ئادەمیزاد و ئەشیا و هونەر

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  932 بینین

سەلام لە گوێگری بەهەست و هونەرپەرست.

ئادەمیزاد تاقە دارێکی تەریک نییە لە دووڕگەیەکی گەمارۆ دراو بە حەوت دەریا. لە پایانی بێ سنووری هەبوونا. ئادەمیزاد بەشێکە لەو پەیکەرە کە پێی ئەکوترێ کەون و لەگەڵ بەشەکانی تری هەبوونا پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە. ئادەمیزاد تێکەڵ و ئاوێتەی کۆمەڵە کە لە جەمبوونەوەی ئادەمیزادانی تر پێک دێ. هەروەها تێکەڵە لەگەڵ شت؛ واتە ئەو شتانە کە زیندوون و زیندوو نین. با نەچینەوە سەر ئەو باسە فەلسەفییە کە بڕوای وایە ئادەمیزاد لە جیمادییەوە بوو بەنامی، پاشان بووە بەزیندوو و ئەمجار بوو بەئینسان و لە ئینسانییەوە بەرزتر ئەبێتەوە بۆ پلەیەکی ئەوتۆ کە ئاوەزی بەشەری ناگاتێ! ئێمە لەم بەرنامەیەدا باسی ئادەمیزاد و ئەشیا ئەکەین بەلێکدانەوەیەکی وێژەیی و هونەری ئەڵێین ئادەمیزاد لەگەڵ ئادەمیزادی ترا ئەژی و لە ناو ئەو شتانەدا ئەژی کە دەوریان لێداوە. ئاخۆ ئەو هەوایە کە ئادەمیزاد هەڵیئەمژێ، ئەو ئاوە کە ئەیخواتەوە، ئەو هەتاوە کە گەرمی ئەکاتەوە و گوڵی بۆ ئەپشکوێنێ و ئەو بارانە کە بەسەر کێڵگەیا ئەبارێ، هەموویان شت نین؟! تەنانەت ئەو دڕکە کە لە پێی ڕائەچێ و ئەو بەردە کە سەری ئەشکێنێ، بەکورتی هەموو ئەو شتانە کە خێر و خۆشی ئەدەنێ یا خەم و تاڵی بۆ پێک ئەهێنن، لە هەبوونی ئادەمیزاد کارێکیان بەدەستە و دەورێک ئەگێڕن!

ئاخۆ لەزەت و خۆشی نابێتە مانای ژیان و خەم و پەژارە و دەرد و کەسەر و نەخۆشی لەوپەڕی خۆیا، ناگاتە مردن؟!

کە وەهایە ئایا مەرگ و ژیان دوو شت نین و ئێمە ناتوانین مانای شت ئەوەندە بڵاو بکەینەوە کە تەنانەت مەرگ و ژیانیش لە هەرێمی دەسەڵاتیا جێی ببێتەوە؟!

تەنیا شت، واتە ئەشیا نین کە لە ئادەمیزادا تەئسیریان هەیە، ئادەمیزادیش کار ئەکاتە سەر شت. ئەیگۆڕێ، لێکی ئەداتەوە و شتی بۆ نوێتر پێک دێنێ. پێوەندییەکە لە نێوان ئینسان و شەیئدا هەیە، ژیانی بیر، واتە حەیاتی زێهنی ئادەمیزادە کە بەزمانی فەڕەنگی پێی ئەکوترێ mind (مایند).

ئادەمیزاد کاتێ بەلەش و بەئاوەز و تاقیکاری لەگەڵ شتا ڕووبەڕوو بێ، زانست لەو بەرەنگارییە پێکدێ. بۆ نموونە هەوا ساردە، لەشی ئادەمیزاد ئەتەزێ و ئازار ئەبینێ. جارێک و دووان و سیان، پاشان ئادەمیزاد کەوڵی حەیوانێک کە خۆی ڕاوی کردووە بەخۆیا ئەپێچێ، هەست ئەکا گەرمی بۆتەوە. ئەوجار بۆ بەرگری لە سەرما کەوڵ بەخۆیدا ئەدا. بۆ ئەوە کە کەوڵەکە باش بەلەشیەوە بچەسپێ و لە کەلێنەکانییەوە «با» لەشی ئازار نەدا، کەوڵەکە ئەدوورێ و وردە وردە ئاوەز و تاقیکاری یارمەتی یەک ئەدەن و بەرگ بەچەشنێ کە ئەمڕۆ هەیە دروست ئەکرێ و ئەمڕۆ زانستی ئادەمیزاد کە لەو تاقیکارییە وردە وردانە پێکهاتووە، زۆر شت لەم بارەیەوە ئەزانێ. ئەزانێ کە بەرگی ڕەش گەرما زیاتر ئەگرێ؛ خوری لە لۆکە گەرمترە و بۆ هەموو ئەو زانستانەش بەڵگەی عیلمی بەدەستەوەیە. ئەمە بەرەنگاربوونی لەشی ئادەمیزاد بوو لەگەڵ تەبیعەت. هەروەک کوتمان ئادەمیزاد کاتێ کۆسپێکی لەسەر ڕێگایا هەست کرد، هەوڵ ئەدا لای دا. ئەم هەوڵە ئەبێتە هۆی گۆڕانی تەبیعەت و تەبیعەت جگە لە کۆمەڵی ئەشیا شتێکی تر نییە. بەڵام ئادەمیزاد بەبارێکی تریش جگە لە لەش لەگەڵ ئەشیا واتە شتی سروشتییا ڕووبەڕوو ئەبێ. بەباری عاتیفی و زێهنی و لەم بەرەنگاربوونە ناسینی هونەری، واتە مەعرەفەتی هونەری پەیدا ئەبێ. ناسینی هونەری بێ گومان هەوێنی ئەسڵی خۆی لە ئەشیا و تەبیعەتی دەرەوە ئەگرێ. بەڵام لە زێهنی ئادەمیزادا ئەڕازێتەوە و بەچەشنێ دەردێ کە هونەرمەند ئەیەوێ. بەجۆرێکی تر بڵێین هونەرمەندیش هەروەک زانا، کاری بەشتەوە هەیە و لەگەڵ شت تێکەڵە و شت وەرئەگرێ و ئەیگۆڕێ و زۆرتر لە زانا خەریکە واقعییەت و حەقیقەت لەیەک نزیک بکاتەوە.

