بەیت تەواو بەتانوپۆی خۆماڵی چندراوە

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  1795 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی پێشوودا گوتمان کە شێوە وێژەیییەکانی شیعری کوردی بریتین لە چوار شێوە:

«شێوەی شیعری وتاری» یا «بەیتی»
«شیعری هیجایی»
«شیعری عەرووزی» و
«شیعری نوێ».

هەروەها لە وتاری پێشوودا باسمان کرد کە لەبەر چی شیعر بەر لە نەسر لە ناو کوردا و ڕەنگە لە هەموو خۆرهەڵاتیشدا پەیدابووە.

«شیعری وتاری» یا «بەیت» بەلای منەوە گەنجێکی هێژا و سامانێکی گەورەی زەوق و چێشکەی هۆزەکەمانە. هەر لەبەر ئەمەیە کە «باسیل نیکیتین» و «خاچاتوور ئەبوویان» شاعیری ئەرمەنی ئەڵێن: «فۆلکلۆری کوردی ئەوەندە پڕ و بەرز و خێرومەندە کە هۆزەکانی تری هاوسێی کوردیش کەڵکیان لێ وەرگرتووە و کەوتوونەتە ژێر تەئسیریەوە».

ئەم کوردناسانە ڕاست ئەکەن؛ بۆ نموونە بەیتی «خەج و سیامەند» کە «هۆهانس شیراز»، شاعیری ئەرمەنی کردوویە بەشیعر، تەنانەت ئەوەندە ناوەڕۆکی بەیتەکەی بە خۆماڵی زانیوە کە سیامەندی کردووە بە ئەرمەنی و بەم چەشنە بەهرەیەکی لە فۆلکلۆری کوردی کردووە بە نسیبی هۆزی ئەرمەنی.

بەیتی«مەم و زین» لەگەڵ ئەوەشا کە بەچەند ڕەوایەتی جۆربەجۆر گوتراوە بەشێکی زۆری لە ئەفسانە و ئوستوورە تێکەڵ کراوە، لە لایەک «مەم»ی «ئالان»ە و لە لایەکی تر «مەم» کوڕی میرە تەنانەت ناوی «حەڵەب» و «برایم پاشا»ش کە ڕوون نییە چۆن هاتوونەتەوە ناو بەیتێکی کوردییەوە، لە بەیتەکەی دابڕاوە. بەڵێ پاش ئەو هەموو گۆڕانە و لەگەڵ ئەم گشت گێڕانەوە لە یەک دوورانەش کاتێ «ئەحمەدی خانی» نەمر بەیتەکە کردووە بەشێوەی عەرووزی، لە شیرەی گیان و زەوقی خۆی زۆر مەبەستی خواناسانە و فەلسەفی هەڵڕشتۆتە ناو بەیتەکەوە؛ بەڵام ئاکامی کارەکەی «خانی» بەهۆی پێنووسی جادووکار و بیری شاعیرانەی خۆی و ناوەڕۆکی تێر و تەیاری بەیتەکەوە، بۆتە شاکارێک کە وێژەناسێکی گەورەی شووڕەوی لە بەرزییا ئەیخاتە پاڵ «شانامەی فیردەوسی»یەوە و بە یەکێک لە سێ شوێنەواری گەورەی خۆرهەڵاتی ناو ئەبا.

شیعری بەیتی زۆرتر باسی ڕووداوە مێژوویییەکانی ناو کورد ئەکا و یا خۆی بەو مەبەستانە خەریک ئەکا کە لە ناو کوردا جێی ڕێز و خۆشەویستین، وەک بەیتی «دمدم»، بەیتی «قەر و گوڵەزەر»، بەیتی «شێخی سەنعان»- کە ئەم بەیتە مەبەستی غەیرە کوردیشی تێدایە- بەیتی «زەنبیل فرۆش» -کە زۆر لەسەر گوزەشتی «بوودا» ئەچێ- بەیتی «ئاوڕەحمان پاشا»، بەیتی «شێر و کەڵ»، بەیتی «مەحمەڵ و برایمی دەشتیان» و زۆر بەیتی تر.

لە بەیتی کوردییا شوێنی زانستی بێگانە و دروشمی لاوەیی بەرچاو ناکەوێ و سووژە و ناوەڕۆکەکان تەواو کوردین، لەبەر ئەمە بەیت بە ناوی فۆلکلۆر باس کراوە و بەداخەوە بێ دەربەستانە بەسەر ئەم ڕاستەقینەدا تێپەڕیون کە بەیت شێوەی تایبەتی کاتێکی دابڕاو و دیاریکراوی ژیانی کوردە؛ شێوەی ژیانی ئاژەڵداری تا ئەگاتە پەیدابوونی ئەمیران و بنەماڵە ئەشڕافە کوردەکان. بەڵام وەک ئەزانین بەیت هەرگیز باسی ژیانی شارنشینی کورد ناکا و لە هیچ کام لە بەیتەکاندا ئێمە تووشی باسێکی ئەوتۆ نابین کە تەرخان کرابێ بۆ دەربارە بچووکەکانی ئەمیرانی کورد، وەک «بەدرخانی» و «ئەردەڵانی» و «بابانی».

