شیعری کوردی و کێشی عەرووزی

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  4550 بینین

سەلامێکی بەتین پێشکەش بەگوێگری هونەرناس.

لە بەرنامەی پیشوودا وەڵامی پرسیارێکمان داوە بەناتەواوی و هێشتمانەوە بۆ بەرنامەیەکی تر کە لەسەری بڕۆین. ئەگەر لە بیرتان مابێ ڕەخنەیان لە ئێمە گرتبوو کە بۆچ سەبارەت بەشیعری عەرووزی باش نادوێین. ئێمە بەرنامەی ئەمڕۆشمان دیسان تەرخان ئەکەین بۆ ئەم مەبەستە و بڕێ شوێنی تاریکی مەبەستەکە ڕووناک ئەکەینەوە.

بێگومان بیستووتانە کە ئەڵێن فڵانە شاعیر یا فیسارە هونەرمەند خاوەنی مەکتەبێکی تایبەتە و ڕێگا و شوێنێکی تایبەتی خۆی لە هونەرا دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی ڕێگا و شوێنی تایبەت یانی چی؟ مەگەر هونەر بۆ نواندنی جوانی دەرخستنی دزێوی نییە؟ هەموو هونەرمەندێک ئەبێ کاری ئەمە بێ و هەر کەس ئەمە کاری بوو. هونەرمەندە و لەگەڵ هونەرمەندی ترا جیاوازی نییە. بەڵێ وەهایە؛ هونەرمەند پردێک هەڵئەبەستی لە نێوان کۆمەڵ و ڕاستەقینەدا و ئەیەوێ ئەم دووانە بەیەکەوە پەیوەند بدا و بەیەکیان بگەیەنێ. واتە کاری ئەمەیە کە کۆمەڵ تێبگەیەنێ کە ڕاستەقینەی دەوروپشتی چییە؟ ژیان بە چ بارێکا کەوتووە؟ بەڵام ئاخۆ هەموو ئەندازیارێک وەک یەک پرد دروست ئەکەن؟ کە وەها بوو ئەبوایە پردەکانی تەواوی جیهان یەک چەشن بوایە. کەچی ئێمە ئەبینین کە پردێک لە ئاسن و بتۆنە و ئەوی تر لە قوڕ و قسڵە؛ سێهەمیان لە دار و پەردووە. یەکێک ڕاستە، یەک کەوانییە، یەک زۆر لە ڕووبارەکە بەرزترە و یەکێک نەوییە. هەرکام لەمانە بۆ ئاکامێک لەبەر چاو گیراون. جێگای وا هەیە هاتوچۆی زۆر بەسەرا نییە، باری قورسی بەسەرا ناڕوا، ئەگەر لە دار و پەردووش بێ، قەیدی نییە. یەکێک لە ناو شارە و جگە لەمەی کە پردە، مەکۆی خەڵکە و جێگای گەشتی ئێوارانە، ئەبێ جوان بێ؛ با دراوێکی زۆریش بۆ ڕازاندنەوەی بدرێ. یەکێک کەوانییە، چونکە ئەندازیارەکە بەگوێرەی لێکدانەوەی ڕەق و نەرمی خاکەکە، وای باش زانیوە کە کەوانی دروست بکا و زۆری بۆ نەیەت. شاعیریش وەهایە. هەر کام چەشنێ ئەدوێ. گاهێ بەحەماسە، کاتێ بەوشەی نەرمی دڵدارانە، دەمێ بەرازاندنەوەی تەبیعەت و ژیان تەنانەت گاهێ بەتوانج و تەوس!! هەموو ئەم کارانەش بۆیە ئەکا خەڵک تێبگەیەنێ. لە ڕاستییا شێوەی هونەری هونەرمەند بۆ کورت کردنەوەی نێوانی خەڵک و ڕاستەقینەیە.

