بژی! بژی!

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  1537 بینین

خێوەتی سباتی مانگەشەو بەسەر دەشتی بێ دەنگییا هەڵدراوە، هەزارەها خێوەتی شینکی بچووک لەم پەڕی دەشتەوە تا ئەوپەڕ ئەتکوت مۆڵی وشتری ماندوون و بۆ پشوودان یخ دراون. لە ژێر هەر خێوەتێکا چەند ئادەمیزاد ئەژین و لە دڵی هەرکامیاندا پەنگاوی بیرەوەرییەک شەپۆل ئەدا؛ شەپۆلی ڕق، تۆڵە، ترس و بێزاری و لە گوێیاندا دەنگی باڵی باشووی ئاسن و قاقای شێتانەی شەست تیر و ڕەشاش ئەزرینگێتەوە. بۆنی هەناسەی مناڵی تازە ساڵ و ئاخی پیری خەو لێ تاراو وەک سروەی شەوبا ئەچێ کە دووکەڵی چغارەیەک لەیەک بدا.

لێرە هیچ سنوورێک بۆ جیاوازی نەماوەتەوە، تەنانەت گەڕەک و کۆڵان و ماڵ؛ دەردی هاوبەش هەموویانی کردووە بەیەک گیان، تەنانەت بەیەک لەش. ڕوانینی نیگەران و ترساوی مناڵێک کە تەرمی دایکی لە ژێر خانووی ڕووخاوا دێتە بەرچاو، لە گەرمەی یاری مناڵانەدا ئەوەستێ و چاوی ئەبڕێتە ئەوپەڕی زاگرۆس و چیای سەربەرز و نەبەزی بەمۆ و دایکی داوێن پاک و شەهیدی دێتە بەرچاو کە گەورە ئەبێتەوە، گەورەتر ئەبێتەوە و هەموو ڕوانگەی بەرچاوی دائەگرێ. بزەیەکی میهرەبان و دایکانە وەک شەبەقی خۆرهەڵات لە ئاسۆی دەمی دایکییەوە، کە هەموو شەوێ بە ئەفسوونی ئەفسانە خەوی ئەکرد بە میوانی دوو چاوی کاڵی ئەو، سەر هەڵئەدا؛ بەڵام لەپڕ بەرگی سپی پەری ئەفسانە شەڵاڵی خوێن ئەبێ و دێتەوە بیری کە دایکی دووجار بەرگی سووری کردووەتە بەر. جارێک کە ئەبوو بە بووک و ئەهات بۆ کۆشکی ڕەنگاوڕەنگی بەخت و ئەوین؛ ئەو جارەی لە زمان دایکییەوە بیستبوو. بەڵام جاری دووهەم خۆی دیبووی کە دایکی جلی سووری کردە بەر و بوو بە بووکی مردن!

فڕۆکەی دوژمن وەک کۆلارەی ڕەش، وشەی باڵی هات و پاسارە و سەردەرانی ڕووخاند و هێلانەی هەزاران جووجەڵەی تێکڕووخاند. پیری ژێر خێوەت ئارەقی سەر گۆنای نەوەکەی بە لکی سۆرانی سپی سڕی و لە ژێر لێوەوە گوتی:

:فڕۆکەی دوژمن دێی بۆمباران کرد

:بەشەوێ هەزار پیر و جوان مرد

:بەیانی نە دێ، نە ژن، نە کانی

:هیچی نەمابوو!

:بەڵام لە چۆڵێ، لە شیو و دۆڵێ

:لە ناو دوو کێوان

:وەک گردی «سەیوان»

:گۆڕستانێ بوو پڕ حوزن و ماتەم

:خودای تەم و خەم

:ئەهات و پڕ مشت

:کڵۆڵی ئەڕشت...!

 

شەوی دوورودرێژ دوایی ئەهات و تۆزی ئاڵتوون بەسەر دەشتی خۆڵەمێشیدا ئەکرا؛ وەک هیوایەک پاش هیوا بڕانێک؛ وەک بزەیەک پاش گریانێک، خوێنی سووری خۆرەتاو بە دەماری سروشتا گەڕا؛ قاپی زێوینی گزنگ ئەکرا سەر هەزاران خێوەت کە لەشیان لە ژێر باری گرانی شەوێکی قورس و تەڵخەکا کۆم بۆتەوە. مێردەزمەی شەو لە ترسی ڕمی ئاگرینی ڕۆژ هەڵدێ، هەروەک سپای زۆردار و داگیرکەر کە لەبەر هێرشی گەلی ئازادیخواز ڕائەکا و ئەڕەوێ!

