سەرەتایەک لەسەر وێژەی کوردی

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 8 خولەک  1753 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. ڕیزە وتارێکمان سەبارەت بەژیانی کۆمەڵایەتی کورد دەس پێ کردبوو و لە چەند بەرنامەیەکا باسی پێشینەی مێژوویی کورد و ئەوەی کە کەی و لە کوێوە هاتوون بۆ ئەم گۆڕەپانی ئێرانە، بەکورتی کرا. هەڵبەت پێم باشە لە پێش هەموو شتێکا بۆ چەندەمین جار دووپاتەی کەمەوە کە من لە هەرێمی مێژوودا دەسەڵاتم ئەوەندە نییە کە گومانێک بۆ گوێگری بە هەست نەمێنێتەوە لەوەدا کە ئەوەی وا ئەینووسم تەواو دروستە یا هەموو ئەو ڕاستەقینەیە کە مێژوونوسان قامکیان بۆ ڕاداشتووە و نیشانیان کردووە.

بۆ باسی مێژوویی من خۆم گوێ ئەگرم بۆ نووسراوە هێژاکانی مامۆستای بەرزی کورد جەمیل ڕۆژبەیانی و لە ڕاستی لانادەم کە زۆر کەلکیان لێ وەرئەگرم. مامۆستای دڵسۆز لە مێژووی ئێرانا دەستی داوەتە لێکۆڵینەوەیەکی هەرە بەنرخ کە لە پێشا نە مێژوونووسێکی ئێرانی و نە مێژوونووسە بێگانەکان و نە تەنانەت مێژوونووسێکی کورد بەم چەشنە زانستییە نووسراوێکیان نییە.

مامۆستا لە ناو مێژووی ئێرانا گەڕاوە و هەموو ئەو ڕووداوانە کە بەچەشنێ پەیوەندی لەگەڵ کوردا هەبووبێ، کۆی کردۆتەوە و خستوویەتەوە سەر یەک. ئەم کارەی مامۆستا هەم خزمەتێکی گەورەیە بەمێژووی ئێران و هەم تێکۆشانێکی هێژایە لە پێناوی کورددا.

مامۆستا بەڕێکخستن و کۆکردنەوە بردنەوە سەر یەکی ئەو بنەماڵە کوردانە یا ئەو عێلە کوردانە کە چەن لاپەڕەی پڕ خەبات و کۆڵ نەدانیان لە مێژووی ئێرانا پڕ کردۆتەوە، بۆ هەموومانی دەرخستووە کە هۆزی کورد تا چ ڕادەیەک تەئسیری لە مێژووی ئێرانا هەبووە و چۆن بۆ پاراستنی ئاو و خاکەکەی بەرامبەر بەزۆردار و داگیرکەر وەستاوە.

بنەماڵەی حەسنەویە و شوانکارە و عەیاریە ڕاپەڕین و خزمەت و کۆششیان لە مێژووی ئێرانا دیار و بەرچاوە. بەڵام کەم کەس هەبوو بزانێ ئەمانە کورد بوون و ئێستەش کەم کەس هەیە تەواو شارەزای خەبات و شۆڕشیان بێ؛ چونکە مێژوونووسەکان کە بناغەی کاریان لەسەر لێکۆڵینەوەی گشتی مێژووی ئێران داناوە، بەشێکی زۆر کورتیان بۆ ئەم بنەماڵانە تەرخان کردووە.

هێژایی کاری مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی لەمەودایە کە ئەم هەموو کتێبە مێژوویییە لە ئەژمار بەدەرەی ئێرانی پشکنیوە. ئەو پەڕاوانە کە بەعەرەبیش سەبارەت بەمێژووی ئیسلام و ئێران نووسراون لە چاوی تیژبین و بیری وردی شاراوە نەبوون، تەنانەت بەکۆششێکی زاڵ و ماندوونەبوون و عیشقێکی ئەوتۆوە، کە هەر لە پیاوانی زانست ئەوەشێتەوە، پەڕاوە ئینگلیزێکانیشی خوێندۆتەوە زۆر جار مانای وشەیەکی ئینگلیزی لە خۆم پرسیوە و بەخۆ کەم زانینێکی عالمانەوە سەرەڕۆی شوێن هەموو زانستێک بووە لەم هەرێمی مێژووەدا، جا ئاکامی زانست و ماندوونەبوون و ئیرادەی مامۆستا بۆتە چەند پەڕاو کە ئەکرێ لە مێژووی کورددا ناوی بنرێ: «هەنگاوی بەرزی سەرکەوتوو و کاری هێژای کەس نەکردوو.»

