گۆرانی ڕچەشکێن

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  1554 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. هیوادارین بەختیار و سەرکەوتوو بن و ئەگەر ڕەخنە یاخود پرسیارێکتان سەبارەت بە مەبەستە هونەرییەکان هەیە، بۆمانی بنووسن، هەروەها ئێمە ئامادەین ئەگەر پارچە هەڵبەستێکی جوانتان هەبێ یا پەخشانێکی ئەدەبی بۆمانی بنێرن بەناوی خۆتانەوە بڵاوی کەینەوە بەشەرتێ بتوانین بڕوای خۆمان سەبارەت بەنووسراوە و شیعرەکانتان دەربڕین و ماوەی ئەمەمان هەبێ کە هەڵە بەرچاو و دیارییەکانی نووسراوەکان ڕاست کەینەوە.

مامۆستای نەمر گۆران سەرەتا دامەزرێنەری شیعری نوێی کوردی بوو و یەکەم کەسێک بوو کە ڕچەی شکاند و کەوتە پێش شاعیرانی دوای خۆی. ڕێگایەک کە مامۆستای بەرزی کورد لە هونەری شیعرا گرتیەبەر، تا ئەو ڕۆژە کەس پێیا نەڕۆیشتبوو. بەڵام دۆزینەوە و ئیبداع و خوڵقاندنی هونەری وەک هەموو شتێکی نوێ و بگرە پتر لە هەموو شتێکی نوێ پێویستی بەئازادی بیروبڕوا و سەربەخۆیی و بەهێزی مێشک و هەناوی ئەو کەسە هەیە وا یەکەم دەسپێکەر و دۆزەرەوە و خوڵقێنەرە. مامۆستا گۆران لە ناو خەڵکا ژیا بوو، لە حوجرەی فەقێیان، لە دیوەخان و خانەقا، لە شار و لە دێ، لە ناو عێل و شاریا وەک یەک شارەزا بوو. هەروەها تێراوی سەرچاوەی ئەدەبی کۆنی کوردی و ئەو ئەدەبانەی تر بوو کە کاریان کردبووە سەر ئەدەبی کوردی. جا بەهۆی ئایینەوە بێ یا تێکەڵایەتی مێژوویی و هەرێمی و شتی ترەوە. لەبەر ئەمە گۆرانی نەمر لە پێشا شیعری عەرووزی گوت و لەم شێوەیەشدا هێز و دەسەڵات و مامۆستایی خۆی تەواو دەرخستووە. زۆر مەزموونی وا هەیە کە مامۆستا هەم بەشێوەی عەرووز و هەم بەشێوەی نوێ کردوویەتی بەشیعر. وەک ئەم مەزموونەی چوونە کانی و ئاو هێنانی ئافرەتان لە کوردستان، کە سووژە و هەوێنێکی خۆماڵی و ناسراوە لە ناو کورد و ئەدەبەکەیا.

«ڕێی کانی قوبان مونتەزیری جیلوەیی نازە» یەکێکە لە شیعرە هەرە جوانەکانی مامۆستا. لەگەڵ ئەوەشا بەگوێرەی ناچارییەک کە شێوەی عەرووزی بۆ شاعیری ئەهێنیتە پێشەوە زۆر وشەی عەرەبی و لێکدانەوە و تەعبیری ئەدەبەکانی هاوسێی تێدا بەرچاو ئەکەوێ و شاعیری ناچار کردووە لەباتی قوربان بۆ هاتنەوەی شیعرەکە بڵێ «قوبان»! هەروەها مامۆستا ئەم مەزموونەی لە جێگایەکی ترا بەقالبی عەرووزی و ناوەڕۆکی نوێوە کردووە بەشیعر و ئەڵێ:

هەموو بەحەسرەتەوە گوڵ ئەکەن نساری ڕێت
بزانین ئاخۆ گوڵی کێ بەدڵتەوە ئەلکێت.

