دیمەنی بەفر و زستان

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 4 خولەک  1331 بینین

سروشت لەم زستانەدا بەبەرگی سپی ئاو داوێنی بەفر خۆی ڕازاندۆتەوە بۆ هەر لایەک ئەڕوانی خێوەتی سپی هەڵدراوە. بەفر پیتە، بەهرەیە بۆ کانیاوی مووچە و مەزاری جووتیاران، دابینکەری نیازی کشتوکاڵە و لە ڕاستییا بەفر هۆی شینایی و شیناوەردە. کلووی بەفر کاتێ لەسەر سەکۆ و کورسی گەرم لە پشت پەنجەرەوە سەیری کەی، ڕوانگەو دیمەنێکی جوان دەخوڵقێنێ، بەڵام کڕێوەیەک کە سەر لە ڕێبوار ئەشێوێنێ و تەنانەت بەر پێی خۆشی نابینێ، ناتوانێ بۆ ئەو ڕێبوارە، ڕێ هەڵەکردووە شتێکی باش بێ و ئەو سەرمایە کە هەرگیز ڕووناکاتە کەناری دەوڵەمەندان، بەلای ئەو مناڵە بێ بەرگ و ڕەش و ڕووتانەوە کە لە ناو ماڵێکی سارد و سڕ و بێ تینا ژیان ئەبەنە سەر، ناتوانێ خۆش و خۆشەویست بێ.

باوکێکی هەژاری دێ نشین لە هەموو جیهانا جگە لە کچۆڵەیەک شک نابا، کچۆڵەیەکی تازە پێگەیشتوو، هەموو ئاواتی ئەو باوکە پیرە ئەوەیە کە نازداری کچی بە شووبدا و نەوەکانی لە باوەش گرێ و بڕوانێتە بزەی بێ تاوانانەی سەر لێوی سوور و ناسکیان.

زستان هاتووە و کار و کاسبی لە ئاوایی خەوتووە؛ دێ لە ژێر پێخەفی سپی بەفردا خەریکی خەوی زستانە.

هەرچی داهاتە لە کشتوکاڵ هاتۆتە دەست، ئیتر کاتی ئەوەیە باوکی پیریش لە داهاتی کەم و کورتی خێزانەکەی، ئەندامی شلک و جوانی نازدار کە بەرگەی سەرمای تووڕە و لەش تەزێنی زستان ناگرێ، پۆشتە کاتەوە. باوک ئەچێ بۆ شار و چاوی چاوەڕوان و جوانی نازدار لە ڕێگایە و هەزار ئاواتی ڕەنگا و ڕەنگی کیژانە لە دڵیا شەپۆڵ ئەبەستێ.

:سێ چوار ڕۆژێک بەبێ وچان

:کلووکلوو بەفر ئەبارێ

:هەموو وڵات ساماڵسا بوو بە یەگجاری

:ئاسمانی ڕەش تاوێک

:نەیئەترووکاند چاوێک

:بەفر ئەباری... بەفر ئەباری

:بستێک، ئەژنۆیەک، ناوقەدێک، باڵاپیاوێک،

:لەم لاو ئەم لای دێیەکەوە

:پەسا پەسا ماڵ ئەڕووخا

:هێلانەی هەژار ئەشووخا

:نا! نا! ئیتر چ ناڵێم ماڵ

:گۆڕی گشتی ژن و مناڵ

:سێ چوار ڕۆژ بوو باوکی نازدار

:چووبوو بۆ شار

:چووبوو جلی بۆ بسێنێ

:کراسی جاو

:سەڵتەی بەروپش بەلاشە

:نازداری خۆی پێی داپۆشێ ڕووتی لاشە

:ئێوارەیەک چەن تارمایی

:تەرمێک لە کۆڵ

:ئەیانشکاند بەفر و سەهۆڵ

:ملیان ئەنا بۆ ئاوایی

:تەرمی کێ بوو؟ تەرمی کێ بوو؟

:تەرمی ڕەق بووی باوکی نازدار

:هەی قوڕ بەسەر خەڵکی هەژار

:ماڵێک داڕووخاو

:دڵێک پڕ زووخاو

:ژنێکی فەڕتووت

:نازدارێکی ڕووت

:بەمیرات مابوو بۆ دایکی نازدار!

:مەگری مەگری نازداری خۆم

:مەگری بەسە.

:هەر ئێمە نین

:خەڵکی هەژار،

:گش بێ کەسە

:مەگری! مەگری!

:چاوەکانم بخەوی باشە.

:فریشتەی خەو

:بۆی دووری سەڵتەی بەلاشە.

 

زستان تەواو بوو، خیوەتی سپی بەفر پێچرایەوە، بەڵام ئەو زووخاوە کە زستان و سەرما لەدڵی دایکی نازدار و نازداری خستبوو هەرگیز بە هاتنی بەهار و سروەی بۆنخۆش لای گوڵزار تیمار نەئەکرا.

زستان ئەبڕێتەوە، پاش سەرماو سۆڵی لەش ترسێن، بۆنی خۆشی گوڵزار ئەهاژێتە دەمار تەبیعەتەوە، ئەوە ڕێ و شوێنی دابڕوا و دیاریکراوی ژیانی ئادەمیزادە. گاهێ لە دڵیا بەهارە و گاهێ لە دەروونیا زەمهەریرە، بەڵام ئەو دڵانە وا بەگەرمای خۆرەتاوی ئەوین و هەستی نەوعدۆستی داگەشاون، هەرگیز بەسەرمای زستان و بەگەڵاڕێزانی پایز ناژاکێن، کام دڵ ئەویندارە ئەو دڵە ئەبێتە، کوانووی دانەمرکاوی ئینسانییەت. ئەوین یا هەستی ڕاسپێری ئینسانی، ئاخۆ لەم زستانەدا بێ دەربەست لە هۆدەی گەرما سەر ئەنێتەوە سەر سەرین لە کاتێکدا ئەزانێ کە دراوسێکەیان تەنیا بەدووکەڵی هەناسەو بڕینی دڵ گەرمی ئەبێتەوە؟! لام وانییە، چونکە هێشتا کاتی ئەوە نەهاتوو، بەسەر تەرمی ئینسانییەتا بگرین، خۆزگا هەموو دڵێک ڕووگەیەک ئەبوو و ئەکرا نیازی لێ بخوازی و پەنای بۆ بەری.

لە کاتێکا مەبەست و واتەی بەرزی ئینسانی ئەکەوێتە ناو، خۆزگا گوڵی ئینسانییەت لە بەهاری ئەمساڵا لەم مەزرای دڵمانا چرۆی دەرئەکرد.