داخوا ڕوودەکی یەکەم شاعیری فارسە؟

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  957 بینین

سەلام لە گوێگری بە هەست و هونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ.

گوێگرێکی بەڕێز پرسیاری کردووە کە باشتر نییە لەباتی ئەو هەموو جیاوازی بیر و بڕوایە کە لە نێوان مێژوونووسانی وێژەدا پەیدا بووە و هەر کام سەبارەت بە هەوەڵ شاعیری ئێران شتێکیان نووسیوە و کەسێکیان هەڵداوە، ڕاست و ڕەوان ڕوودەکی بە هەوەڵ شاعیر دابنێن و خۆمان لەم هەرایە ڕزگار کەین. ئەو گوێگرە پاشان داوای کردووە کە ئێمە بۆی ڕوون کەینەوە کە ئایا ڕوودەکی هەر لە مناڵییەوە چاوی نەیدیوە یا پاشان چاوی بەستراوە. نووسەری بەرنامەکە بەم چەشنە وەڵامی ئەداتەوە و هاوکارییەکی ترمان پێشکەشی ئەکا.

ڕاستە کە ئەمە هەڵەیە هەوەڵ کەسێک کە تەنیا شیعرێک یا تەنانەت نیوە شیعرێک هەڵبەستێ لە مێژووی وێژەدا بەهەوەڵ شاعیر بدرێتە قەڵەم، وەک بەهرامی گۆڕ کە ئەڵێن کوتوویەتی:

منم آن شیر دمان و منم آن پیل یلهفارسی
نام من بهرام گور و کنیتم بوجبلەفارسی

کە هەڵبەت کەمێک جێگای گومانیشە کە ئەم هەڵبەستە هی بەهرام بێت. یاوەک کوڕی یەعقووبی لەیس کە لە یاری مناڵانەدا کوتی: «غلطان غلطان همی رود تالب گور».

ئەمانە و کەسی تری وەک ئەمانە ناتوانن هەوەڵ شاعیر بن. جگە لەمەش ئەگەر بچینەوە بناوانی کارەکە بۆمان دەرئەکەوێ کە هەوەڵ شاعیر، هەوەڵ ئادەمیزادێک بوو کە توانی وشە بەزمانا بهێنێ. ئەوەی کە کێ هەوەڵ شاعیر بوو و کام هەڵبەست یەکەم هەڵبەست بوو با بمێنێتەوە بۆ ئەو کەسانە کە مامۆستای ئەو کارەن و لە ڕاستییا بێکارن! بەڵام ئەوەی کە فەرموویانە ڕاست و ڕەوان ڕوودەکی بەهەوەڵ شاعیر دابنێین، ئەمەش هەڵەیە. چۆن پێش ئەو ئەبوو شەهید و حەنزەلەمان بووە و شاعیری باشیش بوون. ڕاستە کە حەنزەلە تەنیا دوو شیعری لە تەزکەرەکانا ماوەتەوەو دیوانی نییە، بەڵام هەر ئەو دوو شیعرە نیشانەی دەسەڵاتی ئەوە لە هەرێمی شاعیریدا، بەچەشنێ کە خەربەندەیەک بەخوێندنەوەی ئەو دوو شیعرە وا هان ئەدرێ کە تیئەکۆشێ و ناوەستێ تا ئەگا بەپلەی ئەمیری. ئەم دوو شیعرە کە بۆتان ئەخوێنینەوە تەنانەت ئەمڕۆش نوێ و نەشەمزاون و ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی باشیان لێ دەرئەکەوێ. حەنزەلە ئەڵێ:

مهتری گر به کام شیر دراستفارسی
شو خطر کن ز کام شیر بجویفارسی
یا بزرگی و عزو نعمت و جاهفارسی
یا چو مردانت مرگ رویارویفارسی

