حەقیقەتی شاعیرانە و حەقیقەتی عیلمی

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  843 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێز و هونەر پارێزی بەرنامەی تاپۆ.

گوێگرانی بەڕێز زۆر جار نامەیان بۆ ئێمە نووسیوە و گلەیییان کردووە کە نامەکانیان وەڵام نەدراوەتەوە و دیارییەکانیان لە شیعر و لە نەسر لەم بەرنامەیەدا بڵاو نەکراوەتەوە. ئێمە جێگا و نیشانێکی ڕاست و ڕەوانمان هەیە و زۆر بەلامانەوە سەیرە کە چۆن نامەکان بەدەستمان نەگەیشتوون. ناچارین بڵێین کەمتەرخەمی بۆتە هۆی ئەم کارە. جا چ هی پۆست بێ و چ هی هەواڵانمان لە کرماشان. ئێمە لەو هاوکارانە لە ڕاسپێری دابەشکردن و ناردنی نامەی گوێگرەکانیان بۆ لێپرسراوان و نووسەرانی بەرنامەکان لە ئەستۆیە داوا ئەکەین ئیتر کارێک نەکەن ئێمە شەرمەزاری گوێگرەکانمان بین. بەڵام باشتر ئەمەیە، ئێوە کە نامە بۆ بەرنامەی تاپۆ ئەنووسن بەئادرەسی «تاران، مەیدانی ئەرک، ڕادیۆی ئێران، بەشی کوردی و بەناوی لێپرسراوی گشتی کاک مەزهەری خالقی یا بەناوی نووسەری بەرنامەکە» بنێرن و دڵنیا بن کە ئەگاتە دەستمان. هەڵبەت ئێمە لەم بڕوایەداین کە تەنانەت گلەکردنیشتان نیشانەی لوتفتانە بەبەرنامەکەمان، چونکە ئادەمیزاد هەر گلە لە دۆستی ئەکا. لە هەر حاڵێکا بەرنامەکەمان هەمیشە ئامادەیە بۆ هونەرنماییتان لە هەموو بارێکەوە. هیچ پێویست ناکا ئەوەی وا بۆ ئێمەی ئەنێرن، نووسراوێکی شیعری و یا نەسری بێت. داب و دەستووری وڵات و دەربڕینی بڕواتان کە ئەم داب و دەستوورە پێوەندی بە چ بارێکی کۆمەڵایەتییەوە هەیە و تێکەڵاوی لەگەڵ هونەر و عاتیفەدا چییە، خۆی ئەتوانێ لە ئێوەوە بۆ ئێمە دیارییەکی باش و هێژا بێ.

نووسراوێکی هێژای ستانفۆردمان دەس کەوتووە کە مەنووچێهری ئاتەشی، شاعیری باشی ئێرانی وەری گێڕاوەتەوە بەفارسی و ئێمە کردوومانە بەکوردی و پێشکەشتانی ئەکەین. ناوی وتارەکە ئەمەیە: حەقیقەتی شاعیرانە و حەقیقەتی عیلمی. ئەم نووسراوە هەوڵی ئەمەیە کە ڕوونی بکاتەوە ڕاستەقینە و حەقیقەت لە ڕوانگەی عاتیفەوە جیاوازی هەیە لەگەڵ حەقیقەتێ کە زانست ئەیبینێ و ئەیناسێ. هەڵبەت ئەم وتەیە بەم مانایە نییە کە حەقیقەت خاوەنی دوو ڕواڵەتی دژی یەکترە یا ئەوەی وا عاتیفە بەحەقیقەتی دائەنێ یا ئەو شتە وا زانست بەحەقیقەتی ئەداتە قەڵەم یەکیان حەقیقەتە و ئەوی تریان دژی حەقیقەتە. ستانفۆرد ئەیەوێ بڵێ زانست و هونەر هەردووکیان حەقیقەت ئەبینن و ئەیناسن بەڵام لێکدانەوەیان و ڕوانینیان جیاوازە. ئەمە ئێوە و نووسراوەکەی ستانفۆرد.

داستانێ سەبارەت بە «ویلیام باتلێرییتس»، شاعیری گەورەی ئینگلیزی ئەگێڕنەوە کە بەباشی جیاوازی نێوان حەقیقەتی شاعیرانە و حەقیقەتی زانستی لێ دەرئەکەوێ. باتلێرییتس شەوێک لەگەڵ دۆستێکی زانایا دائەنیشێ و پاش شێو خواردن بەپێی باوی ئەو کاتەی «دوبلین» لێ ئەبڕێن چەند وردەیەک بەبانگکردنی گیان واتە ئیحزاری ئەڕواحەوە خەریک بن. بۆ ئەم کارە شاعیر و زانا و دۆستەکانی تریان لە پشت پەنجەرەی هۆدەکەیەوە کە ئەڕوانێتە سەر شەقام ڕوو ئەکەنە گۆیەکی بلووری و بەگۆیەکەدا ئەڕوانن. لەپڕ باتلێرییتس بەدەنگێکی جادووگەرانەوە دێتە قسە و ئەڵێ من تاپۆیەکی جادوویی و پڕشنگدار ئەبینم کە لەسەر تەپۆڵکەیەکی خاکی سەما ئەکا. شکڵی تریش ئەبینم ڕەنگیان سوورە، سەوزە، ئەرغەوانییە کە بەدەوری تاپۆیەکەدا دێن و دەچن. زانا قسەکەی ئەبڕێتەوە و ئەڵێ ئەوەی وا دێتە بەرچاوی بەڕێز باتلێرییتس پڕشنگی ئەو شتانەیە کە لە دووکانی دەوافرۆشی ئەوپەڕی شەقامەکەوە لەم کۆبلوورییەی ئەدا. ئەگەر باش سەیری دووکانەکە بکەن ڕیزە بوترییەک لە دووکانەکەدا ئەبینن کە پڕن لە دەوای سوور و سەوز و ئەرغەوانی. خۆرەتاو لەوانی داوە و پڕشنگیان ئەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەم گۆبلوورییە کە لە بەردەمی ئێمە دانراوە. ئەمەیە تاپۆی پڕشنگداری باتلێرییتسی بەڕێز.

