پیرەکەی بورهان

لە کتێبی:
دیوانی حەریق
بەرهەمی:
حەریق (1856-1909)
 3 خولەک  1833 بینین
پیر بووم و ژیر نەبووم بۆ تەجرەبەی کاران
بارانی فرمێسکم باراند لەدووی یاران
سەرتاپام شین کرد بۆ سەوزەی ڕووی گوڵزاری
ئاوی چاوم سوور بوو بۆ سەرووی جۆباری
لە خەوی غەفڵەتا هاتمەوە بێداری
دیسان وا چوومە سەر شیوەن و سەر زاری
تۆ وەنۆش سوحبەت و ڕازی شەوی وەسڵت
تۆ وەنێش فیرقەت و زاری ڕۆژی فەسڵت
بە پەیکانی مووژەت چەندجارت پێکاوم؟
لە مێحرابی ئەبرۆت بەستیم و گیراوم؟
تۆ ئەگریجەی خاوت، تۆ زولفی لاولاوت
بەبێ دانەی خاڵت مەمخەرە نێو داوت
بە پەرژینی زوڵفت ڕووی گوڵت شاردەوە
دڵم نارد بە دیاری، تۆ بۆچیت ناردەوە؟
یاخودا بێ قەزا بی، لوتفی تۆ هەروایە؟
درێغم لێ دەکەی بۆ تاقەهەودایە؟
تۆجامی لێورێژت، تۆ وغەمزەی خوێنڕێژت
تۆ و دەست پارێزت با بەس بێ گورێزت
تۆ و ڕیزەکەی ڕازت، تۆ و چاوەکەی بازت
تۆ و تیرەکەی نازت، بەس بێ گیر و گازت
لەبەرجیلوەت مرم نیقابی ڕووت لادە
لەبەرعیشوەت مرم چاوپیاڵەی بادە
ئاوڕێکم لێ وەدە، حەیاتم تازەکە
جەرگت پارە کردم بەو تیرە نازکە
بە وەعدەی خیلافت گۆی سەرت شکاندم
بە چەوگانی زوڵفت دڵت لێ رفاندم
تۆ تاریکەشەو، هیجرانی چەند ساڵم
تۆ ڕۆژی ڕووناک، کۆچی ماڵەوماڵم
تۆ باڵای عەرعەرت، زوڵفت لاولاو کە
تۆ نیگای دڵبەرت جارێکی لێم لاوکە
تۆ دەروونی گەرم و تۆ هەناسەی سەردم
تۆ دڵەی پڕ دەرد و تۆ ڕوخساری زەردم
لەسەر شانی دڵم باری غەم خوار مەکە
تۆ ڕاستی باڵاکەت، شەدەکەت لار مەکە
ئەمجا نۆبەی عەکسی تەجەللای سیفاتە
ئەمجا نۆبەی جیلوەی جامی خۆش سەفاتە
وەک خەتی میشکینت تاکەی پەرێشانی؟
وەک پەڕگاری زوڵفت تاکەی سەرگەردانی؟
ڕووزەردی ئیشراقی خورشیدی جەماڵم
شەرمەندەی بارەگای زوڵف و خەت و خاڵم
ئاوارەی وەتەن و غەریبی کۆی یارم
میحنەت زەدەی دەستی ڕەقیب و ئەغیارم
تۆ کەعبەی مرادت، قیبلەی دنیا و دینم
جارێ دەرکەوە، با باڵاکەت ببینم
مەقامی عاشقان سەدای قەدقامەتە
بە نەوای حەزینم ڕاستی قیامەتە
بە شێوەی شیرینت سەد فەرهاد دڵ کەیلە
هەزار مەجنوون سەودای زوڵفی لەیلە
بۆچ هەر من مەخمووری بادەی دیدەی مەستم
یا هەر من سەرمەستی جامەکەی ئەلەستم
لەلای خۆی حەریقیناسناوی ئەدەبی شەمعی ڕووی خوبانم
گیرۆدەی زنجیری پیرەکەی بورهانم