زاراوەکانی زمانی کوردی

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  11788 بینین

سەلام لە گوێگری بەرنامەی تاپۆ. لە چەند بەرنامە لەمەوپێشەوە دەستمان کردووە بە لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆ کە هەموو لان و بارێکی ژیانی کوردەواری بگرێتەوە. ئەمڕۆ گەیشتووینە سەر زمانی کوردی. هەڵبەت سەبارەت بە زمانی کوردی لە پێشا باسێکمان لە بەرنامەی ڕابردووا هەبوو و لەودا بەشکردنەکەی «مەککەنزی» و «تۆفیق وەهبی»مان باس کرد و هەروەها باسی چەن جۆرە بەشکردنی تریشمان کرد. ئەمڕۆ ئەو بەشکردنەتان بۆ باس ئەکەم کە بەلای منەوە لە هەمووان باشترە، بەم چەشنە:

زاراوەی کرمانجی ژوورو و یا شیمال، یەکەم. زاراوەی کرمانجی خواروو یا جنووب، دووهەم. زاراوەی گۆرانی، سێهەم. زاراوەی کرماشانی، چوارەم.

هەڵبەت لە ناو لکی ئەو زاراوە ئەسڵییانەشا جیاوازی هەیە، واتە فەرعی موکری لەگەڵ فەرعی سولەیمانییا کە هەردووکیان لکی زاراوەی کرمانجی خواروون، جیاوازە. شێوەی دووان و مەخرەجی پیتەکان و پاڵ بە پیتەکانەوە دان، واتە تەکیە لەسەر حەرفەکان و چەشنی ئەدای پیتێکی تایبەت لە سولەیمانییا لەگەڵ مەهاباد و بەشەکانی تری موکریان جیایە. بۆ نموونە، پیتی دال لە سولەیمانییا دالی کلۆرە بەتایبەت لە دوای وشەکانەوە، ئەڵێن: سەوپەنجا. بەڵام لە موکریان بە تایبەت لەدەورووپشتی مەهاباد ئەڵێن: سەدوپەنچا دالەکە باش دەرئەبڕن. جارجار لە سولەیمانی و دەوروپشتی سولەیمانی دال چەشنی گاف تەلەففوز ئەکرێ، بەتایبەت ئەگەر پاش دالەکە کە پیتی دوای وشەیەکە، وشەیەک بێ کە پیتی یەکەمی لەگەڵ دالی کلۆرا بۆ گوتن قورس بێ، وەک ئەم شیعرەی مامۆستا گۆران: «هەر چەن ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم»... وەها دێتە بەر گوێ کە بڵێن: هەر چەنگەکەم!

... جیاوازی زۆرە، ئەمەش یەکیانە کە لە سولەیمانی زۆرتر ئەو «ئەلف»انە کە لە پێش «نوون»ەوە هەڵکەوتوون هەر وەک خۆیان بە«ئەلف» تەلەففوز ئەکرێن، بەڵام لە موکریان بەتایبەت لە ناو عێلی دێبوکری و مامش و پیران و مەنگوڕ و گەورکی بەشی «مەهاباد» و «نەڵێن» ئەو «ئەلف»انە ئەکەن بە«ی»، وەک نێو. ئەم جیاوازییە واتە گۆڕانی «ئەلف» بە«ی» لە نێوان شێوە دووانی «مەهاباد» و «سنە»شا هەیە. لە «سنە» ئەڵێن: «پا»، لە «مەهاباد» ئەڵێن: «پێ». ئێلاتی دەوروبەری «مەهاباد» ئەڵێن: لە شاری بووم. لە جێگاکانی تر ئەڵێن: لە شار بووم. یا بۆ نموونە «مەهاباد»ی ئەڵێن: «دەستم دا تفەنگێ» و سنەیی و سەقزی و سولەیمانی ئەڵێن: «دەستم دا تفەنگ» یا «دەسم»، لێرەدا مەبەست «ی»ی دوای تفەنگە، نەک دەس و دەست؛ کە ئەویش خۆی جۆرێکە لە جیاوازی وەک «دەس و دەست»، «ماس و ماست»، «ڕاس و ڕاست»، ئەمانە هەموویان جیاوازین لە شێوەی دووانا و لە وشەشدا جیاوازی هەیە. وەک «قاچ و لاق»، «خاس و باش و چاک» و زۆر وشەی تریش. بەڵام ئەم جیاوازییە بچووکانە وەها نیین کە بۆ نموونە شێوەی دووانی سولەیمانی و سنەیی و مەهابادی ئەوەندە لە یەک دوور بکەنەوە کە نەکرێ بەتێکڕایان بگوترێ زاراوەی کرمانجی خواروو.

