محەممەد سەددیقی مەحموودی، بەشوێن مامۆستا گۆرانەوە

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  1365 بینین

گۆران هەڵکەوتەی شیعری کوردی، لە عێڕاقا چاوی کردەوە، لەوێ ژیا، لەوێ هەڵیدا و لەوێ چاوی بەجیهان پۆشی. شیعری شێوەی نوێ ئەگەر بەگۆرانیش دەس پێ نەکرابێ، لانی کەم ئەوە قسەی تێدا نییە کە بەهۆی گۆرانەوە پتەو بوو، ڕازاوە و جێگای خۆی کردەوە. گۆران ئەوینداری ڕاستی و ڕەوانی جوانی بوو؛ چ لە سروشتا و چ لە ئافرەتا. بوێرانە گوتی: جوانی لە خواوە بەهرەیەکە پڕ بەپێست بۆ ئافرەت و گوتی:

بەڵام تەبیعەت هەرگیزاو هەرگیز
بێ ڕووناکییە بێ بزەی ئازیز

خوڕەی قەڵپەزەی کەف چەرێنی چەم، شنەی سێبەری داری گوێز و توو، توولەماری ڕێیە کە دەخوشێتە ناو دارستان، گاشەبەردێ کە گەردوون تلی پێ نەداوە، کۆلکە زێڕینەی پاش بارانی زۆر، گوڵەبەڕۆژەی قژ زەردی چاوکاڵ، هەمووی ئەمانە و گش جوانییەکی تری سروشت بۆ ئافرەت، هۆی لێکدانەوە و هەستی ئایینی بوون. گیانی شاد بێ کە بەساکاری و دڵپاکی لادێییەکەوە گوتی: خوای یەکەمین جوانییە لەباری ئایینەوە.

گۆران ئەوتۆ بوو، ئەوینداری دڵ پڕ لە هەستی جوانی و ئەو خەیاڵەی وا پێی مەست بوو، باش توانی بیخاتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستی. نە ڕمبەڕمبی بێهوودەی ناسیۆنالیزمی تەواو ویشکی نیزیک بەفاشیزمی لێوە دێ، نە بێ دەربەستی شیعری ئیندیویدوالیستیی (individualism) لە کۆمەڵ تەریک بوونی پێوە دیارە. ئەم دوو نموونەیەم بۆیە هەڵدا کە بەداخەوە لە هەردوو بارا تاقمی وەهامان هەن، کە یا هەر خۆیان ئەبینن، یا هەر گەلی خۆیان لایان وایە شەڕ، شەڕی نێوان دوو ڕەگەزە، یا دوو هۆز، یا دوو گەل و تەواو لە چلۆنی چینایەتی و ئابووری دوور و....

گۆران وەها نەبوو. ئادەمیزادێکی تێگەیشتووی شاعیر بوو؛ بەڵام شێوەی لە عێڕاقدا پاش خۆی پەیڕەوی زۆر بۆ پەیدا نەبوو. لەبەر چی وەها بوو؟ خۆتان لێکیدەنەوە. چونکە باسێکی ترە و لێرەدا جێگای نابێتەوە.

بەداخەوەم کە ناچارم ئەوە بڵێم کە شاعیری کورد لە عێڕاقا نەیانتوانیوە ڕێبەر بن؛ زیاتر چاولێکەر بوون. شوێنگرتووی کۆمەڵ بوون، بێ ئەوە هەوڵێک بدەن بۆ گۆڕینی بەرەو پێش بردن. لەبەر ئەوە شیعرەکانیان زەنازەنای بێهوودەیە و ڕمبەڕمبی ساکار. مەبەستم شاعیرانی گەنجە، نەک ئەو برایانەی ڕابردوو. یەکێک لەو ئیستعدادە بەفیڕۆ چووانە بەلای منەوە «هەژار»ە کە بەڕاستی خەسارە. کەس نییە پێی بڵێ مامۆستا! خوێن، ئەویش خوێنی ئادەمیزاد، ئەویش بەم شێوە گشتییە کە تۆ گوتووتە چۆن پیس ئەبێ؟ و ئایا گوڕ و فیچقەی خوێن لە بان تیغی دەبان لە شیعرا هێنانەوە، خووی سادیسمی و پیاو کوژی لە گەلا هاندان، لە کاتێکا کابرا هاتوو گوتی: «برالە ئادەمیزاد یەکن و ئەوەی تۆ بەڕواڵەت ئەیبینی شەڕی نێوان دوو نەتەوەیە، لە ڕاستیدا شەڕی نێوان دوو ئابوورییە» سوودی چییە؟ لێرەدا مەبەستم ڕەخنە گرتن نییە و زیاتر لەسەر ئەم باسە ناڕۆم؛ بەڵام ئەمەوێ بڵێم کە شێوەی مامۆستا گۆران پاش نەمانی خۆی لە عێڕاقا پەرەی نەگرت و لە ئێرانا زیاتر هۆگری بۆ پەیدا بوو. یەکێک لەو پەیڕەوانەی شیعری گۆران، مامۆستایەکی گەنجە، بەناوی مامۆستا محەممەد سەددیقی مەحموودی موکریانی.