هیوادارم مامۆستا بتوانێ ئەم چەند پەڕاوەی لە چاپ بدا و خوێندکارە کوردەکانمان شارەزا بن کە هۆزەکەیان چ خزمەتێکی بەئێرانی خۆشەویست کردووە. هیوادارم کۆسپی پارە و چەوتی پیتی قەڵایی چاپ، بەردی سارد و گەرمی نەخاتە سەر ڕێگا و من بەناوی شاگردێکی مامۆستا هەر نزام لە دەس دێ و سپاس.

پاش ئەم باسە کە پێویست بوو بکرێ، ئەگەڕێمەوە سەر باسەکەی خۆم. لە لێکۆڵینەوەکەماندا گەیشتینە سەر باسی ئەدەبی کوردی. ببوورن کە من جار جار ناچارم چەند هەنگاوێک لابدەم و باسێکی ئاپۆرەنوێن بهێنمە گۆڕێ. بێگومان ئەم باسە بەڕوواڵەت ئاپۆرانە بۆ ڕوونکردنەوەی دەوروبەری باسەکەمان بەکەڵکن.

وێژە هەروەک ئەزانن باسێکی عەدەدی و ریازی نییە و دابڕاوی و نەگۆڕی و قەتعییەتی زانست لە هونەرا بەرچاو ناکەوێ و ڕەنگە لە هیچ لکێکی زانستی مرۆڤایەتی، واتە علوومی ئینسانی وەک فەلسەفە و سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژیشدا حەتمییەتی زانست نەبێ. هونەر ڕاستە لە ئەشیا و حاڵات و نەفسانیات و هەروەها لە باری بەرچاوی کۆمەڵایەتی کەڵک وەرئەگرێ و تۆشە هەڵئەگرێ، بەڵام کاتێ ئەم شتانە برانە بەر دەستی زەمیری فەننان و دەروونی ئینسانەوە، ئەگۆڕێن و چەشنێکی تر دێنەوە دەرەوە و خۆیان ئەنوێنن. بۆ نموونە چیای «بێستوون» وەک بەرچاو ئەکەوێ ئەچێتە ناو بیر و زەینی شاعیرەوە، شاعیریش بۆ ڕوانین هەروەک خەڵکی تر دوو چاوی هەیە، بەڵام لە دەروونی شاعیرا «بێستوون» تەنیا چیایەکی بەرز و بەردەڵان نییە؛ تەنانەت شاعیرێک لە بەرامبەر ڕوانگەی بێستوونا وەک مێژوونووسێکیش بیر ناکاتەوە و ناچێتەوە سەر ڕووداوە مێژوویییەکان کە ئەمە بەردەنووسی «هەخامەنشی»یە یا«ساسانی»، بەڵکوو بیر لە دڵی سووتاو و لەشی لە خوێن هەڵکشاوی «فەرهاد» ئەکاتەوە. دەنگی تەشوێ و گوڵینگی «فەرهاد» لەوپەڕی سنووری ئەفسانەوە، لە چیای دەروونی شاعیرا دەنگ ئەداتەوە. شاعیر وەها لەگەڵ «بێستوون» و « فەرهاد» و ئەفسانەی «شیرین» تێکەڵ ئەبێ کە خۆی ئەبێ بە«فەرهاد»، پێنووسەکەی ئەبێ بەکوڵینگی «فەرهاد»و دەروونی پڕ دەنگ و جۆش و خرۆشی ئەبێ بەچیای «بێستوون»و شیرەی هەستی ئەبێ بەشیعرێک گەلێک ڕوونتر لەو کانیاوە کە لە لەشی «شیرین»ی ئەگرتە باوەش و گەلێ سپیتر لەو جۆگە شیرەی کە لە چیای «بێستوون»ەوە تا ناو گۆلی کۆشکی «خوسرەو»، بەجادووی هونەری «فەرهاد»ی ئەندازیار سەرەولێژ ئەهاتە خوارەوە! سەبارەت بە«شیرین» و «فەرهاد» گەلێک هەڵبەستەی جوان نووسراوە، بەڵام هەموو باسی دڵداری و دەردو پەژارەی «فەرهاد» و «شیرین»ە، وەک ئەمەو لە بیرچووبێتەوە کە ڕووداوە مێژوویییەکە و بەردەنووسەکان شتێکی تر ئەڵێن و کاتی نووسرانی ئەو تاشەبەردانە ئەبەنەوە بۆ زۆر بەر لە کاتی خوسرەو پەروێزی ساسانی.

