بەڕە هەر لە لای تەنکییەوە دەدڕێ!

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  1023 بینین

کۆڵان گەڕەکی شار لە ژێر پۆپەشمینی مانگەشەوا خەویان لێ کەوتبوو. هەناسەی ژین جارجار بەئەسپایی ئەهاتە گوێ. دوو دڵدار لە ژێر سێبەری سەردەرانێکا قسەی شیرین و هیوا بزوێنی ئەوینیان بەگویێ یەکترا ئەچپاند. سەرخۆشێک لە مەیخانەی سەر ڕووبار ئەگەڕایەوەو بەدەنگێکی بەسۆز خاڵەی ڕێبواری ئەکوت. وشەکانی هەروەک هەنگاوەکانی تێکەڵ و پێکەڵ ئەبوون، گاهێ دەستی بە دیوارێک ئەگرت و بەدەسرەسڕێکی چڵکن کە لە پێشا وا دەرئەکەوت پڕبووە لە خواردەمەنی مەزەی ئارەق و ئێستە هیچی تێدا نەماوە ئارەقەی سەر گۆنای گڕگرتووی ئەسڕی. گاهی پۆلێک خەڵک پاش شەوباش و تۆخۆش و من خۆش لە ماڵێک ئەهاتنە دەرەوە. پرشنگی چرای ناوماڵ وەک مافوورەیەکی زەردی کاری کرمان لە داڵانی تاریکەوە ڕائەخراو ئەگەیشتە سەر تاریکایی جۆگەی سەرشەقام، پاشان بەپێوەدانی دەرگا ئەپێچراوە و تەنیا ڕەنگی نیوە ڕەنگی مانگە شەو ئەما لە بزەیەک ئەچوو نەت ئەزانی بزەی دڵتەنگییە یازەردەی دڵخۆشی. پۆلی میوان بە وتووێژیانا دیار بوو کە لە خوازبێنی ئەگەڕێنەوە. یەکیان کە گەنجتر بوو ئەیکوت جا ئەمە بوو بە چی، دە هەزار تمەن مارەیی، گوڵ و گوارەی زێڕ، ژێر چەنەو ملوانکەو ئاینە و ئۆینەی گرانبایی، هەیت و هووت و جڕو جانەوەر، سەر تا پا خوار پێنج دەست جل و بەرگ، پشتێنی پەشمینەی قەدیم، کراسی زریوە و چیمەنی کوردستان، کوڵۆنجەی چاوی ئەم و ڕیشی ئەو! جەماڵ ئەگەر هەموو ئەمانە بکڕێ، پاشان ئەبێ بۆ نانی شەو دەست بۆ ئەم و ئەو درێژ کا. کەس نییە بەحاجی بڵێ ئەمە کچ بەشودان نییە، کچ فرۆشتنە.

یەکێکیان کوتی:« جا بەئێمە چی برا!!؟ لەسەرمان بوو بچین و خوازبێنی بکەین و کردمان، سازان و نەسازانەکەیان خۆیانە. جەماڵ ژن دێنێ و حاجی کچ بەمێرد ئەدا، ئێمە لەم نێوانەدا سەری سیرین یان قونچکی پیوازین؟» یەکی تریان وەدەنگ هات و گوتی:«کەچە ڕبەیە کەس پێی ناپێوێ، لەبەر خۆیەوە دەڵێ شازدە».

