ژیان و ئەوین

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  1835 بینین

بەڵێ هەرچی بوو ئەوەندە بوو و ئێستە هەتاوی ڕاستەقینە لە چاوم چەقیوە، وەک خوێ بەسەر برینی تازەیا کەی ئەیکزێنێتەوە. ئاخۆ ئەوین پووچ و بێهوودەیە؟!

نە، لێم گەڕێ با ناوی بێنم تاقیکارییەکی تاڵ و بێ سەرکەوتن، چونکە ئەوین خۆی ڕاستەقینەیە؛ بەیانییە؛ هەمیشەیە. با بکوژێتەوە کوانووی گەرمی خۆرەتاو، ئەگەر نەپژێتە ناو بێشکەی ئەوین و بەسەر گۆڕی ئەوینا بدرەوشێتەوە. بێ دەنگ بوون و لە بێ دەنگیدا شوورەیەکی پۆڵایی دروستکردن کە توانای هەبێ خۆی ڕاگڕێ لەبەر مەنجەنیقی غەم و تیری ئاگرینی ناهومێدی، ئەگەر چی نابێتە هۆی شادی، لانی کەم غروورێکی پیاوانەی تێدایە.

داخێک و سەد مەخابن. چەند بەساکاری، چەند بەئاسانی ناچارین ملکەچی بەسەرهات بین! مردنیش خۆی ملکەچییە بۆ دوایی هاتنی هەموو شتێک بێ ئەوەی جێگایەک بێ خۆی لێ شارێتەوە، یا ڕێگایەک کە دەستی مردن نەیگاتێ. کاتی نەهاتنی هاتووە و ئێمە بەدەستی پڕ چەپک گوڵی سوورەوە لەسەر ڕێبازی دانیشتووین. هاکە هات. هات و بەبزەیەک موژدەی بەهاری پێ ڕاگەیاندین. ڕۆژاوا بەئاسۆی زەردییەوە لەبەر چاومان ئەبێتە ڕۆژهەڵات و هەزار خۆرەتاو هەڵدێ، بێ ئەوە تاقە یەکێکیشیان تینێ بدا بە لەش.

دێتەوە بیرت کە پێت شۆڕکردبۆوە بۆ ناو چۆمیلکەیەک و ماسی بچووک کە لە ترسی قووڵی و ڕەشی گۆم هاتبوونەبەر خۆرەتاوی کەناری چۆم، دەمی لووسیان بەژێر پێتا ئەهێنا و ختیلکەیان ئەدای. سەرت کردۆتە سەر سەرینی سەوزەی تازە و تازە هەڵچوو و خۆرەتاو هەموو میهرەبانی خۆی کردۆتە پێشکەشی لەشی گەرما خوازت یاوێک لە چاوی بەستراوەتەوە ئەبێتە میوانی دڵی دڵاوات. زەردەخەنەی وەک کۆڵکە زێڕینە تێتەوە ئەپێچرێ. دەنگی زەنگی دوورە دەستی هەزار کاروانی ڕۆشتوو بۆت ئەبێتە لایەلایە و تاسەی خەوێکی خۆش دەماری لەشت شل ئەکا. لە جیهانێکا کە نە خەوە، نە بێداری خشپەی کراسێکی کچانە ئەبیستێ و بۆنی مێخەکی بەرۆک و عەتری لەشی زیندووی خۆشەویستەکەت موچڕکێکی ئۆخەی ئەخاتە سەر هەستت. بێ ئەوە نیازت بە وشەو لێو و دەنگ هەبێ، بەلێدانی دڵ پێی ئەڵێی خۆشم ئەوێی. خاکی ژیاناوی، تووتڕکی کێوی، بۆنی خۆشی شنەبایەک کە دوێنێ شەو میوانی شلێرەجاڕی کوێستان بووە، پڕت ئەکەن لە گیان، لە هیوا، لە ژیان. خەوبینین لە بێدارییا! ئاخۆ گەلی دە برادەران، ژیان هەر خەوبینینێکی دوور و درێژ نییە کە شەقژنی تاڵی مردن لەو خەونە ڕامان ئەچڵەکێنێ.

