شاعیر و حەقیقەت و واقعییەت

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 8 خولەک  1165 بینین

سەلام لە گوێگری خۆشەویستی بەرنامەی تاپۆ.

لە بەرنامەی پێشوودا بەشێکمان لە نووسراوێکی ستانفۆرد پێشکەش کردن بەناوی حەقیقەتی شاعیرانە و حەقیقەتی زانستی. کورتەی بەرنامەی پێشوومان ئەمە بوو کە سەبارەت بەکاری شاعیران و ڕادەی تەئسیریان لەسەر کۆمەڵ، بڕوای جۆربەجۆر دەربڕاوە. فەلاسەفە و زانایان لە ڕۆژگارانی زووەوە تاقمی شاعیریان بە باشی نەهاتۆتە بەرچاو. تاوانباریان کردوون بەدرۆ و یا لانی کەم کوتوویانە لێکدانەوەی شاعیرانە دوورە لە ڕاستەقینەی ژیان. باسی ئەفلاتوونمان کرد کە بەشاعیران ئەڵێ درۆزنانی زیان گەیێن و هەروەها باسی دیفاعییەی ئەرەستووشمان کرد لە شیعر و کوتمان کە ئەرەستوو، پسپۆڕ و بلیمەتی جیهانی کۆن لە بەرگری نامەکەیا ئەڵێ شیعر لە مێژووی نووسراو زیاتر لە فەلسەفە نزیکە. هەڵبەت ئەم قسەی ئەرەستوو هەمیشە بۆتە مایەی دڵمەندبوونی مێژوونووسانی زانستی. مێژوونووسی زانستی مەبەست لەو کەسانەیە کە بەبارێکی زانستییەوە سەیری مێژوویان کردووە و عیللەت و مەعلوولی ڕووداوە مێژوویییەکانیان هەڵسەنگاندووە و تەنیا بەنووسینی وەقایع و ڕووداوەکان، بێ لێکدانەوە و بردنەوە سەریەکی هۆ و هەل و هەڵکەوتەکان، بەسیان نەکردووە. لەم مێژوونووسانە ئەتوانین ناوی «توسیدید و گپبۆن» بەرین. لام وایە کە ئەو بناغەیە وا ئەرەستوو بەهەڵپەوە دایڕشت ڕووکارەکەی لێکدانەوەی «جوانیناسان» واتە عالمانی عیلمی جەماڵ لە دە ساڵەی دوایی سەدەی نۆزدەدا پێک ئەهێنێ. «ئۆسکار وایڵد» لە نووسراوێکیا ئەنووسێ: «هونەر، بەرزی و تەواوی خۆی لە ناو خۆیا دەس ئەکەوێ. نەوەک لە جیهانی دەرەوەدا. هونەر نابێ بەتەرازووی وێچوون و شەباهەت لەگەڵ شتی دەرەوەدا هەڵسەنگێنرێ. هونەر گوڵی وەهای هەیە لە هیچ جەنگەڵێکا دەس ناکەوێ، باڵداری وەهای تێدایە کە لە هیچ باغ و گوڵزارێکا نییە، هونەر بەهەزاران جیهان دروست ئەکا و ئەیڕووخێنێ و ئەتوانێ مانگ بەدەزوویەکی سوور بەئاسمانەوە هەڵواسێ.»

هەڵبەت ئەم واتەیە لەگەڵ بڕوای ئەرەستوو جیاوازی هەیە؛ بەڵام سەیر ئەمەیە کە هەم ئەرەستوو و هەم ئۆسکار وایڵد لەسەر ئەم مەبەستە پێکهاتوون کە شیعر هەرێمێکی سەربەخۆیە نە موستەعمەرەی شۆڕش کردوو و جیاوازی خوازی مێژوو یا زانست.

بەرامبەر کردنی شیعر و مێژوو لە لایەن ئەرەستووەوە منی هێنا سەر ئەو بیرە کە لایەنێکی تریش هەڵدەم لەو بڕوایە کە لە پێشا کوتم. زانایان قسەی شاعیران بەدرۆ ئەزانن، تاقمێکی زۆر لە زانایانی دێرینەناسی هەوڵیان داوە ڕاستەقینەی مێژوویی لە پەڕاوە حەماسییەکانی جیهانی کۆن وەک ئیلیاد و ئۆدیسە شوێنەواری هۆمێری یوونانیا بدۆزنەوە. وایان داناوە کە پیاو ئەتوانێ لەو پەڕاوانەدا بەئاشکرا ئەوەی وا ڕووداوی مێژووییە لەگەڵ ئەوەی ئەفسانەیە لەیەک جیاکاتەوە. لام وایە ئەو تاقمە زانا و دێرینەناسانە کاریان بەسەر شوێنەواری شاعیرانی وەک بلیک، مایتس، دانتە یا لویس کارۆڵەوە نییە و مەبەستیان ئەو پەڕاوە شیعرییانەیە کە نیوە مێژوویین وەک کتێبی ژولیوس سزار نووسراوی شکسپێر.