زەنازەنایان هەر دەهات و کەمتر دەهاتە گوێ و خرمەی پێیان لەسەر قیلەتاوی شەقام ئەبڕایەوە. من سێ چوار ڕۆژ زووتر نەبوو هاتبوومە ئەوشارە، بەڵام ئەتگوت هەموو تەمەنم لەوێ ڕابردووە. لەبەر چی هێندە هۆگری شارێک ببووم کە بەڕواڵەت هیچ جوانییەکی تێدا نەبوو؟ نەدار و شینایی، نەکێوی بەرز و بەفراوی، نەخانووی خۆش و مەیدانی بەگوڵ و چیمەن. خۆم نازانم کە هی ئەوینێکی کتوپڕ بوو کە لە دڵما خەریکی چرۆ دەرکردن بوو، یا ئەوینێکی لە مێژینەترم لەو شارە لە دڵدا بوو. ئەوینێکی ئەوتۆ کە گەلێ بەڕێزترە لە کەشم و نەشمی ئەندامی کیژۆڵەیەک یا بزەی لێوێکی ئاڵ و نیونیگای دوو چاوی کاڵ. ئەوینێک کە منی دەکرد بەهاوشاری خەڵکەکە. ئادەمیزاد لە دوێنێی و ئەمڕۆ و بەیانی و شارەکە بیری دوێنێ منی شیرازە گرتبوو. ئەمڕۆش دوو چاوی مەڕی ڕازاوەی شەرمێکی کچانە بەجادووی ڕوانینێکی گەرم، هۆگری کۆنی من بەم شارە بووژاندەوە.

ئەو شەوە من لە بیری شارەکە و ڕابردووی و ئەمڕۆی نەچووبوومە دەر. لە هەر گۆشەیەکی شارەکەدا تاپۆیەک وەستابوو و لە ڕووبەندەی ئەفسانەوە پێچرابوو. ئەتگوت پەیکەرەی مەڕمەڕینی مەزنە پیاوێکە و هێشتا پەردەی لەسەر لانەبراوە. ئەمانە بیری مێشکم بوون و بیری دەمارم، بەڵام دڵیشم سەرەڕۆی بیرێکی تر بوو. بیری چاوکەژاڵێکی شلکەنەمام کە دەنگی ئەتکوت چپەی بەئەسپایی شەوبای شەوگەڕەو لار و لەنجەی لە ڕەوتی ئاسکێکی سڵی ترساو ئەچێ، ئەم دوو بیرە تلاوتلیان دام و بەدەردی خەوڕەوێنەوە هەستام و چەشنی مەقەستێک بەدەست بەرگدروویەکی ناشارەزاوە لە حەریری زەردی مانگە شەو نیشتم. بێ ئەوەی بزانم بۆ کوێ! هەنگاوم بێ ئەوە نیازی بە فەرمانی مێشکم بێ، بەرەوپێش ئەچوو. شاری میهرەبان، دەنگی پێی منی ئەکرد بەلێدانی دڵی. قانگڵەی کۆڵان لەژێر پێما ئەپێچرایەوە و هەڵ ئەکراو من کاتێ بە دەور و پشتما ڕوانیم جگە لە چەند خانووبەرەی بەمۆرە دروستکراوی یەک نهۆمی لارو کۆم، نیشانەیێکی لە شار نەمابوو. خانووبەرەکان هێندێکیان بەنووری بێڕەنگی مانگەشەو لە بزەیەکی بێ تەوژمی ڕەنجەڕۆیەک ئەچوون کە خۆیشی نازانێ بەخۆی پێئەکەنێ یا کۆمەڵ و ئاسمان و خوار و ژووری نێوان تاقمی ئادەمیزاد بۆتە هۆی پێکەنینی؟ هەندێکیشیان کە سێبەری شاخیان بەسەراکشا بوو ئەتکوت گنجی ناوجاوانی مۆنی کەسێکن کە شکاوە، بەڵام نەبەزیوە. بێدەنگی تەنها دەنگێک بوو کە لەم ماڵانەوە ئەیلووراند. من ئەو شەوە زانیم کە بێدەنگی چەندە بەرز و گوێ کەڕکەر و زراوبەرە. ئەترسام بەڵام ئەکێشرام بەرەو خانووبەرەکان. گۆڕستانی زیندووان ئەبێ چی تێدابێ کە بێ ڕەزاترین کەڵکەڵەی من هان ئەدا تا بچم و لە زاری زیندووی زیندە بەگۆڕ سەر دەربهێنم. هەنگاوێک، دوو هەنگاوی بەترس، تا کاتێ سێبەری کێو منیشی داپۆشی. بەخۆما ڕوانی، ببووم بەیەکێک لەو خانووبەرانە کە خانووبەرە نەبوون و تاپۆی خانووبەرە بوون! نە، لێکدانەوەکەم کورتی هێنا، من ببووم بەگیانی خانووبەرەکان، گیانێکی سەرگەردان کە لەبەر دەرگای هەموو خانووبەرەکانا ئەوێستا، گوێی ئەگرت و چپەی ئەویندارانەی بووک و زاوایەکی بەشەرمی لەناو خانووبەرەکانی لێ ئەگۆڕا لەگەڵ لێدانی دڵی خۆی و ناڵەی ساوایێکی نەخۆشی لەگەڵ ئاخێک کە دەروونی ئاگرین ئەکرد لێ تێکەڵ ئەبوو. ئافرەتێک بەگریانێکی بەرگیراوەوە ئەیکوت: «چی بکەین پیاوەکە؟» دەنگی پیاوێک لە درزی دەرگاوە خۆی بەگوێما ئەدا کە وەڵامی ئەدا: «ڕوو لە خودا بکەین!» بەڵام وادیار بوو زۆری ئەم وتەیە بەژنەکەی کوتبوو، کاتێ کە چەند ساڵ لێرەوەبەر زەماوەندی کردبوو و بۆ شەوی یەکەمی ژیانی خێزانداری هەر ئەوەندەی بەدەستەوە بوو کە ئەو ڕۆژە بەقوڕکاری پەیدای کردبوو و پاشانیش زۆر جار کوتبووی: «ئافرەت! کار نییە خودا چاکی نەکا.» ئەمشەو کە کۆرپە ساواکەیان بێ سەرو زمان کەوتبوو دەستیان بەهیچ لایەک ڕانەدەگەیشت، لە خۆی ڕانەدی ئەم وتەیە دووپات کاتەوە، بەڵام ئەو پیاوی ماڵەکە بوو، ئەبوو قسەیەک بکا.

