کام شاعیر لای کۆمەڵ ڕۆڵەیە؟

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  784 بینین

سەلام لە گوێگری بەهەست و هونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ.

«گەورەیی» گەورەترین شاعیر و نووسەر، یا هەر هونەرمەندێکی تر لەوەدایە کە هەرچی لە دڵیا هەیە و هەر مەبەستێکی بەدەستەوەیە باش بینوێنێتەوە. هەروەک ئاوێنەیەکی ڕوون کە هەر شتێ لە بەرامبەریا بێ، لەناویا دەرئەکەوێ. هونەری ئیلقا کردن و ڕاگەیاندن و تێگەیاندن، هونەرێکی هەرە مەزنە و ڕاستییەکەی ئەوەیە کە زۆربەی کەس لەدڵی خۆیا شاعیر و نووسەرە. بیری یەکجار جوان لە زۆر مێشک و دەروونا هەیە کە خاوەنەکەی شاعیر نییە، واتە ناتوانێ بیرە جوانەکانی بخاتە چوارچێوەی وشە و عیبارەتەوە. کە وەها بێ، جیاوازی هونەرمەند لەگەڵ خەڵکی ئاسایییا ئەوە نییە کە باش هەست ئەکاو باش جوانی ئەناسێ، چونکە ئەم هێز و توانایە لە خەڵکی تریشا هەیە. ئەوەی شاعیر لە خەڵکی ئاسایی بەرزتر ئەکاتەوە و جیای ئەکاتەوە ئەمەیە کە هەستە دەروونییەکانی باش بە خەڵک ڕائەگەیێنێ. ڕاگەیاندنی هەستی شاعیرانە، یانی ئەو چەشنە هەستە کە تێکەڵ بووە لەگەڵ هەوێنی عاتیفە و ڕواڵەت و قالب و چەشن و تەرزێکی تری پەیدا کردووە، یەکجار دژوارە، چونکە شاعیر زۆر شتی وردی وەها ئەبینێ کە دیتنی بۆ زۆربەی کۆمەڵ ساکار نییە. جگە لەمەش شاعیر تەنیا پلانێک لە کارەساتێک یا ڕوانگەیەک هەڵناگرێ کە بێ دەست لێدان و گۆڕین بیخاتەوە بەرچاوی سەیرانکار، شاعیر بەتایبەت شاعیری ئەمڕۆکە ناتورالیسم بەشێوەیکی دواکەوتوو ئەزانێ، وەها نابێتە کۆیلەی تەبیعەت کە بێ دەسکاری کۆپی لێ هەڵگرێ. شاعیر، شەیء ومەکان و حاڵات، واتە ئەو شتانە کە لە دەور و بەرین، ئەو کاتە کە تێیدا ئەژی ئەو نەفسانیات و حاڵەتانە کە هەیەتی تێکەڵ ئەکاو ئاوێنەیێکی لێ دروست ئەکا کە تەواو ئەو شتە نییە کە لە دەرەوە هەیە و خەڵکی تر ئەیبینن. بەکورتی کاری شاعیر ستاتیک static و وەستاو نییە، واتە زێهنی شاعیر چەشنی مەکینەی وێنەگر لەیەک حاڵەتی قەیسی یەک کاتی کورت وێنە ناگرێ. شاعیر دینامێکە dinamic، واتە بەدرێژایی زەمان و کات لە جوولانەوە دایە چەشنی فیلمی سینەما، لە سەرەتای پەیدابوونی شتێکەوە تا دوایی هاتنی ئەو شتە لەهەموو حاڵێکا ئەیداتە بەر تیشکی رووناک کردنەوە، بۆ نموونە، بۆرەپیاوێک ئەبینی کە مناڵێکی برسی لە باوەش دایکی ترساو و سەر لێشێواودا خەوی لێکەوتووە، هەندێک کە ئەڕوا ئەبینێ مناڵێکی خڕو خۆڵ و چاوگەش و لێو سوور لەناو باغچەی پڕگوڵ و سەوزەی حەوشی باوکی دەوڵەمەندیا خەریکی کایە کردنە. بۆ ئەو بۆرەپیاوە ئەگەر زۆر تێنەگەیشتووبێ، یا دڵی تەواو ڕەق و ڕەش بێ، دیتنی ئەو دوو ڕوانگە جیاوازە باسی هیچ شتێک ناکا. بۆرەپیاو تێ ئەپەڕێ و نەخشێک ناکەوێتە سەر هەستی، یا ئەگەر هەستیشی جووڵا، هەر بۆ ماوەیەکە پاشان ئەچێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی، تەنانەت ئەگەر ئەگونجێ کەسێک ئەم دوو ڕوانگەیە ببینێ و کارێکی گران و شوێنێکی قووڵ بخاتە سەر هەستی و لە بیریشی نەچێتەوە. بەڵام ئەو هەوێنە کە لە هەستی ئەوا مەییوە، هەر لای خۆی ئەمێنێتەوە و ئەو بەرهەمە کە هاتۆتە بەر هەر لەگیانی خۆیا پاشەکەوت ئەبێ و هەرگیز بەچەشنی شیعرێک کە خەڵکی تریش لە ڕاستەقینەی کارەسات بگەیێنێ و ئەوانیش وەک خۆی بخاتە سەر زریەی بیر و خەیاڵەوە بەرزتر لەم ڕادەیەش ئەگونجێ ڕووبدا، واتە کەسێک، کە ئەو دوو ڕوانگەیەی چاو پێبکەوێ، ڕوانگەی مناڵێکی لاواز و بێ هێز لە باوەشی دایکێکی هەژار و نیگەران و شڕۆڵا و مناڵێکی لەش پتەوی چاوگەش و بزۆز لە باغچەی بەگوڵ ڕەنگاوی باوکی دەوڵەمەندیا، دڵی لەم جیاوازییە سەیرە پڕ بێ لە خەم و بیەوێ خەڵکی تریش تێگەینێ کە چی دیوە. بەڵام یا هەر باسی ئەو ڕوانگەیە ئەکاو لێکی ناداتەوە کە بۆ چی وەهایە یا ئەگەر شارەزاش بێ و بیەوێ هۆیەکانی ئەم بەرز و نزمییە دەرخا، ناتوانێ بەزمانێکی هونەری بدوێ و ئەگەر توانی ئەمە، هونەرمەندە و خەڵکی ئاسایی نییە.

