ڕوودەکی مامۆستای مەزنی شیعری فارسی

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  1168 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ.

ئەبووعەبدوڵڵا جەعفەر کوڕی محەممەد کە نازناوی ڕوودەکی بووە، یەکێکە لە شاعیرانی پایەبەرزی ئێران و بێگومان هەوەڵ کەسێکە کە شیعری فارسی پتەو کرد و توانی لەناو وێژە دۆستانا پەرەی پێ بدا. ڕوودەکی مامۆستای گەورەی شیعری فارسی لە ساڵەکانی ناوەڕاستی سەدەی سێدا لە ئاوایییەک بەناوی ڕوودەک کە لە هەرێمی سەمەرقەندا هەڵکەوتبوو، لە دایک بوو. هەر بەناوی ئەو ئاوایییەوە پێیان کوتووە: ڕوودەکی، واتە خەڵکی روودەک.

هەموو تەزکەرەنووسانی ئێرانی لەم بڕوایەدان کە هەر بەمناڵی وریا و زرەنگ بووە. عەوفی، نووسەری پەڕاوەی «لباب الالباب» لە پەڕاوەیەکا ئەنووسێ: «کە ڕوودەکی لە تەمەنی هەشت ساڵییا بەتەواوی قورئانی پیرۆزی لەبەر بووە و شیعری باشیشی هەڵبەستووە.» نووسەری «لباب الالباب» هەروەها ئەڵێ: «کە ڕوودەکی خاوەنی دیمەنێکی جوان و دەنگێکی خۆش بووە و لای «ابو العبک» کە مووسیقارێکی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بووە، لێدانی چەنگ فێربووە.»

رودکی چنگ برگرفت و نواختفارسی
باده پیش آر که سرود انداختفارسی

ئەمیر نەسری سامانی، ئەمیر ئەدەب پەروەر و هونەرناس و نیشتیمان خۆشەویست، کاتێ ناوبانگی ڕوودەکی بەگوێ ئەگا، ئەنێرێ بە شوێنیا و ئەیباتە دەرباری خۆی و لە دەرباری ئەوا ڕوودەکی بەڕێز ئەگیرێ و ئەبێتە گەورەی شاعیرانی ئەمیر نەسر.

سەبارەت بەم مەبەستە کە ڕوودەکی بەکوێری لە دایک بووە یا پاش ماوەیەک ژیان، کوێر بووە، بیر و بڕوای جۆربەجۆر لەناو وێژە ناساندا هەیە، هەندێک ئەڵێن کە ڕوودەکی زگماک کوێر بووە و بڕێکی تریش لایان وایە کە پاش ماوەیەک ئەو شاعیرە گەورەیە، چاوی نابینا بووە، عەوفی لەو کەسانەیە کەلای وایە ڕوودەکی کوێری زگماکی بووە و ئەڵێ: «ڕوودەکی شاعیری دڵ ڕووناک، ئەوەندەی هەناوی ڕۆشن بووە چاوی تاریک بووە و هەرگیز چاوی بەهەڵاتنی مانگە شەو و پشکووتنی گوڵ نەکەوت، لە کاتێکا لە هەزار شاعیری چاو ڕووناک باشتر بەتان و پۆی جوانی سروشتا چووە.» نووسەری مێژووی سیستان، سەمعانی و نیزامی و عەرووزی هیچکامیان ئیشاڕەیەکیان بەم مەبەستە نەکردووە کە ڕوودەکی کوێرە بووە یان نە. هەڵبەت ئەمەی کە ڕوودەکی چاوی بەسترابێ و نەیتوانیبێ جیهانی ڕۆشن ببینێ لە ڕێز و هێژایی ئەو شاعیرە گەورەیە کەم ناکاتەوە. چونکە ئێمە ئەمڕۆ کاتێ باسی هونەرمەندێکی ڕابردوو ئەکەین کارمان بەسەر ڕواڵەت و ئەندامی نییە، کەلەپووری هونەرمەند بۆ گەلەکەی و بۆ ئەو کەسانەی کە پاش مەرگی ئەو دێنە جیهانەوە، شوێنەوارە؛ کە لە توێی پەڕاوەکانیدا و لەناو خولقاوەکانی مێشک و بیریا ئەبێ بۆ دۆزینەوەی بگەڕێین. شاعیرێکی ئێرانی ئەڵێ:

درسخن مخفی شدم مانند بو در برگ گلفارسی
هر که دارد میل دیدن در سخن بیند مرافارسی

واتە لەناو وتاری خۆما شاراومەوە، هەروەک بۆنی گوڵ لەناو پەڕەی گوڵا. کەسێک کە ئەیەوێ من ببینێ لەناو قسەکانما ئەمدۆزێتەوە.

ڕوودەکی لە دەرباری ئەمیر نەسرا جگە لە شاعیری، موونس و هاودەمی ئەمیریش بوو. بەپەنجەی سیحراوی کاتێ تەلی چەنگی ئەهێنا لەرین و هەزار ئاهەنگی خەیاڵاوی لێ هەڵئەساندو بەدەنگی وەک خوڕەی ئاوی جۆبار، شەپۆڵی ئەخستە سەر هەوای کپی زەوقی دانیشتوانی کۆڕی بەزم و ئاهەنگ، ئەمیر نەسر فەرمانی ئەدا کۆشی پڕ کەن لە زێڕ. ئەم مەبەستە شیاوی سەرنجدانە کە لە ئێراندا شاعیرانی دەربارەکان زۆر خزمەتی گەورەیان بەخەڵک کردووە و بەشیعری جوان، ناحەزی ڕق و تووڕەیی دەسەڵاتدارانیان لابردووە. لەو دەربارانەدا کە شاعیر و هونەرمەند و زانا زۆرتر هەبوون زەوقی ئەمیران نەرمتر و ئاگری تووڕەیییان دامرکاوتر بووە. تەنانەت زۆر شاهـ و ئەمیری وا لە ئێرانا هەبووە کە خۆی شاعیر و وێژەوان و هونەرمەند بووە؛ بەڵگەی هەرە گەورە بۆ ئەمە کە شاعیران و زانایان کاریان کردۆتە سەر هەستی شایان و بەدەسەڵاتان، بنەماڵەی مەغوولە. ئەزانین کە ئەو بنەماڵەیە لە سەردەمی چەنگیزا چ کوشتارێکی بێ بەزەیییانەیان لەگەڵ ئێران کرد.

