ئاسۆ ڕوونە

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  1763 بینین

هەرکە ئەبوو بەلای ئێوارە، یەک یەک لە ماڵ و لەسەر دووکان و لە شوێنی کار ئەهاتینە دەرەوە و هەموو ڕوومان ئەکردە چایخانە و کەناری گۆلێکی گەورە کە جێگای ئاولێهێنانی کچانی شارە خنجیلانەکەمان بوو. پۆل پۆل گەنجی تاسەداری دڵ پڕ لە هیوا بەپیاسەی نەرم و شۆخ لە شەقامەکەوە تێئەپەڕین و هەرکە ئەگەیشتنە نزیکی گۆلەکە هەنگاویان شل ئەبوو و بازی نیگایان لەسەر داری تازە نەمامی بەژن و بارێکی بەکەشم و نەشم ئەنیشت. ئیتر هەر ڕوانینی گەرم و بێ پەردەی کوڕان و نیو نیگای نیوە ئاشکرای کچان بوو کە ئاڵوگۆڕ ئەکرا. گاهێ دەستێکی پیاوانە بەسمێڵێکی خورمایییا ئەهات و لەولاشەوە پەنجەیەکی نەرم و سپی، لکی پووشین و دەسماڵەکەی لائەدا و بۆ ماوەیەکی کورت چەشنی هەورێکی سپی بێ باران، بەری ڕۆژی گەشی چاوی ئەگرت و تەزوویەکی خۆشەویستی وەک شنەی دەم بەیان ئەکەوتە سەر دوو لەشی گەرم و گەنج، چونکە هەردووک لا ئەیانزانی ئەم ئیشاڕە کورتانە، بانگهێشتن و میواندارییەکە بۆ سەر خوانی ڕازاوەی ئەوین لە نیوە شەوێکی لە بیر نەچووا کە بەپڕشنگی نیوە ڕەنگی مانگەشەو ڕووناک ئەبێ و بەکاتی شیرین و کورتی بەیەک گەیشتنێکی پاکا لەگەڵ ئەبەدییەت و هەرمان تێکەڵ ئەکرێ.

فەرهاد بەپێچەوانەی هەموو هاوتەمەنەکانی زۆرتر لەوە کە قسە بکا و بجووڵێتەوە، بیری ئەکردەوە و کشومات ئەیڕوانی و لەم دوو چاوەوە کە ئەتکوت دوو شەوەی بێگەردن نەتئەتوانی پێ بنێیتە ناو سەرای دەروونییەوە. ئەتکوت هۆدەیەکی تەریکە کە دوو پەردەی ڕەش دەرگای خۆرەتاوی لەسەر پێوە داوە. فەرهاد هەموو ژیانی لە ناو خۆیا بوو. ئەتکوت ئەو دەشت و کێوە کە بەهاران بەگەزیزە و نەورۆزە و هەزاران گوڵ و گیای ڕەنگاوڕەنگی تر خۆی ئەکرد بەبووک، ئەو هەموو زیل و بەمە کە لەسەر هەر لکی دارێکەوە دەنووکی بچووک و گەرووی ئەوینداری مەلی ئێسک سووک هەڵدەستا و لە پەنا هەموو جۆگە و ڕووبارێکدا «دارسیاس» خودای مووسیقا و شۆڕ و تاسە ئەبووژایەوە، لە دڵی فەرهادا هیچ هەستێکی لاوی نەدەلاواندەوە. ئێوارانە کە هەموو لاوانی شار دەستیان لە کار هەڵئەگرت و لە ناو شەقام و گەڕەک و کۆڵانا بڵاو ئەبوونەوە و بەدڵی خۆیان ئەژیان و ژەنگ و ژاری شەکەتییان لە چاوەی پیرۆزی کەوسەری دڵدارییا ئەشوت، فەرهاد بەباوەشێک کتێبەوە ڕووی ئەکردە چۆڵی و لەگەڵ جیهانی زانست و هونەرا تێکەڵ ئەبوو و ڕۆژپەڕی ئێوارێ ئەگەڕایەوە و ئەچۆوە ناو ماڵ. ئەگەر هەواڵێک تەوسی بدایە لە جیهانی تایبەتی ئەو، بیکوتایە لەم هەموو سەر بەکتێبا گرتنە چی دەس ئەکەوێ، لەسەرخۆ ئەیکوت: «بەری داری باغچەی کتێب، بیرکردنەوەیە.» ئەیکوت: «جیهانی ئێوە هەرچی هەیەتی بەڕوانینی یەکەم دێتە بەرچاو. جیهانی ئێوە قاشێکی بچووکە لە زەمان، بەڵام من لە جیهانی کتێبا دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانی ئەبینم و هەست ئەکەم ڕووبارێکم کە خوڕ و خورۆشان بەمێژوودا دێمە خوارەوە، نەک وەک ئێوە کە ئەبن بەگۆلاوێکی قەتیس ماوی بەخاک و خۆڵ گەمارۆ دراو و تەنیا لە ڕوانگەیەکی تەنگەوە ئاسمان ئەبینن.»

فەرهاد ئەوەندە لە ناو خۆیا ئەژیا کە منیش کە لە هەموو کەسی لێی نزیکتر بووم تا ئەو ڕۆژە نەمدەزانی دەنگی ئەوەندە خۆشە. ئەو ڕۆژە من هەستێکی نەناسراوی سەرکێش هەڵیگرتم بۆ کەناری ڕووبارێک کە دەوروبەری بەدارەبی و گیای بەهاری شینی ئەکردەوە و لە ژێر دارەکانا چاو ببڕیە شەپۆلی بێ هەدای ڕووبارەکە و ژیانی ڕابوردووت بێتەوە بیر. ئاشکرا لەگەڵ کچێکا ژێر دارەکان بکەی بەجێژوان و گوێ بگری لە جریوەی مەل و شنەی شەماڵ کە لەشی شلکی گیا و گژی لەیەک ئەخشاند و لە جیهانی خەیاڵا یا سواری ئەسپی شەپۆل ببی کە باڵی شۆڕ کردبۆوە و پەلی ئەکوتا بەرەو ئاسمان، یا باڵی سپی هەوری بێ باران کە وەک قوو بەدەریای بێ سنووری ئاسمانا پۆل پۆل تێئەپەڕین بکەی بەقۆناخ. من سەرگەرمی ئەو خەیاڵانە بووم و ئەشکام بەرەو لێواری ڕووبارەکە کە دەنگێکی یەکجار بەکوڵ ئەهاتە گوێم:

:کچە بۆکانی کە بووکی نازن

:قۆڵ بەبازن، مل و پێسیر وازن

:زەردەمەم دیارە کە خاوەن نوستوون

:بۆ پشوودان لە کراس دەرکەوتوون

 

تا دەستم نەنا سەر شانی و نەمکوت دەمخۆش، نەیزانی. لە پەنایا دانیشتم و پرسیم: «تۆ کە دەنگت ئەوەندە خۆشە، ئەوەندە جوان چاک و پێکەوتووی، بۆچ ناتەوێ لە کاتی لاویت کەڵک وەربگری؟» دیسانەوە چاوی هەر ئەو جووتە شەوە ڕەشە بوو کە بەئەندێشەوە ئەتتوانی تەماشای کەی، بەڵام بەپێچەوانەی هەموو جارانی پێشوو کە لە بەرامبەر ئەم پرسیارە تەوساوییانەدا زەردەیەکی ئەخستە سەر لێو، وەڵامی منی بەم چەشنە دایەوە:

«من بۆ خۆم ناژیم. من تەنیا نیم. ئەم خەڵکە هەموویان بەشێکن لە من؛ چۆن ئەتوانم تێر زگم بخۆم لە کاتێکا سەرم دێشێ. چۆن ئەتوانم پڕ بەدڵ پێبکەنم لە حاڵێکا ئەندامێکم لە ئاگری دەردا خەریکی توانەوەیە؟ منیش ئەوین ئەناسم. جوانی ئەپەرستم، بەڵام لە کاتێکا هەزار ئەوین لە دڵی هەژارانا ئەخنکێ، جوانی ئەسیری دەستی دێوی ناحەزییە، چۆن ئەتوانم ئەویندار بم و بەجوانی هەڵبڵێم؟»

ئەمە یەکەمین و دوامین قسەیەک بوو کە لەم بارەوە لە فەرهادم بیست.

تا بەرنامەیەکی تر بەخواتان ئەسپێرین.