جیاوازیی نێوان حافز و نالی

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  1623 بینین

سەلامی گەرم و گوڕی ئێمە پێشکەش بەگوێگری بەهەستی بەرنامەی تاپۆ.

هیوادارین سەربەرز و بەختیار بژین. ئێستا لە سەرەتای بەرنامەکەدا گوێ بگرن بۆ پارچە هەڵبەستێکی مامۆستا نالی:

قوربان مەحاڵە پێکەوە بن سەبر و ئیشتیاق
خاریج لە نەسسی ئایەیە تەکلیفی «لایوتاق»
مەعنایی نوور و زوڵمەت و نەشری حەیات و مەوت
بوو، ڕوو و زوڵف و ڕۆژی ویسال و شەوی فیراق
ئیزهاری ئیددیعاتی تەسەببور لە وەسڵی تۆ
یا مەکرە، یا دەسیسەیە، یا کیزبە، یا نیفاق
بۆ تۆ کە بیکر و تازە، وەکو حۆری جەننەتی
قەیدی چییە عەجووزەی دونیا بدەم تەڵاق؟!
شیرینیی و لە تاڵی و ترشی عیتابی ڕووت
خاڵت لەسەر جەبین بووەتە دانەیی سماق
سۆفی لە فەقر و فاقە وەکوو فاقە فاقی دا
تەسبێحی دام و دانەیە، ڕیشی دوو فاقی فاق
ئەی میهری میهرەبان وەرە سەربانی بامیداد
با مەهڕووان ببن بە هیلالی شەوی میحاق
نالی کە سەدری مەسنەدی تەمکینی تەکیە بوو
بۆ تۆ بووە بەدەرەبەدەری کووچە و سوقاق

نالی، مامۆستای بەرزی ئەدەبی کورد، ڕەنگ و بەروبووی شیعرەکانی لە شوێنەوارە بەنرخەکانی حافز ئەچێ. تەنیا جیاوازییەک لە نێوان ئەم دوو شاعیرەدا بەرچاو ئەکەوێ، تامێکی سۆفیانە و عارفانەیە کە لە شیعرەکانی خواجەی شیرازا هەیە، لە بەرامبەرەوە نالی زیاتر خۆی داوەتە ڕازاندنەوەی ڕواڵەت و هێنانی سەنایعی لەفزی و بەلێکدانەوەیەکی تر نالی لە باری تەعبیر و هەڵبژاردنی ئیستعارە و تەشبیهات، لە سەبکی هیندی نزیکە. بۆ نموونە واتەی سۆفی لە زبانی حافزا ئەم ئادەمیزادە سەر و پرچ ئاڵۆزە فێڵبازە نییە کە نالی باسی ئەکا، بەڵکو ئینسانێکە گاهێ سەرەڕۆی دۆزینەوەی ڕازی هەستییە و زەمانێکی تر شوێنگرتووی ڕێو شوێنی قوبوولکراوی سەردەمی خۆیەتی و گوێ لە مستی شێخ و پیر، بەڵام لە هیچ کاتێکا چەشنی ئەو سۆفییە کە نالی لەو شیعرانەی سەرەوەدا باسی ئەکا نزم نابێ و بەچاوی سووک تەماشا ناکرێ. حافز ئەڵێ:

صوفی سرخوش از این دست که کج کرد کلاهفارسی
به دو جام دگر آشفته شود دستارشفارسی

هەڵبەست لە سەردەمی حافزیشا خۆپارێزی بەدرۆ و خواناسی بۆ فریوی خەڵک بووە، بەڵام شاعیری گەورەی شیراز ئەم تاقمە بەسۆفی ناو نابا، گاهێک بەقازی، جارێک موحتەسیب و شەحنە و دارۆغە و زەمانێ بەناوێکی تر ئەیانگرێتە بەر تیری تانە و توانج. نالی خاوەنی ئیدئۆلۆژی و مەکتەب و فەلسەفەیەکی تایبەت نییە کە لە سەرتاسەری دیوانەکەیا شوێنی ئەم بڕوا ئاینیی و کۆمەڵایەتییەی گرتبێ. جارێک شیعرەکانی لیریک و غەنایییە، گاهێک تیپیک و حیماسی، زەمانێکیش ئەکەوێتە سەرباری شیعری گەل. لە کاتێکا حافز بەهیچ بارێ خۆی لە کاری گەلی و ناسیۆنالیستی نەگەیاندووە. لە سەردەمی حافزا ئەنتەڕناسیۆ نالیستێکی کۆمەڵایەتی و حقووقی بەسەر هەموو وڵاتە ئیسلامییەکاندا فەرمانڕەوا بوو و لە ڕوانگەی زانیاری و ئەخلاقەوە وڵاتانی ئیسلامی زۆر بەیەکەوە بەستراو و لە یەک نزیک بوون.

