شیعر زیاتر لە فەلسەفە نیزیکە، هەتا مێژوو

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  960 بینین

سەلام لە گوێگری بەهەست و هونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی پێشوودا کوتمان کە حەقیقەت و ڕاستەقینە لە ڕوانگەی شاعیر و زاناوە جیاوازییان هەیە، بەڵام هیچ کام لەم دوو لێکدانەوەیە، واتە لێکدانەوەی شاعیر سەبارەت بەحەقیقەت و لێکدانەوە و بڕوای زانا بەرامبەر بەڕاستەقینە، هەڵە نین. هەردووکیان بەپێی بڕوایان دەرک و تێگەیشتنێکیان هەیە. باسی بەرەنگاری زانایانمان کرد بەرامبەر بە شاعیران و کوتمان تاقمی زانا بەدرێژایی مێژوو بەرهەڵستی شاعیران وەستاون و لایان وابووە کە لێکدانەوەی شاعیر لە ڕاستەقینە دوورە. ئەفلاتوونمان بەنموونە هێناوە و پاشان باسی ئەرەستوومان کرد کە یەکەم فەیلەسووف و زانایەک بووە ڕێزی بۆ شیعر داناوە و کوتوویەتی شیعر لە مێژوو زیاتر لە فەلسەفە نزیکە. بەڵام کوتمان نابێ چاوەڕوان بکرێ کە شیعر لە باری ئامار و ژمارەوە شتێکی لێ دەرکەوێ کە ڕوونکەرەوەی ڕاستەقینە و ڕووداوی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بێ. هەڵبەت ئەمە بەڵگە نییە بۆ ئەوە کە شیعر لە پایە و بناغەشدا کاری بەسەر ڕاستەقینەوە نییە، بەپێچەوانە شیعر هەوێنی لە ڕاستەقینە وەرئەگرێ، بەڵام ڕاستەقینەی دەوروبەر و ڕووداوی ڕۆژانە و ڕابردوو لە دەروونی شاعیرا ڕەنگیان ئەگۆڕێ و بەتارای عاتیفە دائەپۆشرێن. لە بەرنامەی ڕابردوودا کوتمان کە شاعیر وەک زانا و ژمارەگەر نییە کە هەوڵ بدا وتەکانی موو بەموو، بێ کەم و زۆر لەگەڵ ڕاستەقینەی دەرەوەدا بێتەوە. بۆ ئەو باسەش میسالێکمان هێناوە لە شیعری شاعیرێک کە ئەڵێ: ٩ ڕیز لۆبیا ئەچێنم. لە وێژەی خۆشمانا زۆر جار تووشی شتی وەها ئەبین. بۆ نموونە شاعیر بەژنی یاری بەدارێکی ڕاست و بەرز تەشبیهـ ئەکا. لێرەدا ڕاستەقینەیەک لە بەرچاوی شاعیرە، کە زانا کاری بەسەرییەوە نییە. حەقیقەتی بەرزی و تەرزی بەژن و باری دڵدار، جا با نەکرێ بەژنی هیچ ئافرەتێک بەئەندازەی چنار و سەوڵ بەرز بێ. شاعیر بەرزی باڵای لە بەرچاوە نەک ئەندازەی بەرزییەکە.

جا هەتا ئێرە هێشتا هەر باشترە و باسەکە باسی کەممی و چەندایەتییە. بەژنی یار و بەرزە و سەوڵیش دارێکی بڵند و تەرزە. ئەمە تەشبیهی مەحسووسە بەمەحسووس. واتە لەیەکچواندنی دوو شتە کە هەست ئەکرێن و بەرچاو ئەکەون. هەم بەرزی دار دیارە و هەم بەرزی بەژنی دڵدار. بەڵام گاهێ هەڵئەکەوێ کە شتێکی مەعقوول بەشتێکی مەحسووس تەشبیهـ ئەکرێ یا پێچەوانەکەی. واتە تەشبیهی مەحسووس بەمەعقوول. لەم دوو جێگایەشدا چونکە یەکێ لە «موشەببەهـ» یا «موشەببەهون بیهی» هەست کراوە، کارەکە ساکارترە. شاعیر ئەڵێ: «ڕۆیشتنی ئاو بەناو جۆبارا وەک تێپەڕینی تەمەن ئەچێ.» تەشبیهی مەحسووسە بەمەعقوول. یا ئەڵێ: «خەم لەسەر دڵم خەرمانەی داوە»، تەشبیهی مەعقوول بەمەحسووسە. خەم بەچاو نابینرێ، بەڵام خەرمانەی دەوری مانگ کە دەوری ئەگرێ و تاریکی ئەکا شتێکی بەرچاوە و هەست ئەکرێ.

لەو جێگایەدا تێگەیشتن کەمێک دژوار ئەبێ کە مەعقوول بەمەعقوول تەشبیهـ ئەکرێ؛ «حافز» ئەڵێ:

سلامی چو بوی خوش آشناییفارسی
بدان مردم دیده روشناییفارسی

بۆنی خۆشی ئاشنایی شتێک نییە بەلووت هەست کرێ و هەروەها سڵاویش نامەحسووس و هەست نەکراوە. گلێنەی چاوی ڕووناکییش تەعبیرێکی شاعیرانە و نامەحسووسە؛ گوایە ڕووناکایی چاوی هەیە و ئەو کەسەش وا «حافز» ئەچێتە سڵاوی، گلێنەی ئەو چاوەیە. بڕوانن هونەری شاعیرانە چی کردووە. ڕووناکایی جگە لە پڕشنگ و نوور شتێکی تری تێدا نییە؛ ئەزانین کە ڕووناکترین بەشی ئەندام چاوە، هەم ڕووناکە و هەم ڕووناککەرەوە؛ لە چاویشا گلێنە بەکارترین بەشە بۆ دیتن، واتە ڕووناککردنەوەی شت؛ جا ئەگەر لە شتێک نەفسی ڕووناکایی بێ و لەو لەشەدا چاوێک هەبێ، بێ گومان چاوەکە لە لەشەکە ڕووناکترە، واتە ڕووناکتر لە ڕووناکایی، جا گلێنەی ئەو چاوە ئەبێ چی بێ؟! ڕووناکتر و ڕووناککەرەوەتر لە چاوی ڕووناکایی!

دژایەتی زانا و شاعیر لە ناو وێژەی فارسیشا زۆر بەرچاو ئەکەوێ و تازەترینیان لە لایەن ئەحمەدی کەسرەوییەوە بوو بەرامبەر بەشیعری شاعیرانی ئێران وەک حافز.

کەسرەوی پەڕاوێکی نوسیووە بەناوی «حافظ چەمی گوید؟» و لەو پەڕاوەدا ڕەخنەی سەیر و ناڕەوای گرتووە لە حافز. کارم بەسەر ئەمەوە نییە کە ڕەخنەی کەسرەوی لە شاعیران بەتایبەت ئەو شاعیرانەی کە کاریان مەدح و پێ هەڵکوتنە ڕەخنەیەکی دروست و بەجێیە، بەڵام وا دەرئەکەوێ کەسرەوی هەر لە پایەوە بێگانەیە بەرامبەر بەڕاسپێری شیعر و زۆر ورد نەبۆتەوە لە ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی شیعرەکانی حافز و خۆی لەم ڕاستەقینەیە نەگەیاندووە کە ئیستعارە و ئیماژ گاهێ بەگوێرەی باری کۆمەڵایەتی ناچارییە بۆ شاعیر. وا دیارە کەسرەوی لای وایە کە شاعیر یا هەر کەسێکی تر ئەوەی وا بەلایەوە دزێوە، ئەبێ بیڵێ و ئەگەر ترسی هەیە لە کوتن، باشترە هیچ نەڵێ و بەوتەی داپۆشراو ڕێگا لە خەڵک نەشێوێنێ. کەسرەوی لە ناو شاعیرانی ئێراندا فردەوسی پەسند ئەکا و ئەڵێ شیعرەکانی بۆ هاندانی دەماری نەتەوەپەرستی بەکەڵکن. ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەگەر فردەوسی پاش بووژانەوەی دووبارەی هونەری ئێرانی نەهاتبایە و بارێکی سازاوی وەک دەرباری مەحموودی نەبوایە خوا عالم کە ئەیتوانی یا ئەیوێرا ئەم شیعرە هاندەرانە بڵێ یان نا؟! ئەگەر فردەوسی پاش هێرشی مەغوول بهاتبایە و لە ناو گەلێکا بژیایە کە بڕوایان بەخۆیان لە دەس چووە و ترس دایگرتوون، ئاخۆ لە دەروونیا ئاگری نیشتمانپەرستی هەر بڵێسەی ئەبوو یان نا؟

ئەزانین کە شاعیر بارهاتووی کۆمەڵ و شەرایتی کات و پێداویستی کۆمەڵ و مێژووە. بۆ چی قەسیدە ئەگۆڕێ بەغەزەل؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ساکارە، ئەگەر بزانین قەسیدە هی کام سەردەمە و غەزەل لە چ کاتێکا پێش کەوتووە. لە بەرنامەی پێشوودا کوتمان کە گاهێ مێژووناس یا مێژوونووسی وێژەویست ناچار ئەبێ لەو پەڕاوە شیعرییانە کە سەبارەت بەڕووداوێکی مێژوویی یا ئادەمیزادێکی مێژوویی نووسراون کەڵک وەربگرێ.

ئەو مێژوونووسانە تا چ ڕادەیەک ئەتوانن بڕوایان بەو پەڕاوە شیعریانە هەبێ و پشت ببەستن بەو نووسراوانەوە. ئەگەر ئەو پەڕاوانە نووسراوی شاعیرانی جیهانی کۆن بن وەک سافۆ و ئەناکیرئۆن بەدوو دەلیل ئەکرا مێژوونووسان کەڵکی لێ وەربگرن:

یەکەمیان لەبەر ئەمە کە شاعیرانی پێشوو تا ئەم ڕادەیە کە ئێستە باو بووە نیازیان بەداپۆشراوی و دوورکەوتنەوە لە هەرێمی ڕاستەقینە و واقعییات نەبووە، چونکە پێوەندی ژیان بەم هێندە پڕ پێچ و قەمچ و گرێ و گۆڵ نەبووە، ئەمە دەلیلی یەکەم. دووهەمیش ئەمە کە ناچارە مێژوونووس لەم نووسراوە شیعرییانە کەڵک وەربگرێ، چونکە بەڵگەی تری بەدەستەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشا کەڵکەڵەی هەڵەکردن هەر ئەمێنێ.

تا بەرنامەیەکی تر کە دیسانەوە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین بەخواتان ئەسپێرم.