گەڕانەوە

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  998 بینین

هەرکە چاوی بەڕووناکایی حەوشی نەخۆشخانە کەوت هەتاوێک لە دڵیا هەڵات. وەک فانووسێک کە هەڵیکەی و پڕشنگی گڕەکەی بکەوێتە سەر شووشەکەی. هەتاوێک بەسەر حەوشی نەخۆشخانەکەدا پان ببۆوە و شەونمی لەسەر چیمەنەکەی بەتامەزرۆیی هەڵئەمژی. لە بەرچاوی هۆمەر هەموو وڵات ئەتکوت دەمێکە و بەزەردەیەک کراوەتەوە. لە حەوشی نەخۆشخانەکە تێپەڕی و پێی نا ناو شەقامەوە. پاش شەش مانگ بێ دەنگی خەستەخانە و نیوە نووزەی نەخۆش و چرپەی بەئەسپایی نەخۆشەوانەکان، هەرای ناو شەقام بۆ گوێی هۆمەر لاوێنەرەوە بوو، چونکە نیشانەی ژیان و کار و زیندووبوون بوو. ماوەیەک لە بەردەرگا وێستا. چەن جار ئاوڕی داوە بۆ حەوشی نەخۆشخانە و چەن نەخۆشی دی بەبەرگی سپی نەخۆشخانەوە خۆیان لەبەر هەتاو هەڵخستبوو. بەپێکەنینێک و دەس ڕاوەشاندنێک ماڵاوایی لێ کردن؛ پاشان لە ناو هاتوچۆکەرانی شەقاما گوم بوو.

هۆمەر بێ ئەوە بزانێ بۆ کوێ ئەچێ لەم کۆڵانەوە بۆ ئەو کۆڵان، لەم شەقامەوە بۆ شەقامێکی تر پیاسەی کرد و هەموو دووکانێکی شار سەرنجی ڕاکێشا، چەند جار بێ ئەوە بڕوانێتە چرای سوور پێی نا ناو شەقامەوە و لێخوڕەکان قسەی سووکیان پێ کوت. هۆمەر لای سەیر بوو کە ئەمانە بۆچ جنێو ئەدەن. هەرچی ئەیکرد نەیئەتوانی هۆیەک بۆ ئەم هەموو پەلەیە بدۆزێتەوە. وەک شارەمێروو خەڵک ئەهات و ئەچوو و کەس کەسی نەدەناسی. لەپڕ تاسەی ئاوایییەکەیان وەک تەڵخەک کەوتە سەر دڵی؛ پێی شل بوو و بازی بەهەڵپەی نیگای کە هەموو لایەکی ئەپشکنی، گەڕایەوە بۆ هێلانەی دەروونی. شانی لە شانی چەن کەس دا و چەن جار بەتووڕەیییەوە پێیان کوت: بەر پێت تەماشا کە، مەگەر کوێری؟! بەڵام هۆمەر هەر بەلەش لە شارا مابوو، بەگیان و دڵ گەڕابۆوە دێ. لە کەناری مەیدانێکی گەورە کە لە ناوەڕاستەکەیا پەیکەرەی پیاوێکی مەزن لە بەرد دروست کرابوو، چاوی بەتاقمێک کەوت کە بەجلوبەرگەکەیانا لە خەڵکی دێهات ئەچوون. گەنج و پیر و مناڵ هەموو لەبەر بەڕۆچکا دانیشتبوون. یەک خەریکی قەننەکێشان بوو، یەک بەتاسەوە لەنجەولاری ئافرەتێکی گرتبووە بەر ڕوانین و یەکی تر خەونووچکە ئەیبردەوە و زەنگن و پێمەڕەکەی لە لای دەستیا دانابوو. هۆمەر هەستی کرد لەو تاقمە نزیکترە تا ئەو شارییانە کە جنێو ئەدەن، بێهوودە پەلەیانە و یەکتر ناناسن. هێندەی پێ نەچوو کە هۆمەریش یەکێک بوو لەو کۆڕە.

هۆمەر لە ژێر چاوەوە لە جلوبەرگی ئەو هەژارانە ورد بۆوە. کوردی نەبوو، بەڵام هێشتا لە بەرگی کوردی نزیکتر بوو تا بەرگی فەڕەنگی. خەڵکی شار زمانیشیان کوردی نەبوو، بەڵام هۆمەر ئەیزانی ئەڵێن چی، چونکە زۆر وشەی کوردی لە زمانەکەیانا هەبوو. ویستی لەگەڵ گەنجێکا کە لە پاڵ دەستیەوە دانیشتبوو و کۆتێکی کۆنی ئاتەگ درێژی لەسەر بەرگی دێهاتییەوە کردبووە بەری قسە بکا، بەڵام گەنجەکە هەر خەریکی ڕوانینی ئافرەتەکانی شار بوو. تا یەکیان لە دوورەوە ئەهات نیگای ئەو گەنجە وەک هەنگ بەسەر سینگ و کەمەر و دەموچاویەوە ئەنیشت و تا لە بەرچاو گوم نەبوایە دەستی هەڵنەدەگرت. هۆمەر ناچار کوشمەی کرد و بێ دەنگ بوو. لە خەیاڵا گەڕایەوە بۆ ئاوایییەکەیان. هاتەوە بیری کە شەش مانگ پێشتر لە کاتێکا خەریکی بەفرماڵینی سەربانی خۆیان بوو کەوتە خوارەوە و ڕانی شکا. ئەو شەوە ساردانەی هاتەوە بیر کە تاوتێی برینداری بڕستی لێ بڕیبوو، بەچەشنێ کە خێزانی ئەیکوت حەوتەیەک لەسەریەک شەو تا بەیان وڕێنەی کردبوو. خێزانی ئەیکوت کە وڕێنەکانی ئەوەندە کوفر بوون کە لەوانە بوو بەرد ببارێ! بەڵام خوا بەزەیی پێیاندا هاتبوو و تەنیا تەرزەی بەئەندازەی سەرە چۆلەکەیەکی باراندبوو و سەری مناڵەکەیانی شکاندبوو!

هەودای بیرکردنەوەی هۆمەر بەدەنگێکی تیژی وەک نووکی مقەست پچڕا و گەڕایەوە ناو هەرای شار. پیاوێکی چوارشانەی سمێڵ بابڕ چەن گەنجێکی لە هەژارە دێهاتییەکان بەپێوە ڕاگرتبوو و چەشنی چێودارێکی پسپۆڕ ئەیڕوانییە بەژن و باڵا و دەست و مەچەک و شان و باهۆیان. ئەتکوت خەریکە بیانکڕێ. گەنجەکانیش بێ دەنگ هەر کام بەپاچێک، پێمەڕەیەک، یا زەنگن و قوڵینگێکەوە ڕاوەستا بوون و چاوەڕوان بوون بزانن کابرا کامیان هەڵئەبژێرێ بۆ کار. کابرا هاتە سەر سەری هۆمەریش، ماوەیەک تەماشای بەرگە کوردییەکەی کرد و بەپێکەنینەوە شتێکی کوت کە هۆمەر تێی نەگەیشت؛ پاشان چەن کەسی لەوانی تر هەڵاوارد و خۆی کەوتە پێشیان و ڕۆیشتن. هۆمەر لە پیرەپیاوێکی کە خەریکی تەکاندنی خۆڵەمێشی سەبیلەکەی بوو پرسی: «ئەمانە بۆ کوێ چوون؟»

وا دیاربوو هەژاری ئەو هێزەی هەیە کە ئەوان لە زمانی یەک تێبگەیەنێ. پیاوە پیرەکە لە وەڵاما کوتی: «کار!» پاشان دەستی بەزگیەوە گرت. وا دەرئەکەوت برسیەتی. هۆمەر لە کیفە کۆنەکەی چەند ئەسکیناسی کۆنی دەرهێنا و کوتی: «من دراوم هەیە، بەڵام نازانم نان لە کوێ دەس ئەکەوێ.» کابرا پیرە بێ ئەوە لای وابێ پێویستە سپاسێک بکا، کەمێک لە دراوەکەی وەرگرت و پاش چەند وردەیەک هەر دەستی بەهەڵپە بوو ئەکشا بەرەو نانی گەرمە تەنوور.

هۆمەر لە ئوتوبووسێکی شەق و شڕا کە بەرەو موکریان ئەچوو سەری بەسەر سینگیا شۆڕ ببۆوە. لەسەر خوانی شەکەتی بەخەوێکی خۆش میوانداری کرابوو. خەوێکی خۆش و پڕ لە خەونی خۆش. خەونی ئەمە کە جارێکی تریش خەڵکی ئاوایییەکەی ئەبینێتەوە، لەگەڵ خێزانیا لەسەر ئاوری نزیک لە دامرکان بەحەو جۆشی ڕەش و کتری تەنەکە چای تازەدەم ئەخۆنەوە، دیسانەوە خێزانی ئەڵێ، پیاوەکە ناشکوری مەکە خوا بۆ ئێمەش گەورەیە و ئەویش وەڵامی ئەم قسانە تەنیا بەبزەیەکی پڕ مانا ئەداتەوە.

تا حەوتەی داهاتوو بەخواتان ئەسپێرین