گوڵ بەدڵەوە لکان بەمانای ئەمە کە گوڵی کام گەنج کار ئەکاتە سەر هەستی کچانەت. تەعبیرێکی تەواو نوێیە و وێنەی لە وێژەی کوردییا نییە. مامۆستا بەشێوەی نوێ، نوێ چ لەباری کاکڵ و چ لەباری تۆکڵەوە ئەم مەبەستەی کردووە بەشیعر. گۆران هەست ئەکا بۆ شاعیرێکی پێشکەوتوو تەنیا شارەزایی بەئەدەبی کۆن و تەنیا ئەدەبی نەتەوەکەی و هەرێمەکەی بەس نییە. هەست ئەکا بەر لەوە هەرێمی ڕامیاری یا یەکیەتی گشت مرۆڤ بێتە دی پێویستە لە وێژەدا بەتایبەت لە شیعرا کە لە هەموو هونەرێکی تر لە عاتیفە نزیکترە ئەم مەبەستە ئەبێ پێکبێ و مرۆڤ بێ ئەوە چاو لە زمان و زانیاری و نەتەوە و هەرێمەکەی بگرێ، ئەبێ ببێتە یەک خێزان و بۆ ئەم مەبەستە شاعیر پێویستی بەڕوانین و شارەزابوون بەسەر وێژەی بێگانەدا هەیە. باشتر وایە کە شاعیر خۆی زمانی بێگانە بزانێ و بێ ئەوە ناچار بێ وەرگێڕاوی نووسراوەکانی لاوەیی بخوێنێتەوە بتوانێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ بیر و هەست و عاتیفەی شاعیری لاوەیی تێکەڵ بێ تا دیوانەکەی برانس و شیلی و شکسپیر بخوێنێتەوە و پاش خوێندنەوەی دیوانی برانس، بەم جۆرە شاعیرانە بچێ بەتانی جوانییەکانیا و بڵێ: دیوانەکەی برانس کە نەغمەی شیعری ئەڵێی کچە پێئەکەنێ یان ئەگری. ڕاستی جوانتر لە گریان و پێکەنینی ئافرەت چی هەیە؟ هەردوو ئەم دوو حاڵەتە، واتە ئەم پەڕو ئەو پەڕی تیندرانی عاتیفە ئەبنە هۆی دەرکەوتنی گەوهەری بەورشەی هەناوی ئافرەت، یانی ئەو ئادەمیزادە کە تانوپۆی لە هەست و نەرمی و خۆشەویستی پێک هاتووە.

گۆران، گەورەترین شاعیری کوردە کە کەلێن و قوژبنی گیانی ئادەمیزاد ئەپشکنێ و ڕووناکی شیعری ئەخاتە سەر تاریکایی هەست و عاتیفەی مرۆڤ. گۆران هەر ئەو شتانە ئەڵێ کە هەموو ئادەمیزادێک لە دڵیا هەستیان ئەکا. بەڵام ناتوانێ دەریانبڕێ. گەورەترین جیاوازی شاعیر لەگەڵ خەڵکی ئاسایییا ئەمەیە کە پەریزادی خنجیلانەی ناو پەردەی خەیاڵ بەتەلیسمی وشە ئەخاتە بەرچاو و ئەیهێنێتە سەر شانۆی دیدار. هەموو کەس جاری وا هەیە هەست ئەکا ئەوەی لە دڵیا ئەجۆشێ، لە لایەکەوە گەورەترە لەوە کە لە پەیمانەی مێشک و دەروونیا بحەوێتەوە. بەڵام کاتێ ئەیەوێ لە پلووسکی زمانەوە هەڵیڕێژێ و بیخاتە ناو دەفری وشەوە ئەبینێ کە لە وزەدا نییە ناوی دەریا لە گۆزەیەکا جێ بکرێتەوە.

تکایە گوێ بگرن بۆ چەن شیعرێک لە پارچە شیعرێکی مامۆستای بەرز و نەمر:

هەر چەن ئەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم،
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم!
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم
بۆ چی وەها دوورن لە یەک؟ نازانم!
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دونیای جوانتر لە بەهار
دەرکەوتایە ئاوات، هیوا، خەوبینین
پڕشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!

تا بەرنامەی داهاتوو بە خواتان ئەسپێرین بەڵێنتان ئەدەین کە لە بەرنامەکانی ترا باسی ئەو شاعیرانەتان بۆ ئەکەین کە شوێنی گۆرانیان گرتووە و هەروەها پلەی ئەمڕۆی شێوەی نوێ لە شیعری کوردییا باس ئەکەین. تا ئەوکاتە بەختیار و سەرکەوتووییتان ئاواتە خوازین.