پێتڕۆس دووریانی نەمر

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  887 بینین

سڵاوێکی بەتین لە ناخی دڵەوە پێشکەش بەگوێگری هۆگری هونەر. بەهیواین بەرنامەکەتان بەدڵ بێ. لەم بەرنامەی ئەمجارەماندا باسی شاعیرێکی هەرە گەورەی ئەرمەنیتان بۆ ئەکەین و لە سەرەتادا وەرگێڕاوی شیعرێکی ئەو شاعیرەتان بۆ ئەخوێنینەوە، تکایە گوێ بگرن:

:ئەگەر دێوی دزێوی مردن،

:بەپێکەنینی ناحەزی هەمیشەیییەوە

:بەسەرما بدا

:گیان و دڵی پڕ خەمم لە ناو بچێ

:وا مەزانن من مردووم، من زیندووم!

:ئەگەر چرای ژینم لەسەر سەرینی سەرەمەرگم

:پڕشنگی ساردی دوایی بدا و دوا تریفەی بێ

:وا مەزانن من مردووم، من زیندووم!

:ئەگەر زەنگی کلیسا، بانگەوازی مەرگم بکا

:عفریتی کردن بەقاقا بکەوێتە شوێن تەرمی ساردوسڕم

:وا مەزانن من مردووم، من زیندووم!

:ئەگەر پیاوانی نزاکار و

:ژنانی شینگێڕ و ڕوو داپۆشیو

:لە دوای دارە تەرمم پڕمەی گریانیان بێ

:و داری عوود بسووتێنن

:وا مەزانن من مردووم، من زیندووم!

:ئەگەر بەئەسرین و فرمێسکی چاوی کەژاڵی دەزگیرانم

:بەئاوی چاوی کەسوکار و دۆست و هەڤاڵم

:کێلی گۆڕم بخووسێ

:وا مەزانن من مردووم، من زیندووم!

:بەڵام ئەگەر گۆڕی من بێ ناونیشان

:لە گۆشەیەکی ئەم جیهانە پانەدا داکەوێ

:و بیرەوەریم لە یادی خەڵکا بێ ڕەنگ بێ

:ئاخ... ئەو کاتەیە کە من ئەمرم!

 

چەپکە شیعرێک بوو لە گوڵزاری هەستی پێتڕۆس دووریان کە سەد ساڵ لە مردنی تێئەپەڕێ و بەواتەی خۆی هێشتا زیندووە، چونکە گۆڕی، ڕووگەی لاوانی دڵپاکی ئەرمەنییە و بیرەوەرییەکانی لە یادی خەڵکا ڕۆژ بۆ ڕۆژ گەشتر و بەڕەنگتر ئەبێ. دووریان ساڵی ١٨٥١ی میلادی لە گەڕەکی ئەسکیوتاری شاری «ئەستەمبووڵ» لە دایک بووە و هێشتا گوڵێک لە هەزار گوڵی ژیانی نەپشکووتبوو کە گژەبای مەرگ تێکیەوە پێچا و ڕایماڵی. دووریان ٢١ ساڵ پتر نەژیا و ساڵی ١٨٧٢ی میلادی بەنەخۆشی ئازارە باریکە چاوی مەینەتکێش و دووربینی لە جیهانی بێ بەینەت پۆشی. باوکی «پێتڕۆس دووریان» ئاسنگەرێکی هەژار بوو. لەبەرئەمە شاعیری ئەرمەنی لە مناڵییەوە، ڕواڵەتی ترسێنەر و دزێوی هەژاری و برسییەتی ناسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا کە یارمەتی باوکی ئەدا و ناچار بوو بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەی کار بکا، توانی لە ساڵی ١٨٦٧دا خوێندنی ناوەندی تەواو بکا. دووریان بۆ بەڕێ بردنی خێزانەکە کە بەنەخۆشی دایکی و پیربوونی باوکی هەموو قورسایییەکی کەوتبووە سەرشانی ئەو، دەستی دا کاری جۆربەجۆر. ماوەیەک کرێکاری کرد. پاشان لە چاپخانەیەکا خەریک بوو. ماوەیەک بەشاگردی چووە لای پزیشکێکی دەواساز، پاشان هەرچەند مانگێک لە شوێنێکا خەریکی کارکردن بوو. حیسابداری، سەڕافی، مامۆستایی قوتابخانە، وەرگێڕی، نەقشگێڕی تئاتر، بڕێک بوون لەو کارانە کە «پێتڕۆس دووریان» کردنی بەپیشە.

جۆششی هەستی شاعیرانە لە نیهادی پێتڕۆس دووریانی تازە گەنجدا لە هەڵقوڵینی کانییەکی ژێر گاشەبەردێکی زل ئەچوو کە بەهیچ بارێک ڕێگای نەبوو بۆ زەریە و زێ و نەدەزاندرا کە ئەو ئاوە ڕوونە پاکە لە وشکارۆی دەشتێکی قاقڕ و لە ژێر لەشی قورس و ڕەقی ئەو گاشەبەردەدا چۆن ئەجۆشێ و بناوانی ئەگاتەوە کام ڕووباری خورۆشان! ژیانی مناڵی دووریان جگە لە دووپاتەکردنەوەی شەوان و ڕۆژانی ڕەش و سارد و پڕ مەینەت هیچی تر نەبووە. ئەی ئەم هەموو جوانییە، ئەم هەموو گوڵزار و بەهارە لە دەروونی پێتڕۆس دووریاندا پشکووتووی کام هەناسەی مەسیحایییە؟!

دووریان لە سێزدە ساڵیا دەستی کرد بەشیعر کوتن و چەند نومایشنامەی نووسی کە هاتنە سەر شانۆ و ناوبانگی بە وڵاتا بڵاو بۆوە، بەڵام کاربەدەستانی تئاتر لە گەنجی و ئاتاجی دووریان بەسوودی خۆیان کەڵک وەرئەگرت و زۆریان بۆ ئەهێنا. لەو سەردەمانەدا بوو کە نومایشنامە هەرە بەنرخەکانی خۆی نووسی، وەک «ئارداشیسی سەرکەوتوو» و «ڕووخانی بنەماڵەی ئەشکانی» و «گوڵی سوور و سوێسنە» و «خاکی ڕەش». هەموو ئەم نومایشنامەیانە لە لایەن خەڵکەوە بەباشی وەرگیران و بوونە هۆی ناوبانگ و خۆشەویستی پێتڕۆس دووریان. بەڵام جەرگی زامار و هەستی بەکەم گیراو و دڵی شکاوی دووریان بەم سەرکەوتانە نەهاتەوە سەرخۆ. هەژاری و دەسکورتی لە لایەکەوە و لە لایەکی ترەوە ستەمی نەتەوایەتی کە لەسەر ئەرمەنییەکانی ئەو کاتەی سەردەمی عوسمانی هەبوو، بەرز و نزمی بێ بڕانەوەی ژیان، ئەوەندەیان شاعیری بەهەستی ئەرمەنی شەکەت کرد کە ساڵی ١٨٧١ ئازاری سیلی گرت و لە جێگا کەوت. ساڵێک لەگەڵ دێوی زاڵی مردن دەستەویەخە بوو، پاشان لە تەمەنی ٢١ ساڵییا و پاش تەمەنێکی کورت و پڕ مەینەت، بەڵام بەپیت و بەرەکەت دوا هەناسەی هەڵکێشا و گیانی بوو بە پەپوولەی باڵ زێڕینی گوڵزاری ئەوین و جوانی.

سەرەڕای تەمەنی کورت و کەم خایەن، پێتڕۆس دووریان چەن شاکاری گەورەی لە وێژەی ئەرمەنییا خوڵقاندووە کە بریتین لە ٩ مەقالە، ١٥ نامە، شیعرێکی درێژی شیوەنی، ١٣ نومایشنامە و ٤١ پارچە شیعر. ئەم شوێنەوارانە وەک گوڵێکی هەمیشە بەهار لە گوڵستانی وێژەی ئەرمەنیا ئەمێننەوە و هەرگیز سیس بوون و ژاکانیان بەسەرا نایە. شوێنەواری ئەو شاعیرە چەن جار لە ئەستەمبووڵ، بەیڕووت، ئێرەوان، ویەن، باکۆ، وێنیز، نیۆیۆرک و حەڵبا لە چاپ دراوە. «سەمبات پانۆسیان» هەڵسەنگێنەری ئەرمەنی سەبارەت بەدووریانی شاعیر ئەنووسێ: «لە ناو ئاسمانی تەمگرتووی وێژەی کۆنی ئەرمەنییا. شیعرەکانی پێتڕۆس دووریان ئەڵێی پەلکە زێڕینەیەکی هەمیشەیین». بەڵێ گوێگری بەڕێز، بەم چەشنە سەرپەنجەی هونەر، زەمان و کات ئەکا بەدیلی کۆششی زاڵی خۆی و مردنی لەش بەهۆی دەستی عیسای هونەرەوە ئەبێتە هەرمان و ژیانی هەمیشەیی بۆ گیان. لەگەڵ پێتڕۆس دووریان دووپاتەی ئەکەینەوە، ئەگەر ئەسرین و فرمێسکی چاوی کەژاڵی دەزگیرانم و ئاوی چاوی خزم و کەسوکار و هەڤاڵانم کێلی گۆڕەکەم بخووسێنن وا مەزانن کە مردووم، کاتێ ئەمرم کە گۆڕم نەناسراو بێ و یادم لە دەروونی خەڵکا نەمێنێ.

پاش سەد ساڵ ئەمڕۆ ئەنترۆپۆلۆژیستێکی هەرە گەورەی ئەرمەنی لە ئێرەوان، خەریکی داڕشتنی پەیکەری ئەو شاعیرەیە.

ڕاستی مردن پارووی گەورەی پێ قورت نادرێ. پیاوانی مەزن بەگەرووی تەنگی مەرگدا ناچن. مەرگ بۆ ئەوان خەوێکی خۆشی ئەبەدییە و گەشتێکە لە ئەسیری لەشەوە بۆ ئازادی گیان.

تا حەوتەی داهاتوو خواتان لەگەڵ.

شەوتان خۆش.