بەیت، بانگەوازی بلاوێنی ژێر دەوار

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  984 بینین

سەلام لە گوێگری بەهەست و هونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی پێشوودا گەیشتینە ئەم جێگایە کە بەیت یەکەمین و بێ تێکەڵاویترین شێوەی وێژەیی کوردییە. شێوەی هیجایی بەتایبەت بیست هیجایی کە لەگەڵ باری زمانی کوردییا باشتر ئەگونجێ، لە شێوەی کوردییا پێشینەیەکی لە مێژینەی هەیە، تەنانەت لە بەیتیشا زۆرجار تووشی شێوەی بیست هیجایی ئەبین؛ بەڵام شێوەی هیجایی بەچەشنێکی سەربەخۆ پاش شێوەی بەیت هاتۆتە ناو وێژەی کوردییەوە. وەک لە بەرنامەی پێشوودا باسمان کرد، ئەڵێن کە دەستە شیعرێک لەسەر پێستی ئاسک نووسراوەتەوە، دۆزراوەتەوە. شیعرەکە باسی هێرشی عەرەب ئەکا بۆ سەر خاکی کوردستان و خاپوورکرانی ئاوایییەکانی کوردستان و کوژانەوەی ئاورگاکان؛ لام وایە کە ژیانی کوردەواری لەو کاتەدا نەگەیشتۆتە ئابووری زەوی کێڵگە و ئاواییش بەو چەشنە کە لە شیعرەکەدا باس کراوە زۆر نەبووە. ژیانی کوردەواری لەو کاتەدا ژیانی ژێر دەوار و ڕەشماڵ بووە و ئێلاتی کورد لە هاتوچۆی گەرمێن و کوێستانا بوون؛ هەر لەبەر ئەمەش بووە کە لەشکری ئیسلام بە زۆری نەیتوانیوە بەسەریانا زاڵ بێ و شێوەی ژیانیان و بڕوای ئایینی ئەوان بگۆڕێ کە مێهر پەرستی یا میترائیسم بووە یا ئەگەر زۆر پێشکەوتووتر بووبێ، گەیشتۆتە یەزدانپەرستی و ئایینی زەردەشتی. کۆمەڵی کوردەواری ئەوکاتە لەسەر ژیانی ئاژەڵداری دامەزراوە لە ژیانی ئاژەڵدارییا ناکرێ نووسراوەی شیعری بەم هەستە کۆمەڵایەتییەوە هەبووبێ.

خاوەنی تاریخی گوزیدە نزیکەی حەوسەد ساڵ لێرەوبەر باسێکی ئەوتۆ ئەگێڕێتەوە و هێرشی عەڕەب و ڕووخاندنی ئاورگا و کوشتاری ئێرانییەکان باس ئەکا.

بابێینەوە سەر هەڵبەستی سەر پێستەکە. مامۆستا عەلائەددین سەججادی، حوسێن حوزنی موکریانی و چەن کەسی تر باسی ئەو بەڵگە شیعرەیە ئەکەن، بەڵام هیچ کامیان ناڵێن کە خۆیان ئەو نووسراوەیان بەچاوی خۆیان دیوە؛ ئەوانیش هەر بەگوایە و ئەڵێن ئیشەکە ئەبڕنەوە و هیشتا کەس نەیپرسیوە ئەی کوا ئەم بەڵگە هێژایە لە کوێیە و دەست کام کەسەوەیە.

حوسێن حوزنی ئەڵێ: «بازیل نیکیتین لە پەڕاوە بەنرخەکەیا کە ناوی «کوردەکان»ە باسی ئەم بەڵگەیەی کردووە.» من بەتەواوی بە تەرجەمە ئینگلیسییەکەی ئەم پەڕاوەیەدا گەڕام، باسێکی ئەوتۆم بەر چاو نەکەوت. بێگومان ئەگەر وێژەی کوردی لە سەدەکانی سەرەتای ئیسلاما گەیشتبایەتە ئەم پلە و پایەیە، تەنیا شوێنەوارێکی سێ چوار دێڕی لێ بەجێ نەدەما و ئەبوو ئێمە ئەمڕۆ زۆر پێستە ئاسکی وەهامان بەدەستەوە بوایە کە شیعری کوردی لەسەر نووسرابێ. نووسینی شەجەرەنامەی بێ بایەخ بۆ کورد نایگەیەنێتە هیچ کوێ و زۆرتر ئەبێتە هۆی سەرلێشێوانی ئەو کەسانە کە لێکدانەوەیەکی زانستییان بۆ هەموو ڕووداو و واقعەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە.

