ڕووناکبیر

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  900 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. تکایە گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک. هەڵبەت پێویستە لەسەرمان کە دووپاتەی بکەینەوە ئەم بەرنامەیە هەمیشە بەڕاسپێری خۆی زانیوە لەگەڵ ڕوونکردنەوەی قوتابخانە وێژەیییەکانی کورد و ئێران و جیهان، نموونەی شیعر و نەسری کورد و نەتەوەکانی تریش بخاتە بەرچاو. ئێمە ئامادەین کە شوێنەواری گوێگرانی ڕووناکبیرمان لەم بەرنامەیەدا بڵاو بکەینەوە و سەبارەت بەپرسیارێک کە لە بارەی وێژە و هونەرەوە بۆ ئەوان پەیدا ئەبێ، وتووێژیان لەگەڵ بکەین و بەهەردوو لا تێکۆشین بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو گۆشە تاریکانە کە دێتە بەرچاو. ئەزانن کە ئەم بەرنامەیە هەوڵی داوە بەشێوەیەکی نوێ لە وێژە و هونەر بکۆڵێتەوە و هەرێمی باسەکەی پان و پۆڕ کاتەوە، بەچەشنێ کە هەموو ئەو شتانە کە تەئسیریان لەسەر هونەر هەیە بگرێتەوە، چونکە ئەزانین وێژە بەناوی بەشێ لە هونەر، لە کۆمەڵا پەروەردە ئەبێ. بێ گومان هەموو ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی، هەموو ئەو شتانە کە باری کۆمەڵییان هەیە، وەک مێژوو و ئابووری و زانیاری، تەئسیر ئەکەنە سەر وێژە و هەرێمی دەسەڵاتی باسەکەی ئێمە هەموو ئەوانە ئەگرێتەوە و لە ڕێبازی تەسک و تەنگی لێکدانەوەی وێژەوانیدا ناوەستێ. چونکە ئێمە لامان وایە بەزانینی ئەم شتە بێ بایەخانە کە فڵان شاعیر کوڕی کێ بوو، تەمەنی چەند ساڵ بوو و یا فیسارە شیعر لە باری تەقتیعی عەرووزییەوە چەندە ڕێک کەوتووە و ئیهام و ئیستعارە و فەننی تری بەدیعی چەندە زۆرە، شتێکمان پێ نابڕێ و دەسکەوتێکی هێژامان دەس ناکەوێ. گرینگ ئەمەیە بزانین کە نووسەر و شاعیر و هەر هونەرمەندێکی تر بۆ جوانکردنی باری ژیان و بەرەو پێش بردنی کۆمەڵ چی کردووە و چی لە دەس هاتووە؟ ڕەنگە هەندێک بڵێن شاعیر خاوەن دەسەڵاتی ماددی نییە کە بتوانێ کۆمەڵ بەرەو پێش بەرێ؟ ئێمە لە بەرامبەر ئەم پرسیارە چاوەڕوان کراوەدا ئەڵێین: بەرەو پێش بردن و جوانکردنی ژیان، پێویست ناکا بەچەشنێکی بەرچاو و دیار لە هەرێمی ماددیاتا بێ. کەس ئینتزاری لە هونەرمەند ئەوە نییە کە کاری کاربەدەستانی وڵات بگرێتە ئەستۆ. هونەرمەند کاری ئەوەیە کە ڕێگای خەڵک ڕووناک کاتەوە و لە ڕابردوو و داهاتوو و ئێستای تێبگەیەنێ. ناحەزییەکان دەربخا و کۆمەڵ ئامادە بکا بۆ وەرگرتنی ژیانی بەرزتر و ئینسانی تر.

ئێستا پارچە پەخشانەکەتان پێشکەش ئەکەین، بەهیوای پەسندی ئێوە.

پەنجەرەکانم کردەوە. هەستم کرد هەوای فێنکی کۆڵان خۆی کرد بەژوورەکەما و چەشنی تەمی بەرەبەیان لە دەوری لەشم هاڵا و گەرمای لەشمی کرد بەهەڵم. ئەتکوت لە ناوەوە ئەسووتێم و دووکەڵم لەسەر هەڵدەستێ. ناو کۆڵانەکە ڕووناک بوو، وەک زەردەیەک کە نازانی هی شەرمە، هی توانجە یا هی خۆشەویستی. ناو هۆدەکەم گرژ و مۆن بوو و لەسەر بەڕەیەکی خرسەکی کۆن کتێبەکەم لەیەک کرابۆوە. ئەتکوت لەبەر شەکەتی سینگی ڕووت کردووە و هەردووک دەستی ڕاست ڕاکێشاوە.

