بەهاری دڵداری

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 4 خولەک  921 بینین

ئەم پەخشانەی خوارەوە باسی بەهاری دڵداری و جیهانی ڕەنگاوی ئەکا، ئەو جیهانە کە لە هەرێمی دەستەڵاتیا هەرگیز شەو دانایە و گوڵی گەشی هەرگیز بەگەڵاڕێزانی پاییزی ناژاکێ و سیس نابێ؛ سکاڵای ئەوینی لاوێک، سکاڵایەک کە چەشنی زایەڵەی دوورە دەستی دەنگی شمشاڵێکە لە بەرەبەیانییەکی زرنگاوەدا، یا چپەی پۆلی پەرییانە لە کۆڕی جێگا کۆنەکانا.

چی بڵێم بەم دڵە کڵۆڵەم کە چەشنی کۆتری گیراو خۆی بەقەفەسی سینەمدا ئەدا... چۆن ئەو ڕازە کە سێ ساڵ وەک گەنجێکی هێژا لە کەلاوەی خاپوور و چۆڵی دڵما ڕامگرتووە، بەلاتەوە بیدرکێنم، ئاخۆ وشەو دەم و لێو مەحرەمی دڵن؟ ئایا ئەم هەوایە لە نێوان دەمی منەوە تاگوێی تۆ ئەوەندە ڕازدارە کە من وەک ماری سەرگەنج پاسەوانی ئەم نیازە بەتین و خۆشەویستییەی پێ بسپێرم. بریا و سەت بریا دڵ ئەبوو بە ڕشتێکی بێڕەنگی بێ سنوور، سەرێکی لە هەرێمی خونکاری شەوەوە دەستی پێ ئەکرد و ئەو سەرەکەی لە سنووری ڕۆژا ئەبڕایەوە تا من بتوانم ئەو هەموو تاسەیە لە دڵما جێ بکەمەوە و هەرگیز ناچار نەبم بە دەربڕینی ئەوینم، هێمنی و مەندی گۆمیلکەی چاوە جوانەکانت بشڵەژێنم و خەوی خۆشی پڕشنگی چاوت کە ئەڵێی ماسی زەرد و سووری دەریای ئارامە بشێوێنم.

جارێک ئەمەیە ئاواتم، جارێکی تریش ئەڵێم بریا دڵ لەمەش کە هەیە کەمتر ئەبوو تا گەرمتر وێنەی ڕوخساری شکۆداری پاکت تاسەی هەرگیز نەشکاوی بیرەوەری لە باوەشی دڵ بنێ.

ئەمە شێتییە، بەڵام باوەڕکە با ئەو هەڵۆ بەرزە کە ئەوینی پیاوانەی منە، شوێن باوێ و دەتیشکی خۆرەتاو کەوێ. هەڵۆی بەرەو بەرزی تا ئەو جێگایەی پەڕو باڵی بەتینی خۆرەتاو ئەسووتێ و هەوری سپی وەک کفن و خەڵات لە دەرەوەی لەشیەوە ئەپچڕێن.

کوتم نا! با ئەو بێدەنگییە نەشکێنم، با هەرێمی سپی و بێگەردی خامۆشی بەتیخی تیژی وشە هەڵنەبڕم، بابسووتێم، ئەڵێم دەردار و ئەویندارم، بەڵام تاکەی...؟ دەرد و دڵ داستانی شووشە و بەردە... تا کەی بەیەکەوە ئەسازێن...؟

جەرگی کون کونی خوێندەڵێن بە چ زمانێک تێگەیێنم کە چەشنی بلوێر بلۆرێتەوە...؟

پیاڵەیەک بوو لیوانی شەڕابی خەم لەدەستم کەوتە سەر زەوی و بوو بەهەزار کوت... ئەمە ناڵە بوو، ناڵەی دەردەدارێک بوو کە ناچارە بناڵێنێ تا دەردی سووک کا...

ببوورە خۆشەویستەکەم! نەمتوانی خۆم بگرم، دڵم گوڵێک بوو پەنگی خواردەوە پەژارە و سەرڕێژی کرد، ئەمە هەوەڵ دڵۆپی ئەم سێڵاوە بوو کە لە دڵم هەڵقوڵای و بە کۆنگەی لێوما هاتە خوار؛ بەخۆم نەبوو کە نووسیم، خۆشم ئەوێی!

لەمە شەرمەزار و پەشیمان نیم کە پرسێکە دڵم لای تۆ کردەوە، ئەترسم هیوایەکی نادیاری بێڕەنگ کە ڕەنگ و واتەی ئەدا بەژیانم وەک چرای شەوبێدارێکی هەژار لە تاقچەی سینەما بکوژێتەوە؛ ئەترسم نەکا چەپکە گوڵی هەستی ئاڵم کە بە خەیاتە خاوی شیعر و خەیاڵم هۆنراوەتەوە بەدیار وەرنەگری؛ سێ ساڵ، سێ ساڵ لێدانی بێ وچانی دڵ؛ شەوانی تا بەیانی لەبیرا بەسەر چوو، ڕۆژانی تا شەو بە هیواوە تێپەڕیو، بڕستی منیان بڕی، وەک گەنجێکی کەم تەمەن شەرم و شکۆ دایگرتم و کوتم: خۆشم ئەوێی... بێدەنگ بوو. چۆن بڵێم ئەم بێدەنگییە کەم خایەنەت چی بەسەر من هێنا؟

لایەکم بەهار بوو بەهەزار گوڵی ئاڵ و واڵاوە، بەهەزار مەلی دەنگ خۆش بەجیلوەوە، لەلایەکی ترم زستان زەمهەریر بوو بەسۆزی لەش ترسێنی، تین فڕێنی هەزار لوورەی با و کڕێوەوە، ئەترسام زیاتر لەم بێدەنگییەدا ئازارم بدەی، خەریک بوو هاوار بکەم و بڵێم دەرگای گوڵزاری دەمت بکەوە تا هەناسەی زیندووکەرەوەی مەسیحایی بهاژێتە گیانم، بەڵام دەخیلت بم هیوای سێ ساڵەی دڵێکی گەنج بە با مەدە، تۆ کە گیانی نەرم و هێمنی دڵی ناسکت نەهات ئەم پەپوولە ئەویندارە کە بەهەزار هیواوە بەسەر پای گوڵی دڵتەوە نیشتبوو بتارێنی؛ ئێستێ ئەی ڕەمزی هەستی وا بەهار و ئەوین و جوانییە. هەر وەک لە پاڕانەوەکەما کوتم ئەتوانی بمخەیە بەر سێڵاوی ڕەشی شەوگاری دڕو کڕو ئەشتوانی دەستم بگری و بمبەیە مەڵبەندی بەگوڵ خەمڵیوی پڕشنگ و شادی. ئەمەش بزانە کە ئەگەر وەڵامت هەرچی بێ، ئەگەر موژدەی بەختەوەری بێ یا شەقڵبوونی هیوا بڕاوی، پەرژینت بەگوڵی ئەوینی من تێکناچێ، من هەر ئەو شەیدایەم کە بووم، شەیدایەکی بەختەوەر، ئەگەر بڵێی ئەرێ بەشەیدایەکی چاورە ڕەش، ئەگەر بڵێی نا، لێم گەڕێ، بەڵام سوێندت ئەدەم بەو چاوە جوانانەت لە ئاگری دوودڵییا مەمهێڵەوە.