخشت گێڕاوە، رووبەندی دڵداریت بەسەر خۆتا کێشاوە و لە ژێرەوە گاڵتەت بە من کردووە.

لێت ئەپرسم، کاری ئەو باخەوانەت پێ چۆنە کە تۆوی گوڵ ئەچێنێ؟ شەو ئاوی لێ ئەنێ، بژاری ئەکا، لەشی نەرم و نیانی گوڵەکە لە دەسدرێژی دڕک و داڵ ئەپارێزێ تا غونچە ئەکا، ئەپشکوێ و بەدەم بەیانەوە پێ ئەکەنێ، پاشان باغەوان پێشێلی کا، بیژاکێنێ و لە ڕیشەوە دەریبهێنێ، بیخاتە بەر سوورەتاوی بێ بەزەیی نیوەڕۆی هاوین؟ پێم بڵێ کاری ئەو باغەوانە بێ هەستە، دەروون زبرەت پێ چۆنە؟

کارم بەسەر وەڵامی تۆوە نییە، بەڵام تۆ خۆت وەک ئەو باغەوانە باخچەی دەروونی منت بەجوانترین گوڵی هەست و دڵداری ڕازاندەوە، ئەو گوڵانەت بەئاوی هیوا پەروەردە کرد تا شەپۆڵی بۆنی خۆشیان دەماغی لاویمی پڕ کرد. لە پڕ بێ ئەوە تەنانەت خۆشت بزانی بۆ چ وات کرد، لێت ناپاڕێمەوە کە ئەو بەهارە کە خۆت کردت خەڵاتم بۆ چی لێم وەرئەگریەوە؟!

تەنیا ئەمەوێ جارێکی تریش بتبینمەوە، سۆنەی نیگام کە هۆگری زرێباری چاوتە، جارێکی تر لەم دەریا شین و مەندەدا مەلە بکا. ئەمەوێ بزانم دیسانەوە لەبەر چاوم هەر ئەو کەلە هەتاوگرەی بەربەیانی، یا بووی بەئاسۆی زەردی ڕۆژپەڕ. زۆر سەیرە چۆن ئەبێ دڵێکی وەک دڵی من بێ تاوان لە پڕ لەوپەڕی بەختیارییەوە بێتە ئەم پەڕی چارەڕەشی؟ بەیانی کە چاوم کردەوە تۆم هەبوو، بزەی هەتاوم هەبوو، ژیان و هیوام هەبوو، کە شەو داهات نە تۆمای، نە پڕشنگی خۆرەتاو و نە ژیان و هیوا. نازانم بیرەوەری ئەوینی مردوومان ئەوەندە بێ هێزە کە بتکێشێ بۆ جێژوانی چۆڵی خاپوورمان یا نا، بەڵام ئەگەر هاتی چاوت بەمن یا باشتر بڵێم تاپۆی من ئەکەوێ و ئەو تاپۆیە پێت ئەڵێ بۆ چ وات کرد؟

ئەم نووسراوە کورت و ساکارە کە پێشکەشتان کرا تەنیا لە ڕوانگەی دڵدارییەوە سەیری دەوروبەری خۆی ئەکا و ناتوانێ بۆ کۆمەڵ کەڵکێکی هەبێ بەتایبەت ئەمڕۆ کە شێوەی ڕۆمانتیک کۆن بووە و دەرکەوتووە کە ناڵە و هاواری ئەویندارانە هیچ دەردێکی کۆمەڵ دەوا ناکا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشا ئێمە هێندە وشک و بێ هەست نین کە بەجارێ ئەوینمان پێ بێهوودە بێ، ئەوین لە نووسراوەی «رئالیستی»یا ئەبێ کەرەسەیەک بێ بۆ هاندان و پتەوکردن و لابردنی شەکەتی، نەک خۆی ببێتە ناوەڕۆکی مەبەست؛ واتە ئەوین بۆ ژیانی بەختەوەرانە لەگەڵ هەموو کەس، «نەک ئەوین بۆ ئەوین».