گەنجێک خەریکە بۆ چەن کەسێک قسە ئەکا، ئەڵێ: «ئەگەر بیابانی نۆگرە سەلمان و چیای جەبەل حەمرین وەک یەک بن، ئەگەر دڕووی وشتر خۆرکە و گوڵی شلێرە یەک ڕەنگ بن، ئێمە و ئەوانیش یەکین.

بیر ئەکەمەوە کە زۆر و ستەم وەک داری ژەقنەمووت بەری تاڵی ڕەگەزپەرستی ئەدا و فڕۆکەوان لەگەڵ هەر بۆمبایەکا جگە لە وێرانی و ڕووخان، تۆوی ژاراوی جیاوازی و بێزاریش بەسەر زەوی دڵی خەڵکا ئەپژێنێ.

کوڕێکی گەنج پەڕاوەکەی لێکئەنێ و ئەڵێ: «عەزیایەک هەیە کە بە گفت و لفت پیاو ئەخڵەتێنێ و ڕۆژی کردەوە خۆی بێ دەنگ ئەکا. ئێستە بۆم دەرکەوتووە کە شاعیرەکەمان بە هەڵە نەچووبوو کە ئەیکوت:

:«کوڕگەل وە گوێزن چەک بە کۆ

:کڵاشینکۆ و خورۆشینکۆ

:خوێن و مەرگ و وێران کردن

:تاڵان، گرتن، بە دیل بردن

:دیارییەک بوو لە کرێکاران

:بۆ ماڵ و مەزرای هەژاران»

 

لە ناو خێوەتێکا دەنگی نەرم و خەماوی ئافرەتێک کە بێشکەی کۆرپەکەی ڕائەژێنێ، هەستی من بەرەو خۆی ئەکێشێ. خوای گەورە هۆزێکی لەمێژینە و خانەدان، هەموو پیاوی مەردی مەیدان، هەموو ژنی پاک داوێن، سەرچاوەی ئەوین و ژیان، هەموو هەستیار و دەروون جوان، ئەمڕۆ ئاوارەن؛ بەڵام نە، بۆ چی ئەڵێم ئاوارە؟! چون بە گەلێک کە هەستاوە، لێبڕاوە، لە ماڵ و زەوی تاراوە، ئەکرێ بگوترێ بێ چارە یا ناوی بنێن ئاوارە!؟

دەنگی لای لایەی دایک دێتە بەر گوێم و ئەڕۆم بۆ گەشتێک لە جیهانی جوانی و شیعر و مووسیقادا. شەپۆلی نەرمی دەنگی بەسۆز ئەمبا و ئەمبا و ئەمگەیێنێتە جێگایەک کە ئیتر شەڕ نەبێ! کۆلارەی فڕۆکە گەرووی کەوباڕی چیا و کەڵەشێری بەیانی ئاوایی نەبەستێ.

#

«کۆرپەی ئێسک سووک، خونچەی نەپشکووت

بەهاری باخم، گوڵی سووری ڕووت

#

باوکی تۆ ڕۆڵەی «کاوە»ی دلێرە

«زوحاک» ڕێوییە، باوکی تۆ شێرە

#

هەرچەندە ماری سەر شانی «زوحاک»

پەل ئەکوتێ بخوا مێشکی ڕوون و پاک

#

بەڵام تۆ بنوو بە دڵنیایی

خۆر سەرئەکەوێ، نەک تاریکایی»

 

تەلی هەست و شعوورم بە شەپۆلی نەرمی لای لایە ئەلەرایەوە، لە دڵما جیهانێک ڕاخرابوو، بە هەزار ڕەنگی برایەتی ڕازابۆوە؛ بەڵام لە جیهانی ڕاستەقینەدا ڕوانگەیەک بوو کە پڕ بە گەروو هاواری ئەکرد: «تەنانەت ئەمڕۆش ئەژدەهاکی مێشکخۆر هەر ماوە.» بەڵام تیشکێک لەوپەڕی سنووری شعوورمەوە برووسکەی ئەدا، ئەتکوت لێوی بەیانێکی تازە پشکووتووە و بە موژدەیەکی خۆش کراوەتەوە تا پێم بڵێ؛ ئەگەر ئەژدەهاک ماوە، کاوەش ماوە؛ ئەگەر هەستی برایەتی لە هەرێمێک کوژراوە، لە گۆشەیەکی ترا، لە هەرێمێکا کە ئەمڕۆ هەزاران خێوەتی لەسەر سینەی میهرەبانی بۆ هەزاران ڕۆڵەی ئاوارە هەڵداوە، برایەتی لەمێژینە گەشە ئەکا؛ برایەتی مێژوویی ئەبووژێتەوە!!

نازانم لەبەر چی لەپڕ دڵم پڕ ئەبێ لە سروودێکی نەکوتراو و ئەمەوێ پڕ بە هەموو ئەو دەشتە بەرینە هەرا بکەم:

― «بژی! بژی!»