ئەم جیاوازی بیروبڕوایە شتێکی تازە نییە. لەمێژە زانایان توانجی وەها ئەگرنە شاعیران. لە سەدەی شەشەمی پێش میلاددا زانایانی وەک «گزنۆفان» و «فیساغورەس» شاعیرانی وەک «هۆمێر» و «هێریود»یان بەدرۆزنترین ئادەمیزاد ناو ئەبرد. هیراکلیت ئەیکوت شاعیران لەبەر ئەمە کە لە حەقیقەت لائەدەن شایستەی تازیانە لێدرانن. ئەفلاتوونیش لە پەڕاوەی کۆمارەکەیا ئیشاڕە ئەکا بەکێشەی لەمێژینەی شیعر و فەلسەفە و شاعیران ڕێ ناداتە ناو شاری پاکژ، واتە مەدینەی فازیلەی خۆیەوە، چونکە لای وایە درۆی زیان ئاوەر ئەکەن. هەڵبەت ئەفلاتوون قوبووڵی ئەو درۆیانەی بەلاوە گرنگ نەبوو کە سەرچاوەی ئیعتیبار و هێزێک بن بۆ وڵات. ئێستەش زانایان تێکڕا حیسابیان کەی و کورتەیەک لە بڕوایان وەرگری ئەبێتە ئەمە کە شاعیران یا درۆزنن یا بەداخ و دەردەوە دوورن لە ڕاستەقینەی ژیان. ئەمەیە لێکدانەوەی گشتی سەبارەت بە شیعر کە بێ گومان پایەیەکی دروستی نییە.

ئەگێڕنەوە ڕۆژێک شاعیرێک لە شیعرێکا کوتی لە هەر وردەیەکا ئادەمیزادێک ئەبێ و یەکێک ئەمرێ. ژمارەگەرێک ڕەخنەی لێ گرت و کوتی ئەگەر ئەمە ڕاست بوایە، ئەبوو حەشیمەتی جیهان هەرگیز نەگۆڕێ، نە کەم بێت و نە زۆر، لە کاتێکا وەها نییە. ئەبوو شاعیرەکە بڵێ لە هەر وردەیەکا ئادەمیزادێک ئەمرێ و یەک ئادەمیزاد و ١٧/١ی ئادەمیزاد لە دایک ئەبێ! بەڵێ تەرازوو ئەمەیە بۆ درۆزنی شاعیران!

ڕەخنەگران ئیتر هاتوونە سەر ئەم بڕوایە کە بەڵێ شاعیرانی وەک «ییتس» و «بلیک» شێتن، بەڵام لەو شێتانەن کە پیاو سەرگەرم ئەکەن، بەڵام لایەنگران ئەڵێن شاعیران هێزێکی جادوویییان هەیە و ئەتوانن ئەو شتانە ببینن کە خەڵکی ئاسایی ناتوانێ بیانبینێ.

دژی ئەو بڕوایانە کە هەندێ لایەنگری شاعیرن و هەندێ بە شێت و درۆزنیان ئەزانن، مەبەستێک هەیە کە کەمتر کەس ئامادەیە بۆ قبووڵکردنی، ئەویش ئەمەیە کە شاعیر و زانا لە دوو باری زۆر گرنگەوە لەیەک ئەچن، پێش ئەوە ئەم لەیەکچوونە و ئەم دوو بارە باس بکەم پێم خۆشە بڕوای ئەرەستوو سەبارەت بەلایەنگری لە شیعر لە بەرامبەر هێرشی توندی ئەفلاتوونەوە بۆ سەر شیعر باس بکەم.

ئەرەستوو ئەڵێ: «شیعر بەهیچ بارێک درۆی زیان ئاوەر نییە. شیعر هەر باسی ژیانی خەڵکە، هەر حەقیقەتە، بەڵام لە ڕوانگەیەکی بەرزترەوە. شیعر خەڵک یا ڕووداوەکان وەها کە هەن و بەرچاو ئەکەون باس ناکا؛ بەڵکو وەهایان باس ئەکا کە ئەکرا ببن.» یا ئەبێ ببن. ئەرەستوو بەم چەشنە بەرگری نامەکەی لە ڕاسپێری کۆمەڵایەتی شیعر درێژە ئەدا و ئەڵێ: «شیعر لە مێژوو پتر باری فەلسەفی تێدایە و زۆرتر لە مێژوو شیاوی شیکردنەوەیە.»

تا بەرنامەیەکی تر کە دیسانەوە لەسەر باسەکە ئەڕۆین، بەخواتان ئەسپێرین.