بایەکی سەرشێت، کەلێنێکی دابووە دەرگاکە! من ئەمدی ئافرەتەکە بەچاوێک سەیری مناڵەکەی ئەکاو چاوەڕوانی ڕووداوێکی تاڵە، بەچاوێکی تریش ئەڕوانێ بۆ شووەکەی لای وایە ئەتوانێ دەروویەکی ڕوون لەم شەوە ڕەشە بکاتەوە. ئەمدی کە ساوای بێ تاوان، کوڵمی بەئاگری تاو و یاو بۆتە پۆلووی ئاگری سوور و ئەمدی کە پیاوی لێقەوماو کە لەلایەک شوو بوو و لە لایێکی ترەوە باوک، هەر لە وشەیەک ئەگەڕا کە هەندێ هیوادارتر بێ لەوەی تا ئێستا گوتوویەتی. من خۆم پێ نەگیراو لەبەر خۆمەوە کوتم:«بەڕە هەر لەلای تەنکییەوە ئەدڕێ!» شووی سەر لێشێواو بێ ئەوەی بزانێ دەنگەکە لە کوێوە هات، بەشوێن مندا دووپاتی کردەوە:«بەڕە هەر لەلای تەنکییەوە ئەدڕێ».

بای ئارامی سەری شەو، ئەیلووراند و چەشنی چنجڕووکی ئافرەتێکی ئازیەتبار ڕوومەتی کێودار و دەوەنی ئەڕنی. ئیتر شار جوان نەبوو. بیری کیژە بەلەنجە و لارەکە لەدڵما نەمابوو. دڵ بەخەم و ئاڵۆز، بەرەو شار دەگەڕامەوە تا پەنا بەرم بۆ خەو. لە دوورەوە دەنگی سەرخۆشێک ئەهات و با، سەر بەندەکەی بەهەموو شارا بڵاو ئەکردەوە:

ڕێگاکەم دوورە مەنزڵم کوێستانە
شەوم لێ دادێ، خەم لێم میوانە