کێشەی زانایان و شاعیران ئەبەدییە

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  956 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. لە دوو سێ بەرنامەی ڕابردوودا باسی ئەوەمان کرد کە حەقیقەت لە ڕوانگەی شاعیران و زانایانەوە جیاوازی هەیە و کوتمان کە زانایان زۆر لەمێژە لێکدانەوەی شاعیران و چەشنی ڕوانینیان بۆ جیهانی حەقیقەت بەهەڵە ئەزانن. لە گزنۆفان و فیساغورس تا هیراکلیت و ئیفلاتوون و تا ئەمڕۆکە کێشەی نێوان زانا و شاعیر بەردەوامە. لێرەدا پرسیارێک هەیە: بۆچ زانایان دژایەتییان هەر لەگەڵ شاعیر هەیە و خۆیان لە بەشەکانی تری هونەر ناگەیەنن؟ لەبەرچی ئارشیتێکتۆرێک یا پەیکەرساز و نەققاش و نووسەرێکی تئاتر و تەنانەت دەورگێڕێکی تئاتر نەکەوتوونە بەر تەوس و توانجی زانایان؟ مەگەر ئەوانە هونەرمەند نین؟ چما کارەکەیان بەهانی عاتیفەوە نەبەستراوە؟ پرسیار ئەمەیە کە شیعر لە هەموو هونەرێک زیاتر، باری عاتیفی موتڵەقی هەیە. هونەرەکانی تر ئەکرێ لە ڕوانگەی زانایانیشەوە سوودێکی دەسبەجێی بۆ کۆمەڵ هەبێ. کوتم دەسبەجێ چونکە لانی کەم نەققاشی زینەتە، پەیکەرسازیش هەروەها؛ جگە لەمە پەیکەرسازی بۆ مێژوونووسان زۆر شتی بەکەڵکی لێ دەس کەوتووە، وەک چەشنی بەرگی کۆن، چەشنی خۆ ڕازاندنەوەی ئافرەت و پیاوی مێژوویی. ئارشیتێکتیش چەشنی خانووبەرە سازکردن و سەرای گەورە یان قەڵای شەڕی سەردەمانی کۆنی لێ دەرئەکەوێ. ئارشیتێکت ئێستاش سوودی لێ وەرئەگیرێ و بۆ کۆمەڵ بەکەڵکە. تەنانەت مۆسیقاش ئەگەر ڕاسپێرییەکی تری نەبێ، لانی کەم ئەوەی هەیە کە ئارامیبەخشی گیان و گوێیە. بەڵام شیعر چی؟ شیعر لە ڕوانگەی ئەو زانایانەوە کە دژی شیعرن، لیزگەی چەند وشەی لە ڕاستی بەدوورە و هیچی تر و کەڵکی نییە بۆ کۆمەڵ. بەرپەرچی بڕوای ئەو زانایانە بەم جۆرە ئەدرێتەوە کە ئەو تاقمە هەر لە بناغەوە ڕاسپێری هونەریان نەناسیووە. شیعر و هیچ هونەرێکی تر نابێ بەمەوە ڕاوەستێ کە تەنیا جوان بێ. شیعر لەگەڵ جوانییا ئەبێ بەکەڵکیش بێ، بەڵام چۆن بەکەڵکییەک؟ وەها کە دۆزینەوەی هێزی کارەبا لە لایەن ئێدیسۆنەوە بەکەڵکە، چەشنی ئەو بەکەڵکییە کە لە فیزیک و میکانیک و شیمی و پزشکییا هەیە، ئەگەر هەر ئەوانە بن بەکەڵکی، ئەی فەننی حقووق، زانستی ئەخلاق، کۆمەڵناسی و سیاسەت و زۆر بەرهەمی بەکەڵکی تری مێشکی ئادەمیزاد چین؟!

