خەڵکی شاری ئەوینم

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 4 خولەک  810 بینین

هەوا تاریک بوو، هەوەڵ جار بوو کە من بەنوێژی نیوەڕۆ بیرم لەوە دەکردەوە، ئەگەر خۆرەتاو تینی نەمێنێ ئەم سەرزەوییە کە هەزاران ساڵە ئێمەی لە سەر پشتی خۆی سوار کردووە چی بەسەر دێ؟ وڵات یەکپارچە ئەبێتە سەهۆڵ، دار و بەرد و ئاو هەمووی ئەیبەستێ و گەرمای ژیان ساردوسڕ دادەمرکێ.

نازانم لەو بیرە ئاڵۆزانەدا گەیشتبوومە کوێ کە بەژنێکی بەرز و کەڵەگەت بە کراسێکی زەردەوە بەلای منەوە دانیشت.

ئەهات وا تاریک ئەبوو، پڕشنگێ کە لە خۆرەتاوەوە ئەهات و ئەکەوتە سەر خارای کراسی ئەو کچە وا لەلام دانیشتبوو، لە سەر کراسەکەی ئەبوو بە هەزار ڕەنگی بە ورشە، تێی گەیاندم کە تاو و ساوێکی خۆش خێوەتی هەڵداوە...

چاوم لە جووتێ کەوشی ژنانە هەڵگەڕا بەرەو ژوور، وەک مارێکی ڕەش بەڵەک و تینوو کە بەدارێکی شلک هەڵگەڕێ و بیەوێ لە ناو تورت و تەڕی لکی هەرە بەرزی دارەکە ماندوویی بحەسێنێتەوە، نیگام کەوتە سەر داوێنێکی خاوێن و لەوێ گەیشتە بەر پشتێنێکی کەم و شل و مل و لەسەر سینەی دوو گۆی زێڕین، دوو مەمکی قوت کە لە ژێر کراسە زەردەکەوە چرۆی دەرکردبوو وەستا! تاسەی گوشین دڵمی پڕ کرد و پاشان نیگای نەسرەوتووی برسیم ڕاخوشی بۆ گەردنێکی بەرز کە چەنەیەکی خڕ و پڕ سێبەری لێ کردبوو، وەک سێبەری شەکەت لابەری دارەتوویەکی بەبەرگ و بەر.

ئاسکێک، ئاسکێکی ماندووی ڕەوەک و سڵ، هێندە بەرچاوە، کە لە گەرمای هاوین ڕائەکا بەرەو شنەیەکی چیای بژوێن و ئەگاتە پۆلە دودڕکێک کە سێبەری ڕەوەزێک لە باوەشی گرتووە. نیگای من ئەو ئاسکە بوو کە لە ژێر تووتڕکێک و مووی تازەهاتووی هەڵنەگیراوی لاجانگی کچەکەدا ئارامی گرت؛ دیسانە ئەوا بیرم ڕۆیشت، بەڵام نەک بۆ دوورودەر، وەک تیرێک کە کەوانە بکات بەرەو خۆم گەڕاوە و لە جەرگم هەڵچەقی؛ چوومە ناو خۆمەوە و بیرم کردەوە ئەگەر هەموو جیهان بەبەرگ و دارەوە، دەریا و چیا و جەنگەڵ و شار و ئاوایی و چۆڵ و دەشتەوە گیانیان هەبوایە چۆن ئەبوو؟ ئەم کاتە بەیان بزەی خۆی زیاتر ئەڕازاندەوە، گوڵ گەشتر خۆی ئەنواند و کۆلکە زێڕینە وەک ئەو بەرموورە ڕەنگاوڕەنگەی لێ ئەهات کە بەسەر پێستی لووس و بێگەردی گەردنی ئەم کچەوە ئەدرەوشێتەوە. دوو چاوی گەش و ڕەش گرتیانمە بەر ڕوانینێ، تا ئەم کاتە نەمدیبوو، ڕوانینێک ئەوەندە بڕست بەزێن و گەرم و تاسە شکێن، ئەتگوت تەمەنێکی درێژە من هەر لەم جێگایەدا دانیشتووم و ئەو نیگا بەتینە ئاژواوەتە دەماری لەشم؛ ئەتکوت بێ ئەو نیگایە من هیچم، سارد و سڕم، وەک زەوییەک هەرگیز هەتاوی لێ هەڵنەهاتبێ، سەیرە بەڕاستی سەیرە، یارییەک کە گاهێ بزەیەک یا نیونیگایەک یا لەنجەولارێک بەدڵی پیاوی ئەکا، هەر بەم زووە بێ ئەوە بتوانم هۆگری وەک بۆنی گوڵزارێک کە لە پێچگەی بای شەماڵەوە ئەپێچرێ و لەبەر لووتی ڕێبوار ئەکرێتەوە هەموو دڵمی تەنێوە، هۆگری ئەو شتە کەس نەبێ با شەو هەبێ خۆشە. نیگامان وەک دوو ماری عاشقە و ماشقە تێکهاڵا، دڵم بەلێدانی بێ وچان پەردەی شوورەیی و خۆڕاگرتنی دڕی، گوتم لەو ئاوایییە غەریبم، بۆ غەریب؟ هیچ شتێ لە تەبیعەتی بێدەنگ و خامۆش ئاشناتر نییە، ئادەمیزاد نامۆیی ئەکەن، بەڵام سروشت دڵ ئاوایە و بەخشندە، بێ پرتە و بۆڵە.

پێکەنی و ورشەی ددانی وردی کەوتە سەر لێوی سوور و کچانەی، بەشوێن زەردەکەیا کوتی:«تێنەگەیشتم چیت کوت؟ ئەوەندە دەزانم کە تەنیا و غەریبی، ئەوەش ئەزانم کە لاوێکی جوانی.» ترسام. بەڵام نەک لەبەر ئەمە کەمێکی گاڵتە تێدابوو، نا... لەبەر ئەمە من هەستم کرد لە بەرامبەر کچێکەوە دانیشتووم کە بە ساکاری و لەباری و بێدەربەستی وەک شانازی کردن بەپەیکەری ڤینۆس و من وەک دێرینە ناسێکی تامەزرۆ کە لە کەلاوەی خاپووری شارە کۆنەکانا لە شوێن عەنتیکەی هونەرییا وێڵە، ناچارم لە بەرانبەر ئەو کچەدا دەست بەسینە بوەستم.

لەو تاسان و سەرسوڕمانەدا بووم کە لەپڕ لە زمانم هاتەدەر:

«تۆ... تۆ ڤینۆسی... تۆ پەیکەرەی خوای ئەوین و جوانی...» بە سیلای چاو سەیری کردم و کوتی: «تۆ لە ڕادەبەدەر شەرم ئەکەی وا دیارە کوردیش نازانی؛ لام وایە خەڵکی ئەم شارە دوورانەی کە ئەڵێن، سەریان لەبەر دووکەڵ بە تەمە.»

وتم: «نا، نا، خەڵکی هەرێمی دڵداری و دانیشتووی شاری ئەوینم.»