هاتنی شێرۆیە بۆ لای شیرین لەسەر گۆڕی فەرهاد و خوسرەو
لە کتێبی:
شیرین و فهرهاد
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
3 خولەک
17 بینین
لە ناکاو بەتاو شێرۆیەی بێدین
بە پەرۆشەوە هاتە لای شیرین
گوتی ئەی نازدار شۆخی بێ هەمتا
هەتا سەر بۆ کەس نامێنێ دونیا
کوانێ سلێمان کوانێ ئەسکەندەر
کوا نەوشیرەوان عادڵی سەروەر
کوانێ کەیخوسرەو، کوانێ کەیقوباد
کوانێ شاهانی ساحیب عەدڵ و داد
کوا ئەفراسیاب، کوانێ نەریمان
کوا ئیسفەندیار ڕۆستەمی دەستان
کوانێ فرەیدوون ساحیب سپا و سان
کوانێ زەحاک و سامی نەریمان
کوانێ عاشقان دڵ پڕ غەم و دەرد
چی لێهات مەجنوون هەردەگێڵی هەرد
کوا شێخی سەنعان کە زناری بەست
لە عەشقی یاری بوو بە بتپەرەست
ڕاستی ئەڵێم پێت شیرینی شەوبۆ
خوسرەو من کوشتم لەبەر عەشقی تۆ
ئومێدم وایە شیرین من لە لات
دڵشادم بکەی بە وەسڵی باڵات
بە ڕۆژ و بە شەو بێ خورد و خاوم
لە عەشقی ڕووی تۆ جگەر سووتاوم
دەخیل و ئامان ڕەحمێ بکە پێم
گەر ڕەحمت نەبێ گیانە ئەسووتێم
شیرن بە حیلە زوو هاتە گوفتار
گوتی بە شێرۆ پادشای سالار
ئەوەڵ عاشقی باڵای فەرهاد بووم
لە پاشان بە وەسڵ خوسرەو من شاد بووم
وا لە پاش خوسرەو تۆ بووی بە یارم
تۆ بووی بە مونس دڵی زامارم
سێ شەرتم لەگەڵ تۆ کرد من ئەوسا
یەکێکیان ئەوا زوو بەجێت هێنا
دوو شەرتم ماوە تۆ بیگرە گوێ
جێگا و منزڵی خوسرەوت نەوێ
قەسر و قەڵاتی خوسرەو وێران کە
زوو قەسرێکی تر لە نوێ بونیان کە
هەموو خەزێنەی شای کەمەرلاڵان
بە ئیحسان و خێر بیدە بە ماڵان
ئەو وەختە زوڵفی ڕەش وەکوو عەنبەر
لەسەر سەری تۆ ئەیکەم بە سێبەر
چاوم ئەڕێژم بە سورمەی کۆی توور
ئەدرەوشێمەوە وەک مانگی پڕ نوور
بە برۆ و برژانگ وەک تیر و کەوان
ئەپێکم دڵی خانان و شاهان
تاجی جەواهێر ئەنێمە سەر سەر
ئەشکێنم شەوقی خورشیدی خاوەر
لیباسی شاهی بووکێنی خوسرەو
لەبەر ئەکەم بۆت شازادەی نیکڕەو
باش ڕائەبوێرین بە کەیف و خۆشی
بێ ترسی ئەغیار بە بادە نۆشی
بەڵام من تکام وایە لە لای تۆ
هەتاکوو چل ڕۆژ سەبر کە شێرۆ
تا چل ڕۆژ ئەبێ تەعەزیەبار بم
لەبەر تەعنەی خەڵق مات و غەمبار بم
شێرۆیە هەمووی قبووڵ کرد هەڵسا
ڕۆیشتە سەر تەخت، تاجی لەسەرنا
تەلاری شاهی هەموو وێران کرد
وەزیرەکانی گشت سەرگەردان کرد
بڕی چوارپەلی شەودێزی شیرین
عالەمێ هەموو بۆی بوون دڵ غەمگین
زوبانی باربود بە ئەڵماس بڕی
دەستی نەکیسای لە بێخا بڕی
کورسی ئەڵماس و ماری زەڕنشان
ناردی خستیانە دەریای بێ سامان
گەنج و خەزێنەی هەموو دەرهێنا
بەخشی بە لات و فەقیر و گەدا
بە گەنج و گەوهەر شاد بۆ ناکەسان
وەزیر و گەورە پاک بوون سەرگەردان