بەداخەوە تەنانەت خەوبینینیش قنیاتی هەتا سەر ناکا. ئەتەوێ بەخەبەربی. بەچاوی واڵاوە سەیری دەوروپشتت بکەی. ئەتەوێ بەهەموو لەش دڵنیابی کە خەونەکەت ڕاستە. هاوار بۆ تۆ. ئەو دەستەی وا درێژی ئەکەی، تارای خەیاڵی و خەو لەسەر ڕواڵەتی بووکی هیوا لابدەی، لێت ئەبێتە بیورێک کە ڕیشەی ئاواتت ئەبڕێ. ئیتر نە ناو ئەمێنێ نە سەوزە و پەلکەزێڕینە. ماسییە وردیلەکان لە ترسی هەوری رەش پەنایان بردۆتەوە بەرقووڵایی. تەزوویەکی سارد. مێروولە بەپێستی هۆگری گەرمات ئەکا.«دونیات لێ ئەبێتە چەرمی چۆلەکە.» تۆی و تەنیایی. تۆی و خەم و تەم لەبەر خۆتەوە ئەڵێی بڕایەوە. هەموو شت تەواو بوو. بریا وا بوایە وەک تۆ ئەڵێی، بریا دوایی هەموو شت بوایە. بەڵام بەهەڵە چووی. تەنیا خۆشییە بڕاوەتەوە. ناخۆشی و تاڵی و زبری سەرەتایەتی. ئەبی بەمەلێکی پەڕەوازەی هێلانە لێشێواو. سەر هەموو لکی دارێک لێت ئەبێتە تەلەسمێک. هەموو باز و شمقاڕ و کۆلارەیەک لە ڕاو کردنت ئەگەڕێن. تۆلە تەنیایی و تاریکی بێ بڕانەوەتا وشەی باڵ و سێبەری ترسێنەریان ئەبیستی و ئەبینی. تا کاتێ دێیە سەر ئەم بڕوایە کە مردن وەک ئەڵێن دزێو نییە. بیری مردن، بیری پەنابردن بۆ سنوورێک کە ئارامی و حەسانەوەی هەتا هەتایە، بێ دەنگی و بێ ڕەنگی ڕووتە، بۆت ئەبێتە ئامانج. تۆ مل کەچ ئەکەی بۆ مردن جگە لە وەرگرتنی ڕاستەقینە و دواییترین ڕاستەقینەی ژیان هیچی تر نییە.

لەگەڵ ئەوەشا، با نەڵێم ئەوین بێهوودەیە، با ناوی بێنم شیرینترین بەری داری ژیان. دارێک کە ئەگەر تۆوی بکەوێتە دەم بایەکی سەرشێت و لە شۆرەکاتا بڕوێ، ئەبێتە ژەقنەمووت و ئەگەر لە زەوییەکی بەپێز و پیتا شین بێ، بەری سێوە لاسوورە دێنێ. بەڵام ئەوین زۆرتر لەو دڵانەدا ئارام ئەگرێ کە تان و پۆیان لە خەو و خەیاڵ پێکهاتووە، زرمە و خرمەی پێ و چەک لە کوێ و جیهانی نەرم و نیانی ئەوین لە کوێ؟

لە دوایی بەرنامەکەدا وەڵامی گوێگرێکی بەڕێز ئەدەمەوە کە نووسیویەتی:

«وێژەری بەشی وێژەیی ڕادیۆ مەهاباد بەباشی شیعر ناخوێنێتەوە». بۆ نموونە نووسیویەتی ئەڵێ:«لە خوێندنەوەی پارچە شیعرێکی گۆرانی نەمرا تووشی چەند هەڵەیەک هاتووە و خوێندوویەتەوە»:

:کوردستان گەڕام

:دۆڵاو دۆڵ پێوام

:نە لە شار و نە لە دێ

:نەمدی کەس وەک تۆ جوان بێ

:تۆیت و بەس

 

پاشان مووسیقای نێوان دوو پشوو هاتووە و پاش مووسیقایەکە، وێژەر دەستی کردۆتەوە بەخوێندنەوەی پاشماوەی شیعرەکە:

:کچە کوردێ وەک گوڵ وا بێ

:کوردستانی پێ ئاوا بێ

:...

 

بەڵێ گوێگری بەڕێز، ئەم چەشنە خوێندنەوەیە هەڵەیە. ئەبوو پاش «تۆیت و بەس» ڕانەوەستێ و دوایییەکەی بخوێنێتەوە، چونکو ئەگەر وەهای نەخوێندبێتەوە شیعرەکەی مامۆستای تێکداوە، بێ مانای کردووە. هیوادارین وێژەری بەشی وێژەیی زۆرتر ورد بێتەوە. هەروەها لە جیلوەی شانۆشا وێژەر وەک گوێگری بەڕێزمان نووسیویە تووشی هەڵە بووە و خوێندوویەتەوە:«بەسۆزی تەشویقی مەتاعیبی گوزەران»و چەشنێکی ئەدا کردووە کە مانای شیعرەکە بەم چەشنە بەرچاو بکەوێت کە بەسۆزی تەشویقی مووسیقا ناخۆشی و تەعب ڕابوردن و لاچوون...

لە کاتێکا ماناکەی ئەمە نییە و بەم جۆرەیە:

:بەسۆزی تەشویقی

:مەتاعیبی گوزەران

:هێواش هێواش ئەتکێتەوە دەروونی نیسیانێک

:کە رەمزی لەززەتە

:میفتاحە بۆ تەلسیمی ژیان ژیانی ئینسانێک...!

 

واتە بەسۆزی تەشویقی مووسیقاکە، تەعەبێ کە لە پێشا بەسەر پیاوا هاتووە لەبیر ئەچێتەوە.

تکام لەم گوێگرە ئەمەیە ئەگەر هەڵەیەک لەبەرنامە کوردییەکانی ڕادیۆ مەهابادا بەدی ئەکەن، یا بۆ کاربەدەستانی ڕادیۆی مەهاباد بنووسن، یا بۆ تاران بەناونیشانی: «جادە پهلوی - بلوار جانسپار- برنامەی خارجی - شورای نویسندگان کردی» بنووسن. دڵنیا بن ئێمە ئاواتمان ئەمەیە بەرنامەکەمان کەمایەتی و هەڵەی تێدا نەبێ و بەسپاسەوە گوێ ئەگرین بۆ گشت ڕەخنە و ڕێنوێنییەک کە لەلایەن گوێگرەکانمانەوە بێ.