هەرکە زڕەی زەنگی دەرگای حەوشەکە هەستا بەگورجی خۆم پۆشتە کردەوە و بەدوو لۆقی درێژ خۆم گەیاندە بەردەرگا. دەستێکی بچووکی سپی بۆ جاری دووهەم درێژ کرابوو زەنگ لێ بدا کە من دەرگاکەم کردەوە و دەستە بچووکەکە بەئەسپایی هاتە خوارەوە و خۆی خزاندە ناو دەستی گەرم و تاسەباری منەوە. پرسیم: «درەنگ هاتی؛ لات وانییە چاوەڕوانی لە وزەی مندا نییە؟»

لەسەرخۆ جانتایەکی پڕ لە کتێبی کە بەدەستییەوە بوو لە گۆشەیەکا دانا و پاڵی دا بەدوو سەرینی کوردییەوە کە جێگای کاتی تەمەڵی من بوو. کوتی: «سەردەمی زوو بۆ هەموو شت کاتیان هەبوو. بۆ یەکتر دیتن، بۆ حەسانەوە، بۆ کار و بۆ بەزم و ئاهەنگ و ڕاو و زەماوەند. بەتایبەت بۆ دڵداری.»

کوتم: «ئێستە چی، گوایە شەو و ڕۆژ کورتتر بوونەتەوە؟!»

بەکەمێک دڵڕەنجییەوە کوتی: «ڕووناکبیر دەرگای لەسەر خۆی پێوەداوە و ئاگای لە ژیانی کۆڵان و گەڕەک بڕاوە. تۆ تا بەئەسپایی مژێک لە سیغارەکەت ئەدەی نیو سەعات ئەخایەنێ. لە کاتێکا لە ناو گەڕەک و کۆڵان هەموو کەس ڕائەکا؛ بەرەو کوێ، خوا ئەزانێ. زەنازەنا و دەنگ و هەرا هەرگیز نابڕێتەوە. تۆ ئیتر نابینی کەس بۆ لە دەسچوونی ئەوینێک، بۆ ژاکانی گوڵێک بگری. کەس چاوی لە هەڵفڕینی پەپوولەیەک نییە. باڵدارێ کە جار جار سەرنج ڕائەکێشێ، واشەی ئاسنە کە مەلی گیان ڕاو ئەکا. ئیتر کەس بەمەوە ماندوو نییە کە مەلی گەرمێن لە بەهارا بێنەوە و لە پەنا شەتاوێکی سەوز و مەندا بنیشنەوە و وێنەیان بکەوێتە ناو ئاوێنەی گۆلاوەوە.»

کەمێک پشووی هاتەوە سەرخۆ و سەری هەڵێنا و دوو فرمێسکی ڕوونم لەسەر گۆلاوی شینی چاوی بەدی کرد کە ئەهاتن ببن بەدوو دڵۆپی شەونم لەسەر پەڕەی گوڵی گۆنای.

کوتم: «ژیان ئەگۆڕێ و کەس ناتوانێ پێش بەگۆڕانی ژیان بگرێ.»

کوتی: «بەڵێ، ئەگۆڕێ، بەڵام پرسیار ئەمەیە، بۆچ بەرەو دزێوی ئەچێ؟ تۆ لات وایە چارەی هەموو دەردێک لەم پەڕاوانەدایە کە هۆدەکەت پێ پڕ کردوون! لە کاتێکا من بڕوایەکی ترم هەیە. ئەڵێم دانیشتن و دەرگا بەستن و تەنانەت لە سەرما و گەرمای ناو کۆڵانیش بێ خەبەر بوون خۆی دەردە. ڕووناکبیری تەریک خۆی سەربارە.» پاشان وەک کەسێک کە لای وابێ هەرچی ئەیڵێ بۆ ئەو کەسە وا گوێی لێ گرتووە وەک بەردێک وایە بەگومبەزێکیدا بدەی، کوتی: «قسەکە ڕۆشنتر و دیارترە لەمە کە لەسەری بڕۆم. کۆمەڵ وەک داری «ئەلاقوچکێ هەلەق مەلەق» وەهایە. کەمێک لەوسەری دانیشتوون و زۆرێک لەم سەرەی. لانی زۆرەکان نیشتۆتە سەر زەوی، وەک سەری نیری جووتیاری بێ گاجووت و توو، لانی کەمەکانیش پەڕیوەتە بەرزی. تۆ لات وایە چار چییە؟ وەک تۆ دانیشتن و سەر بەکتێبا گرتن و دووکەڵی خەفەت بەبا کردن؟ یا هاندانی ئەو زۆرانە کە هەستن و سەرداری ئالاقووچێ سووک کەن؟ ئەو دەمەیە کە ئەبینی کەمەکان دێنە خوارەوە. ئەگەر جووتیار بۆ خۆی بچێنێ و بۆ خۆی بدروێتەوە، دەرەبەگ کوا کۆشکی چەند قاتی بۆ بەرز ئەبێتەوە؟.