مەبەستێکی تریش کە لێرەدا ئەشێ بگوترێ ئەمەیە کە بەپێی نزیکی هەرێمی زاراوەکان لە یەکتر، جیاوازی لە نێوان لکی زاراوەکانا پەیدا ئەبێ، وەک ئەمە «مەهاباد» هاوسنوورە لەگەڵ «ڕەزاییە» و کوردەکانی دەوروبەری ئەو شارە، وەک: «شکاک»، «هەرکی» و نزیکە لە کوردەکانی دەوروبەری «خۆ» و «شاپوور». وەک «جەلالی» و «میلانی»یەکان. لەبەر ئەمە زۆر وشەی زاراوەی کوردی کرمانجی ژوورووی لەوان وەرگرتووە، وەک ئەمە لە مەهاباد و لە ناو دانیشتووانی دەوروپشتی مەهاباد زەربولمەسەلێک هەیە، ئەڵێ: «ئەگەر زانییان ئەزم، ئەگەر نەیانزانی دزم!». لە کاتێکا ئەگوترێ کە کەسێک بۆ کارێکی خراپ چوو بێ و سوود وەرگرێ لە ناسیاوی خۆی لای ئەو کەسانە کە کارە خراپەکەیان لەگەڵ ئەکرێ. ئەز لەم زەربولمەسەلەدا وشەیەکی کرمانجی ژوورووە و بەمانای «من»ە، ئەگەر زانییان ئەڵێم منم، ئەگەر نەیانزانی دزییەکەیان لێ ئەکەم. یا ئەڵێن: «ڕۆنیشە!» وەک «ڕۆنە»ی کرمانجی ژووروو. بە«سەگ» ئەڵێن «کۆک»، هەڵبەت «سپڵۆت» و «سەگ» و «سە»شی پێ ئەڵێن، کە«کۆک» و «سە» لە کرمانجی ژووروو وەرگیراون. سنە لەبەر ئەمە کە لە زاراوەی گۆرانی نزیکترە وشەی ئەو زاراوەی زۆر وەرگرتووە. بۆکان و سەقز کە لە نێوان مەهاباد و سنەدا هەڵکەوتوون شێوەی دووانیان کە هەندێکی لە مەهابادی ئەکا و هەندێکی لە سنەیی ئەچێ، ئەمە بۆ زاراوەی کرمانجی ژوورووش هەر دروستە. شێوەی دووانی بارزانی کە ناوبارەترە و نزیکترە لە زاری کرمانجی خواروو؛ وشەی ئەم زاراوەی زۆرتر تێدایە، بەڵام «ستڕاکتۆر» و ئەساس و پایەی زمان لە هەموو زاراوەکانا یەکە.

با بچینەوە سەر باسەکەی پێشوومان؛ گوتمان کە «کوردی» ٤ زاراوەی گەورەی هەیە، کرمانجیی ژووروو، کرمانجی خواروو، گۆرانی، کرماشانی.

  • کرمانجیی ژووروو، زاراوەی کوردەکانی تورکیە و ئەرمەنستانی شووڕەوی و کوردەکانی سوریەیە، شیمالی کوردستانی عێڕاق و کوردەکانی غەربی زریەی بچووکی ڕەزاییە و کوردەکانی قووچان و کوردەکانی دەماوەندیش بەکرمانجی ژووروو ئەدوێن.
  • کرمانجیی خواروو، زاراوەی کوردەکانی جنووبی کوردستانی عێڕاق و کوردەکانی غەرب و شیمالی غەربی ئێرانە، هەڵبەت لە غەرب، کرماشان و دەوروبەری لێ جیا ئەبێتەوە کە ئەوان خۆیان ئەکەونە سەر زاراوەیەکی تر بەناوی کرماشانی و لە «شیمالی غەرب»یش دەوروپشتی ڕەزاییەی لێ جیا ئەبێتەوە کە ئەوانیش گوتمان بەزاراوەی کرمانجیی ژووروو، یا شیمال قسە ئەکەن.
  • کرماشانی، کە خەڵکی کرماشان و سەرپێڵ زەهاو و قەسری شیرین و ئێلات و خێڵاتی دەوروپشتی ئەو شارانە بەم زاراوە قسە ئەگەن.
  • گۆرانی، ئەم زاراوە زۆر لە فارسی کۆن نزیکە و گۆڕانی زۆر بەسەرا نەهاتووە. لەبەر ئەمە هەندێ ئەڵێن کە ڕەنگە ئەو زاراوە کوردی نەبێ. ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە گۆرانی بێ گومان کوردییەکی کۆن و نزیک لە کوردی مادی. تۆفیق وەهبی لە بەشکردنەکەی خۆیا ناوێکی لە زاراوەی گۆرانی نەبردووە و بۆ من دەرنەکەوتووە کە چۆن لێکۆڵەر و کوردناسێکی وەک وەهبی بەم بێ دەربەستییە بەسەر ئەم مەبەستەدا تێپەڕیوە؟ زاراوەی گۆرانی بەزاراوەی «هەورامی»ش ئەناسرێ، واتە زۆر کەس لە باتی زاراوەی گۆرانی ئەڵێن زاراوەی هەورامی. لە کاتێکا هەورامی لکێکە لە گۆرانی، بەڵام لەبەر ئەمە لە ئێران و عێڕاقا ئەو کەسانە کە بەگۆرانی ئەدوێن، زیاتریان لکی هەورامین. ئەم ناونانە باو بووە. کەمایەتی وەک: سیامە سووری و ڕۆژبەیانی و زەنگەنەش هەر لەسەر هەورامی ناو ئەبرێن، هەڵبەت ئەمە لەباری زانستی زمانناسی و تەنانەت کۆمەڵناسی کوردیشەوە هەڵەیە؛ بەشێکی زۆر لە «سیامەسوور»ییەکان ئێستا لە ئەفغانستان ئەژین و بە گۆرانی ئەدوێن.

بەرنامەی ئەم حەوتەیەمان دوایی هات و لە بەرنامەیەکی ترا ئەچینە سەر باسی وێژەی کوردی و بەشەکانی ئەو وێژەیە، تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ.