تاپۆ و بوومەلێڵ یانی چی؟

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  2062 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ و بوومەلێڵ. پێش هەموو شت ئەبێ عەرزتان بکەم کە بەڕاستی ناوی بەرنامەکە بۆتە هۆی هەزاران پرسیار. کەم گوێگری وامان هەیە کە نامەیان نەنووسیبێ و نەیان پرسیبێ تاپۆ و بوومەلێڵ یانی چی؟ گوێگرانی واشمان هەبووە، کە بێ ئەوە تەنانەت پرسیارێکی وێژەیی بکەن یا دیاریەکمان بۆ بنێرن، تەنها ئەم پرسیارەیان کردووە. ئێمە زۆر جار وەڵاممان داوەتەوە و ئێستە لەمە ئەترسن ئەگەر دیسانەوە ئەم دوو وشەیە مانا بکەینەوەو پەیوەندییان لەگەڵ یەکا هەڵدەین. لە لایەکەوە ئێمە تاوانبار بکرێین بەمە کە باش سەردێڕی وتارەکانمان مانا نەکردۆتەوە و لە لایەکی ترەوە گوێگرەکانمان وەها بدرێنە قەڵەم کە گوایە باش گوێ بۆ وتارەکان ناگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشا، جارێکی تر ئەڵێین: تاپۆ بەتارمایی و هەیکەلێ کەم دیار و نا ئاشکرا ئەگوترێ؛ وەک ئەمە کە ئەڵێن تاپۆی کەسێک لە تاریکی شەوا دیار بوو، واتە هەر ئەوەندە بوو کە ئەزانرا ئەم هەیکەلە لە ئادەمیزادە، بەڵام ڕوون نەبوو کێیە و ڕواڵەتی چۆنە ئەمە مانای تاپۆ. بوومەلێڵیش، تێکەڵە لە دوو وشەی بووم و لێڵ. بووم هەر ئەو وشەیە کە لە نێوان کوردی و فارسییا هاوبەشە هەر دووک زمان بەوڵات و هەرێم و سەرزەوی ئەڵێن بووم. لە فارسییا ئەگوترێ: «بوومی» یا «مەرز و بووم». بوومی واتە خەڵکی هەرێمێکی تایبەت. پیتی «ی»ی دوایی وشەی بووم، «یا»ی نسبەتە مەرز و بوومیش واتە سنوور و وڵات. لە کوردییا ئەگوترێ بوومەلەرزە کە بەفارسی زەمین لەرزەی پێ ئەگوترێ. واتە لەرزینەوەی زەوی. هەڵبەت لە کوردییا بوولەرزەش ئەڵێن کە هەر بەمانای بوومەلەرزەیە.

دەچینە سەر وشەی لێڵ و لام وایە پێویست بەگوتن ناکا کە لێڵ بەمانای کەدیرە، واتە ناسافی و تەمگرتوویی. بەڵام ڕابیتە و پێوەندی ئەم دوو وشەیە بەیەکەوە چییە؟ ئەمە شتێکە کە حاڵەتێکی تەجەڕڕودی و ئینتیزاعی هەیە. واتە مەفهومێکە کە نووسەری بەرنامەکە لەبەر چاوی گرتووە و پێویست ناکا لەگەڵ لێکدانەوەی تاکە تاکەی گوێگرەکاندا یەک بگرێتەوە. نووسەری بەرنامەکە هەیکەلێکی تەمگرتووی نیوە دیار لە تاریک و ڕوونی بەیانییا ڕاگرتووە و لە کارگای زێهنی خۆیا مەبەست و واتا و مەفهومێکی داوە بەم هەیکەلە. ڕەنگە مەبەستی ئەمە بووبێ کە ئەم هەیکەلە موناسبەت و لە یەکچوونی هەیە لەگەڵ وێژەر و هونەری جادووکارانە و غەیرە سەریحی وێژەوانییا. هەردووکیان لە وزووح و ئاشکرایی دوورن. هەردووکیان وێنەی خەیاڵ ئەدەن و بیری مرۆڤ ئەبزوێنن. ئاخۆ ئەم هەیکەلە لە نیوە دیار و دوورە لە دەسەڵاتی هەرێمی پڕشنگ و نوورە، کێیە و چییە کە لەناو تەم و مژی بەربەیانێکی نیوە تاریکا وەستا؟ ئەمە هەیکەلی وێژەوان و شاعیرە؟ ئەم بوومەلێڵە جیهانی پڕ لە ئیما و ئیشاڕە و ئیستعارەی شیعر و ئەدەبە؟

گوتم ڕەنگە نووسەری بەرنامەکە وەهای لێکدابێتەوە، ئێوەش بەناوی گوێگری بەرنامە کەیفی خۆتانە ئەم لێکدانەوەیە وەربگرن، یا لە سەردێڕی بەرنامەکە بەگوێرەی بەراورد و لێکدانەوە خۆتان شتێکی تر ساز بکەن.

