گۆران و جوانی

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  1528 بینین

سەلام لە گوێگری بە هەست و بەڕێز و هونەرپارێزی بەرنامەی تاپۆ.

مامۆستا گۆران و شوێنەوارە بەنرخەکانی لەوانە نییە کە لە چەن وتارێکی چوار یەکە سەعاتییا بناسرێ. بەڵام ئەگەر هەموو جوانییەکانی هەست و چێشکەی مامۆستای نەمرمان بۆ هەڵنادرێ و کاتی تەسک و تیواری بەرنامەکە ڕێگەمان نادا. خۆ ناشکرێ لەم هەموو جوانییە چاو بپۆشین و بەلای گوڵزارێکی بۆن خۆشا تێپەڕین و پڕ بەدەروون سینەی لێ پڕ نەکەین. جا کەوایە ناچارین کارێک کە لە بەرنامەیەکا نالوێ، لە بەرنامەدا بیکەین. هەڵبەت دیسانەوەش ناتوانین بەڵێن بدەین کە هەموو جوانییەکانی شیعری گۆرانمان باس کردووە.

مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی، شاعیری هەرە گەورەی فارس لێرەدا ئەگاتە فریامان و بەجوانترین شێوە دەسکورتیمان ئەشارێتەوە. مەولانا ئەڵێ:

آب دریا گر کنی در کوزه‌ایفارسی
چند گنجد قسمت یک روزه‌ایفارسی
آب دریا را اگر نتوان چشیدفارسی
هم به قدر تشنگی باید چشیدفارسی

مانای ئەم دوو شیعرە بە کوردی ئەبێتە ئەمە: ئەگەر بتەوێ ئاوی دەریا بڕێژییە ناو گۆزەیەکەوە هەر بەشی ڕۆژێک ئەبا، بەڵام ئەگەرچی ناتوانین هەموو ئاوی دەریا هەڵمژین، لانی کەم بەئەندازەی تینوویەتی ئەبێ بخۆینەوە.

گۆران نزیکەی ٢٣ ساڵ لێرەوبەر واتە لە بەرواری ٢٥/٦/١٩٥٠دا لە هەولێر سەرەتایەکی کورتی بۆ کۆمەڵە شیعرێک بەناوی «بەهەشت و یادگار» نووسیوە و لەو سەرەتایەدا ئەڵێ: «بەهەشت و یادگار کۆمەڵە شیعرێکە لە دیوانەکەم. سەرانسەر لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری خەریکە. هەڵبەستی وای تیایە کە بیست و پێنج ساڵ، بەڵکو زیاتر، لەمەوپێش دانراوە. هەروەکو هی چەند مانگ لەمەوبەریشی تیایە. بەشی زۆری کۆنەکان بەوەزنی عەرووزی و کوردییەکی کۆنی تێکەڵاو بەزمانی بێگانە نووسراون. ئوسلووبیشیان کۆنە. یان وەک هی سالم و نالی لەسەر پێ و شوێنی غەزەل هەڵبەستراون، یان ئەو جۆرە ئوسلووبەیان تێدا کراوە بە سەرمەشق کە مامۆستا «م-نووری» و هاوڕێکانی لە ئەدیبە تازەکانی تورکی ئوسمانییان وەرگرتووە و لە سەردەمێکی سنوودار (١٩٢٠ - ١٩٣٠) شیعری کوردی ناوچەی سلێمانییان پێ تازە کردەوە. ئەم کۆنانە زۆربەیان بەناوی «یادگاری کۆن»ەوە کراون بە بەشێکی جیاواز.» پاشان مامۆستا گۆران لە سەرەتایەکدا بۆ ناسینەوەی تازە و کۆنەکان مقیاس و تەرازوویەک ئەداتە دەست و ئەنووسێ: «ڕێگای هەرە چاک بۆ جوێکردنەوەی تازە و کۆنیان چەند وردبوونەوە لە زمان و لۆغەتی پێ نووسینیان ڕاسپێری ئەکەم، هەچ هەڵبەستێک وشە و تەرکیبی عەرەبی و فارسی زۆر تیا بێ بەئەندازەی ئەو زۆرییە، کۆنە؛ پێچەوانەی ئەوەش دیارە پێچەوانەیە!»

وا دەرئەکەوێ کە مامۆستا لە شێوەی غەزەلدا پەیڕەوی لە نالی شاعیری هەرە بەرز و ناسک خەیاڵی کورد کردووە و پاشان ماوەیەک چۆتە سەر ئەو شێوە تازەیە کە مامۆستا نووری و هاوکارەکانی لە شێوەی تازەی تورکەکانی عوسمانییان وەرگرتووە. ئەو شێوەیە لە ناوچەی سلێمانییا لە ١٩٢٠ەوە تا ١٩٣٠ واتە ماوەی دە ساڵ لە گەشەکردنا بوو.

