پڕشنگی هەتاوی بیری غەزالی

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  1937 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ.

کاک ئیسماعیلی عەلی بابایی، سپای زانست لە مەرەندەوە پرسیاری کردووە: «ئیمام محەمەدی غەزالی کێیە؟ ئاخۆ لە ڕیزی نووسەرانە یا فەیلەسووفان و یا ئەندامێکی کۆمەڵی عارفان و خواناسانە؟»

برای خۆشەویست. وا دیارە خۆت لە بارەی غەزالییەوە گەلێک شت ئەزانی، چونکە پرسیارەکەت هەموو شتێکی لێ دەرئەکەوێ. غەزالی هەم نووسەرە، هەم فەیلەسووف و هەم خواناس، بەڵام داستانی ژیانی ئەو زانایە لە دوو قۆناخی جیاواز پێکهاتووە. لە قۆناخی یەکەمی ژیانیا زانایەکی گەورەی ئایینی بوو و لە قۆناخی دووهەما واتە لە تەمەنی ٣٨ ساڵییا ڕێگای فەلسەفە و عیرفانی گرتە پێش، بەڵام فەلسەفەی غەزالی لە ئەخلاق و ڕەوشتی ئینسانییا کورت کرابۆوە و لە ڕاستییا فەلسەفەی عیرفان و خواناسی بوو. غەزالی لە ساڵی ٤٥٠ی کۆچیدا لە دایک بوو. باوکی جۆڵا بوو و خۆی بەمناڵی دەستی کرد بەخوێندنی زانستی و ئایینی و لە ماوەیەکی کورتا ناوبانگی بەهەموو وڵاتە ئیسلامییەکانا بڵاو بۆوە. لە ساڵی ٤٨٨دا لەپڕ گۆڕانێکی سەیری بەسەرا هات. دەرس و مەدرەسە و قیل و قاڵی بەجێ هێشت و بەرگی مەلایانەی داکەند و ئاوارە و ڕەبەن دەستی کرد بەگەڕان. ماوەیەکی زۆر لە دوودڵی و گومانا مایەوە تا لە ئاکاما مرازی خۆی لە ڕێگای عیرفان و سەیر و سلووکا دۆزییەوە. ئەم چەشنە ژیانە لە ژیانی مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی ئەچێ. سەعدی خوالێخۆشبوو دژی ئەم تەریکی و تاکییە بووە و ئەڵێ:

شیخی به سوی مدرسه آمد ز خانقاهفارسی
بشکست عهد صحبت اهل طریق رافارسی
گفتم میان عالم و عابد چه فرق بودفارسی
تا اختیار کردی از آن این فریق رافارسی
گفت: این گلیم خویش به در می برد ز موجفارسی
وان جهد می کند که بگیرد غریق رافارسی

غەزالی پاش ئەم هەموو سەرگەردانییە، ڕێگایەکی ڕاستی بۆ گەیشتن بە بەختیاری ڕاستی دۆزییەوە و تا کاتێ مردن هەنگاوی ئەوی لە پیاسە خست، لە بڕینی ئەو ڕێگایە ماندوو نەبوو. «کیمیای سەعادەت» کە بەنەسرێکی جوان و ڕووح سووک و لەبەردڵان و بەشێوەیەکی ساکار نووسراوە و هێندێک کەس بەشاکارێکی وێژەیی ئەزانن، دەسکەوتی ئەو سەیر و سەفەرەیە. کیمیای سەعادەت، دائیرەتولمەعارفی کامەرانی و ڕزگاری، گاهێ ئەوەندە لە هەرێمی گیان و هەستی ئادەمیزاد نزیک ئەبێتەوە کە لێدانی دڵی مرۆڤایەتی لە ناو دێڕەکانیا دێتە بەرگوێ. زۆر دەستووری ئەخلاقی ئەوتۆی تێدایە کە لە ڕەوانناسی و مەعرەفەتەلڕووحی ئەمڕۆشا بەئەسڵ و پایەیەکی نەگۆڕاو ناسراوە. وەک ئەمە کە ئەڵێ: «دڵی پاکی مناڵ وەک گەوهەرێکی هێژا وەهایە، وەک مێو نەخش هەڵگرە و هێشتا هیچ گەردێکی لێ نەنیشتووە. وەک زەوی بەیاری بەڕێژە و هەر توویەکی لێ بچێنی دێتە بەر، هەر کارێکی کە بەدەس پیاوێکی گەورە جێبەجێ ئەکرێ بەمناڵی لە نیهادیا هەوێنی بەستووە.» غەزالی کردەوەی باش و بیرکردنەوەی باش و خۆبەخت کردن لە ڕێگای مرۆڤایەتییا ئەکاتە سەرمەشق و تەنانەت گیاندارانی تریش ئەهاوێتە داڵدەی بەزەیی خۆیەوە و ئەڵێ: «پیاوی گەورە بەم تایبەتییانە دەرئەکەوێ و ئەناسرێتەوە؛ خۆ بەکەم گرتن، خۆ هەڵنەکێشان بەسەر خەڵکی ترا، بیری باش کردنەوە، لێبووردن و خۆبەخت کردن، درۆ نەکردن، بەرگی ساکار و خواردەمەنی ساکار و جووڵانەوە بەپێی زانستێ کە هەیەتی.»