بەم چەشنە هەم من بەناوی نووسەری بەرنامەیەکی وێژەیی، بەتایبەت ئەمجارە کە باسەکەمان سەبارەت بەوێژەی کوردەو هەم ئێوە بەناوی گوێگری پسپۆڕی ئەم بەرنامەیە مافمان هەیە هەرکام جۆرێک بیر بکەینەوە؛ چونکە دوو و دوونییە کە بکا چوار. باسی هونەر و وێژەیە و زیاتری لەسەر لێکدانەوەی شەخسی و تاکییە. هەڵبەت باشە ئەمەشمان لە بیر بێ کە تەنانەت لە هونەریشا ئەسڵێک و مەنتقێک هەیە و هونەرمەندیش ناچارە لە بەرچاویان گرێ، جا ئەگەر ئەوەی من ئەیڵێم بەلاتانەوە دروست نەبوو و بیرێکی ترتان هەبوو، قەیدی نییە هونەر وەک ئاو وایە، لە هەر دەفر و کاسەیەکا شکڵ و قالبێ ئەگرێ لە وێژەی کوردییا چوار فۆڕم و قالبی جیاوازمان هەیە:

* شیعری وتاری یا بەیت

* شیعری هیجایی

* شیعری عەرووزی

* شیعری نوێ.

لە ئەدەبی نەسر واتە وێژەی پەخشان باس ناکەم، لەبەر ئەمە کە چەشنی تایبەتی ژیانی کوردەواری کە تا ساڵەکانی دوایی سەدەی حەڤدە دەوارنشینی بوو زۆرتر لەگەڵ وێژەی هەڵبەستدا ئەهاتەوە، هەڵبەت ئەمە لە زۆرتری وڵاتە خۆرهەڵاتییەکانا بەرچاو ئەکەوێ و وێژەی شیعری هەم زووتر دەس پێکراوە و هەم لە باری زۆر و کەمییەوە لە پەخشان زۆرترە. وێژەی هەڵبەستە و هۆنراوە لەبەر ئەمە کە ڕەوان و لەسەر زمان سووکە، باشتر لەبەر ئەکرێ و لە سینەی بەیت بێژانی کورد باشتر ئەتوانێ هەڵبگیرێ و لەگەڵ گەرمێن و کوێستانی خێڵ بڕوا. لەو کاتەدا کە ئێمە قسەی لەسەر ئەکەین و مەبەستمان، ئاوایی تەنیا بەناوی خێڵ بەزێکی کورتی زستانانە کەڵکی لێ وەرئەگیرا و پاش خێڵ خێزی سەرەتای بەهار ئاوایی ئیتر ئاوەدان نەبوو و چەن ماڵێک کە پێیان ئەگوتن پاش ماڵەی خێڵ لە ئاوایییا، ئەمانەوە. ژیانی ئابووری کوردەواری لەسەر بناغەی ئاژەڵداری دامەزرابوو و کۆمەڵی ئاژەڵداری کورد لەبەر هاتوچۆی هەمیشەیی لە گەرمێنەوە بۆ کوێستان و گەڕانەوەی لە کوێستانەوە بۆ گەرمێن، دەرفەتی خوێندەواربوونی کەم بوون، چونکە خوێندەواربوون پێویستی بەقوتابخانە دروستکردن و نیشتەجێ بوون هەبوو و ئەمە کاری کۆمەڵی ئاژەڵدار نەبوو، لەبەر ئەمە ئەدەبی نووسراوە نەیتوانی پەرە بگرێ. شیعر ئەکرا بە یاد بسپێررێ و لەبەر کرێ، بەڵام نەسر نەدەکرا. بەم چەشنە وێژەی وتاری کە هەر باشترە بڵێین شیعری وتاری لە کوردییا پەیدابوو.

لە بەرنامەیەکی ترا لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین، خواتان لەگەڵ.