گۆران و سیحری بەیان

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  1268 بینین

سەلام لە گوێگری بەهەست و هونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ.

هونەرمەند دوو ژیانی هەیە. ژیانێک لەو کاتەدا کە زیندووە وەک خەڵکی تر هەناسە ئەکێشێ، ئەبزوێ و لە ناو کۆمەڵا دێت و دەچێت. بەکورتی ژیانێک کە ژیانی لەشە و ژیانی لەش سنوورێکی هەیە و پاش ئەوە گەیشتە سنوور ئەبڕێتەوە و بەڕواڵەت مەرگی بەسەرا دێت. بەڵام لێرەدا هونەرمەند و هەموو ئەو کەسانە کە بەچەشنێ کاریان کردۆتە سەر کۆمەڵ و شوێنەواری باشیان لە پاش بەجێ ماوە لە خەڵکی ئاسایی و عادەتی جیا ئەبنەوە. مەرگ تەنیا دەستی تاڵانی ئەگاتە لەشیان و گیانیان لە دەسدرێژی مردن بەرزترە. ژیانی پاش مردنی لەش ژیانێکی هەتا هەتایییە و هونەرمەند تا کۆمەڵ هەیە و تا شوێنەواری جوان و باش ڕێزی هەیە، ئەژی.

بەڵام لە دڵی خەڵکا، لە ناو وتار و شیعر و نەخش و نیگار و لە ناو شەپۆلی سیحراوی مووسیقادا. کێ ئەتوانێ بڵێ «بێتهۆڤێن» و «باخ» و «فردەوسی» و «عەلی بەردەشانی» و «بووعەلی سینا» و «ئێدیسۆن» مردوون؟!

گۆران شاعیری پایە بەرزی کورد، یەکێکە لەو گیانە ئەبەدییانە کە هەتا هەتایە زیندووە. تا جوانی هەیە. تا هەورامان و قەرەداخ بەهارانە بەگوڵ و گیا ئەخەمڵێن، تا تووتڕکی سوور ئەبێتە کۆشی بەخت بۆ بووکی شەرمن و نازداری وەنەوشە؛ گۆران هەر ئەمێنێ و بەواتەی خۆی تاجی شکۆ بەئوستادێکی وەک ئەو ئەدرێ لە توێی شیعری تەلیسماوییا. سەبارەت بەبەسەرهاتی گۆران ئەوەندە بەسە کە بڵێم ناوی سولەیمان بەگی کاتبی فارسی بوو. لە شاری هەڵەبجەشوێن لە ساڵی ١٩٠٤ی میلادییا لە دایک بوو و لە ڕۆژی ١٨ی مانگی ١١ی ساڵی ١٩٦٢ لە سولەیمانی مۆمی ژیانی توایەوە و تەواو بوو و بەوە کۆڕی هەستیاران لە پڕشنگی گەشترین ئەستێرەی ئاسمانی ئەدەب بێ بەش بوو و ڕەش داگەڕا.

گۆران جگە لە دەسەڵاتی هەرە زۆر و هەستی هەرە ناسکی لە شیعرا خاوەنی پلە و پایەیەکی تایبەتە کە لە شاعیرانی تری جیا ئەکاتەوە. گۆران دەسپێکەر و دامەزرێنەری شێوەیەکی نوێیە کە پاش خۆی بۆتە ڕێبازی شاعیران و ئەتوانین بڵێین قافڵەسالاری کاروانی شیعری نوێی کوردی مامۆستا «گۆران»ە، بەڵام کاتێ «گۆران» بوو بەڕێبواری ئەو ڕێگایە، ڕێگاکە شوێنی پێی کەسێکی تری بەسەرەوە دیار نەبوو. گۆران لە سەرەتای کاری شیعری خۆیا شێوەی کۆنی عەرووزی بەکار ئەهێنا، بەڵام زوو تێگەیشت کە بەرگی خوازراوەوەی لاوەیی بۆ ئەندامی شل و ملی نۆبووکی وێژەی کوردی نابار و ناکوڵ و کارە. ئەو پەلەوەرانەی هەستی کە لە ناو هێلانەی گیان و دڵیا جریوەیان ئەهات، لە چوارچێوەیەکی عەرووزی تەنگ و تیواردا ئارامیان نەدەگرت. شابازی خەیاڵی گۆران ئەوەندە بەرزەفڕ بوو کە عاستەم ئەکرا لە چوارچێوەی هەڵبەستا قەتیس بکرێ. خۆی ئەفەرمووێ:

هەرچەن ئەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم،
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم!
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم
بۆ چی وەها دوورن لەیەک؟ نازانم!
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دونیای جوانتر لە بەهار،
دەرکەوتایە: ئاوات، هیوا، خەو بینین
پڕشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!