واقعییەت ئەو حاڵەتەیە کە ئەشیا لە دەرەوە هەیانە. وەک ساردی هەوای زستان و ژاکانی گوڵ و کزبوونی باری جوانی ڕەوشت لە کۆمەڵا. بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە ناشێ وەها بێ. واتە ئادەمیزاد باش نییە خۆی باشی وەلانێ. هەروا باش نییە ئادەمیزاد ئازار بدا و ڕەوا نییە گوڵ سیس بێ و هەڵوەرێ. لە هەناوی هونەرمەندا حەقیقەت یانی جوانی. جان کیتس نهخزk یمفصقj شاعیری ئینگلیزی ئەڵێ: «جوانی حەقیقەتە و حەقیقەت جوانییە. ئەوەیە ئەو شتە کە لەسەر زەوی ئەیزانی و ئەبێ بیزانی.»

زانا شت ئەبینێ. تایبەتییەکانی شت ئەناسێ و ئەیانباتە کارگایەکەوە کە پایەی لەسەر لێکدانەوەی ئاوەز و تاقیکاری دانراوە. مێشک هەر ئەوەندە یارمەتی زانا ئەدا کە واقعییەت هەڵبگرێ. لەوپەڕی واقعییەتا جیهانی زانست جگە لە تاریکی هیچی تری بەرچاو ناکەوێ. زانا ئەڕوا بەرەو پێش، بەڵام پێ بەپێی واقعییەت. بەرد ڕەقە و بێ ئەوەی بەفێڵێکی زانستی و بەڕێگایەکی عیلمییا چارە نەکرێ، نەرم نابێ. زانا ناچارە ڕاوەستێ و ئەو ڕێگایە بەهەڵسەنگاندنی ئەو دەسکەوتانە کە هەیەتی و ئەو تاقیکارییانە کە کراون بدۆزێتەوە. بێ دۆزینەوەی ئەو ڕێگایە زانا دەستی بەستراوە، بەڵام هونەرمەند وەها نییە. لە کارگای ئەوا کە بریتییە لە هەرێمی بیر و زێهن، بەرد زوو نەرم ئەکرێ. ئەوەندە بەسە کە کابرایەک زۆری خەو بێت تا بەرد لە ژێر سەریا نەرم ببێ وەک پەڕی قوو، یا کێشەری ئەوین بیکێشێ تا بەرد لە ژێر پێیا ببێتە مافوورەی نەرم. ئەمانە لە زانستا ناکرێن چونکوو زانست کاری بەلێکدانەوەی دەروون و عاتیفەوە نییە، بەڵام لە خەیاڵی شاعیرا و بەتەسویر و نەخشی زێهنی واتە ئیماژ (image) باش ئەکرێ؛ هەروەک زانا تەجرەبە و تاقیکاری و دەسکەوتە زانستییەکانی پێشووی هەیە، یارمەتییان لێ وەربگرێ؛ هونەرمەندیش کەلەپووری زانیاری کۆمەڵی خۆی لە پشتە و یارمەتی ئەدەن. میراتی فەرهەنگی، ڕێ و شوێنە ئایینی و فەلسەفی و زانستی و هونەرییەکانن کە هونەرمەند زیاتر لە سوننەتی دینی و هونەری کەڵک وەرئەگرێ.

شاعیرانی ئێرانی و ئیسلامی لە چارەنووس و بەسەرهاتی مەنسووری حەللاج کەڵک وەرئەگرن. هەروەک حەللاج ئەڵێ: «انا الحق»، شاعیریش بۆی هەیە بڵێ: «انا الشیء». ئەزانین کە حەللاج خودا نەبوو و ئەشزانین خۆی لای وابوو درۆی نەدەکرد و بەڕاستی لای وابوو لە کاتی جەزبەدا خودایە. لەبەرچی؟ چونکوو لەگەڵ خودا واتە ئەو وجوودە کە هەبوونی بەدەستە و هەر بووە و هەر ماوە لەو سەری هەبوونەوە تا ئەوپەڕی هەبوون دەسەڵاتی بووە و ئەبێ؛ تێکەڵ ئەبوو؛ وەها تێکەڵ بوونێک کە خۆی نەدەناسییەوە. چەشنی دڵۆپێک کە ئەچێتە ناو دەریاوە و ئەبێتە دەریا و ئەشزانین کە شاعیر شت نییە و ئادەمیزادە. بەڵام شاعیری بەڕاستی کە ندای «انا الشیء» هەڵئەبڕێ و بانگەوازی «لا فی جبە الشێء» ئەدا بەڕاستی لە جبەی دەروونیا جگە لە شت واتە کەرەسەی سەرەتایی پێکهاتنی سروشت هیچی تری نییە. شاعیر ئەگەر توانی ببێتە بەرد، ببێتە گژەبا، ببێتە خاڵی سەر گۆنای کیژێک، تفەنگی دەستی لاوێک، شەونمی سەر پەڕەی گوڵێک، گرێی گریانی سەر چاوێک، ئەگەر توانی ببێ بەژیان و ببێ بەمردن، ئەتوانێ ببێ بەشاعیرێکی باش.