پاشان بەهۆی تەئسیری زانایان و شاعیرانی ئێرانییەوە چۆن بەواتەی سەعدی خووی پڵنگانەیان وەلا ناو پیاوی وەک «بایسونقوڕ» و «خودابەندە» و «خازان خان» یان لێ هەڵکەوت کە هەرکام لە بارێکەوە خزمەتیان کرد بنەماڵەی سامانی ڕەگەز ئێرانی بوون و یەکەم بنەماڵە بوون کە گەلی ئێران پاش دووسەد و پەنجا ساڵ دیلی، هیوای خۆی بەوانەوە بەستبوو و چاوەڕوان بوو لە ژێر ئاڵای ئەو بنەماڵەدا سەربەخۆیی دۆڕاوی بێنێتەوە دەست. لە سەردەمی ئەو بنەماڵەیەدا بوو کە شیعری فارسی بەچەشنێکی پتەو سەرەتای دامەزرا و هونەر و هەموو نیشانەیەکی تری شارستانیگەری تایبەتی ئێران بووژایەوە. شێوەی خوراسانی لەو سەردەمەدا لە وجوودی شاعیری وەک ڕوودەکی بەهرەمەند بوو. هەندێ لە مێژوونووسانی ئەدەبی ئەڵێن کە هیچ کام لە شاعیرانی پێش ئەو و پاش ئەو بەئەندازەی ئەو شیعری نەگوتووە. یەکێ لە شاعیرانی هاوسەدەی ڕوودەکی ئەڵێ:

شعر او را برشمردم سیزده ره صدهزارفارسی
هم فزون آید اگر چونانکه باید بشمریفارسی

واتە شیعری ئەوم ژمارد، کردی سێزدەجاری سەدهەزار و ئەگەر باشی بژمێری لەوەش زۆرتر ئەکا. سێزدە جار سەدهەزار ئەکا ملیۆنێک و سێسەد هەزار.

ئەگونجێ ئەم ئەندازەیە کەمێک لە بڕواکردن دوور بێ، بەڵام بەڵگەی ئەمەیە کە ڕوودەکی بەرهەمی گوڵزاری زەوقی زۆر بووە و دەریای دەروونی پڕ بووە لە گەوهەری هێژای شیعر و وتاری ئاهەنگداری جوان.

وەک لە شیعرەکانی ڕوودەکی دەرئەکەوێ تەمەنێکی درێژی هەبووە. تەمەنێکی درێژی بە بەهرە و بار کە لەوا خزمەتێکی زۆری بەوێژە و ئەدەبی ئێرانی کردووە. هەر ئەو ژمارەش کە ئەمڕۆ لە شیعرەکانی ماوەتەوە، ئەندازەی خزمەتی ڕوودەکی دەرئەخا. خۆی سەبارەت بەپیری خۆی لە غەزەلێکا ئەڵێ:

مرا بسود و فروریخت هر چه دندان بودفارسی
نبود دندان، لا، بل، چراغ تابان بودفارسی
سپید سیم زده بود و دُرّ مرجان بودفارسی
ستارهٔ سحری بود و قطره باران بودفارسی
تو رودکی را ای ماهرو کنون بینیفارسی
بدان زمانه ندیدی که این چنینیان بودفارسی

بەم شیعرەدا دەرئەکەوێ کە ڕوودەکی بە لاوەتی ڕواڵەتێکی جوانی هەبووە و ئەوەی وا عەوفی سەبارەت بەم باسە کوتوویە، ڕاستە.

لەم بارەدا کە وتاری ڕوودەکی لە گیانی ئەمیری سامانییا تەئسیری زۆر بووە، داستانێک ئەگێڕنەوە و ئەڵێن: ئەمیر ماوەیەکی زۆر لە بوخارا دوور بوو. سپاکەی هەموو بیری ژن و ماڵ و مناڵیان کەوتبووە سەر، بەڵام هیچ کەس نەیئەوێرا بەلای ئەمیرەوە باسی گەڕانەوە بکا تاکو ناچار پەنا ئەبەن بۆ ڕوودەکی و ئەویش پارچە هەڵبەستێک لە تاریفی بوخارا دا ئەڵێ و لە کاتێکا ئەمیر سەرخۆشە بۆی ئەخوێنێتەوە. پارچە شیعرەکە بەم شێوەیە دەس پێئەکا:

بوی جوی مولیان آید همیفارسی
یاد یار مهربان آید همیفارسی
شاه سرو است و بخارا بوستانفارسی
سرو سوی بوستان آید همیفارسی
شاه ماهست و بخارا آسمانفارسی
ماه سوی آسمان آید همیفارسی

ئەڵێن پاش خوێندنەوەی ئەم شیعرە، ئەمیری سامانی بە ئەندازەیەک هەوای بوخارای ئەکەوێتە سەر کە دەستبەجێ دەستوور ئەدا سپا بەرەو بوخارا بکەوێتە ڕێ.

لێرەدا بەرنامەکەمان دوایی هات. تا بەرنامەی داهاتوو خواتان لەگەڵ.