تامی تاڵی بەزین

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  942 بینین

بەڵێ هەر چی بوو ئەوەندە بوو کە هات و وردەیەک مایەوە و تێپەڕی؛ چەشنی سێبەری شەو کە لەبەر نێزەی ئاڵتوونی شازادەی بەیان ڕا ئەکا، یا زەردەی نیوەڕەنگی هەتاو لەسەر لووتکەی کێو کە بە بزەیەکەوە کە تۆ هەرگیز بۆت دەرناکەوێ، بزەی بەزەیییە، قەشمەرییە، یا خۆ ماڵاوایی، ئاوا ئەبێ و تۆی بڕوانکار هەر ئەوەندە ئەمێنێتەوە کە دانیشی و بیر بکەیەوە ئاخۆ لەودیو سنووری خۆراوا هەتاو چی ئەکا؟ سەر لە کام گوڵ و گیا ئەدا؟ بەسەر کام دەریای کاسا پڕشنگ ئەداتەوە و لە خەو ڕایئەچڵەکێنێ؟

بەڵام داخێک و سەد مەخابن، گەلۆ، گەلی دەماجەرایە! ئەمڕۆ منم و هەواڵی هەمیشەییم، گەرمتر لە هەمیشە دەستەملانم بووە و هەر ئەڵێی لە دڵما لێدانە، لە خوێنما بزووتنە، لە سەر چاوم دوو تنۆکی قەتیس ماوی فرمێسکە، بەخەم ئەڵێم برادەر. خەمێ وەک ڕۆژێکی زەردی پاییزی بەرەو زستان لە گەڵما یەک ماڵە و بێ جیاوازی. تۆ بڵێی برای هاوپشتم نەبێ؟! ئێستە بمبوورە کە گوڵ و ئەستێرەی هەڵگرتن و توانام لە بەر چەخماخەی هەوری بەباڕشتی خەفەت لەبەر ڕەهێڵەی گریان پاش برووسکەی ئێش و ئازار سەر ڕێژ ئەکا و وشکارۆی زەردی ڕوخسار و داوێنم ئەکا بەزۆنگ و زەل! ببوورە کە ناچارم ڕووگەم وەگوێزم و بەزاراوێکی ئاڵتر و ژاراویتر لە ژەقنەمووت بڵێم ئەوین بێهوودەیە. بێهوودەیە لەم سەردەمەدا کە خرینگەی پووڵی ورد جێگای شمشاڵی شوانی ئەوینداری گرتۆتەوە شوێن پەرییەکی سپی پۆش ئەفسانەیی کەوم کە ناوی لە پەڕاوە کۆنەکانا ئەوین نووسراوە.

ڕۆژێک بوو ئەمگوت ئەوین واتەی ژیانە، ئەوین بەیانە، ئەوین هەموو شتێکی ئینسانە. ئەمگوت با بکوژێتەوە چۆڵە چرای ڕەنگ بزڕکاوی هەتاو، ئەگەر خول و گەڕانی خۆر بۆ نیایش و لە دەورگەڕانی خوای ئەوین نەبێ. ئەمکوت کۆیلەتم ئەوین، هەرتۆم هەبێ خوونکارم. تۆم ڕێنوێن بی ڕزگارم! با بڵێم ئەمڕۆ چۆنم. بمبوورە کە دێمە دەنگ وەک قامیشەڵانی دەمبای ساردی ئێوارانە. لە هەر دەمارێکمەوە نەوایەکی خەم و ماتەم هەڵدەستێ. کوتم ئەبم بەبەردی ژێر گۆم، بێ هەست و خوست دائەکەوم. ئەبم بە شوورەی پۆڵا با قەڵماسکەی ئاگرینی خەم نەمڕووشێنی و نەمشەمزێنێ. با ئەگەر سەرم بێ شۆرە و دڵم بێ هیوا، لانی کەم شاییم بەخۆم هەبێ کە پیاوم، نەبەز و ڕاوەستاوم. ڕاستە کە لێقەوماو و داماوم؟ بەڵام نە وزەم بەرداوە و نە فەوتاوم. ئەبینی برادەر خۆ فریودان گاهێ پێویستە بۆ ئەوەی ناتەوێ پێ لە مردنی خۆت بنێی و سەر دابنەوێنی، بۆ ئەوە کە هەنگاوێ وا هەڵتگرت و وەستای هەنگاوی دوایی بوو و لەمەوبەدوا هەرچەندە ڕێ ببڕی، هەوراز و لێژ بپێوی، خۆت شەکەت و ماندوو کەی، هەر لە دەوری خۆت ئەسووڕێی و گێژ ئەبی. چەشنی مێروولەی ناو گۆی بلوور دەرەتانت نامێنێ. ناچاری ئەم ڕاستەقینەیە کە وەک داوی جاڵجاڵۆکە دەست و پێ و هەست و گیانت ئەخاتە ناو کەمەندەوە وەرگری. هاوار لە من کە ملکەچکردن بۆ دوایی هاتن هەر مەرگە تاڵەکەیە وا لێی ئەترساین.