ئەڵێن حافز خاوەنی شێوەیەکی تایبەتە، هەروەها سەعدی، شکسپێڕ، هۆمێڕ، فردەوس، گۆران، لێئۆناردۆ دواینچی، موتزاڕت، پیکاسۆ و زۆر هونەرمەندی تر. ئەوانە کە پاڵیان داوە بە لووتکەی بەرزی ناو و نیشانەوە لە هونەرا لاسایی کەرەوەی خەڵکی تر نەبوون. لەتەواوی شیعری شاعیرانی کوردییا بگەڕێی، زۆرتر لە چەن شاعیرت دەس ناکەوێ کەلاسایی کەسیان نەکردبێتەوەو خەڵک کەوتبێتە شوێن شێوەی ئەوان. ئێمە لە شیعری کوردییا چەند شێوەی دیار و تایبەتمان هەیە. شێوەی بەیتی، شێوەی هیجایی، شێوەی عەرووزی، شێوەی نوێ. لەو ناوەدا تەنیا شێوەی عەرووزییە کە پاش پاککران و ئامادەبوون بە هۆی گەلانی ترەوە گەیشتۆتە دەستی ئێمە و ئەگەر ماڵی خەڵک خۆر نەبین، ناتوانین بە خۆماڵی بدەینە قەڵەم. کە وەها بێ هەر لە پایەوە بەلای منەوە شاعیری عەرووزی شاعیر نییە، چونکە جگە لەوە کە کەوتۆتە شوێن شێوەی شاعیرێکی تر، شاعیرەکەی پێشووش کورد نەبووە. کورد نەبووە یانی چی؟ یانی لە باری ژیان و خەم و خوشی مێژوو و خوو و ڕەوشت و خواست و ویستی کورد نەشارەزا بووە. چەشنە شاعیری عەرووزی هەرگیز نەیتوانیوە پردێک هەڵبەستێ لە نێوان کۆمەڵ و ڕاستەقینەدا. چونکە ڕاستەقینەی وڵاتی سەر سەوزی کورد و ئابووری تایبەتی ئەم وڵاتە ئەوە نییە کە شاعیری عەرووزی باسی ئەکا. من ناڵێم بە هیچ بارێک بەشێوەی عەرووزی ناکرێ باسی ڕاستەقینەی ژیانی کوردەواری بکرێ، ئەبینین کە شاعیری وەک پیرەمێرد و نالی ئەم کارەیان کردووە باشیش سەرکەوتوون، بەڵام شێوەی نوێ باشتری ئەکا، هەراوترە، دەست و پێی شاعیر بەکۆت و زنجیری «مفاعلاتن و مفتعلن» نابەستێ.

دێمەوە سەر سەرەتای وتارەکە کە گوتم ئەڵێن فڵان شاعیر شێوەی تایبەتی هەیە و چونکە ڕێگای تایبەتی دۆزیوەتەوە و نەکەوتۆتە شوێن شاعیرانی پێش خۆی، شاعیرێکی بەرزە؛ ئەگەر ئەمە بۆ تاقە شاعیرێک ڕاست بێ و دۆزینەوەی ڕێگای تایبەت نیشانەی گەورەیی و سەربەخۆیی شاعیر بێ، بۆ گەلیش وەهایە. واتە ئەگەر نەتەوەیەکیش ڕێگا و شوێنی وێژەیی تایبەتی خۆی هەبوو و دەستی بۆ هاوسێکانی درێژ نەکرد تا وێژە و هونەریان لێ بخوازێتەوە، ئەم گەلە لە وێژەدا سەربەخۆیە و مەزنە.

ئەزانین کە شێوەی عەرووزی هی کورد نەبووە، لەگەڵ تەبیعەتی زمانی کوردییا نایەتەوە، ناوەرۆکی کە تا ئێستا شاعیرانی کورد (ئەگەر چاو بپۆشن لە چەند شوێنەواری بچووک) خستوویانەتە ناو قالبی عەرووزەوە لەگەڵ لێکدانەوەی زۆربەی کوردا جیاوازی هەبووە و بۆنی غەریبی لێ هاتووە. کاتێ مەم و زین هەن، لەیل و مەجنوون کێن؟ کاتێ چیای مەغڵووب و سەری سیپان و قەندیلی مامەکۆیان و پێرس و چیای شیرن و شاهۆ، سەریان لە سینگی ئاسمان ئەستوون، دوجەیلە و واحە چاڵاوێک و زیخی ڕەوان و دڕووی موغیلان و وشتری پێ پان، چین کە لە وێژەی ئێمەدا مۆڵ بخۆن؟! ئەمانە بۆ ئەوان باشن و بۆ ئێمە لێدوانیان هەر گێژی و کاسی پێوەیە و هیچی تر.

قسەی دواییم ئەمەیە کە دڵم ئەسووتێ لەسەر کانیاوێکی خورۆشاو کە لە ژێر ڕنووی بەفری کۆن دێتە خوارەوە دانیشم و بەردەمم دەشتێکی خەمڵیوی بە شەست پەڕو شەوبۆ و شلێرە بێ و داوێنی چیای ئەوبەرم وەک نۆ بووک تارای سووری داری ئەرخەوانی بەسەردا دابێ لەم حاڵەتەدا ناچار بم بیر لە دەشتێکی قاقڕی ڕەمڵین بکەمەوە کە «قەیس»ە شێتی تێدا وێڵ بوو. ئەوە من و ئێوەش نازانم!

تا بەرنامەیەکی تر خواتان لەگەڵ