بەکورتی بیبڕمەوە، لەم ڕیزە وتارەدا نامانەوێ ئەمە بچەسپێنین کە کورد لە زانستی ئیسلامییا خاوەنی چ پلە و پایەیەک بووە یا گوێ نادەینە باسێکی درۆ یا ڕاستی وەک دۆزرانەوەی بەڵگەیەکی مێژوویی تاق و تەنیا بۆ وێژەی کوردی. باسی ئێمە لەسەر ژیانی گشتی خەڵکە، نەک هەڵکەوتوو و بلیمەتی وەها کە لە ڕادەی زانستی گەلەکەمان بەرزتر بوونەتەوە. ئێمە ئەمانەوێ باسی ئەو هونەرە بکەین یا ئەو ڕووداوە و ئەو بارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە بخەینە بەرچاو کە بەچەشنێ تەئسیریان هەبووە لە ژیانی گشتی کوردەوارییا و تایبەتی کۆمەڵی کوردن.

بەیت بانگەوازی بەتەوژمی ژیانی کۆمەڵی ژێر دەواری کوردە. بەیت لایەنگری ژیانی ئازاد و خۆنەبەستنەوەیە بەکشتوکاڵەوە. بەیت نەوای تێکەڵایەتی لەگەڵ سروشت و تەبیعەتی ڕازاوەی کوردستانە. هەر وەک لە بەیتی «شێر و کەڵ»دا بەرچاو ئەکەوێ. لەو بەیتەدا بەیت وێژ بەئاشکرا لایەنگری خۆی لە شێر - کە نموونە و مەزهەری ژیانی ئازادە - دەرئەبڕێ و بەسەر «کەڵا»- کە ئەویش بەنۆبەی خۆی مەزهەری ژیانی نیشتەجێیی و ئابووری کشتوکاڵ - زاڵی ئەکا.

هەڵبەت ئەبێ ئەمە بزانین کە گۆڕانی ژیان لە ئاژەڵدارییەوە بۆ کشتوکاڵ لە تەواوی هەرێمەکانی کوردستاندا بەڕۆژ و سەعات و سەردەمێکی دابڕاو دیاریکراو دەستی پێ نەکردووە. ئێمە تەنانەت ناتوانین سەدەیەکی تایبەت هەڵبدەین و بڵێین لەو سەدەیەدا ژیانی ژێر خێوەت و دەوار، ژیانی گەرمێن و کوێستان چوونی خێڵات گۆڕاوە بەژیانی ناو ئاوایی و خێڵات لە کۆڵ کەوتن و نیشتەجێبوون. لەبەر ئەمە ناشتوانین هونەری تایبەتی ئەو دوو چەشنە ژیانەش لە پەرژینی سەدەیەکی تایبەتا دامەزرێنین و ئەمەیە کە ئێمە لە ژیانی کومەڵی ئاژەڵداری کوردا ئەبینین کە شیعری عەرووزی هەیە وهی سەرای ئەمیرە کوردەکانە و هەروەها ئەشبینین کە لە ژیانی کشتوکاڵی کوردەوارییا بەیت ئەگوترێ. بەڵام نە شیعری عەرووزی ئەو کاتە و نە بەیتی سەردەمی ئابووری کشتوکاڵ، ئەو هێز و توانایەیان نییە کە ئەبێ بیانبێ. لە ڕاستییا شیعری عەرووزی سەرای ئەمیرە کوردەکان چەشنێک بەپیرەوە چوون و ئیستقبالە لە گۆڕانێک کە چینی تێر و تەسەلی ئەوکاتە بەپێویستی ئەزانی. شیعری عەرووزی بێ ئەوە بتوانێ لە ناوی هەوای کۆمەڵا بژی و لە ناو باغچەی هەناوی گشتیا بڕوێ لە کۆشکی ئەمیران و لە گوڵدانی سەر هێلانی خانووبەرەی چەن قاتی ئەوانا ئەپشکوێ. بێگومان ئەو گوڵە دەسنێژە لەو گوڵدانە تەنگەدا ناتوانێ بەخۆیا بێ و چرۆ دەر بکا و بۆنی خۆشی بەهەموو لایەکا بڵاو کاتەوە.

بەیتبێژی لە سەردەمی زەوی کێڵگەشدا خاوەنی بارێکی ئەوتۆیە و ئەویش ناتوانێ بەهێز و پەرەگر و پتەو بێ، چونکە ئیتر لەو سەردەمەدا بەیت نیازی گشتی کۆمەڵی نیشتەجێ نییە چینی خوارەوە بەبەیت گوتن لە ڕاستییا ئەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێشوو؛ یا لانی کەم، یادی سەردەمی پێشوو کە بەرەنگاری چینەکان هێندە زۆر نەبوو لە دەروونیا زیندوو کاتەوە.

بەم چەشنە شیعری عەرووزی سەردەمی ئاژەڵداری ئەبێ بەلالایی بۆ کۆرپەیەک کە هێشتا لە دایک نەبووە و شیعری بەیتی کاتی ئابووری کشتوکاڵ ئەبێتە گریان بەسەر مردوویەکا کە ئیتر زیندوو نابێتەوە.

دیسانەوە باسەکەمان درێژەی ئەبێ و لە بەرنامەیەکی ترا کە پێکەوە کۆئەبینەوە، لە سەر لێکدانەوەکەمان ئەڕۆین. تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ.