غەریبی

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  1335 بینین

شەویان شوورەیی کردبوو بەقسەی پڕوپووچ. هەندێ کوتبوویان کە بەیانی ڕاوی قەل و مراوی و پۆڕ خۆشە و هەندێک لایەنگری ڕاوی کەروێشک بوون. سەری شەو هەندێ لە ڕەشایییەکان یا لە سەرمای ماڵەکەیان ڕایانکردبوو یا لە بۆڵەی خێزانیان لەبەر نەکڕینی کەلوپەل و لێ نەکردنی زمهەڕی زستان و کەوتوویی مناڵەکەیان، لە ماڵ تاراندبوونی و ڕوویان کردبووە دیوەخانی ئاغا؛ یا گزیر دەنگی دابوون بەیانی بەفری سەربانی ئاغا بماڵن و هاتبوون بڵێن وەروەرەیان نییە یا بپاڕێنەوە کە بەیانی ئەچن بۆ شار و مناڵەکەیان ئەبەن بۆ دەرمانگا. بەڵام پاش ماوەیەک دێ دامرکابوو. دەنگی لوورەی گورگ و وەڕەی سەگ تێکەڵ لوورەی بای ساردی زستان ببوو کە بەفری لە کۆڵانەکان ڕائەپێچا و ئەیکرد بەگەردەلوول و چاڵ و قووڵی تێک ئەکردەوە. سەرما، وەک گیانی مردووی سەرگەردان خشکەی ئەکرد بۆ کەلێن و قوژبنی ناو ماڵەکانی ئاوایی، بەڵام لە دیوەخانی ئاغا کڵپەی سۆبە بەقەڵاشکاری وشک، لەشی پیاوی خاو ئەکردەوە و مزگێنی خەوێکی خۆشی پێوە بوو، بەڵام شەو درێژ و عەوداڵ و بەتاڵ.

ئاغا لە پەنا سۆبەی گەرموگوڕ دانیشتووە. دەستوپێوەندی هەندێ بەپێوە و هەندێ لەسەر ئەژنۆ دانیشتوون. شەویلکەش گاهێ بەشەوچەلە و گاهێ بەقسەی پڕوپووچ ئەبزوێ. بێ دەنگی هی ئەو کەسانەیە کە خەمیان هەیە.

سەری شەو دیتم کابرایەک وەک سێبەری هەورێک کە بۆ ماوەیەکی کورت پەڵەیەکی بۆر بخاتە سەر زەوی و تیژ تێپەڕێ هاتە ناو دیوەخان، بەڵام کەس نە ڕووی تێ کرد و نە تەنانەت زانی کە کەی هات و چەندە وێستا و چۆن چووە دەرەوە. من لە کۆڕی دیوەخانا وەک پینەیەکی ناحەز لەسەر بەرگێکی تازە وەها بووم. نە قەت تفەنگێکم لە کەوێک تەقاندبوو، نە هەرگیز ڕاوی کەروێشکم دیتبوو و نە قسەی خۆشی وەهام ئەزانی ئاغای پێ بهێنمە گەشە. تەنیا ئەوەندەم لە دەس ئەهات لە گۆشەیەکا دانیشم و گوێ بدەمە ئەو قسانە کە هەموویان بەلامەوە بێ بایەخ بوون. لە دیوەخان هاتمە دەر و لە پێشخانەی نیوە تاریکی پێشخانەکەدا بەشوێن جێگایەکا چاوم گێڕا، چاوێکی لێ گەرم بکەم، کەچی چاوم بەهەیکەلێکی پەڕپووت کەوت کە هەردوو ئەژنۆی لە باوەش گرتووە و سەری بەسەر باسکیا شۆڕ بۆتەوە. چرای گڕسۆزی پێشخانە ئەوەندە ڕووناکی نەبوو کە بیناسمەوە، بەڵام کاتێ منیش وەک ئەو لە تەنیشت سۆبەی دامرکاوی پێشخانەکە دانیشتم و باش سەرنجم دا زانیم ئەو کەسەیە وا سەری شەو هاتە دیوەخان و زوو گەڕاوە. لام سەیر بوو کە بۆچ نەچۆتەوە ناو خێزانەکەی خۆی. هەر لەو بیرانەدا بووم کە لێی پرسیم: «وا دیارە خەڵکی ئێرە نیت؟»

لەو ماوەیەدا سەبیلەیەکی تێ کردبوو؛ مژی یەکەمی لێدابوو؛ لە ژێر نووری ئاوری سەبیلەکەیا ڕواڵەتیم هاتە بەرچاو؛ لە پەیکەرەی خودایانی یۆنانی کۆن ئەچوو. دەموچاوێکی زبری بەچین و گنجی ورد و درشت داپۆشراو، سەر گۆنای کەمێک قوت، گووپی تێکقوپاو، چەنەی پان و هەندێک هەڵتۆقیو.