هۆمێر شاعیری گەورەی یۆنانی لە جڵدی دووهەمی پەڕاوی ئیلیادا قایمەیەکی دوورودرێژی هێناوە لە فەرماندەرانی یۆنانی شاری تڕۆوا لەگەڵ ناوی ئەو دەریایانە کە پێیدا هاتوون و ژمارەی کەشتییەکانیان. هەڵبەت ئەو وێژەوانانە کە لە هەرێمی مێژووییشا ئەیانەوێ لێکۆڵینەوەیان هەبێ، مافیان هەیە ئەو قایمەی «هۆمێر»، بەناوی بەڵگەیەکی مێژوویی بەدەستەوە گرن و بیانەوێ لە بارەی ژیانی ئەو کاتەی تڕۆوادا یا باری ژیانی پێنسەد ساڵ لێرەوبەری سەر زەوی مالسیا بەهۆی نووسراوەکانی شکسپێڕەوە بزانن، بەڵام ئەبێ ئەمەش بڵێم کە ئەگونجێ ئەو بەڵگانە بەتەواوی نادروست و سەرشێوێن بن، بەتایبەت لە بارەی ئامار و ژمارەوە. چونکە لەگەڵ ئەوەشا کە شاعیر لە ڕاستەقینەیەکی دەرەوە ئیلهام وەرئەگرێ و ئەسڵ و مایەی داستان و سووژەکەی لەسەر واقعییەت دائەمەزرێنێ، بەڵام زۆر گوێ ناداتە وردبوونەوە لە ئامار و ژمارە و ڕەقەم. تەنانەت ناو و هەرێم بەو چەشنە کە ویستی زانایانە. شاعیر زۆرتر هەوڵ ئەدا وشەی بەئاهەنگ و مووسیقا هەڵبژێرێ. بۆ نموونە کاتێ ناوێک بەلایەوە جوان نەبوو یا هەرێمێک خاوەنی وشەی ناقوڵا و لەسەر زمان گران بوو، ئەیگۆڕێ. واتە فۆڕم و قالب و وشە زیاتر بەلای شاعیرەوە گرنگە تا ناوەڕۆکی ڕاستەقینە. بۆ ئەوەی دیسانەوە تووشی هەڵەیەکی تر نەبین و وا نەزانرێ کە منیش شاعیران بەدرۆزن دائەنێم و مەبەستم لەوە کە شاعیر دیوی دەرەوەی وتاری بەلاوە گرنگترە، گوایە ئەوەیە کە لە وتاری شاعیرا حەقیقەت نابینرێ، باشترە نموونەیەک بهێنمەوە و مەبەستەکە ڕوون بکەمەوە.

شاعیر ڕووداوێکی مێژوویی کە لە سەردەمی شەڕی سەلیبا هەڵکەوتووە ئەگێڕێتەوە. ڕیچاردی شێردڵ و سەلاحەددینی ئەیووبی بەشی هەرە گەورەی ئەو ڕووداوەن. یانی داستانەکە لەسەر ئەوان ئەگەڕێ. شاعیر ئەو دوو ناوە ناگۆڕێ، بەڵام ئەتوانێ چەشنی ڕووداوەکە بگۆڕێ. ژمارەی سپای سەلیبی و مسوڵمانەکان کەم و زۆر بکا. هەرێمەکەی وا شەڕ لەوێ قەوماوە بگۆڕێ، وتووێژەکان بگۆڕێ و زۆر شتی تر. چونکە هەروەک لە پێشا لە زمانی ئەرەستۆوە کوتمان شاعیر ڕووداوەکان وەک هەن باس ناکا، بەچەشنێ کە ئەکرا و ئەشیا ببن، باسیان ئەکا. دەیجا ئاشکرایە، ئەکرا سەلیبی سەرکەوتایەن، ئەکرا باری ژیان لە ئوڕووپای ئەو کاتەدا چەشنێک بوایە کە کلیسا دەستی ئەوەندە نەڕۆیشتبایە کە زۆربەی کۆمەڵی ئوڕووپا بخەڵەتێنن و شایانی وڵاتە ئوڕووپایییەکان بەهیوای وڵات گرتن و تاڵان، هان دا بۆ لەشکەرکێشان. ئەکرا سەلاحەددین ئەوەندە بەهێز نەبوایە کە سەلیبییەکان شکست بدا؛ تەنانەت لە ڕوانگەی شاعیرێکی ئوڕووپایییەوە کە پێوەند و دڵبەستراوی هەیە بەگەلەکەیەوە، باشتر بوو وەها نەبوایە. باشتر بوو لەو شەڕەدا ئوڕووپا سەر بکەوتبایە و زانیاری شەڕق و زووتر لە غەربا پەرەگر بوایە.

