تۆران

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  1426 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی ئەمجارەماندا پەخشانێکی کوردیتان بۆ ئەخوێنینەوە، هیوادارین پەسندی کەن.

دوور ڕۆژ بوو دایکی تۆرا بوو. هەر لە بەیانییەوە تا کاتی برسیەتی، یا تا خەو زۆری بۆ ئەهێنا لەبەر پەنجەرەی هۆدەکە دادەنیشت و چاوی ئەبڕییە پێچی کۆڵان و هەر ئافرەتێک لە دوورەوە دەرئەکەوت، پڕشنگێک بەچاوی کاڵیا ئەگەڕا، بەڵام لەگەڵ ئافرەتەکە نزیک ئەبۆوە خەمێک وەک تانە سەر گۆمیلکەی ڕوون و شینی چاوی ئەگرت. ئەمڕۆ دوو ڕۆژ بوو کە تەنانەت یەک وشەش لەسەر لێوی سوور و ناسکی نەپشکووتبوو. وێنەی دایکی بەزەردەخەندەیەکی مات و بێ ڕەنگەوە لەسەر تاقەی هۆدەکە دانرابوو و ئەتگوت هەموو خۆشەویستی دایکانە لەو زەردەیەدا کۆبۆتەوە. سەری هەڵبڕی و بۆ ماوەیەکی کورت چاوی بەوێنەی دایکیدا گێڕا... کوڵی گریانێکی بێ گوناهـ بەدڵیا گەڕا و دڵۆپێک فرمێسکی خاوێن کە لە کاسەی پەلی چاویا شینی ئەنواند، بەسەر گۆنای ناسک و تورتیدا هاتە خوار، پرسیاری کرد: «بابە تۆران یانی چی؟» وەڵامێکم نەبوو کە بیدەمەوە و نەیڕەجێنم؛ لەبەر ئەمە گوتم: «کوڕم چیت ئەوێ بۆت بکڕم؟!» نازانم لەبەرچی بەم قسەیە ڕقم لە خۆم هەستا و لام وابوو خەریکم بە شت بۆ کڕین تاسەی دایکی لە بیر بەرمەوە!؟ گوتی:

«تۆران یانی مردن، نا بابە؟!»

بەشەرمەوە!؟ گوتم: «نە بابە، نە!!»

لەبەر پەنجەرەکە لاچوو و هات لە باوەشما کوروشمەی کرد، وەک بێچووە کۆترێک کە هێلانەکەی ڕووخا بێ. دوو دەستە بچکۆلەکەی لە دەوری ئەستۆم ئاڵاند و ڕوومەتی داغ و نەرمی بەسینگمەوە گوشی؛ هەستم کرد بووم بەدوان؛ منێکی مناڵ و ترساو و خەفەتبار و منێکی گەورە و شەرمەزار و تاوانبار. لەبەر خۆیەوە گوتی: «بابە، حکایەتی دێوەکەم بۆ بڵێ!»

... هێشتا لە «یەکێک بوو یەکێک نەبوو»دا بووم کە حەوسەلەی بەسەر چوو، بەچەشنێ کە دیار بوو هەوڵ ئەدا نەمڕەنجێنێ، گوتی: «دایکم باشتری ئەزانی.» گوتم: «بەڵێ ئەو باشتری ئەزانی.» هەر بەو چەشنە کە خۆی بەسینەمەوە ئەگوشی، گوتی: «تۆش داستانی دێوەکەت پێ خۆشە، نە بابە!؟»

گوتم: «ئەرێ کوڕی من پێم خۆشە، بەڵام ئەو داستانانە ئەفسانەن!»

سەری لەسەر سینگم هەڵگرت و بەچاوی پڕ پرسیارەوە بۆی ڕوانیم و گوتی: «چی بابە؟» گوتم: «ئەفسانە کوڕم!»؛ بەڵام خێرا تێگەیشتم کە ئەو لە ئەفسانە ناگا.

― «ئەفسانە بەداستانێک ئەڵێن کە درۆ بێ، کوڕی من.» ئەم قسەی زۆر بەلاوە ناخۆش بوو، باسکی بێ هێز و مناڵانەی لە ئەستۆم کردەوە و گوتی: «نە، درۆ نییە، دایکم درۆ ناکا، ئەو ئەڵێ دێو هەیە، دێو پیاوێکی چەپەڵ و خراپە، مناڵی خۆش ناوێ، دایکم ئەڵێ دێو کلکی هەیە.»

دڵم نەهات دونیا خەیاڵاوییەکەی لێ تێکدەم لەبەرئەمە هیچ دەنگم نەکرد؛ کورتەیەک بێ دەنگ بوو، پاشان گوتی: «دایکم هەموو ڕۆژێ منی ئەبرد بۆ گەڕان.» تێگەیشتم کە ئەم هۆدەیە کە لە پێشا بەهۆی دایکییەوە بۆی ئاشنا بوو، ئێستە ئازاری ئەدا و ئەیەوێ لێی دوور کەوێتەوە.

