ڕووبەندی شار

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  928 بینین

چەن ساڵ تەریک بووم لە هەوای بژوێنی بنار و وردە وردە خەریک بوو لە بیرم بچێتەوە ژیانی لادێ؛ بەرە بەرە بۆنی دووکەڵی شاری گەورە کە چەشنی تووتنی خاو گەرووگر بوو، جێگای بۆنی مێخەکی بەرۆکی کچی لادێ و هەناسەی زیندووکەرەوەی شنەی بەربەیانی دۆڵی پڕ گوڵی کێوی لەبەر لووتم ئەگرتەوە. لە شاری بەزەنا زەنا ئاخنراوەوە ڕووم کردە لادێی بێ دەنگ. ئەتکوت لە چەقەخانەی مزگەوتی وەرزی زستانەوە چوومە ناو کۆڵانی دێ. بەیانی زوو بەجرووکە و جریوەی سێروو و چۆلەکە لە خەو هەڵدەستام. سەر لکی دار هەر جمەی ئەهات. جار جار وەک پەڵە هەورێکی بچووکی ڕەش ئەڕەوین و دیسانەوە یەکتریان ئەگرتەوە. پەڕەسێلکە وەک یادێک کە خۆی لە پەردەی بیرەوەریمدا بنوێنێ و ماوەیەک کورت بخایەنێ و پاشان لە سنووری تەم گرتووی خەیاڵا گوم بێ، بەبەردەمی پەنجەرەی ئاواڵەی هۆدەکەما هەڵئەفڕین و من تەنیا وشەی باڵیان و جریوەی تێکڕایییانم بۆ هەست ئەکرا. هەموو شت لەم بێ دەنگییەدا کەڵکەڵەی بیر و خەیاڵی ئەخستە مێشکەوە. بیری هەبوون. بیری هەر مان و خودا. بیری ئەوین و ژین.

هێشتا کۆڵانەکانی دێ بزەی بوومەلێڵیان نەکردبوو بەقاقای خۆرەتاو کە من ئەچوومە سەر تەپکەی بەردینی بەرامبەر بەئاوایی. لە پەنا بەردێکا کە هێشتا زۆری مابوو تیشکی گەرمی خۆر فێنکایی سایەقەی شەوی لێ وەرگرێتەوە پاڵم ئەداوە و ئەمڕوانییە ئاوایی کە چەشنی کۆترێکی خەوتوو سەری لە ژێر باڵی دەردەهێنا و چاوی بەهەر چوار لادا ئەگێڕا و تاسەی فڕین گەرووی پڕ بەستەی ئەماساند و باڵی لێک ئەدا. پۆلێکم مناڵ ئەدی کە هەر کام چەند بەرخۆڵەی بچووکیان وەپێش داوە و بەرەو دەری دێ ئەیانبەن. دەنگی مەشکەژاندن و نرکەی کابانی مەچەک خڕ ئەبوون بەمێلۆدی ئاوایی. لە پشت سەری منەوە، خۆر وەک تەشتێکی مسی پڕ ئاگر دەرئەکەوت و سێبەر و تارمایی لەبەری ئەڕەوین. کۆڕیلکەی بەردی لە ژێر پڕشنگی هەتاوا وەک چاوی شینی کیژێکی تازە لە خەو هەستاو ترووسکەی ئەهات. ڕەنگی تاراوی کانیاوێکی بچووک بەهەڵاتنی خۆر ئەگەڕایەوە بۆ ناو هەموو دڵۆپەکان و لە گەردەنی زەرد و زۆڵی جاڕە گەنمێکی دروێنەکراو ئەبوو بەملوێنکەی مرواری.

خەریکی بیرکردنەوە بووم و گەیشتبوومە سەر ئەو مەبەستە کە هەندێ لە ئادەمیزادان لە شاری گەورەدا لە ناو کۆشکی چەند نهۆما بەهەزار دەزگای وردەکاری سنعاتی، سامان و دارایی خۆیان بۆ ناژمێردرێ و هەندێکیش لە ئاوایییە بچووکەکاندا بەقامکی تاکە دەستێک سەروبەری ماڵ و سامانیان لێک ئەدەنەوە.