ئاخۆ هەموو کۆششێکی ئادەمیزاد بۆ ئەوە نییە کە باش بژی و مرۆڤانە بژی؟ بەرەو پێش بچێ و بەرز بێتەوە؟ ئایا تێکنیکی پێشکەوتوو، بێ ناسینی فەلسەفە و مانای ژیان، ئاگرێک نییە بەدەس مناڵێکی نەفامەوە؟ ئەگەر ئەمەمان قەبووڵ کرد و شارەزای مێژووی هونەریش بووین و زانیمان کام پێتەویستی کۆمەڵایەتی، هونەری بەدی هێناوە، ناچارین قەبووڵ بکەین کە شیعر بێ ئەوە ویستی کەسێکی تایبەت، یا تەفەننونی شاعیرێکی دیاریکراو بێ، لە کۆمەڵا پەیدا بووە، هەروەک بەشەکانی تری هونەری جادوویی. شیعر باشتر لە نەسر لەبەر ئەکرێ و لەبەر ئەمە باری هەڵگرتن و نەفەوتانی زۆر مەبەست و ڕووداوی کۆمەڵایەتی و مێژووی خراوەتە ئەستۆی شیعر؛ بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتا شیعر زیاتر لە هەموو هونەرێکی تر پێشینەی خزمەتی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەگەر گاهێک و لە سەردەمێکی کورتا بەهۆی بارێکی تایبەتی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە شیعر لە ڕێگای خزمەتی گشتی لای دابێ، ئەمە نابێتە مایەی بێ کەڵکی شیعر. ئاخۆ سەنعەت و زانست لە هەموو کاتێکا بەکەڵکە؟ تەنانەت ئەگەر بۆمبای ئەتۆمیش بێ و بەسەر خەڵکی بێ تاوانی هیرۆشیما و ناکازاکیشا بکەوێ؟ ئەتۆم ئەتوانێ لە خزمەتی ئادەمیزادا بێ و چارەی زۆر دەرد و نەخۆشی و کەمایەتی بکا، لە کاتێکا تا ئێستا ئەتۆم وەها نەبووە و بۆ ئەم ڕێگایە کەڵکی زۆر لێ وەرنەگیراوە و ئەم مەبەستە نابێ بمانهێنێتە سەر ئەم بڕوایە کە گوایە زانستی فیزیک بێ کەڵک و زیان گەیێنە. مەبەستێکی تریش کە پێویستە بۆ پاکانەی شیعر لە لای زانایان، هەڵبەت ئەو زانایانە کە دژی شیعرن، بکوترێ، ئەمەیە کە شیعر و وێژەی پێش زانست هەستیان بەنیازی کۆمەڵی ئادەمیزاد کردووە و زۆر هەڵکەوتووە کە زانست بیری لە شتێک نەکردۆتەوە و بەلایەوە کارێکی نەگونجاو بووە، لە کاتێکا شیعر و وێژە لە خەیاڵ و عاتیفەی شاعیرا تەسویری کردوون و ڕێگا و شوێنی بۆ دامەزراندوون. زۆر ئوستوورە و ئەفسانە هەن کە ئیختڕاعاتی زانستی هەزار ساڵ پاش خۆیان پێشبینی کردووە. لە سەردەمی کۆنا فڕین بۆ ئادەمیزاد لە باری زانستییەوە نەگونجاو بووە و تاقیکاری زانایان ئەوەندە نەبووە کە تەنانەت ئاواتی فڕینیشیان هەبێ، بەڵام شاعیر و ئەفسانەوێژی کۆن لە جیهانی بەرینی هونەرا خۆی بەتاقیکاری کەموکورتی دەسکەوتی ئادەمیزادەوە نەبەستۆتەوە و ماوەی هەبووە تا بیر و خەیاڵ لە وزەیاندا هەیە، بڕوا و ئاوات بخوازێ بۆ هەڵفڕین و نموونە و میسالی ئوستوورەیی ساز بکا. قالیچەی سولەیمان، چەرخ و فەلەکی پیرێژن لە ئەفسانەی کوردییا و ماشێنی فڕۆک لە داستانی دێدالووس نوعخرزخر دا پێشبینی کراوە و بۆتان ڕوون ئەکاتەوە کە شاعیر و نووسەر سەرقافڵەی کاروانی پێشکەوتووی بەشەرییەت بوون. تەنانەت ئاریستۆفان لە پەڕاوێکی شیعریدا کە ناوی «بۆق»ە، شەڕی شیمیایی لە ڕێگای هەواوە پێشبینی کردووە و لووسین سەفەر بۆ مانگی باس کردووە. لە ئەفسانە کۆنەکانی یوونانا، کەسێک هەیە بەناوی ستائووس. کاتێ خەریکی مردن بوو، خوای بەیان لە لای زێئووس تکای بۆ کرد و تەمەنی هەمیشەیی پێ بەخشرا. ئەمەش نموونەیەکە هەزاران ساڵ لێرەوبەر لە وێژەدا هاتووە و تا ئەمڕۆش بەشەر نەیتوانیوە خۆی لە دەس مردن ڕزگار بکا؛ بەڵام ئەگونجێ زانست ڕۆژێک ئەم ئاواتە بەدی بهێنێ. زانست، ئەویش زانستی فیزیک و میکانیک و پزیشکی کە هیچ پێوەندیێکیان بەزانستی کۆمەڵایەتییەوە نییە، هەر ئەوەندەیان لە دەس دێ، کە کەرەسەی ئاسوودەیی و پێشکەوتی سەنعەتی بۆ ئادەمیزاد پێک بهێنن...

کەڵک وەرگرتن لەو کەرەسانە لە هەرێمی زانستێکی ترا دیاری ئەکرێ، واتە زانستی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی و ئەخلاق و فەلسەفە و ئەدەب زیاتریان بەیەکەوە پەیوەند هەیە تا لەگەڵ زانستی تێکنیکی. من ناچارم جارێکی تریش ئەم ڕاستەقینە بخەمە بەرچاو کە بەداخەوە زۆر کەس لایان وایە شیعر تەنیا جوانی ڕووتە و هیچ ڕاسپێرییەکی کۆمەڵایەتی نییە. ئەمە هەڵەیەکە کە تەنیا ئەو کەسانە تووشی ئەبن کە نایانەوێ ورد بنەوە لە ناوەڕۆکی شیعر و هێزی هاندەر و بەرەو پێشبەری ئەم بەشەی هونەر. ئەم ڕیزە وتارە ئەتوانێ دەرگای وتووێژی ئێمە و ئێوە بکاتەوە و ئەگەر جگە لەمانە کە کوتوومانە شتێکی ترتان بەخەیاڵا دێ، یا ڕەخنەیەکتان هەیە، تکایە بۆمان بنووسن، بڕواتان بەناوی خۆتان بڵاو ئەکەینەوە و سپاستان ئەکەین.

تا بەرنامەیەکی تر کە دیسانەوە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین، بەخوای مەزنتان ئەسپێرین و چاوەڕوانی نامەتانین.