لە مهابادەوە گوێگرێکی خۆشەویست کە ناوی خۆی بەتەواوی نەنووسیوە، نامەیەکی بۆ نووسیوین و پرسیاری کردووە: «ئاخۆ کاتی وێژەی ژنانە تەواو نەبووە و لەسەر نووسەر پێویست نییە لە سەردەمێکا کە مرۆڤایەتی کەوتۆتە بەر هێرشی هەزاران مەترسی لە نووکی خامەکەی وەک شمشێریکی تیژ، نەک چەشی هودهودی سولەیمان، کەڵک وەرگرێ؟» ئەم گوێگرە بەڕێزەمان کە لە ژێر نامەکەیا دوو پیتی «م. ع» بەرچاو ئەکەوێ و هیچی تر، لەناو دوو پەڕانتێزا نووسیویە:

«مەبەست لە هودهودی سولەیمان، مەزهەری دڵداری و حەزلێکارییە و ئەم باڵدارە وەک ئەڵێن نامەی سولەیمانی بردووە بۆ بەڵقیس و ئەگەر نووسەرەکەیش بەخامە و نامە هەر کارەکەی هودهود بکا ئیتر نووسەر نییە، دەڵاڵە».

لە وەڵامی ئەم گوێگرەدا ئەبێ بڵێین کە ئێمەش لامان وایە دەوری ئەو جۆرە وێژەیە کە تەنیا هاندەری حەزلێکاری و دڵداری بێ، بەسەرچوو. بەڵام لامان وایە ناونانی وێژەی دڵدارییانەی ڕووت بەوێژەی ژنانە، نە جوانە نە پڕ بەپێست. چونکە ئێمە ئەمڕۆ لە ئێرانا ئافرەتی زۆر گەورەمان هەیە کە لەگەڵ ئەوەشا گیانی ناسکی ژنانە لە نووسراوەکانیاندا خۆی ئەنوێنێ، نووسراوەکانیان لایەنی کۆمەڵایەتییەکی هەرە بەهێزیان هەیە، وەک «فرووغی فەڕڕوخ زاد»ی خوالێخۆشبوو. جگە لەمەش کاتێ کە ئەڵێن ئەمڕۆ قەڵەمی نووسەر شمشێرە، مەبەستیان ئەمە نییە کە خامە ئەکرێ بیکەی بەچاوی دوژمنا، دوژمنێ کە بێگومان بەکەرەسەی قورسی شەڕەوە دێتە مەیدان. مەبەست ئەمەیە کە ئەم شمشێرە ئەتوانێ سەری دوژمنێ کە بریتییە لە ناحەزی و دزێوی ناو کۆمەڵی ئینسانی بپەڕێنێ و سپای بێداد و تاوان تێکبشکێنێ. ئاخۆ کاک «م.ع» لایان وا نییە کە بەشەڕی سەردەمی ئێمە لەم بارەشەوە زۆر ئازار و ئێشی پێئەگا کە ئیتر ناتوانێ وەک پێشوو لە مانای وشەی بەرزی خۆشەویستی تێ بگا، ناتوانێ کەسێکی پر بەدڵ خۆش بوێ؟! ئاخۆ ئەگەر ئادەمیزاد نەتوانێ ئاسایی ترین و لە دڵ نزیکترین خۆشەویستی کە بریتییە لە خۆشەویستی دوو کوڕ و کچی لاو تێ بگا، ڕوونتر بڵێین نەتوانێ کەسێکی خۆش بوێ چۆن ئەتوانێ هەموو کەسێکی خۆش بوێ؟!

حەزلێکردن و دڵداری خۆشەویستی نێوان دوو ئینسانی ژن و پیاو ئەگەر تێکەڵ نەبێ لەگەڵ نزمی، تاقیکارییەکە بۆ خۆشەویستییەکی گەورەتر بەناوی خۆشەویستی بەشەرییەت.

کاک «م.ع» دڵنیا بێ ئەگەر نووسەر بتوانێ خۆشەویستی بەرەو مەرگ زیندوو کاتەوە، ئەو کارەی کردووە کە «عیسا» لەگەڵ «لازار»ی مردووی کرد. واتە کاری نووسەر ئەبێتە بووژاندنەوەی بەهار و گوڵ و سەوزایی و هیوا، نەک دەڵاڵی، وەک گوێگری بەڕێزمان نووسیویەتی و با برای خۆشەویستمان لەمەش دڵنیا بێ ئەگەر کەسێک نەتوانێ مووسیقای دەنگی ئافرەتێک و لار و لەنجە و نیو نیگای چاوێکی کەژاڵی پێ خۆش و جوان بێ، بێ گومان ناشتوانێ لە هەرێمێکی گەورەترا ئەوینداری جوانی و مرۆڤایەتی بێ.

تا بەرنامەیەکی تر هەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین. ئەم کاتەو هەموو کاتێکی ژیانتان خۆش.