نموونەیەکی تر لەوەی کە شاعیر بۆ پاراستنی مووسیقا و ئاهەنگی فۆڕم، ژمارە و ئەڕقامی ڕیازی ئەکاتە قوربانی. زانایەکی میکانیک و فیزیک کاتێ باسی کەشتییەک ئەکا کە «٣٠» پێی لە ناو ئاودایە و «١٢٠» پێی لە دەرەوە و بەسەر ئاوەکەوەیە مەبەستێکی فیزیکی هەیە و ئەڕوانێتە سەر قانوونی فیزیکی، چونکە ئەگەر ژمارەی «٣٠» و «١٢٠» نەبێ لە باری فیزیکییەوە ئەگونجێ کەشتییەکە نوقم بێ یا لە بەرامبەر تۆفان و شەپۆلی دەریادا باش ڕانەوەستێ. بەڵام شکسپێڕ لە نووسراوەکەیا بەناوی تۆفان کاتێ بەئاریل ئەڵێ باوکت سی پێی تەواو لە دەریا چۆتە خوارەوە مەبەستێکی ڕیازی نییە و ڕەنگە هەر نەشزانی کە ئەگونجێ ئادەمیزاد لە قووڵایی سی پێدا تووشی قورسایییەکی لە ڕادەبەدەر بێت. شکسپێڕ وشەی «سی» هەڵبژاردووە، چونکو بەلایەوە لە بیست و چل مووسیقای زیاترە. هەروەها ییتس Yeats لە شیعری I nis free (ئای نیس فری)دا بێ گومان لەبەر مووسیقای کەلام و ئاهەنگی خۆشی وشەی ٩ ئەڵێ: لەوێ نۆ ڕیز لوبیا ئەچێنم و پلوورێک ساز ئەکەم بۆ هەنگەکانم. بۆ چی «ییتس»ی شاعیر نەیکوتووە ١٣ ڕیز لوبیا و دوو پلوور؟ بێ گومان لەبەر ناباری وشەی ١٣ و دوو. ئەگەر ئەو شیعرانە هی شاعیرانی سەردەمە کۆنەکان بن وەک سافۆیا ئەناکرئۆن Anakron وێژەوانانی دێرینەناسی بەناوی ڕاستەقینە ناچار ئەو ژمارە و ڕەقەمانەیان وەرئەگرت و بێ گومان لە ڕابردووی ڕاستەقینەی مێژووییدا تووشی هەڵە ئەبوون. ئەمە بوو کە لە پێشا کوتم نابێ چاوەڕوان بکرێ کە شاعیر خۆی بەتەواوی واقعییەتەوە ببەستێتەوە. شتێکی تر، چۆنە کورتی کەمەوە و بڵێم کە شاعیر حەقیقەت ئەڵێ، بەڵام حەقیقەتێکی بێ واقعییەت؛ کەمتر وا ئەبێ کە حەقیقەت و واقعییەت لە شیعرا یەکتر بگرنەوە. هەڵبەت ئەم لێکدانەوەی من کاتێ دروستە کە ئێوەش لە مانای حەقیقەت و واقعییەتا بڕواتان بڕوای من بێ. من واقعییەت بەو شتانە ئەڵێم کە ئێستە وجوودی واقعی و بەرچاویان هەیە؛ وەک سەختی و زبری بەرد یا کەم نرخی ئەوین لە چاو سەردەمانی پێشوو. بەڵام حەقیقەتی بەرد تەنیا زبری و سەختییەکەی نییە و کەم نرخی ئەوین بەلای منەوە باش نییە، واتە حەقیقەت نییە لە کاتێکا واقعییەتە، لەوەی کە کوتم باش نییە شتێکی تریشم بەبیرا هات بۆ مانای واقعییەت و حەقیقەت؛ واقعییەت ئەو شتەیە کە ئێستە هەیە. چ باش بێ، چ خراپ. چ جوان بێ، چ دزێو. حەقیقەت ئەگونجێ ئێستە نەبێ، بەڵام ئەگەر هەبوو جوانە؛ ئەوپەڕی پاکی و باشییە. باشی لە ڕاستییا مانایەکی ترە لە حەقیقەت. واقعییەت ئەمەیە کە هەژاری و برسییەتی و شەڕ لە جیهانا هەیە. بەڵام ئاخۆ ئەوانە بۆ هەمیشە پێویستن؟ حەقیقەت ئەمەیە کە نەخێر پێویست نین!

تا بەرنامەیەکی تر کە دیسان لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین بەخواتان ئەسپێرین.