شار

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 4 خولەک  3024 بینین

سەلامێکی گەرموگوڕ و پڕ بەدڵ پێشکەش بەگوێگری هۆگری هونەر و بیستیاری هەستیاری بەرنامەی تاپۆ. تکایە لە سەرەتای بەرنامەکەماندا گوێ بگرن بۆ پارچە شیعرێک لە شوێنەواری نووسەری بەرنامەکە:

:گوڵم! دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ

:دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت

:دەڵێم بەجامێ ئاوی کانیاوی دێیەکەم

:عەلاجی کەم

:کوڵی دڵی پڕم، لە دەردی ئینتزارەکەت!

:وەڕەز بوو گیانی من لە شار و هاڕەهاڕەی ئەو

:لە ڕۆژی چڵکنی نەخۆش و تاو و یاوی شەو

:دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت

:لە شاری چاو لەبەر چرای نێئۆن شەوارەکەت

:بڕۆمە دێ کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەم

:چلۆن بژیم لە شارەکەت کە پڕ بەدڵ دژی گزەم.

:لە شارەکەت کە ڕەمزی ئاسن و منارەیە

:مەلی ئەوین غەوارەیە؛

:دەڵێی لە دەوری دەست و پێم

:ئەوەی کە تێل و تان و رایەڵە، کەلەپچەیە

:ئەوەی کە پەیکەرە میسالی داوەڵە

:ئەوەی کە دارەتێلە مەزهەری قەنارەیە!

:لە شارەکەت کەمەندی دووکەڵە

:کە دێتە دەر لە ماڵی دەوڵەمەند

:وە تیشکی بێ گوناهی خۆرەتاو ئەخاتە بەند!

:لە هەر شەقام و کووچەیەک شەپۆلی شینە دێ بەرەو دڵم

:دەستی گەرمی ئاشنا نییە کە ئەیکوشم

:دەستی چێوییە!

:لە شارەکەت زەلیلە شێر،

:باوی ڕێوییە!

:بەهەر نیگایەک و پەتایەکە!

:ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم!

:گوڵم هەرێمی زۆنگ و زەل

:چلۆن ئەبێتە جاڕە گوڵ؟

:لە شاری تۆ

:لە بانی عەڕشە قۆندەرەی دراو

:شارەکەت، ئاسکە جوانەکەم

:تەسکە بۆ ئەوین و بۆ خەفەت هەراو!

:کێ لە شاری تۆ، لە شاری قاتڵی هەژار

:گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ؟

:منێ کە گۆچی تاوی گەرمی بەر دەوارەکەی عەشیرەتم

:بەدارە تەرمی کووچە تەنگەکانی شارەکەت

:ڕانەهاتووە لەشم!

:بناری پڕ بەهاری دێ

:ڕەنگی سوور و شین ئەدا لە شیعر و عاتیفەی گەشم!

 

لاوێکی دێهاتی کە بەیانی ڕەنگاوڕەنگی بەهارانەی هەواری چیای بەرزی دیوە و هەمیشە چاوی بەڕوانگەی بەرین و ڕاخراوی دەشتی بەگوڵ و گیا خەمڵیو ڕاهاتووە، دێتە شار. کۆڵانی تەنگ و درێژ وەک تابووت لەشی ئازادی ئەو لاوە ئەگوشێ. هەزاران بەندی ڕەسم و یاسا لە دەوری دەست و پێی هۆگری ڕزگاری ئەو ئەبێتە کەلەپچە. ڕوانینی شار جیاوازی هەیە لەگەڵ نیگای مێهرەبانی دێ. لە شار ژیان چەشنی پیاز، هەموو تێکوڵە و کاکڵی نییە. ڕواڵەتی ژیان ڕازاوە و شکۆدار، بەڵام ڕەنگی ئەو ژیانە ڕەنگی دەسکرە. هەروەک ڕەنگێ کە لێو و گۆنای ئافرەتی شار سوور ئەکا. بەڵام لە دێ، هەموو شت سروشتییە. تەنانەت سوورایی نیوە ڕەنگی لێوی بزەتێزاوی کچێ کە لە ژێر گەرمای ڕوانینی لاوێکی ئەویندارا شەونمی شەرم ئەکەوێتە سەر گوڵی گۆنای و خوێنی هەستی پاکی کچانە بەپێستی نەرمی دەموچاویا ئەگەڕێ، ڕەنگێکی سروشتییە. لاوی دێ نشین بەهەزار هەودای ئاوریشمین بەڕابردووی خۆیەوە بەستراوە، فێر نەبووە کۆشکی دە نەهۆمی سەر لە ئاسمان ببینێ و بۆ ئەوە تەماشای بکا کڵاوی سەری بەربێتەوە. لە دێ خانووبەرەی لار و کۆمی دیوە بەڵام هەنگاوی لاری لە ڕێگا لادەری نەدیوە...

لەو حاڵەدا دڵی ئەدا بەکچێک کە وەک گوڵی لەیلووپەڕی ئاوی لە ناو زەلکاوی شارا پشکوتووە. دوو هێزی کێشەر بۆ دوو لای جیاوازی ئەکێشن؛ هێزی ئەوین فەرمانی مانەوەی ئەداتێ لە شارێکا کە چەشنی پێڵاوی تەنگ پێی ڕێبواری ئەوین ئازار ئەدا و هێزی دەرچوون و ڕزگاربوون لە کەمەندی دووکەڵ و دراو و گەڕانەوەی بۆ دێ و دیسانەوە دەستەملانبوونەوەی بیرەوەری خەیاڵ ورووژێنی هەست بزوێنی سەردەمی مناڵی و گەنجی لە لادێ و ئەم شیعرانە ئاکامی بەرەنگاری ئەو دوو هێزەن لە هەناوی لاوەکەدا و ئەبینین کە تەنانەت زنجیرەی زێڕینی ئەوینیش پێی ڕەوەکی لاوەکە نابەستێ و ئەچێتەوە دێ کە ڕەنگی سوور و شینی بەهاری بنار لە عاتیفەی گەشی بدا.

تا بەرنامەی داهاتوو خواتان لەگەڵ