وەنەوزی بۆری شەوانی درنجاوی

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  841 بینین

بەسەرخۆشی لە بارێکی شەوانە ئەگەڕایەوە. خۆی بەم جێگایانەی ئەکوت: «نایت کلاپ». ئەهاتە بەرچاوی کە تا ئەژنۆی لە ناو شەقامی بێ هاتوچۆ و بێ دەنگا بەتەمومژەوە ئەبێ. وای ئەزانی پێی لە زەوی بڕاوە و خەریکی فڕینە. فڕینێکی بەئەسپایی، چەشنی نیشتنی قورینگ لە پەنا شەتاوێک. لەو «نایت کلاپ»ە چەند جار قامکیان بۆ لا ڕاداشتبوو. ئەو وای زانیبوو تاقمی لایەنگرانین و شیعرەکانی ئەویان لە گۆوارە بەنرخەکانا خوێندۆتەوە و بێ گومان هەر کامیان نوسخەیەکیان لە کۆمەڵەی شیعری تازەی ئەو بەناوی «وەنەوزی بۆری شەوانی درنجاوی» لە ماڵا هەیە. ویستبووی ڕواڵەتێکی شاعیرانەی هەبێ، هەستا بوو بۆ تەماشاکردنی دەموچاوی. ڕووی کردبووە ئەو شوێنە کە دەستی لێ ئەشۆن. لەبەر ئاوێنە بەخۆیا ڕوانیبوو و هەستی کردبوو مووی سەر و کاکۆڵی ڕێکوپێکە. بەدەست کەمێکی شێواندبوو. بۆ ئەوە شیاوی ناوی «شاعیری شێواو» بێ. کاتێ گەڕابۆوە، ویستبووی بەبزەیەک تاقمی لایەنگرانی بەسەر کاتەوە و ئەوانیش وەڵامی بزەکەی ئەویان بەقاقایەکی تێکڕایی دابۆوە، شاعیر وای دانابوو کە ئەم قاقایە زۆرترە لەوە کە کاری ئاوی تاڵی سەرخۆشکەر بێ، کاری بزەی لاوێنەرەوەی ئەوە. بەدڵنیایی لەسەر جێگای خۆی دانیشتبۆوە و ئەم بیرە بەمێشکیا هاتبوو: «ئەگەر ئێمەی هونەرمەند نەبین و پەژارەی هەموو ئەم خەڵکە ساکارە نەکەین بە هی خۆمان، بەستەزمانانە چەندە زوو پشتیان لە ژێر باری خەما کۆم ئەبێتەوە.» هەستی کردبوو کە ئەوەندە بەرز بۆتەوە سەری لە میچی هۆدەکە ئەدا. تەنانەت لەو کەسەی بەلای دەستیەوە دانیشتبوو پرسیبووی: «ئەم میچەیان بۆچ وا نەوی دروست کردووە؟» بەڵام کابرا وەڵامی نەدابۆوە. بەبیریا هاتبوو شیعرێک بڵێ بۆ ئەو جیهانە کە هونەرمەندی تێدا نییە و لە دڵی خۆیا گەڵاڵەی شیعرەکەشی گرتبوو «وڵات هەمیشە زستانە، مەڵێ بەهار تۆراوە و هەرگیز ناگەڕێتەوە، بزەیەک لەسەر گوێسوانەی لێوێک دیاری نادا، هەتاو کۆچی دوایی کردووە، ئەوین وەک کوانووی دامرکاوی پاش کۆچی خێڵ، ساردوسڕ هەڵگەڕاوە» و بەخۆی گوتبوو: «لە بیرم نەچێ ئەم شیعرە ئەبێ ئاهەنگێکی خەماوی هەبێ. بەڵام نەک تا ڕادەیەک کە ببێتە شیعری سەر شیوەن.»

سەرخۆشی ئارەق و دڵخۆشی کاتێ کە شیعرەکەی بەپیتی گەورە لە گۆواری وێژەیی ناسراو چاپ ئەکرێ، تێکەڵ ببوون و مەودای تەسکی هۆدەکەی لە بەرچاو تەنگتر ببۆوە.