لە تەواوی شوێنەوارەکانی سەردەمی پێش حافز وەک دیوانی ناسر خوسرەو، ئەبولعەلای موعەرری و مەولانا دەرئەکەوێ کە مەبەستێک بەناوی گەل نەهاتۆتە ناو شیعرەوە. تەنیا زامێک کە لەشی کۆمەڵی ئیسلامی ئازار دابێ بۆتە هۆی بزواندنی هەستی شاعیری بارهاتووی فەرهەنگ و زانیاری ئیسلام. تەنیا خوو و رەوشت و ڕێگا و شوێنێک بەخراپ دراوەتە قەڵەم کە لەگەڵ ڕەوشتی پەسندکراوی ئیسلامییا نەهاتبێتەوە. هەڵبەت ڕەوشتی ئیسلامی لە ڕوانگەی فەلاسەفە و فەقیهاندا جیاوازی هەیە و هەرکام بەلێکدانەوەی خۆیان ڕوانیویانەتە سەر ئەم ڕەوشتە. حافزی خاوەن مەشرەبی فەلسەفی، تەنیا ڕواڵەت و تێکوڵی مەبەستەکە نابینێ و بەناخیا ئەچێتە خوارەوە و لە کاتێکا تێکوڵ پەرستی ڕواڵەت بین گیرۆدەی زاهیرە. حافز ئەڵێ:

در میخانه ببستند خدایا مپسندفارسی
که در خانهٔ تزویر و ریا بگشایندفارسی

یا ئەفەرمووێ:

زاهدان کاین جلوه در محراب و منبر می‌کنندفارسی
چون به خلوت می‌روند آن کار دیگر می‌کنندفارسی

ئەبینین کە سکاڵای حافز لەمەیە کە ئایین و خوو و ڕەوشتی باش گۆڕاوە و ئەو کەسانە وائەبێ جێگای چاولێکەری و پەندوەرگرتنی خەڵک بن، خۆیان هەڵەڕەوتی سەرشێوێنن.

باده هیچت اگر نیست این نه بس که ترافارسی
دمی ز وسوسهٔ عقل بی خبر داردفارسی

لە جێگایەکی تریشا ئەفەرمووێ:

پیاله بر کفنم بند تا سحرگه حشرفارسی
به می ز دل ببرم هول روز رستاخیزفارسی

شاعیرێکی تری فارسیش خەفەتی خۆی لەم هەموو خراپە و نزمییە کە لە کۆمەڵا بەرچاو ئەکەوێ، بەم چەشنە دەرئەبڕێ و بێزاری ئەنوێنێ لە خەڵکی جیهان:

مرا به روز قیامت غمی که هست این استفارسی
که روی مردم دنیا دوباره باید دیدفارسی

هەڵبەت بەرامبەر کردنی نالی و حافز کاتێکی هەراوتری ئەوێ. بەڵام لە خوێندنەوەی شوێنەوارەکانی ئەو دوو شاعیرە و لە ناوەرۆکی غەنایی شوێنەوارەکانیان دەرئەکەوێ کە لە یەکچوون و لە یەک نزیکی لە نێوانیانا زۆرە. لێرەدا گوتنی مەبەستێک بەلای منەوە زۆر پێویستە و ڕەنگە بکرێ ئەسڵ و پایەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر دابنرێ. مەبەستەکە ئەمەیە کە پاش شێوەی عێڕاقی، شێوەی هیندی لە ئێرانا پەیدا ئەبێ و لە ئەوروپا لە دوای شێوەی ڕۆمانتێکدا شێوەی سوورێئالیسم و سەمبۆلیسم باو ئەبێ ئەزانین کە شێوەی هیندی بەم هەموو پێچ و قەمچ و مینیاتۆری ڕواڵەتەوە کە هەیەتی زۆر لە شێوەی سەمبۆلیکی ئەوروپا ئەچێ. من لام وایە هەم ئێران و هەم لە ئەوروپا کاتێ هونەرمەند و شاعیر دڵسارد ئەبێ لە گێڕانەوەی ئەو شتە وا لە پێشا هەبوو و مەئیووس ئەبێ لەوە کە ئەو شتە وا دڵخوازیەتی دایبمەزرێنێ؛ ناچار دان بە شکستی خۆیا ئەنێ و تەریق ئەبێ و پاڵ ئەدا بەتاقمی کەمایەتی بێ دەربەستەوە. لە ئەوروپا شاعیر هەست ئەکا ئەو شتە وا بۆ دامەزراندنی تێکۆشا، واتە بورژوازی، زۆر لە ڕوانگەی دادگەرییەوە جیاوازی نییە لەگەڵ فێئۆدالیسم و لە ئێرانا کاتێ ڕێکوپێکی و برایەتی ئیسلامی ئەشێوێ و شاعیر بەچاوی خۆی نزمی و چەپەڵی پەرەگری کۆمەڵایەتی ئەبینێ و هیچیشی لە دەس نایە هەر دووک مەئیووس ئەبن. ئەو شوێن سەمبۆلیسم ئەکەوێ و لە توێی تارادا بووکی واتە و مەفهووم ئەشارێتەوە؛ ئەم دەس ئەکا بەڕازاندنەوەی ڕواڵەتی خانووبەرەیەک بەناوی هونەری شیعری کە ناو ماڵ و ژوور و هۆدەکانی هیچیان تێدا نەماوە.

تا بەرنامەی داهاتوو بەخواتان ئەسپێرین. ئەم کاتە و هەموو کاتێکی تری ژیانتان شاد.