کەی کێشەی نێوان شیعری کۆن و نوێ ئەبڕێتەوە؟

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  1635 بینین

سەلام لە گوێگری هەستیار و بیستیاری هۆگری هونەر.

گوێگرێکی بەڕێز بەناوی وەفای عەزیزی لە سنەوە نامەیەکی گەرم و گوڕ و برایانەی بۆ نووسیوین و چەند پرسیارێکی کردووە. نامەی ئەو گوێگرە بە ڕێزەمان کە وا دەرئەکەوێ خاوەنی چێشکەیەکی پاراو و بەهرە و بەرێکی هونەرییە بۆ ئەوە ئەشێ کە بڕێکی بۆ بیستیاران لێ بخوێنینەوە.

... کاک وەفا ئەنووسێ: «جیهان و کەون لە گۆڕاندایە بەتایبەت بەپێی گۆڕانی جیهان خواست و ویستی ئادەمیزادیش ئەگۆڕێ و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەوەی وا پێی ئەگوترێ زانیاری کۆمەڵ و کۆمەڵناسی لەگەڵ چەرخ و خولی جیهاندا ئەگۆڕێ. واتە ئەو شتە کە ئەمڕۆ باوە و کۆمەڵ نیازی پێی هەیە، بەیانی کۆن ئەبێ و لە ڕیزی نیاز و پێداویستەکانی گەل و کۆمەڵ ئەخرێتە کەنارەوە و شتێکی تازە جێگای ئەگرێتەوە. ئەم گۆڕانە وەنەبێ هەر لە هونەرا بێتە پێش، بەڵکو لە هەموو بار و لانێکی ژیانی ئینسانیشا خۆی ئەنوێنێ. دوێنێ کابرای فەیلەسوف و فیزیک زان کاتێ هەستی کرد کە لە گەرماوەدا سەنگایی هەموو شت کەم ئەبێتەوە، بەلەشی ڕووت لە گەرماوەکە هاتەدەر و سەرخۆشانە نەڕانی: « دۆزیمەوە... دۆزیمەوە!» پاش ئەو زانایەکی تر لە ژێر دارە سێوێکا دانیشتووە؛ سێوێکی گەیشتوو لە لقێکی دارەکە بووەوە و کەوتە سەرکۆشی. بیری کردەوە لە لقی دارەکەوە تا سەر زەوی فەزایەکی بەتاڵە و لە دارەکەوە بەرەو سەرووتریش بەتاڵە و جگە لە هەوا هیچی تری تێدا نییە. کە وەهایە بۆچ ئەو سێوە بۆ فەزای ژوور ناچێ و ئەکەوێتە سەر زەوی؟ بەبیر کردنەوە بۆی دەرکەوت کێشەرێک لەم زەوییەدا هەبێ وا هەر شتێک لە بەرزایییەکەوە بەری دەیەوە ئەکەوێتە سەر زەوی و لەو ڕۆژەوە کە «نیۆتۆن» ئەم ڕازەی دۆزییەوە یاسای کێشەری گشتی واتە قانوونی جازیبەی عموومی پەیدا بوو. ئەو ڕۆژانە بۆ ئادەمیزاد زۆر بە بایەخ بوون و پێداویستی ئادەمیزاد بوو کە سەر لەم ڕازانە دەربهێنێ. بەڵام ئەمڕۆ هەموو مناڵێکی پۆلی ناوەندی ئەم کەشفە زانستییە گرینگانە ئەزانێ، کە وەهایە هەموو شت لە گۆڕاندایە و هەموو شت پاش ماوەیەک کۆن ئەبی و جێگای خۆی ئەدا بەشتێکی نوێ. ئەی لەبەرچی باسی کۆن و نوێ لە شیعردا نابڕێتەوە؟ بۆچ بەم شێوەیە کە شێوەی باوی ڕۆژگاری ئێمەیە ئەڵێن شێوەی نوێ؟ جا چ نەققاشی بێ، چ پەیکەرسازی، چ وێژە؟ ئاخۆ باشتر نییە ئەم شەڕی کۆن و نوێیە ببڕێتەوە، وەک لە زانستا بڕاوەتەوە؟ ئەمە پرسیارێکم بوو، پرسیارێکی تریشم هەیە؛ لەبەرنامەی تاپۆدا زۆرجار وشەی ئیماژمان بەرگوێ ئەکەوێ. ئاخۆ ئیماژ هەر ئەو سفەتە لەفزییەیە کە لە شیعری کۆنا پێی ئەگوترا ئیستعارە؟»