لە شەقاما تا ئەژنۆی بەتەمومژی ئەفسانەوە ئەبوو، بەرەو کۆڕێک ئەفڕی کە لەوێ چەن هونەرمەندی تر چاوەڕوانی بوون. کاک سروشت کە نەققاشی گەل بوو تابلۆکەی چەند ڕۆژ پێشتر جایزەی گەورەی «بیناڵ»ی وەرگرتبوو. ئەو تابلۆیە کە نەققاش ناچار بوو بە ٣٧ هەزار تمەن بیفرۆشێ، بریتی بوو لە چەند کونی وەک گوڵوێنەی تەندوور، ئەگەر کەسێک چێشکەی هونەری نەبوایە لای وا ئەبوو نەققاشی مناڵێکی قوتابییە کە پاش تەواوبوون بەدڵی نەبووە و خەتی خوار و خێچی بەسەرا هێناوە. نەققاشەکە ئەیگوت ناوی ئەو تابلۆیە «ویەتنام»ە.

کاک زیل و بەم کە مووسیقارێکی گەنج بوو، لووتی هەر لە «کلیلی سۆل» ئەچوو و خوشکە ئارایش کە تازە زانکۆی هونەرە جوانەکانی تەواو کردبوو. ئەوەندە نوێگەر بوو لەسەر دێرێکی چەڵەمەی بەستراوی بێ جەمسەر ڕۆیشتبوو و گەڕابۆوە سەر هەوەڵی شارستانیگەری ئادەمیزاد. لای وابوو، - سوێندیشی بەزێئووس و وێنووس ئەخوارد - درۆ ناکا کە ناحەزی و دزێوی بەرزترین نموونەی جوانییە. ئەیگوت پیاو بێزی هەڵئەستێ کاتێ ئەچێتە ناو هۆدەیەکەوە کە هەموو شت لەسەر جێگای خۆیەتی. کاک شێواوی شاعیریش ئەم قسەیەی زۆر بەدڵ بوو و هەمیشە ئەیگوت: «تۆ و شیعرێک لەسەر من خوشکە ئارایش، سەبارەت بەئافرەتێک کە لەم وشکارۆی بێ زەوقییەدا تێئەگا جوانی یانی چی.»

شاعیر هەروەها سەرخۆش بەناو تەمومژی ئەفسانەدا ئەفڕی. وای ئەزانی لەسەر چیای «ئەلەمپ» لە بارەگای خودایانا دانیشتووە. لەپڕ پشیلەیەک دەرپەڕی و شاعیری ئێمە کە کۆڵەباری ڕاسپێری گرانی مێژوویی بەسەر شانیەوە ئەتگوت پووشێکە، ڕاچەنی و دڵی دەستی کرد بەلێدان. جێگای کاک زیل و بەم خاڵی بوو کە مێلۆدییەک لە لێدانی دڵی شاعیر دروست بکا.

بیری کردەوە. ترس دوژمنی گەورەی ئادەمیزادە، بەڵام نەیتوانی ناوەڕۆکی شیعرێک بدۆزێتەوە کە توانجێک بێ بۆ ترس.

گێژ و خولی خوێنی گەرم ترسی لەسەری ڕەواند و هەستی کرد کە یەکجار بەتاسەوەیە خۆی بگەیێنێتە لای خوشکە ئارایش و باسی حەیوانی سەرەتایی بکەن. باسی ئەو پشیلانە کە ددانیان بەئەندازەی شمشێرێک درێژ بوو.

شاعیری شێواو بەکۆڵانی تەمگرتووی ڕابردوودا گەڕاوە بەرەو دوا. هاتەوە بیری کە بەمناڵیش ئاوگۆشتی پێ ناخۆش بووە. هەڵبەت ئەو کاتە نەیدەزانی لەبەر چی، بەڵام ئێستە هۆی ئەو پێ ناخۆش بوونەی بۆ دەرکەوتبوو. شاعیری ئێمە دڵی وەک پەڕی گوڵ ناسک بوو. ئاشکرایە کە ئاوگۆشت پێویستی بەسەربڕینی گیاندارێک هەیە و ئەو لە فەلسەفەی هیندییەوە گۆشت نەخواردنی هەڵبژاردبوو. لە بیری مابوو کە تەنانەت جارێک لەگەڵ کاک «زیل و بەم»دا کە لووتی لە کلیلی سۆل ئەچوو لێیان ببوو بەکێشە. چونکە کاک زیل و بەم گوتی: «هیندییەکان کارێکی باش ناکەن. لە برسا ئەمرن و ئەو هەموو گایەش لە هیندا بەشەقامەکانا ئەسووڕێنەوە.»

شاعیری شێواو ئەیزانی کە ئاوگۆشتی پێ ناخۆشە. ئەیزانی کە لایەنگری فەلسەفەی گۆشت نەخواردنی جووکییەکانە و لە بیریشی مابوو کە لەگەڵ کاک زیل و بەم دەمەقڕەی لێ پەیدا بووە؛ بەڵام هەرچەند زۆری بۆ مێشکی ئەهێنا نەیدەزانی لەبەر چی کەبابی پێ خۆشە؟ هاتەوە بیری کە چەند ساڵ لێرەوبەر مەلی باڵ زێڕینی ئەوین لەسەر بەرزترین لقی داری دڵی هێلانەی کردبوو، دڵبەرەکەی کچێکی توولەنەمامی قژ زەردی چاو کاڵ بوو، بەڵام بەداخەوە پاش ئەو هەمووە کە شاعیری شێواو هەوڵی لەگەڵ دا و ڕەنجی کێشا و سەدەها جار بەگوێچکەیا چپاند: «هەبوون یا نەبوون، مەسئەلەکە ئەمەیە». هەر تێنەگەیشت «شکسپیر» شاعیرێکی گەورەی ئینگلیسییە و هەر وایئەزانی «گۆران» جەردەیە و «هەژار» پیاوێکی فەقیر و دەسکورتە. لەمەش خراپتر تا ئەو ڕۆژە کە بێ دەربەستانە شاعیری ئێمەی بەدڵی شکاوەوە جێ هێشت هەر نەیسەلماند کە گوڵێکی سیس و ژاکاو لە دڵێکی شکاو ئەچێ.

هەر لەم بیرانەدا بوو کە گەیشتە بەردەرکی ماڵی کاک سروشت. ئەو شەوە بەشادییانەی فرۆشتنی تابلۆی ویەتنام، لە ماڵەکەی خۆیا کۆڕێکی بەزمی پێکهێنا بوو. شاعیر بیری کردەوە کاتێ گەیشتە ناو هۆدەکە چی بڵێ؟ ماوەیەک وەستا و لە قوژبنی مێشکیا شتێکی دۆزییەوە و چووە ژوورەوە. شەپۆلی مووسیقا وەک ئەژدەها بەرەو لای کشا، کاک زیل و بەم خەریکی لێدانی سەمفۆنی ناتەواوی بتهۆڤن بوو، بەڵام هەر ئەچووەوە سەر هەوای شەمام شلکێ. کاک شێواو ڕووی کردە سەرووی کۆڕەکە تا لەسەر سەندەڵییەک کە لە ژووری هۆدەکەوە بەتاڵ بوو دابنیشێ. لەپڕ مووسیقا و هەرا و بەزم بۆ ماوەیەکی کورت بڕایەوە و پاشان قاقایەکی تێکڕایی هۆدەکەی پڕ کرد. کاک شێواو ڕوانی کە هەموو بەسەیرەوە تەماشای ئەو ئەکەن. کەمێک بەخۆیا ڕوانی و دیتی پارچە کاغەزێک بەدەرزی لە پشتی کۆتەکەیەوە هەڵواسراوە. کاغەزەکەی لێ کردەوە و سەرنجی دا تیا نووسرابوو: «مکث کند.فارسی»

ئەودەمە بۆی دەرکەوت کە بۆچ لە نایت کلاپەکەش خەڵکی پێئەکەنین. جا ڕقی لە شیعر و هونەر و هونەرمەندی هەستا و چەشنی مەلێکی بەرزەفڕ کە تیری ڕاوچییەک بیپێکێ، کەوتە سەر زەوی و هەستی کرد ئیتر ناتوانێ هەڵفڕێ.