شاعیری ئەمڕۆ ئەڵێ کە لە کۆمەڵا تووشی فڵان مەبەست یا کارەسات یا ڕوانگە هاتم، بەلێکدانەوەیەکی زانستی لێکمداوە. واتە بەرو دوای شتەکەم هەڵسەنگاند، هۆیەکانم لەسەرەتاوە شی کردەوە، پاشان ئەو مەودا خاوەی کە کۆمەڵ و تەبیعەت دابوویان بەمن و لەژێر تیشکی زانستا بەباشی سەرنجم لێدابوو، بردمە ناو کارگەی زێهن و عاتیفەی هونەریمەوەو لەو کارگەیەدا ڕێک و پێکم کرد، لێک و لووسم کرد، ئەوەی وا دزێو بوو بەڕەنگی هونەر ڕازاندمەوە و بەکورتی شتەکەم گۆڕی، بەڵام نەک گۆڕینێکی ئەوتۆ نەناسرێتەوە. پاشان ئەو دەسکردەی کارگەی خەیاڵی خۆم خستە بەر تماشای خەڵک، ئەوانیش لێی تێگەیشتن، چونکە لەگەڵ ئەوەشا کە لەگەڵ قسەی ڕۆژانەی خۆیان جیاواز بوو بەڵام بەزمان و لێکدانەوەی ئەوان بوو پێیان خۆش و گوێیان بۆ شل کرد، چونکە دەردی دڵی خۆیان بوو، لەبەر ئەمە کە شاعیرم بووم بە ساحیر و کۆمەڵ لە خۆی پرسی: چۆنە وا ئەزانێ ئێمە چیمان ناتەواوە؟ چیمان ئەوێ؟ و بەیانی ژیانمان چۆن ئەبێ؟ من کە شاعیرم و ساحیرم و ئەزانم کۆمەڵ چی نییە و چی هەیە و چۆن ئەبێ لەوانەی کە هەیەتی کەڵک وەربگرێ بۆ بەدەست هێنانی ئەوانەی وا نییەتی، خۆشەویست بووم، بەگوێم کراو قسەم ڕەوا بوو، شیعرم برەوی پەیدا کرد و کۆمەڵ ناوی نام: «ڕۆڵە»

تا بەرنامەیەکی تر هەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین. هیوادارین شادمان و بەختیار و سەرکەوتووبن.