لەپێش هەموو شتێکا سوپاست ئەکەم پیرۆزبایی ورد بوونەوەت لە مەوزووعە هونەرییەکان. پاشان وەڵامی پرسیارەکانت. لە زانستا تاقیکاری هەوێنی بنەڕەتییە و هەموو شت لە سەر ئەو بناغەیە دائەمەزرێ. واتا زانا ناچارە ئەسڵە زانستییە کۆنەکانی قوبووڵ بێ و بەپێی ئەوان بجوولێتەوە. یەکەم کەسێ کە بەرد و ئەستی دۆزییەوە بناغەی دانا بۆ دۆزینەوەی ئاگر و ئاگر بوو بەبناغەیەک بۆ زۆر شتی زانستی کە ئەمڕۆ هەیە.

چەشنی مووشەکێ کە پیاو ئەباتە سەر مانگ، جا با ئەو شتە کە گەرمایی لە مووشەکا پێکدێنێ، ئەو ئاگرە نەبێ کە لە بەرد و پووشوو پەیدا ئەبێ، لە هەر حاڵێکا ئاگرە و گەرمایی و هێز ئەخولقێنێ. بەڵام بناغەی هونەر لە سەر عاتیفە دائەمەزرێ و ئەشزانین کە عاتیفەی هەموو کەس چەشنێک نییە. چەند کەس بچنە ناو دارستانێکەوە، ئەوەی کە دارتاشە لە بەر خۆیەوە بیر ئەکاتەوە ئەم دارگوێزە چەند ڕەختە و لە بارە بۆ دەرگاو پەنجەرە لێ دروستکردن. ئەوەی کە هونەرمەندی پەیکەرسازە ئەڵێ: ئەم دارە، باش ئەکرێ و ڕواڵەتی ژوولسێزاری لێ دروست بکەی. ئەو کەسەیان کە شاعیرە ئەڵێ: چەندە خۆشە پاش شەکەتی ڕێگا لە ژێر سێبەری ئەو دارە دانیشی و شنەیەکی فێنک ئارەقەی لەشت وشک کاتەوە. ئەگەر بازرگانێکیشیان لەگەڵ بێ، ئەڵێ بریا ئەم دارستانە هەموو هی من بوایە و بمفرۆشتایە بەم دارتاش و پەیکەرسازە و دراوەکەم لە تەنگەی گیرفانم بنابایە. ئەبینی کە هەر کەسێ چەشنێ بیر ئەکاتەوە و هونەر کە بناغەی لە سەر بیر و عاتیفەیە، زۆرتر لە زانست جیاوازی تێدا بەر چاو ئەکەوێ. زانست ناگۆڕێ. بەڵام پێش ئەکەوێ و هەڵئەچێ. چەشنی نەمامێک کە ساڵ بەساڵ گەورەتر و ڕاکێشاوتر و هەڵچووتر ئەبێ. بەڵام تۆ ئەزانی کە ئەم دارە گەورەیە هەر نەمامە بچووکە دەسنێژەکەی خۆتە، لە کاتێکا هونەر ئەگۆڕێ و لە پایەشەوە ئەگۆڕێ. دوێنێ هونەری شیعر و وێژەوانی بۆ پێهەڵکوتنی ئەمیر و پایەبەرزان و بەدەسەڵاتان بوو تا شاعیر بەخشش و سیلەیەک کە بەگوێنی شیعرەکە وەری ئەگرێ خۆی پێ بەخێو کات؛ بەڵام ئەمڕۆ شیعر بۆتە چەکێک کە ئەکرێ سێدارەیەکی بۆ خنکاندنی دوژمن لێ ساز بکەی. ئیتر شیعری پێهەڵکوتن باوی نەماوە. لە بەر ئەمە ئەڵێن شیعری کۆن و شیعری نوێ؛ بەڵام بەلای منەوە ئەگەر شاعیرێک بتوانێ لە قالبی عەرووزیشا واتە و مەفهوومێکی ئەمڕۆیی دەربڕێ، شیعرەکەی نوێیە و کۆنی قالب نابێتە هۆی کۆنی شیعرەکەی. کە وەها بوو بۆ چ شیعری نوێ زۆرتر لە قالبی نوێ ئەخرێ؟