پاشان ئەڵێ: «کوڕم بێ گومان بە کە زانستی نەزەری یارمەتی مرۆڤ نادا. ئەگەر پیاوێک لە بیابانێکا دە شمشێری هیندی و چەکی تریشی هەبێ و خۆیشی زۆر پاڵەوان و شەڕکەر بێ و شێرێک هێرشی بۆ بێنێ، بەشەرتێ لە چەکەکانی کەڵک وەرنەگرێ، مەترسی لێ دوور ناکەوێتەوە و ئەگەر زانایەکیش هەزاران مەبەستی زانستی بخوێنێ و فێریان ببێ بەشەرتێ لە کردەوەدا کەڵکیان لێ وەرنەگرێ، لە هەڵەکردن و سەرلێشێوان نایپارێزن.»

غەزالی لە جێگایەکی ترا ئەڵێ: «کاری پیاوان دان بەجەرگا گرتن و بەشێنەیی بوون و سەر لێ نەشێوانە. لەگەڵ خەڵکا ڕوو خۆش بە و هەموو کەس لە خۆت پێشتر بگرە، تا لە دڵی خەڵکا جێگات هەبێ. کۆمەڵ بانگ کە بۆ کاری باش و وریایان بکەوە کە چەوت نەڕۆن. کەسێک کە ئەم دوو دەستوورە بەڕێوە نەبا بەرە بەرە دڵی ڕەش ئەبێ و جیاوازی نێوان باش و خراپ نازانێ. کەسێک کە نیازمەندە و ئاتاجە، چاکەی لەگەڵ بکە، ئەگەر لە دەستت نەهات هاودەردی بە. هیچ کەس شیاوی ئەوە نییە کە بەبرسییەتی سەر بنێتە سەر سەرین.» ئەم وتەی غەزالی یەکجار بەکەڵکە. زۆر جار بیستراوە کە ئەڵێن ئەمە کاری خودایە، کەسێک هەژار و نەدار و نەخۆش و دەسکورت بێ. بەڵێ ڕاستە کە خودا شارەزایە کە ئادەمیزاد چی بەسەر دێ و چارەنووس ئەزانێ؛ بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگە کە خودا بیەوێ کەسێک لە کەسێکی تر بەختەوەتر بێ.

غەزالی فەیلەسووف و زانایەکی بێ وێنە بووە و تەمەنی لە لێکۆڵینەوە و نووسین و ئامۆژگاری کردنا، بەسەر بردووە. شوێنەوارە بەرزەکانی بۆتە هۆی ئەمە کە ناوبانگی لە ئوڕووپای سەدەکانی ناوەڕاستا بڵاو بێتەوە و کار بکاتە سەر بیروبڕوای فەیلەسووفانی ئوڕووپایی. دیکارت سەدەها ساڵ پاش غەزالی ئەڵێ: «من بیر ئەکەمەوە، من هەر ئەوەم کە هەم» ئەمە هەر وتەکەی غەزالییە کە کوتوویە: «بیرکردنەوە بەڵگەی هەبوون و وجوودە.» کانت و بیلز پاسکاڵ دوو فەیلەسووفی تری ئوڕووپایین کە زۆریان کەڵک لە نووسراوەکانی غەزالی وەرگرتووە.

ئیمام محەمەدی غەزالی، فەلسەفەی هەر تا ئەو جێگای قوبووڵە کە یارمەتی بدا بەبەرزبوونەوەی گیانی مرۆڤایەتی و ڕەوشتی پەسندکراو. لەبەرئەمە ئەتوانین بڵێین کە غەزالی فەیلەسووفێکی ئینسان دۆست و ئەخلاق پەرستە. غەزالی هەموو توانای خۆی تەرخان کردووە بۆ نواندنی خۆی. باش و خراپ لە دەروونی ئادەمیزادا بەهەموو هێزێکەوە لایەنگری ڕەوشتی جوان ئەکا و هەڵمەت ئەباتە سەر خدەی خراپ و ناپەسند. بەزمانێکی ساکار خەڵک تێئەگەیەنێ کە ژیان لە ڕوانگەی مرۆڤایەتییەوە چییە و ئەڵێ:

«ئەگەر ئەتەوێ باری ژیانت لەسەر سووک بێ خۆت لە تەماع دوور بگرە و زۆر بەخەمی سامانەوە مەبە! چاوەڕوانی ڕاستی لە تەماعکار مەبە و لە نیهادی بێ بنیچە و بێ خانەدانا بەشوێن ئەمەک و وەفادا مەگەڕێ.»

«... پیاو ئەو پیاوەیە کە لەگەڵ هەموو کەس باش بێ، بێ ئەوە بیر لە باشی و خراپییان بکاتەوە. دڵ چەشنی ئاوێنەیە و خووی خراپ چەشنی دووکەڵ ئەو ئاوێنەیە تاریک و لێڵ ئەکا. باشی لەگەڵ بەندەی خودا گەورەترین خواپەرستییە.»

ئەمە چەن وتەیەکی کورتی غەزالی بوون، کەسێک کە بیەوێ باشتر لە فەلسەفەی ئەو خواناسە تێبگا پەڕاوی کیمیای سەعادەت بخوێنێتەوە زۆر بەکەڵکە.

تا حەوتەی داهاتوو بەخواتان ئەسپێرین. شەوتان باش.