شێرکۆ بێکەس و گڕوگاڵ دوای «گۆران»

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  1334 بینین

سەلام لە گوێگری بەهەست و هونەر پەرەستی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی ڕابردوودا باسی مامۆستا گۆران و شێوەی شیعرییەکانی ئەو شاعیرە بەرزەمان کرد و گوتمان کە مامۆستای نەمری کورد لە پێشا لەسەر ڕێگا و شوێنی دامەزراوی وێژەی ڕۆژگارەکەی واتە شێوەی عەرووزی ئەڕۆیشت و چەن پارچە شیعرێکی هەرە جوانی لەو شێوەدا هەیە، بەڵام تەنانەت لە شیعرە کۆنەکانی مامۆستاشا کە بەرهەمی سەرەتای شاعیری ئەون، تەعبیر و لێکدانەوەی نوێ بەرچاو ئەکەوێ. مامۆستا گۆران هەستی کردبوو کە بەپێی گۆڕانی ڕۆژگار و پەیدابوونی نیاز و پێداویستی تازە لە ناو کۆمەڵەکەیا شیعری عەرووزی ناتوانێ و نابێ لەمە زۆرتر بخایەنێ و بمێنێتەوە. ئەم پێتەویستی لە چەن لاوە هەست ئەکرا؛ یەکەم ئەمە کە ئیتر وەک پێشوو شیعر مەزەی مەی ناو کۆڕی دەسەڵاتدارانی گیرفان پڕی مێشک بەتاڵ نەبوو و تەنها بۆ لاواندنەوەی گوێچکەی پارەدار نەدەگوترا کە هەرچی بەشکڵ و ڕواڵەت ڕازاوەتر بێ، باشتر بێ؛ شیعر هەر وەک سەرەتای پێکهاتنی، هەروەک فەلسەفە و هۆی هەبوونی ئەیگوت و ئەیویست. دیسانەوە ببوو بەچەک. چەکی تیژ و گورچک بڕ، خەوتارێن و ترسهێن، دووهەم ئەمە کە هەر لە پێشیشا شێوەی عەرووزی، خۆماڵی نەبوو، سەرچاوەی لە زانیاری کوردەوە نەدەهاتە خوارەوە و لەگەڵ تایبەتییەکانی زمانی کوردیش باش ڕێک نەدەهات، سێهەم ئەمە کە کورد لە پێشا خۆی شێوەیەکی لە شیعرا هەبوو و بەیتی پێ ئەگوترا و لە زۆر بارەوە نزیکە لە شێوەی نوێ، هەم لەبەر کورت و درێژی نیوە شیعرەکان و هەم لەباری ئاهەنگەوە و شیعری کوردی بێ ئەوە لە تاقیکردنەوە بترسێ، ئەتوانێ شێوەیەکی نوێ بگرێتەبەر.