بەیتی «لەشکری» و بەیتی «ئاوڕەحمان پاشا» هی کاتێکە کە کورد ئەمیری گەورەی لێ هەڵکەوتووە و ئەم ئەمیرانە تێکەڵن لەگەڵ ڕامیار و سیاسەتی ئێران و عوسمانی و ئیمپڕاتۆرانی ڕووس. بەڵام بەیت بێژ کاری ئەوە نییە کە ئەم پێوەندە وردە سیاسییانە لێک بداتەوە و هەر لەسەر پێ و شوێنەکەی خۆی ئەڕوا و بە گەز و ڕبەکەی خۆی ئەیپێوێ. «لەشکری» بۆیە خراپە، چونکە لەگەڵ گەورەی خۆی خراپ جووڵاوەتەوە، نەک لەبەر ئەمە کە لەگەڵ ئیمپراتۆری عوسمانی سازاوە «ینی چەری» و سوڵتانی عوسمانیش بۆیە خراپن و بۆیە لە بەیتەکەدا بەناوی «بڵحە ڕۆمی» ناوبراون، چونکە میرێکی کوردیان بەجامێک ژاراو بێ گیان کردووە، نەک لەبەر ئەمە کە هێرشیان هێناوەتە سەر کورد و هەبوونی نەتەوایەتییان لە ناو بردووە.

ئەمە باسی ناوەڕۆکی بەیت بوو؛ هەڵبەت زۆر بە کورتی، چونکە لە سەرەتای نووسینی بەرنامەی تاپۆ و بوومەلێڵدا، بە درێژە لەسەر ئەم باسە چووین و ئێستە مەبەست لە دووپاتەکردنەوەی تەنیا ئەمەیە کە کورتەیەک لە وتارەکانی پێشوو کە نزیکەی پێنج ساڵ بەسەریاندا تێپەڕیوە بێتەوە یادی گوێگرە بەڕێزەکانمان، بەڵام ڕواڵەت و قالبی کەلامیی بەیت بزانین چۆنە؟

بەیت هەر وەک لە ناوەڕۆکا تەواو کوردییە، لە قالبیشا وەهایە. لە بەیتا کورت و درێژی میسراع یا ڕازاندنەوەی ڕواڵەتی وتار بەچەشنێ کە لە شێوەی عەرووزییا هەیە، لە بەرچاو نییە و بە گرنگ داناندرێ. لە بەیتا مۆسیقای کەلام و ئاهەنگی وشە گرنگە و بەس. تێکەڵی و پەیوەندی بەیت لەگەڵ مۆسیقا تا ڕادەیەکە کە هەر بەیتی بەئاهەنگێکی تایبەتی مۆسیقا لێ ئەدرێ، تەنانەت ئەگەر وشە و وتاریش نەبێ، شمشاڵ ژەنێکی کورد ئەتوانێ بەیتێک لێبدا و گوێگر خێرا بزانێ کە خەریکی لێدانی کام بەیتە.

گوێگری بەڕێز باشە ئەمە بزانێ کە لەم بەرنامەدا ئێمە باسی ژیانی کوردەواری ئەکەین، ژیانی گشتی کوردەواری و کارمان بەسەر ئەمە نەداوە کە شاعیرێک و یا زانا و نووسەرێکی بە نەتەوە کورد، بە عەرەبی و یا زمانێکی تر چی نووسیوە.

نووسین بە چەشنێ کە هەموو لایەک بگرێتەوە و لە هەوێڵی گش کەسێکا بێ، لە جامیعەی ئاژەڵداری کورددا نەبوو. لەبەر ئەمە وێژەی نەسر نووسینیش تا کاتێ کە ژیانی شارستانی کورد دامەزرا و سێڵاوی خێڵات لە هاتوچۆی گەرمێن و کوێستان دامرکا پەرەی نەگرت.

ئەڵێن بەڵگەیەک دۆزراوەتەوە کە بە زمانی کوردی نزیک بە بەشی گۆرانی نووسراوە و لەو نووسراوەدا سکاڵا کراوە لە هێرشی عەرەب و کوژانەوەی ئاورگا و تاڵانی ئاوایییەکانی کورد؛ هەڵبەت بۆ زانینی ئەم مەبەستە کە ئەم پارچە، یا ئەو پێستە وا شیعرەکانی لەسەر نووسراوە هی کام دەورەیە، ئەمڕۆ کەرەسەی باش هەیە و زوو ئەکرێ بزانرێ کە پارچەکە هی هەزار و چەند سەد ساڵ لێرەوبەرە، یان تازەیە و دەستی کابرایەکی هەڵپەرەست بۆ ناو و پارە کۆنی کردووە و بەناوی بەڵگەیەک بۆ مێژینەی وێژەی کوردی خستوویەتە ڕوو. هەرچی بێ کۆن یا تازە، ئەگەر چی لە بارەی وێژەیییەوە لە کۆن ناچێ و دیارە لەسەر شێوەی هیجایییە، شێوەیەک کە تەنانەت ئەو کاتە لە ناو فارسە پێشینەدارەکانیشا نەبوو، بەڵام هەروەک گوتم کۆن و تازە بوونی ئەم نووسراوە ڕێگای لێکۆڵینەوەکەی ئێمە ناگرێ و نابێتە مایەی ئەم بیرە کە لامان وابێ شێوەی هیجایی بەر لە شێوەی بەیتی لە ناو کوردەوارییا هەبووە. ئێمە زۆر زانا و مەلا و نووسەر و مێژوو نووسی گەورەی کورد ئەناسین کە لە زانستی ئیسلامییا هەڵکەوتوو بوون، بەڵام ئەو کەسانە لەگەڵ ئەوەشا جێگای ڕێزن، نایەنە ناو باسەکەی ئێمەوە، چونکە بە کوردی شوێنەواریان نییە و ئاساریان سەرچاوەی لە ژیانی کوردەوارییەوە نەگرتووە.

تا حەوتەی داهاتوو کە دیسانەوە پێکەوە دەچینەوە سەر ئەم باسە، بەخواتان ئەسپێرین.