لە نێوان هیوا بڕان و وەرگرتن و هەموارکردنی هیوابڕاوییا بەتاڵییەک، دۆڵ و شیوێک هەیە کە پیاو کاتێ ئەیگاتێ، هەم لە ساما لنگی ئەلەرزێ و هەم خۆی ناچار ئەبینێ کە بۆی بڕوانێ. وەک کەسێک کە لەسەر هەڵدێرێکی بەرز وەستابێ و بیەوێ خۆی بخاتە خوارەوە، نە ئەتوانێ بگەڕێتەوە و نە لێی ئەبڕێ بچێتە پێشەوە. بەڵام هەرچی هەیە ئەم سنوورە کە لە هەودایەکی هاوریشمین باریکترە، تەنها جێگایەکە کە مرۆڤ دەرفەتی هەیە بیری تیا بکاتەوە. بیری ئەوەی کە هات و تێپەڕی، ئەوەی کە لە ناخی دۆڵەکەدا بەسەری دێ و من لەم سنوورە لە گەڵتا ئەدوێم. ئەی برادەرێ کە خۆمی یا ئاوێنەی خۆمی! و ئەمەیە کە بەدڵما دێ و دێتە سەر پێنووسم.

دێتەوە بیرت کە پێت داکێشاوەتە ناو ڕووبارێکی بچووک و ڕوون و ماسی بچووکی سەر پشت ڕەشی بەر زگ زەرد لە سامی تاریکی قووڵایی ناوەڕاستی ڕووبارەکە هاتوونە کەناری تەنک و تاو تێزاو و بەدەمی لووسیان بەرەپێت ختیلکە ئەدەن، تۆش سەرت ناوەتە سەر سەرینی سەوزەڵانی ڕوو لە هەڵچوون و شلک و خۆرەتاو بەهەموو میهرەبانی خۆیەوە ڕوومەتت ئەلاوێنێتەوە. یادێک پێ ئەنێتە سەر گلێنەی چاوی نیوە خەوتووت. پەلکە زێڕینە بزەی بێڕەنگ و نادیار، کاروانێ کە دەنگی زەنگی وشتری پێشەنگی لە گوێتا ئەزرینگێتەوە، کیژۆڵەیەک کە لە پەناتە دائەنیشێ، تۆ لە جیهانی خەون و خەیاڵا بەرخە مامزی خنجیلانەت بەسرکی و سڵییەکا، بەڕوانینی گەرمی نیو نیگایا، بە شنەیەکی فێنک و بۆن خۆش کە بە داوێنی کراسی موونسی شاگوڵی لەشی ئەیپرژێنێتە ناخی دەماختا، ئەناسییەوە و بێ یارمەتی زمان و وشە و دەنگ پێی ئەڵێی خۆشم ئەوێی. گڵی زیندوو، تووتڕکی کێوی و عەتری ئەو با نەرم و نیانە کە مەست و سەرخۆش لە میوانی شلێرەجاڕ ئەگەڕێتەوە. ئەمەیە خەو بینینی تۆ. بەڵام داخی گرانم، تۆ بەخەو بینین قەناعەت ناکەی. ئەتەوێ هەرچی لە خەوا ئەبینی، لە بەخەبەرییا بتبێ. دەس درێژ ئەکەی تا پەردەی تارمایی لادەی. بەهەردوو دەس چاو ئەگڵۆفی و خەون و خەیاڵ ئەتارێنی. پاشان دەس ئەگێڕی تا داوێنی ئەوینت بگری و بەری نەدەی، کەچی دەستت بێهوودە هەوای بەتاڵ ئەپشکنێ. تۆ وەک پەپوولەی هاوریشم ئەتەوێ لە تالاری ڕەنگاوڕەنگی تانوپۆت بێیە دەر! بەڵام لە دەرەوە جگەلە زبری و ڕەنگی خۆڵەمێشی هیچی تر نییە. تۆ ئەو کاتە ئەزانی کە هەی داد و بێداد چیت بەسەر هات. ئیتر نە هەتاو ماوە، نە دڵدار کە کەزی شۆڕی ئەتگوت پرچی گوڵەبەڕۆژەیە. ئەتەوێ بگری. لە کاولی تەنیاییتا بگری. هەوا تەزووی ساردە و لەشت ئەتەزێنێ. بزەی بێڕەنگی هەتاو و ماسی بچووکی کەناری هەتاوگر لە ترسی هەوری ڕەش تاراون. هەور بەنەرمی و پیاوانە ئەگری و تۆ تەنانەت تنۆکێکت فرمێسک بۆ نەماوەتەوە کە بەسەر ئاگری دەروونتا بیپژێنی. وەرگرتن و ملکەچکردن ڕێگات لێ ئەگرێ. داخی گرانم کە ملکەچکردن و وەرگرتن هەر ئەو مەرگە تاڵەیە کە لێی ئەترسای.