بەداخەوە مامۆستا لە کاتێکا گوڵستانی زەوقی ڕوو لە گەشە و پێشکەوتنی پتر بوو و شاگردانی هێشتا لەم سەرچاوە ڕووناکە تێراو نەببوون کە چاوی لە ژیان پۆشی و وێژە و وێژەویستانی کوردی بەداخ و مەینەتەوە بەجێ هێشت. بەڵام چرایەک کە مامۆستا هەڵی کردبوو پاش مەرگی ئەویش نەکوژایەوە و بەر پێی پیاسەکارانی ڕێگای وێژەی نوێی ڕووناک کردەوە و شاگردانی مامۆستا لەم دیو و لەو دیو بە رچەی خۆش کراوی مامۆستادا ڕۆیشتن. هەندێک لە گەنجانی شوێنگری گۆران توانییان خۆیان ببن بەخاوەنی شێوەیەکی تایبەت و هەندێکی تر هەر بەلاساکردنەوە قنیاتیان کرد و نەیانتوانی ڕێگایەکی سەربەخۆ و لێکدانەوەیەکی شەخسی بدۆزنەوە؛ بەداخەوە لە گەنجانی شاعیری ئەم سەردەمە کەمتریان چەشنی مامۆستا گۆران لە ناو کۆمەڵەی کورددا ژیاون و تاڵ و سوێرییان بەدرێژایی ژیانێک چێشتووە و کەمیان شارەزای زانیاری کوردن، زانیاری بەهەموو لک و پۆیەکییەوە. کاتێ شێرکۆ بێکەس لە شوێنەوارە نوێیەکەیدا باسی تفەنگ و کاروان و شوکاک و ئاوزەنگی ئەکات، ئەڵێی مناڵێکی تامەزرۆی سواری و غارکردنە کە هەرگیز لە شار دەرنەکەوتووە و باسی شوکاک و دە ڕۆژە ساردەکەی ئەوی لە دەمی خەڵکی تر بیستووە. مەبەست ئەمە نییە کە ئەم گەنجانە سەرنەکەوتوون و یا شوێنەوارەکانیان بێ کەڵکە، بەڵام ئەگەر بتوانن زمانی شیعری خۆیان لە زمانی خەڵکی ئاسایی نزیکتر بکەنەوە و زیاتر لە لێکدانەوەی بێگانە دوور بکەونەوە و ڕوو بکەنەوە تەعبیرە تەواو کوردییەکان، باشتر سەر ئەکەون، من ناڵێم کە گەنجە شاعیرەکان خزمەتیان بێ نرخە، بەڵام لام وایە کە شاعیر دوو ڕاسپێری وێکڕا لەسەر شانە؛ یەکەمیان ڕاسپێرییەکە کە بەرامبەر بەکۆمەڵ هەیەتی ئەبێ بەزمانی ئەوان بدوێ تا بتوانێ واتە و مەبەستی ناو شیعرەکانی بەوان حاڵی بکا، دووهەم ڕاسپێرییەکە کە سەبارەت بەهونەر هەیەتی و نابێ تەواو خۆی تەسلیمی نزمییەک بکا کە لە قسە و باسی وتووێژیدا هەیە، چونکە ئەگەر جوانی و بەرزی هونەر لە شیعرا نەبێ، قسەی شاعیر ئەبێ بەئامۆژگاری ڕووت یا گێڕانەوەی داستان. شاعیر لە لایەکەوە ئەبێ خۆی لەگەڵ کۆمەڵ رێک بخا لە لایەکی ترەوە ئەبێ لە کۆمەڵ پێشکەوێ، بەڵام ئەم پێشکەوتنە نابێ چەشنێک بێ کە شاعیر ئەوەندە لە خەڵک و زمانی خەڵک دوورکەوێتەوە کە لە بەرچاو گوم بێ و تێکەڵیشی لەگەڵ خەڵک نابێ ئەوەندە بێ کە لەگەڵ ئەوان نەناسرێتەوە. ئێستا تکایە گوێ بگرن بۆ سەرەتای شوێنەوارێکی نوێی شێرکۆ بێکەس.

:بەهۆرەی تفەنگی کاروانی بێ بنار، لووتکەکان

:ئەستێرەی پشکۆیان ڕژانە ناو چاوی بەیانی بەفرەوە

:چەمەکان بەرزە و پێ هەڵسان و هەڵگیرسان

:ئەسپەکان لە بێشەی ئاگرا ئاو دران

:هۆڕەیە وا «شوکاک» ڕەشەبا زین ئەکات

:بەقاچی گەردەلوول، ئاوزەنگی لافاوی باڵگرتوو... لێ ئەدات

:هۆرەیە... هۆرەیە....

:ئەشکەوتی گوێی شاخی بەمسی تاریکی ئاخنراو

:وا بەربوو کەوتە بەر تەوژمی ڕووباری خۆرەتاو

:هۆرەیە وا «شوکاک» ڕەشەبا زین ئەکات

:بەقاچی گەردەلوول... ئاوزەنگی

:لافاوی باڵگرتوو لێ ئەدات

:ڕەگ ئەبێ چۆغەی ژان لەبەر کات

:بۆ ئەوەی لەبەردا گوڵ بڕوێ

:ئاو ئەبێ خۆی تاڵ کات، بۆ ئەوەی

:پەلوپۆی تینوێتی... خۆر بگرێ!

 

لەم شیعرەدا کە تەواو لەسەر شێوەی نوێیە، ئاهەنگ هەیە، بەڵام وەزنی عەرووزی و قافیە بەرچاو ناکەون. کایە بەئەلفاز و تەشبیهی تا ئەمڕۆ نەکراو لە ناویا زۆرە. ئەوەندە زۆرە کە خوێنەرەوە پێش ئەوە کاکڵەکەی هەست بکا ناچارە بپەڕژێتە سەر توێکوڵەکەی! قاچی گەردەلوول، ئاوزەنگی لافاوی باڵگرتوو، ئەشکەوتی گوێی شاخی بەمسی تاریکی ئاخنراو و زۆر تەشبیهی تر کە شیعرەکە لە بەرچاو ئەکەن بەتەلەسم و جادوو. ئەگەر کاک شێرکۆ ئەم هەموو زۆرەی بۆ خۆی نەهێنابایە باشتر ئەبوو.

تا بەرنامەی داهاتوو بە خوای گەورەتان ئەسپێرین.