لە باغچەیەکی گشتیدا لەسەر نیمکەتێکی دارین کە ڕیزێک شۆڕەبی ساوا سێبەریان لێ ئەکرد دانیشتبووین. باغچە پڕ بوو لە ژیانی کرچ و کاڵ، جریوەی مەل و مناڵ مێلۆدی بووژانەوەی سروشت بوو. دایک و باوک بەشوێن مناڵەکانیانا ئەچوون بۆ ئەملا و ئەولا. ژن و پیاوی پیر سەیری کایەی مناڵی جوانکیلەیان ئەکرد، بەڵام ئەو چاوی بڕیبووە ئاسۆیەکی دوور، ئەتگوت لە ناو هەوری سپی و نەزۆکی ئێوارەی هاوینا کە بایەکی نەرم ئەیبزواندن و کۆشک و باڵاخانەی لێ دروست ئەکردن، بەشوێن گومبووەکەیا ئەگەڕێ.

پیرێژنێکی سەر سپی کە نەمزانی لە کەیەوە بەپاڵ دەستمەوە دانیشتووە، پرسیاری کرد: «کوڕی تۆیە؟» گوتم: «بەڵێ!»

گوتی: «خوا بۆت بهێڵێ، جوانکیلە و ڕووح سووکە، بەڵام وا دیارە خەمبارە!» هەستم کرد کە توانجم تێ ئەگرێ و من بەهۆی خەمباری ئەو دائەنێ. ئەڵێن تاوانبار لە خۆی بە شکە! ئەبوو بزانم کە ئەو ئافرەتە بێ ئەوە بەسەرهاتی من بزانێ ئەو قسەی کردووە. پیرێژن دەسهەڵگر نەبوو، گوتی:

«ڕەنگە نەخۆش بێ!»

گوتم: «نە!»

زانی کە من پێم خۆش نییە باسەکە درێژە بدا، لەبەرئەمە بێ دەنگ بوو. کوڕەکەم پرسی: «بابە تۆ ماندوو نەبووی؟ ئەمەوێ بچم لەگەڵ ئەو مناڵانە کایە بکەم.»

لە خوام ئەویست لەم تەنیایییە خۆی ڕزگار بکا و جریوەی شادی ئەویش تێکەڵ بێ لەگەڵ مێلۆدی تەبیعەت. ئەو مێلۆدییە کە بەلای منەوە بێ دەنگی ئەو کەمایەتی تێدا هەبوو. لە پێشا بەچەن هەنگاوی وردی دوودڵانە و پاشان گورج و توند لە کۆڕی مناڵەکان نزیک بۆوە و دەستی بچووکی لە هەوادا بۆ گرتنەوەی تۆپی ڕەنگاوڕەنگ کەوتە سەما. هەستم کرد بارێکی قورس لەسەر شانم سووک بوو و بیرم کردەوە چەندە ئەخایەنێ و چەندەی ڕەنج و مەینەت ئەوێ تا گوڵێک ئەخەمڵێ، تا جووجەڵەیەک باڵ و پەڕ دەرئەهێنێ و فێری فڕین ئەبێ؟!

هەتا وردە وردە بەزەردەیەکی دایکانەوە دار و گوڵی باخچەی گشتی بەجێ ئەهێشت و بەلالایی شنەیەکی نەرمونیان، چاوی کۆرپەی سروشتی لە خەو ئەکرد. خۆم ئەدی کە مناڵم و بەگۆنای سوور هەڵگەڕاو و خوێنی گەشەوە لە ناو هەواڵەکانما کەوتوومە شوێن تۆپی ڕەنگاوڕەنگ. لە لایەکی ترەوە خۆم ئەدی کە بەکۆڵێک بیرەوەری تاڵ و شیرینی سی و چەند ساڵ ژیانەوە لە ژێر شۆڕەبی خەواڵوا دانیشتووم؛ دەنگی خۆم بوو کە هاتە بەرگوێم: «بابە من ماندوو بووم با بچینەوە بۆ ماڵ.» دیسانەوە دەنگی خۆم بوو کە گوتم: «زۆر باشە کوڕم من ئامادەم.»

کاتێ کە گەیشتینەوە ماڵ چرای هۆدەکەمان ئەگڕا، دایکی گەڕابۆوە و کوڕەکەم وەک خەونێکی فەرامۆشکراو ئەهاتەوە بیری کە دوو ڕۆژی تەواو چاوی لە پێچی کۆڵانەکە بووە.

ئەگەر ئادەمیزاد جادووی لە بیر چوونەوەی نەبوایە، چۆن ئەیتوانی لە ژێر باری خەما خۆی ڕاگرێ؟!

کاتی دانیشتن بۆ نانی شەو، وەک ئەمە ئەچوو کە هەرسێکمان دڵخۆشین.