بەڵام سەبارەت بە ڕوودەکی، ئەبوو عەبدوڵڵا جەعفەر کوڕی محەممەد کە نازناوی ڕوودەکی بووە یەکێکە لەشاعیرانی پایە بەرزی ئێران و بێگومان هەوەڵ کەسێکە کە شیعری فارسی پتەو کردووە و لەناو وێژە ویستانا پەرەی پێداوە. ڕوودەکی مامۆستای گەورەی شیعری فارسی لە ساڵەکانی ناوەڕاستی سەدەی سێ لە ئاوایییەک بەناوی «ڕوودەک»ی سەمەرقەندا لە دایک بووە و بەم بۆنەشەوە پێی گوتراوە ڕوودەکی. ئەو شاعیرە بەواتای عەوفی، نووسەری پاراوی «لباب الالباب» ئەوەندە هۆشیار بووە کە لە تەمەنی هەشت ساڵییا تەواو قورئانی لەبەربووەو شیعری باشی گوتووە. هەر «عەوفی»یە کە ئەنووسێ دیمەنێکی جوان و دەنگێکی خۆشی هەبووە و لای «ابوالعبک» کە مووسیقارێکی ناسراوی ئەو سەردەمە بووە لێدانی بەربەت فێربووە و ئاوازەی ناوبانگی بەهەموو وڵاتا بڵاوبۆتەوە و «ئەمیر نەسری سامانی» کە ئەمیری خوراسان بووە بردوویەتە لای خۆی. سەبارەت بەم باسە کە ڕوودەکی بەکوێری لەدایک بووە یا پاش ماوەیەک بینایی لەدەست داوە، بڕوای جۆربەجۆر هەیە. «عەوفی» لای وایە کە هەر بەمناڵی و کاتی لەدایک بوون بەچاوی بەستراوەوە هاتۆتە دونیا، بەڵام سەمعانی و نیزامی عەرووزی و نووسەری مێژووی سیستان، هیچکام ئیشارەیەکیان بەم مەبەستە نەکردووە. لە ڕوانگەی ئاوازیشەوە سەلماندی ئەمە کە ڕوودەکی کوێری زگماک بووبێ کەمێک دژوارە. عەوفی لە پێش ئەوەدا کە بنووسێ ڕوودەکی چاوی نەیدیوە، ئیشارەی بەدیمەنی جوانی ئەو شیعرە کردووە و ئەمە کەمێک سەیر دێتە پێش چاو عەوفی بەتان و پۆی جوانی ڕواڵەتی شاعیرێدا چووبێ کە جوانترین ئەندامی دەم و چاو و ڕوخساری ناقیس بووە. جگە لەمەش ئەو هەوڵدان و پێهەڵگوتنەی تەبیعەت و جوانی ئافرەت و دیمەنە، کە لە شوێنەواری «ڕوودەکی»دا هەیە، نابێ هی کەسێک بێ کە هەرگیز بە چاو ئەو جوانییانەی نەدیبێ، لەباسی پیری خۆیا ئەڵێ:

مرا بسود و فرو ریخت هر چه دندان بودفارسی
نبود دندان، لابل چراغ تابان بودفارسی
سپید سیم زده بود و در و مرجان بودفارسی
ستارهٔ سحری بود و قطره باران بودفارسی
تو رودکی را -ای ماهرو!- کنون بینیفارسی
بدان زمانه ندیدی که این چنینان بودفارسی

کەسێک کە بەم مامۆستایی و ناسکییە باسی سەدەفی ددان و دوڕو مەرجان و ئەستێرەی بەیان و دڵۆپەی باران بکا، ناکرێ جوانی تەبیعەتی بەچاو نەدیبێ.

ڕوودەکی مووسیقارێکی باش بووە و دەنگێکی خۆشیشی هەبووە و چەنگی باش لێداوە. چەنگ کەرەسەیەکی مووسیقای تایبەتی ئێرانییە و لەبەر ئەمە کە خوار بووە و بەمزراب لێدراوە پێیان گوتووە چنگ. ئێستەش لە بڕێ شوێنی کوردستان بە شتێک کە خوار بێ ئەڵێن چەنگە، لە شوێنەواری شاعیرانی سەردەمی ڕوودەکی دەرئەکەوێ کە ئەو شاعیرە چەنگی باش لێداوە. شاعیرێک ئەڵێ:

رودکی چنگ برگرفت و نواختفارسی
باده پیش آر کو سرود انداختفارسی

لەم شیعرە هەم چەنگ لێدان و هەم دەنگ خۆشبوونی ڕوودەکی دەرئەکەوێ. جگە لەم هونەرانە لە شاعیریشا، ڕوودەکی لە سەردەمی خۆیا بێ هاوتابووە. عونسوری، شاعیری گەورەی دەرباری غەزنەوی ئەڵێ:

غزل رودکی وار نیکو بودفارسی
غزل‌های من رودکی وار نیستفارسی

ڕوودەکی زەوقێکی بەجۆشی هەبووە و دیوانەکەی یەکجار زۆر بووە و وا دەرئەکەوێ کە دیوانەکەی لە سەردەمی خۆیا بەدەستەوە بووە. یەکێ لە شاعیرانی تری شێوەی خوراسانی سەبارەت بەژمارەی شیعرەکانی ڕوودەکی لە پارچە شیعرێکی ئەڵێ:

شعر او را بر شمردم سیزده ره صد هزارفارسی
هم فزون آید اگر چونانکه باید بشمریفارسی

سێزدە جار سەد هەزاری ئەکا یەک ملیۆن و سێسەد هەزار. هەڵبەت ئەم ژمارەیە یەکجار زۆرە و لە بڕوا بە دوورە کە شاعیرێک بتوانێ ئەم هەموو شیعرە هەڵبەستێ ئەویش شیعری وەها مامۆستایانە.

ئەمڕۆ دیوانەکەی لە سێ چوار هەزار شیعر، تێناپەڕێ و ئەمەش بەڵگەیەکی ترە بۆ ئەمە کە ناکرێ لەیەک ملیۆن و سێسەد هەزار شیعر، تەنیا سێ هەزار شیعر مابێتەوە. هەرچی بێ بەلای منەوە چەندایەتی شوێنەواری هونەرمەند زۆر گرینگ نییە، ئەوەی وا گرینگە چۆنییەتی شوێنەواریەتی.

تا بەرنامەی داهاتوو هەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین.