ڕوانگەی جیاواز لەسەر حەقیقەت

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  1016 بینین

ژن:

سەلام لە گوێگری بەڕێز و هونەرپەروەری بەرنامەی تاپۆ. لە دوو بەرنامەی ڕابوردوودا کوتمان حەقیقەتێ کە زانا ئەیزانێ جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەو حەقیقەتە کە شاعیر ئەیبینێ و ئێستە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین.

پیاو:

فەرمووت ئەو حەقیقەتە وا زانا ئەیزانێ جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەو حەقیقەتە کە شاعیر ئەیبینێ. شتێکم کەوتەوە بیر کە پێوەندی بەباسەکەوە هەیە. داستانێکە سەبارەت بەیەکەم دیداری مەولانا جەلالەددین و شەمسی تەورێزی. پێش ئەوە کە جەلالەددین بچێتە ناو کۆڕی تەسەووف و عیرفانەوە، زۆرتر بەناوی زانا ناوبانگی هەبوو. لە سەرتاسەری وڵاتە ئیسلامییەکانەوە ئەچوونە قوونیە و لە دەریای بێ بنی زانستی جەلالەددین تێراو ئەبوون. بەسەدان خوێندکار لە زانستگەیەکا کە جەلالەددین خۆی بەسەریا ڕائەگەیشت و دەرسیشی تێدا بەشاگردانی ئەگوت، خەریکی دەرس خوێندن بوون. وەک لە نووسراوەکان دەرئەکەوێ مەولانا پیاوێکی خانەدان و یەگجار دەوڵەمەند بووە. تەنانەت خەرجی ئەو زانا و خوێندکارانەش کە لە زانستگەکەیا بوون، خۆی لە ماڵ و سامانی خۆی داویەتی. شەمسی تەورێزی پیرە پیاوێکی خواناسی دڵ ڕووناک بووە کە وەک سۆفی و عارفەکانی تری ئەو سەردەمە بەوڵاتە ئیسلامییەکاندا گەڕاوە. هەڵبەت هەر کەسێ کە بۆ گەشت و دیتنی وڵاتان شار و وڵاتی خۆی بەجێ ئەهێڵێ، مەبەستێکی هەیە؛ یەکێک بۆ دیتنی هەرێمی تازە، یەکێک بۆ هەڵسەنگاندنی زانیاری وڵاتانی جۆربەجۆر و ئەزانین کە لەو کاتەدا سنوور وەک ئێستە دابڕاو و دیاریکراو نەبوو کە دانیشتووی هەرێمێکی تایبەتی جوغرافیایی و سیاسی نەتوانێ بێ پرس کردن و ماوە وەرگرتن لە وڵاتی خۆی بچێتە دەرەوە؛ ئەمڕۆ باری تایبەتی سیاسی پێداویستی بەم دیاری کردنی سنوورە هەیە کە لەو کاتەدا نەبووە. شەمسی تەورێزیش بێ گومان سەرەڕۆی دوای مەبەستێک کەوتووە کە تەورێزی بەجێ هێشتووە و لە سنووری ئێران تێپەڕیوە و ڕووی کردۆتە وڵاتی ڕۆم. واتە تورکیەی ئێستا و ڕێگای کەوتۆتە شاری قوونیە کە جەلالەددین لەوێ بووە. ڕەنگە کێشەرێکی مەعنەوی شەمسی بردبێتە قونیە تا بەدیداری خۆی مەولانا بکاتە ئاگرێکی هەرگیز دانەمرکاو. شەمسی تەورێزی بەسەر و ڕیشی ئاڵۆزاو و بەرگی تۆزاوی ڕێگای دوورودرێژەوە ئەچێتە ئەو خوێندنگەیە کە مەولانا دەرسی لێ ئەڵێتەوە. لەو ڕۆژگارەدا بەپاڵ هەموو خوێندگەیەکی ئایینییەوە مزگەوت هەبووە و جێگایەک بۆ خەوتن و حەسانەوەی گەشتیاران و ڕێبوارانی غەریب دروست کراوە. کامە ماڵ دەرگای بۆ غەریب ئاواڵەترە لە دەرگای ماڵی خودا و کامە خانەخوێ دڵاواترە لە خوایەک کە گیان ئەبەخشێ، چ بگا بە نان؟!

ژن:

شەمسی تەورێزی بەڕواڵەتی هەژارانەوە ئەچێتە سەر ئەو گۆلە وا مەولانا لە کەناریا دانیشتووە و فەقێ و زانایان وەک پەپوولەی دەوری شەم لێی کۆبوونەتەوە. هەر کام لەو زانایانە کە لە وڵات و شاری خۆیان مامۆستایەکن و ئێستە بەشانازییەوە بوون بەشاگردی مەولانا، پرسیارێک ئەکەن. یەکێک لە بارەی فەلسەفەوە، یەکێک سەبارەت بەمەنتیق، یەک حەدیس و ئەوی تر زانستی فەلەکیات.

پێویست ناکا بڵێم مەولانا لە باری زانستەوە چەند بەهێز بووە. ڕادەی زانستی ئەو پیاوە بەرزە بەشیعرەکانیا دەرئەکەوێ، باسی ئەتۆم لە شیعرێکیا بەڕووناکی دێتە بەرچاو. مەولانا ئەڵێ:

آفتابی در دل ذره نهانفارسی
وای اگر آن ذره بگشاید دهانفارسی
ذره ذره گردد افلاک و زمینفارسی
گر که آن خورشید بجهد از کمینفارسی

لەو کاتەدا کە کۆڕی وتووێژی زانستی لە نێوان مامۆستا و شاگردەکانیا گەرمە، شەمسی تەورێزی دێ و لەسەر گۆلەکە دائەنیشێ و گۆی ئەگرێ بۆ قسەیان. پاش ماوەیەک لە مەولانا ئەپرسێ ئەم هەرایە لەسەر چییە و باسی چی ئەکەن. مەولانا کە لای وا ئەبێ لەگەڵ سۆفیلکەیەکا ڕووبەڕووە، بەتەوسەوە ئەڵێ: ئەمە زانستی «قال»ە تۆ تێی ناگەی. شەمس بێ دەنگ ئەبێ و مامۆستا و شاگرد دەست ئەکەنەوە بەلێکۆڵینەوە و وتووێژ. لەپڕ شەمس دەست ئەداتە چەند پەڕاوێک و لە گۆلەکەیان ئەخا. مەولانا تووڕە ئەبێ و گومانی نامێنێ کە ئەو پیاوە پیرە غەریبە، شێتە. شەمس پاش ئەوە کتێبەکان ئەخووسێن دەس ئەبا و لە گۆلەکە ئەیانهێنێتە دەرەوە و لە یەکیان ئەدا تۆزیان لێ هەڵدەستێ. مەولانا و ئەوانی تر سەریان سووڕ ئەمێنێ و جەلالەددین ئەپرسێ ئەمە چ بوو ئەی دەروێش؟ شەمس لەسەرەخۆ وەڵام ئەداتەوە: ئەمە زانستی «حاڵ»ە و تۆ تێی ناگەی. شەمس ئەڕوا و مەولانا جەزبەی عیرفان ئەیگرێ و دەرس و خوێندگە ئەنێتە لاوە.

پیاو:

داستانێکی تریش سەبارەت بەزانین و دیتن. واتە عیلمی زێهنی و عەینی لە ئەبوو عەلی سینا و ئەبوو سەعیدی ئەبیلخەیر ئەگێڕنەوە. لە پەڕاوی مەقاماتی ئەبوو سەعید کە نووسراوی نەوەی ئەبوو سەعیدە نووسراوە کە «شەیخوڕڕەئیس» ئەبوو عەلی سینا و شێخ ئەبوو سەعید یەکتریان چاو پێکەوت. سێ شەو و ڕۆژ تەنانەت کاتی خەویش لەیەک هەڵنەبڕان و لە هۆدەکەیان نەهاتنە دەرەوە. کاتێ لەیەک جیا بوونەوە لە ئەبوو سەعیدیان پرسی: ئەبوو عەلیت چۆن وەبەرچاو هات؟ فەرمووی ئەوەی من ئەیبینم ئەو ئەیزانێ.

هەر ئەو پرسیارە لە ئەبوو عەلیش کرا لە وەڵاما کوتی ئەوەی من ئەیزانم ئەو ئەیبینێ.

ئاخۆ جیاوازی هەیە لە ناو ئیلهامی عارفانە و شاعیرانەدا؟ ئاخۆ کەشف و شهوودێ کە بۆ عارف هەیە بۆ شاعیریش نییە؟ ئایا هەردووک لەو زانستانە واتە مەعریفەتی عارفانە و شاعیرانە هەردووکیان سەرچاوەیان لە عاتیفەوە نییە؟ بەم چەشنە شاعیریش وەک عارف لە بەرامبەر زانادایە. هەروەک زانایەک بەعارفێک ئەڵێ ئەمە عیلمی «قال»ە تۆ تێی ناگەی، بەشاعیرێکیش ئەڵێ لێکدانەوەت لە حەقیقەت دوورە؛ لە کاتێکا هەم شاعیر و هەم زانا ئەڕواننە سەر حەقیقەت. بەڵام هەر کام لە ڕوانگەیەکەوە. وەک دوو کەس کە لە دوو لاوە تەماشای چیایەک بکەن کە نساری بەدار و دەوەنە و بەر ڕۆژی سیاسەنگ و ڕووتەن. یەکیان شینایی دار و درەخت ئەبینێ و ئەوی تریان ڕەقەن و وشکارۆ. هەردووک لەو دوو کەسانە یەک چیا ئەبینن، بەڵام هەر کام لە ڕووکارێکەوە.

لە شوێنەواری هۆمێر کەڵکی مێژوویی وەرگیراوە و بەناوی بەڵگەیەک بۆ ناسینی سەردەمی مایسنا ناسراوە؛ لە کاتێکا ئەو هەڵەیانە کە کوتمان ئەگونجێ سەر لە لێکۆڵەرانی مێژوویی بشێوێنێ و ئەو شتانە کە هۆمێر بۆ ئاهەنگ و وەزنی شیعر کوتوویە و تەنیا لە باری هونەرییەوە هەڵیبژاردووە بە شتێکی ڕاست و ڕەوانی مێژوویی نەزانێ. شاعیر جگە لە عەناسوری سەوتی وەک: وەزن، ئاهەنگ و قافیە، سەرمەشقێکی تریشی هەیە کە ئەبێ لە بەرچاوی بگرێ، ئەویش پێوەندی هەیە بەلەگەڵ یەک هاتنەوەی تەواوی وشەکان لەگەڵ یەک. یەک وشەی ناحەز تێکڕای شیعرەکە ناحەز ئەکا. وەک ڕەنگێکی ناشارەزایانە کە لە تابلۆیەکی نەققاشی درابێ، یا مێلۆدییەکی نەرم کە بۆ سەمفۆنییەکی حیماسی کرابێتە پێشەکی یا بەردێکی نەتاشراو لە خانووبەرەیەکی بە بەردی تاشراوی مەڕمەڕ.

ژن:

لە بەرنامەیەکی ترا دیسانەوە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین. تا ئەو کاتە بە خواتان ئەسپێرین.