کوتم: «نا من ئێرەیی نیم، بەڵام تۆ چی؟ تۆش غەریبەی؟»

مژێکی تری لە سەبیلەکەی دا و دووکەڵ وەک ئەژدیها بەجینگڵدان بەرەو تاریکایی میچی هۆدەکە کشا.

― «نە، من خەڵکی هیچ شوێنێک نیم. لە هەموو لایەک غەریبەم. تەنانەت لە ناو خێزانەکەی خۆشما غەریبەم. پیرۆز پێم ئەڵێ، تۆ دەستەوەستان و بێ کارەی، هێشتا تێنەگەیشتووە چارەنووس یانی چی؟»

بیرم کردەوە ئەم چارەنووسە، ئەم ئاسمان تاوانبار کردنە، گاهێ چەندە تەسکین ئەدا بەدڵی خەمبار. پرسیم، پیرۆز خێزانتە؟

کوتی: «بەڵێ، پیاو بێ ژن ناحەوێتەوە، ئەگەر هاوسەرێکیش پەیدا ئەکا ئەمەیە ئاکامی. لای وایە من خوام، نەخۆشی و ساغی مناڵەکەمان بەدەس منە. خوا ئەزانێ کاتێ ئەو کۆرپە ساوایە بەدەم تاوتێوە ئەناڵێنێ، من ئەبم بەبرێشکەی سەر سێڵ. ئاخر ئەو بەستەزمانە تەمەنی دوو ساڵە و بەرگەی نەخۆشی ناگرێ.»

پرسیم: «دەی جا بۆ هەڵناسی بچیەوە بۆ لای؟»

بەناڵینەوە کوتی: «چیم لە دەس دێ. ئاغا کردوویەتە سەرم، بەیانی باراشی بۆ بەرمە ئاش. زمهەڕی زستانی ئاغا، تا لێ ئەکرێ و تەواو ئەبێ دە ڕۆژی پێ دەچێ و من ئەبێ ئەو ماوەیە لە لای باراشەکان بمێنمەوە. هاتم بەئاغا بڵێم کەسێکی تر بنێرێ؛ بەڵام دیتم لە هۆدەی گەرما کە باسی ڕاو و ڕابواردنە، چۆن ئەتوانم باسی سەرما و نەخۆشی بکەم. بەڵێ من غەریبم. لە هەموو لایەک، تەنانەت لە ئاوایییەکەی خۆشما، لە ناو خێزانەکەما و لە ناو بەرگە شڕەکانیشما.»

قاقای کۆڕی دیوەخان، لوورەی گورگی بیابان و گژەی بای زستان بەیەکەوە بەرز بوونەوە و تێکەڵ بوون. سەرم سووڕا. ڕق و توانج و تووک بەقووڵترین ناخی دڵما گەڕا. بەڵام... بەڵام، چیم لە دەس ئەهات؟ هەروەک ئەو پیاوە چی لە دەس نەدەهات بۆ تیماری کۆرپەکەی. هەستم کرد ئەوەندە بێ هێزم، ئەوەندە هیوا بڕاوم کە هاکا بڕوا بەچارەنووس بە سەرما زاڵ بێ. هەردوو ئەژنۆم گرتە باوەش. خەو لە چاوم تارا و خەم خۆی خزاندە ناو دڵمەوە. سەرم بەسەر ئەژنۆما شۆڕ کردەوە و چاوم نایە سەریەک و وامزانی لە ماڵی ساردوسڕی کابرا دانیشتووم.

کۆرپەیەکی نەخۆش، لەشی شلک و بێ هێزی لە ئاوری یاوا ئەسووتا. تەنانەت هێزی گریانیشی نەمابوو، بەڵام ئەیناڵاند و هەر ناڵەیەکی ئایەتێکی خوایی بوو کە نوێژی ترسی هەڵئەگرت. دایکی وەک ئاسکێ کە لە دەس ڕاوچی ڕایکردبێ، نیگای پڕ بوو لە ترس و دوودڵی. چاوێکی لە چەپەری شڕی ناو ماڵەکە بوو کە مێردەکەی لە دیوەخان بگەڕێتەوە و چاوەکەی تری پاسەوانی نەخۆشە بچووکە بێ تاوانەکەی ئەکرد. هەر نیگایەکی توانجێک بوو بۆ کۆمەڵی ئادەمیزاد.

سەرم بەرز کردەوە. کابرا نەما بوو، هەروەک بێ خشپە هاتبوو، بێ چرپەش ڕۆیشتبوو. ڕاستی ئەکرد. ئەو لە هەموو شوێنێک غەریب بوو. بەڵام بەو چەن قسەیە منیشی کردبوو بەهاوسەفەری خۆی. سەفەری هەرێمی غەریبی. هەستم کرد کۆڕی دیوەخان بێ دەنگە. خەوی بەربەیان لە هۆدەی گەرما کاری خۆی کردبوو. بەڵام من غەریب بووم. تەنانەت لە ناو بەرگەکانی خۆشما. ئەو بەیانەش کە خەریک بوو لە سنووری ئەو ڕۆژەوە دەرئەکەوت، غەریبی لێ ئەباری.