ئاشقی سەروی قەدت قومری سیفەت زاری دەکا

گەوهەر فرۆش
لە کتێبی:
دیوانی حەریق
بەرهەمی:
حەریق (1856-1909)
 1 خولەک  2544 بینین
ئاشقی سەروی قەدت قومری سیفەت زاری دەکا
ڕووی گوڵی تۆ بولبولی دڵ فێری غەمخواری دەکا
خۆت وەکوو سوڵتان و چاوت حاکم و ئەبرۆتە شیر
تیری موژگانت وەزیرە مەشقی خونخواری دەکا
کەوتە نێو زوڵماتی زوڵفانت دڵی ئەسکەندەرم
خدری زیندەی ماچی لێوت، کەی دێ ڕزگاری دەکا
من بە میزانی تەبیعەت گەوهەر ئەفرۆشم، دڵم
وا لە شامی زوڵفی تۆدا کەسبی عەتتاری دەکا
مەیخەرە ژێرپێتەوە گەر حەز دەکەی ژیر بێتەوە
دڵ کە منداڵە شەکەرخەندەی لەبت چاری دەکا
مورغی دڵ برژا لەبەر قرچەی هەتاوی فیرقەتت
تابەکەی داوی سەری زولفت گرفتاری دەکا
توتیی دووکانی حوسنت بولبولی تەبعی منی
خستە نێو بەندی تەماع و فێری بازاڕی دەکا
مەستی بادەی چاوی تۆم و پێم دەڵێ مەستی مەیە
سەیری کەن بوختانی ناحەق چۆن بە لەب جاری دەکا
بێرە مەیدانی فەساحەت ئەسپی خۆت لینگ دە حەریقناسناوی ئەدەبی
تا بزانم کێ بە شیعرت سوحبەت و یاری دەکا