شاعیران لایان وایە خۆ بەقافیە و کورت و درێژی دوو نیوە شیعر و ڕەوی و ڕەدیفەوە خەریک کردن ڕێگایان نادا بیر لە کاکڵەی شیعرەکە بکەنەوە و لە قالبی ئازاددا باشتر سەر ئەکەون.

وەڵامی پرسیاری دووهەمیشتان ئەمەیە:

بەڵێ ئەتوانین بڵێین ئیماژ کە وشەیەکی بێگانەیە، لەگەڵ ئیستعارە کە ئەویش هەر وشەیەکی بێگانەیە - بەڵام زۆرتر بیستراوە - هەر یەک مانایان هەیە؛ بەڵام وردەیەک جیاوازیشیان لە نێوانا بەر چاو ئەکەوێ. ئیستعارە لە شیعری قەدیما زۆر زوو ئەناسراوە، بۆ نموونە نێرگس ئیستعارە بوو بۆ چاوی کەژاڵ، سەرو - کە بەکوردی ئەبێتە سەوڵ - ئیستعارە بوو بۆ بەژن و باڵا. بەڵام ئیماژ زیاتر شەخسی و تەکییە و هەر شاعیرە بۆ خۆی ئیماژێکی هەیە. هەڵبەت ئیماژی واش هەیە کە هەموو شاعیرێک یا زۆربەی شاعیرانی نوێ بێژ کەڵکی لێ وەرئەگرن. دوو نموونە ئەخەینە بەرچاو کە شار کراوە بەئیماژی سفەت و بێ بەزەیەتی و پارەپارێزی و نزمی خوو و ڕەوشت. شاعیرێک کاتێ قسە لەگەڵ مەعشووقەکەیا ئەکا ئەڵێ:

:تەواری بەسامی کەژی کوردەواری

:بەجوانی دلێر و بەنازی کەنیشکانە تێر و تەیاری

:دەسا بەشقی خوا بەس کە تاوێ

:بە کەولەنجە شێت و چەواشەم مەکە

:دەمێ لێم گەڕێ

:سەرنجم دەمێکە

:زوڵاڵی نەماوی چەپەڵگای هەراسانکەری گەورە شارە

:بڵا با لە چاوی گەش و روونی دوو چاوی شینت

:کە هەر وەک زرێباری بەر تاووساوی بەیانە

:مەلەی دەم!

 

شاعیرێکی تریش هەر لەو کاتەدا کە دەردەدڵی خۆی بەلای دڵبەرەکەیەوە ئەکا، ئەڵێ:

:گوڵم دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت

:لە شاری چاو لە بەر چرای نێئۆن شەوارەکەت

 

هیوادارم کاک وەفا وەڵامەکانی گوێ لێ بووبێ و پەسندی کردبێ. تا حەوتەی داهاتوو بە خوای گەورەتان ئەسپێرین.