هەڵبەت ئەو مامۆستایە هێشتا نەیتوانیوە شێوەیەکی تایبەتی و سەربەخۆ بدۆزێتەوە و نەوەک قالب و دیوی دەرەوەی شیعرەکانی لە هی گۆران دەچێ، بەڵکو هەر ناوەڕۆکی شیعرەکانیشی هەمان ناوەڕۆکی شیعری گۆرانە. ئەمەش شیعرەکانی

مامۆستا محەممەد سەددیقی مەحموودی:

خوڕەی هەڵدێر، شمشاڵی شوان
کە بۆ هەڵبەست ئیلهامی خوان
چەند بەسۆزن، چەند سێحراوین
لای لایەن بۆ کۆرپەی ئەوین
دەمی بەیان شنەی شەماڵ
دڵی بێ تین دێنێتە حاڵ
وەنەوشەی کز لە نێو تەما
ئەخاتە ناو کۆڕی سەما
بەپشت پشتی قامکی سروشت
وەختێ کە خۆر پڕشنگی ڕشت
گیتی هەمووی دەشت و کێو
بزەی زێوینی دێتە لێو
بەئاهەنگی هەوری بەهار
فرمێسکی شادی دێتە خوار
لە چاوی ئاسمانەوە
بەموژدەیی ژیانەوە
لە کێو و تەل، دەشت و چیا
لە سەر پەڕی گوڵ یا گیا
چەند نەخشینە، چەند جوان ئاونگ
کاتێ کە لێی ئەدا پڕشنگ
ورشە و تریفەی مانگە شەو
لە سووچی دڵ ئەدا پەڕتەو
ئەخاتە ناو ئاگری سوور
تاسە، مەیل، هەست و شعوور
ئەوانە گشت ئەدەن بە گیان
ژیان، بەڵام کامیان
وەک نیونیگای هی دڵدارین
ئاوا لە ناخی دڵ کارین؟

مامۆستا گۆران ئەڵێ:

چەند بە ئاهەنگ، چەند سێحراوین
ئەگەڕێن پۆڕن یا مراوین

و کاک محەممەد سەددیق ئەڵێ: «چەند بەسۆزن، چەند سێحراوین». «وەنەوشەی خامۆش لە ژێر تووتڕکا» هی مامۆستا «گۆران»ە کاک سەددیقیش «وەنەوشەی کز»ی هێناوە. جگە لەمانە تەواوی شیعرەکە ناوەڕۆکی هەر ئەمەیە کە مامۆستا گۆران گوتوویە:

کام تاسە، کام مەیل، کام چاوەنواڕی
تەلەسماوییە وەک هی دڵداری

من لام وایە کە ئەم شاعیرە هەوێنی شاعیرانە لە هەستیا زۆرە و چاوەڕوانی ئەکرێ بەزوویی ڕێگای تایبەتی سەربەخۆی، خۆی بدۆزێتەوە.

بۆ ئاشنایەتی پتر لەگەڵ خوالێخۆشبوو «مەلا محەممەد سەدیقی مەحموودی» (١٣١٦-١٣٦٥)، بڕوانە دیوانەکەی بەناوی «وەنەوشە»، کە لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا لە لایەن «ئینتیشاڕاتی سەلاحەددینی ئەییووبی»یەوە چاپ کراوە.