تراویلکە

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  1141 بینین

سەلام لەگوێگری بەهەست و هونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ. تکایە گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک.

لە هۆدەیەکی بەرەو هەتاودا هەر دانیشتن و چاو لە دەرگا بڕین، تا کەی زاری بەستراو و تەوێڵی گەنج و مۆنی دەرگا بەزەردەیەک بکرێتەوە و بەژنێکی کچانەی کەڵەگەت لەناو دوو تای دەرگاکەوە، دەرکەوێ، لەبەر دەرگاوە بەدەمتەوە پێبکەنێ و پاشان بەڕەوتێک کە پیاو ئەکەوێتە گوێمانەوە کە ئەم دووپێ بچووکە بەسەر زەوییا ئەڕۆن یاوەک مژی بەهاری بەسەر زەوییا نەرم و نیان خشکە ئەکەن، بەرەو لات بێ و بەدەنگێکی ئاشنا پێت بڵێ، دەی چۆنی و پاش ئەوە وەڵامت دایەوە، دەس پێ بکا بەباسێکی کە هەزارەها جارت بیستووە، بەڵام هەرگیز بیرت نەکردۆتەوە کە وشەو وتەو واتاکان بۆژۆ و کۆنن، لە پێشا کەمێک خۆگرتن کە ئەمە چ ژیانێکە؟ بیستنی هەزاران ناڵە و نیوەنووزە، بەبیر هاتنی هەزاران دەستی بێ گۆشت و هەیکەلی بەئێسقان جارێک لە بیافرا ئەو جارەکەی تری... و لەوێوە بیرت بچێ بۆ ئەو هەموو گەنمە کە لە ئاوی ئۆقیانووس ئەکرێ تا نرخی بازاڕی بژێو نەشکێ، گوایە نرخی بازاڕ دڵی ئادەمیزادە، ئەگەر شک...

ڕاستی من کارم چییە بەسەر ئەم قسانەوە؟ خەریک بووم بڵێم تۆ لە هۆدەیەکا کە هەموو جیهانی تۆیە دانیشتووی بەهیوای کەشم و نەشم و لە نجەولاری بەژن و بارێک. ڕاستی دەردمان چییە؟ ئەو ئاورەی کە بەواتەی عەلی بەردەشانی:

:بەر بۆتە دەروونی دەروونخانێ

:نە بە بای دەکوژێتەوە نە بە بارانێ

:نە بە پاچ و پێمەڕە و گڵ وەسەردانێ

:داخوا بڵێسەی کام کڵی دانەمرکاوە؟

 

دوێنێ شەو هەنگی سەرشێتی بیر و خەیاڵ لە پلوورەی سەرما پوورەی دابوو، ئیتر خەوی چی؟ با هەستم بڕۆم لەو سێباری شەوەدا کە هەوای دەرەوە زرنگاوە بەتاسەی بۆنی دوورترین کۆیستانی سەر بەتەمی پڕ لە هەڵاڵە و بەیبوونەوە سەرم هەڵگرم و کەمێک پیاسە بکەم. کۆڵانی چۆڵ لە ئێشی هەزاران قۆندەرە و پێڵاوی کینە لە دڵی ڕۆژانە ڕزگاری ببوو، ئەحەسایەوە و من لە ژێر پێما لەوانە بوو هەناسەی هێدی و لەسەر خۆی خەوی خۆشی پاش شەکەتی زەوی ببیستم. بۆ وەهاین ئێمە؟ بۆ بێ ئەمەک و ناپاک و سپڵەین لەگەڵ یەک، تەنانەت لەگەڵ سەر زەویش؟ لەگەڵ هەوا و دەریاش. هەر بەچەند مانگ جارێک کارگێکی ژاراوی لە نێوادا و سیبیری و ئۆقیانووسی گەورەدا ئەڕوێنین، دێوێک لەناو تەلەسمی زەڕڕە بەڕەڵا ئەکەین. جا هەزار هاوار بەپوولێک چونکە ئێمە بەهێزترین، ڕەگی ملمان ئەستوورە، با هەر لە شەقام دانیشێ ئەو پیرە ژیرەی کە ناوی «ڕاسێل»ە؟ مەگەر ئاکامی چییە جگە لە شەکەت بوون و خنکانی گوێی بەگرمەی بێ وچانی شەقامی پڕ لە ڕەوڕەوەی ئاسن؟ هەر کەس گیرۆدەی شتێکە و داخی گران ئەمەیە کە هیچ شتێک تا سەر نییە. نە! مەبەستم ئەمە نییە کە ئادەمیزاد پیر دەبێ و دەمرێ، یا وەک ئەو شاعیرە خۆشەویستە خەفەت بخۆم کە جوانی دەم و چاو تا سەر نامێنێ بۆ پیاو. مەبەستم ئەو بوتانەیە کە ئەیانتاشین بەدەستی خۆمان تا نەزانینمان زاخاو کا، تا هیوامان ببزوێنێ. پاش ماوەیەکی تر لە بیرمان ئەچێ کە لەپێشا چێو و چیلکە بوون ئەیانپەرستین. تا ئێرە هەر نەزانییە بەڵام بەکێ بڵێم کە دەردی زانین گاهێ لە ئێشی نەزانین تاڵترە، بوت تاشین دەردی نەزانییە، بەڵگەی بێ هێزییە، بەڵام هەرچی بێ، هیوایە بۆ زیندوو مان. دەردی گەورە کاتێ دڵ پڕ ئەکا مێشک تێ ئەگا بۆت هیچی لە دەست نایە. ڕووخانی بوت، یانی ڕووخانی هیوا. جا هەر بوت تاشینەو بوت شکاندن. هەر هیوایە و بێ هیوایی. ڕاستی کامەیە ڕێگا؟ کوانێ خاڵی ڕێبوار؟ من چی ئەڵێم خاڵی ڕێبواریش بوتێکی ترە.

ژیان یانی ئەوەندەی ئەو ماوەیە کە تینوویەک بەردەتراوکەیەک چاو ئەکا لە یەکەم هەنگاوەوە تا هەنگاوی دوایی، تا ئەو کاتە تێئەگا ئاوەکەی بۆتە بەردی داگیرساوی بەر هەتاوی گەرم. تینوەتی ناخۆشە. بەشوێن ئاو گەڕان ناخۆشە. دیتنی بەردەتراوکە خۆشە، بەڵام لە هەمووان ناخۆشتر ئەمەیە کە تێبگەی هەر چی بەئاوت زانی تراویلکە بوو، نەک هەر تۆ، هەر چی ئادەمیزاد دۆزیویەتەوە و ئەیدۆزێتەوە تراویلکەیە...

ئەمە پارچە پەخشانێکی سەمبولیک بوو پێشکەشمان کرد بەو گوێگرە بەڕێزانە کە زۆر جار بەنامە لە ئێمەیان پرسیوە بۆچ لە بەرنامەکەتاندا پەخشانی کوردی ناناسێنن و نموونەیان ناخوێننەوە؟ بۆچ لە بەرنامەی تاپۆدا کە گوایە بەرنامەیەکی هونەرییە و ئەبێ بەهەموو لایەکی هونەرا ڕابگا زیاتر باسی شیعری کوردی ئەکەن؟ ئێمە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئەڵێین کە بەرنامەی تاپۆ باسی هەموو چەشنە هونەرێکی بەگشتی کردووە و زۆرجاریش پەخشانی کوردیمان لەم بەرنامەیەدا بڵاوکردۆتەوە، بەڵام باشترین وەڵام بەجێهێنانی ویستی گوێگرەکانە بەکردەوەو ئەم پارچە پەخشانەش نیشانەی ڕێز دانانە بۆ ویستی ئەوان. جا ئێمەش تکایەکمان لەگوێگرە بەڕێزەکان هەیە، ئەویش ئەمەیە کە لە شوێنەواری نووسەرانی کورد هەرچی دەستیان کەوت بۆمانی بنێرن، تەنانەت ئەگەر خۆشیان لێهاتوویی جەوهەری نووسەریان هەیە لە شوێنەواری خۆیانمان بۆ بنێرن تا پاش لێکۆڵینەوە بەناوی خۆیان بڵاوی کەینەوە. تا بەرنامەیەکی دیکە خواتان لەگەڵ.