گۆران باش شارەزای گۆڕانی هەلومەرج و هەڵوێستی نوێی کۆمەڵ بوو. ئەیزانی باوی نەماوە زولف وێبچوێندرێ بە زرێ و مژۆڵ و برژانگ بە تیر و کەمەر بە موو، بەژن و باڵا بە سەوڵ و چنار. ئەیزانی کە ئیماژ و ئیستعارە و تەشبیهـ لە شیعرا دەورو نەخشی چییە و هەروەها ئەشیزانی بەکوردی شیعر وتن و بۆ کورد وتن، بەجوانی کوردەواریدا هەڵکوتن، ئەبێ بەلێکدانەوەی تایبەتی کوردانە بێ. سەرەڕای هەموو ئەمانە گۆران ئەیزانی کە گوڵزاری وێژەی کوردی گژوگیای دزێوی دەشتی زیخەڵان و دڕووی موغیلان دایگرتووە و باغەوانێکی وریای گەرەکە ئەم دڕک و داڵ و گژوگیایە بژار کا تا گەشە و نەشەی گوڵی ئاڵ و واڵای باغچەی کزی کوردی دەرکەوێ و لەسەر هەر پەڕەی گوڵێکی ئەو گوڵجاڕە بولبولێک بەنەغمەی وردەوە هەوایەک بڵێ. هەوایەک کە خورۆشی ڕۆحی بێگانەی تێدا نەبێ و سکاڵایەک بێ بەلاوک و حەیران و ئای ئای لەگەڵ گیانی تامەزرۆی هەستیاران. گۆران لە باری تەشبیهەوە وردترین و گەورەترین و ئەگەر باشتر بڵێم جادووکارترین شاعیری سەدەی بیستەمە. نەک هەر لە ناو کوردا، بەڵکو لە ناو گشت جیهانی وێژەدا:

شنەی سێبەری داری گوێز و توو
ئەسڕێ ئارەقی ڕێبواری مانوو
***
ئەکشێتە ناو باخ توولە ماری ڕێ
***
|چەن پیرێک ئەبن بە خڵتەی لافاو
***
گوڵەبەڕۆژەی قژ زەردی چاوکاڵ
ملکەچ وەستاوە سەرگەرمی خەیاڵ
***
پەلکەزێڕینەی پاش بارانی زۆر
چەماوەتەوە بەرامبەر بە خۆر
***
ڕوو لە عەرشی پاک ئەلەرایەوە
بۆ گیانی مردوو ئەپاڕایەوە
گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە،
کە لە ژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە!

ئەوانە و هەزارەها تەشبیهی تریش هەر کامیان بگرن خۆیان پەڕاوێکن کە ئەکرێ هەزارەها لاپەڕەیان لەسەر بنووسرێ و جوانی و هونەری شاراوەیان بخرێتە بەرچاو. گۆران نەک هەر لە باری سەنعەت و فەننانییەوە، بەڵکو لە باری کۆمەڵایەتیشەوە، شاعیرێکی تاقانەی کۆمەڵیەتی کە ئەڵێ:

پڕ ئەشکەوتێک سام و گومان
ئەخاتە دڵ بۆ داخورپان
هەوای قەفەس گەرووگیرە
قەنارەم قووڵایی بیرە

کام بیر؟ ئاخۆ مامۆستای بەهەشتی سکاڵای لە دەست کام بیر و کام هەوای گەرووگیرە؟

بێ گومان دیتنی دزێوی لە ناو کۆمەڵا خەوش و خاڵی ئاڵۆزی ئەخاتە سەر لاپەڕەی سپی و بێگەردی هەناوی شاعیرێکی وەها ناسک خەیاڵ و خاوەن هەست کە تووڕەی ئەکا لە گیان، وەڕەزی ئەکا و ئاگر بەرئەداتە دەروونی و ئەو ئاگرە ئەبێتە بڵێسەیەک کە ناوی زمان و پێنووسە.

پلووسکی پێنووس ڕەهێڵەی بارانی خەم و خەفەت هەڵئەلووشێ و بەتەوژمێکی هەستیارانە دەری ئەداتەوە و ئەبێتە شیعرێک کە موومان ئەکاتە نەشتەر و ئەمانخاتە ناخی ئەو جیهانەوە کە گۆرانی تێدا بووە. ئەمەیە ئەوپەڕی هونەرمەندی کە بتوانێ خەڵک لەگەڵ خۆیا بەرێ و پەردەی ئەو جیهانەیان بۆ هەڵداتەوە کە چاو و هەستی وردی دیویەتی و ناسیویەتی؛ ئەو جیهانە کە ئێمە بێ دەربەست بەلایا تێئەپەڕین و هۆیەکانی ناتوانین شی بکەینەوە. گۆران ئەگەر لە وتارێکا بکرایە بیناسین ئیتر گۆران نەبوو. کە وەهایە ئەیهێڵینەوە بۆ وتارێکی تر و هەڵکەوت و هەلێکی تر.

تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