لە وێژەدا شاعیرە گەنجەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی یانی ئەو ئیمپڕاتۆرییە کە ئاخر و ئۆخری ژیانی بوو، شێوەیەکی نوێیان دامەزراند کە لە چاو شێوە کۆنەکان کە لەسەر شێوەی عەرووزی عەرەبی بوو، شێوەیەکی تازە بوو. ئەو شێوەیە بەپێی پێتەویستی کات و بەگوێرەی گۆڕان و تەحەوولی بیروبڕوای گەلی تورک پەیدا بوو. شێوەیەک بوو شۆڕشگێڕانە و نەتەوایەتی. بەڵام هەرچی بوو لەگەڵ باری گەلی کورد نەدەهاتەوە و مامۆستا نووری و هاوڕێکانی بەهەموو کۆششیانەوە نەیانتوانی بەرگی کوردانەی لەبەر کەن و بیکەن بە خۆماڵی. چونکە لەگەڵ قۆناخێکا کە کورد ئەو کاتە پێیا تێئەپەڕی، جیاوازی هەبوو و یەکتریان نەدەگرتەوە. مامۆستا گۆران یەکەم شاعیری کوردە کە تا ئەو ڕادەیە ئەوینداری جوانی بووە. جوانی هەڵاتنی خۆر، ئاوابوونی خۆر، ڕەوتی جوان، ڕوانینی جوان و بەکورتی هەر شتێ کە ئەکرێ سفەتی جوانی بۆ بهێنرێ. بەتایبەت جوانی ئافرەت. لە کۆمەڵە شیعری بەهەشت و یادگارا چاومان بەم سەردێڕانە ئەکەوێ:

ئافرەت و جوانی، ڕەوتێکی جوان، ئاواتی دووری، گوڵی خوێناوی، خۆزگەم بەپار، سکاڵا، بۆ جوانی سەرەڕێ، بەستەی دڵدار، جوانی لە لادێ.

هەموو ئەم شیعرانە سەبارەت بەجوانی ئافرەتن و ئێمە لە دوایی ئەم بەرنامەدا لە کۆمەڵە شیعری بەهەشت و یادگار، پارچە شیعرێکتان بۆ ئەخوێنینەوە. شیعرەکە ناوی سکاڵایە و لام وایە پێویست ئەکا کەمێک لە کاکڵەکەی بدوێم.

کوڕێکی گەنجی ئاسایی کە نە زۆر جوان چاکە و نە لە هیچ بارێکی ترەوە زیادەبەشێکی هەیە، تووشی کچێکی هەرە جوان ئەبێ. کچێک کە لە هەموو بارێکەوە لە کوڕەکە لەپێشترە. لەبەرئەمە کوڕە هەست ئەکا سوودی نییە قسەی لەگەڵ بکا و ڕازی دڵی لا بدرکێنێ، یا تەنانەت سەیری بەژن و باڵای کچەکە بکات. لەولاشەوە کیژۆڵەی جوانی بەلەنجەولار، لەبەر خۆیەوە بیر ئەکاتەوە کە ئەم کوڕە گەنجە بۆچ وەک گەنجانی تر سەری بۆ دانانەوێنێ و پرێسکەی دڵی بۆ ناکاتەوە. لە ئاکام وا تێئەگا کە ئەو گەنجە خۆ بەگەورەزان و خۆ پارێزە و ئەبێ بەسەدان دڵبەری جوانکیلەی هەبێ و ناپەرژێتە سەر ئەو. هەر ئەم خۆگرتن و بێ دەنگییەی کوڕەکە کارێک ئەکا کە کیژەکە بیەوێ ئەم قەڵا پۆڵایینە بڕووخێنێ و سەر بەم گەنجە خۆ بەزل زانە داچەمێنێ. لە پێشدا بەزەردەخەندەی نادیاری، پاشان بەئیشاڕەی چاو و برۆ پەیغامی دڵداری بۆ کوڕە ڕەوانە ئەکا. کوڕیش لە خودا ئەخوازێ کە سەر و گیانی بخاتە پێناوی ئەو کیژە جوانە و ئێستە کە کچەکە خۆی ئەوینی خۆی دەربڕیوە، بەهەلێکی باشی ئەزانێ و وەڵامی پەیغامی ئەداتەوە و وێڵی ئەبێ. کەنیشکەکە لەپڕ تێئەگا شتێ کە ئەوی بۆ لای کوڕەکە ئەکێشا، غروور و قسە نەکردنەکەی بوو، ئێستە کە ئەویش چەشنی گەنجەکانی تر وێڵ و ئاوارە و ئەویندار و دڵ بریندار بووە، هیچ جەزبە و کێشەرێکی نەماوە، لەبەرئەمە ڕووی لێ وەردەگێڕێ و نامیهرەبانی لەگەڵ ئەکا. کوڕەکەش تیری ئەوین لە دڵی سمیوە و بەم ساکارییە ناتوانێ دەس هەڵگرێ و ناچار شین ئەگێڕێ بۆ دڵی لەدەسچووی...

جا ئەمەش شیعرەکە:

«سکاڵا»

لە سەمای بەرزی ناوبانگی حوسنا
تاقەستارە،
نەبووی لە وزەی دەسکورتی منا
ئاشکرا و دیارە!
هەر لەبەرئەوە ڕووم لێ وەرگێڕای
یەکەم تەسادوف
دڵەی حەسساس نا، بەردم پیشان دای
بەڵام تەئەسسوف:
واتزانی کە من موستەغنی و غەڕڕام
حەریس تر بووی لێم
تێهەڵچووی: بەدەم، ئیشارەت، پەیغام
پەیمانت دا پێم!
هەیهات! مەلی دڵ، خوێن گەرمی شەباب
تەفرەی ئاسان بوو،
کەوتە شوێن قسەت، فڕی بە شیتاب،
وێڵی ئاسمان بوو...
کەچی نەیشتهێشت، بێ لەسەر سینەت
بنیشێتەوە؛
لاتبرد لە ڕێگای هەوای مەحەببەت
دوورت خستەوە!
***
مەلی ناو فەزای ناموتەناهیم!
دڵی لاوم ڕۆ!
مانووی ئینتیزار ڕێی وەعدی واهیم:
نووری چاوم ڕۆ!