دەستێکی میهرەبان کەوتە سەر شانم و دەنگێکی پیاوانە و کەمێک گڕ کوتی: «بەیانی باش!» لام سەیر بوو کە ئەم دەنگە هی ئەم گەنجە بێ کە بێ گومان بەهەموو تەمەنی نەیدەکردە بیست بەهار. ئێمەی ڕاهاتووی ترس و خۆگرتنی شار، بەهەڵکەوت ئەبێ بەم ساکارییە مل دانەوێنین بۆ ڕاستەقینەی برایەتی و بەرەی ئادەمیزاد. کەم کەس هەیە لە شاری گەورە، ڕووبەندێکی بەڕووەوە نەگرتبێ بۆ ئەوە خۆی لە ژێرا بشارێتەوە. ئەو سڵاوە بەڕواڵەت گەرموگوڕانەی ناو داڵانی ئیدارەکان، کڵاو هەڵگرتنی ناو شەقام، خوڵک کردن و فەرموو کوتنی ناو کۆڵان، کەمی وا هەیە هی ئەو کەسە بێ وا لە ژێر ڕووبەندەکەدایە. ئێمە تەواوی تەمەنمان نەخش ئەگێڕین و گاهێ لە بیرمان ئەچێتەوە کە خۆمان چین و کێین و چیمان ئەوێ. تەنانەت لە ناو خاووخێزانیشا کەم وا هەیە ڕووبەندەکەمان داڕنین و ببینەوە ئادەمیزادێکی بەڕاستی کە ئەتوانێ بێ ترس بڵێ «خۆشم ئەوێی.» ناچارم بڵێم لە خەویشا ڕووبەندەیەک - کە لە پێشا ئەمانکوت ئەبێ هەمانبێ، چونکە «شار شاری کوێرانە» و ڕووبەندە دەستێکە بۆ گرتنی بەرچاومان - هەر بەڕوومانەوەیە، چونکە ئیتر ڕووبەندە نییە، ئەندامی خۆمانە. تەنها کاتێ کە ئەچینە لادێ و ئەم هەموو ساکارییە، ئەم هەموو ڕەفتارە سروشتییە ئەبینین، هەست ئەکەین کە ڕووبەندەی شار کەڵکی نەماوە.

گەنجەکە لە لام دانیشتبوو. چاوی لە پۆلێک کچ بڕیبوو کە لە کانیاوەکەی خوار دێوە ئەگەڕانەوە. خۆرەتاو لەسەر کوڵۆنجەی مەخمەر و ئەتڵەس و کراسی زەرد و سووریان سەمای ئەکرد. لاوەکە کوتی: «ئەوەیانە وا گۆزەیەکی سووری بەسەر شانیاوەیە! بڕوانە بەژن و باڵای، ئەڵێی بەختی خودا پێداوانە، ڕاست و هەڵچوو. هەموو ساڵێ کاتی دروێنەی گەنم ئەیبەمە ناو گەنمەکان، ئەگەر گوڵی گەنمەکان بەئەندازەی بەژنی نازەنینی بەرز بن، ئەو ساڵە داهاتمان باش ئەبێ. لەم دوورەوە بەرچاو ناکەوێ.

پرچی وەک تووی کاخڵی و ڕیشی گوڵە پێغەمبەرە زەردە. لارولەنجەی لە کەروێشکەی گەنم و جۆ جوانترە. دەنگی لە قاسپەی کەو دڵڕفێنترە.» کەمێک ڕوانی بۆم و کەمێک بەشەرم و دڵشکاوییەوە کوتی: «نا، سوودی نییە. وا دیارە تێناگەی ئەڵێم چی.» پاشان بێ ئەوە هیچ بڵێ هەستا و گورج و گۆڵ ڕووی کردە هەورازی پشتی تەپکەکە. بیرم کردەوە، ئەمانە چەند دڵ ناسکن. چەند زوو هۆگر ئەبن و چەند زوو سڵ ئەکەن. ئاخۆ بۆ ئێمە زۆر سەخت و دژوار نییە پردێک هەڵبەستین بۆ هاتوچۆی دڵی ئێمە و ئەوان؟! ئاخۆ هەر قسەی زل نییە ئەوانە کە لە هۆدەی پڕ لە دووکەڵی چغارە و پڕ لە کتێبی کۆمەڵناسیدا ئەیانڵێین؟!

تا حەوتەی داهاتوو بەخوای گەورەتان ئەسپێرین.