باسی عاشق بوونی شێرۆیەی کوڕی خوسرەو بە شیرینی ئەرمەن

لە کتێبی:
شیرین و فه‌رهاد
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 6 خولەک  44 بینین
با بکەین باسی شێرۆی بێ هونەر
حەرامزادەی زۆڵ پیسی بەد گەوهەر
عاشقی باڵای ئاڵای شیرین بوو
عەقڵ و شعووری لەسەرا دەرچوو
دەلیلێکی نارد مەلعوونی بێدین
بەیانی عەشقی کرد لە لای شیرین
دەلیل بە مەحرەم گوتی ئەی نازدار
شێرۆ عەشقی خۆی وا ئەکا ئیزهار
شیرین ئەمەی بیست قەدرێ حەبەسا
بێ هۆش بوو کاتێ هاتە هۆش ئەوسا
لە دەردی مەرگی فەرهادی دانا
بە قەتڵی خوسرەو زوو قەراریدا
وتی بە دەلیل بە شێرۆ بڵێ
سێ تەکلیف ئەکەم بیهێنێتە جێ
ئەمجا لە پاشان وەک پەروانە و شەم
پێکەوە ئەبین بەبێ دەرد و غەم
ئەوەڵ ئەمەیە زوو بکوژێ خوسرەو
دوو تەکلیفی تر ئەوسا ئەکەم لەو
ئەگەر نەکوژێ خوسرەو بە یەقین
هەرگیز شاد نابێ بە وەسڵی شیرین
دەلیل کە ڕۆیشت شیرینی ئەرمەن
بەربووە زاری و گریان و شیوەن
شیرینی ئەرمەن زوڵفان عەنبەربێز
زۆر لەعنەتی کرد لە شاهی پەروێز
گوتی هومێدم وایە کە ئەمجا
بکوژێتەوە زوو چرای خوسرەو شا
خوێنی بڕێژرێ بە دەستی شێرۆ
تا ڕۆژی مەحشەر سووک بێت و تڕۆ
دەلیل خەبەری زوو بۆ شێرۆ برد
قسەی شیرینی تەواو بەیان کرد
چاک قبووڵی کرد شێرۆی ڕووسیا
وتی پاش خوسرەو خۆم ئەبم بە شا
نەیزانی قەزا پێی نادا ئامان
بە لەعنەت ئەبێ تا ئاخر زەمان
کەوتە فکرەوە ئەو شێرۆی لەعین
بۆ قەتڵی باوکی حازر بوو یەقین
تەڕەفدارانی خۆی بانگ کرد بە تاو
بۆ تەدبیری دەرد، جگەری سووتاو
گوتی ئەی یاران جەرگم بڕاوە
لە عەشقی شیرین هۆشم نەماوە
وەختە لە عەشقی شیرینی ئەرمەن
منیش خۆم بکوژم هەر وەکوو کۆکەن
نۆبەتچییەکان تەنبیە کەن کە من
چووم نەکەن سەدا و هاوار و وەی من
کە خوسرەوم کوشت من ئەبم دڵشاد
ڕوتبە و مەعاشی ئێوەش ئەکەم زیاد
لە خۆشی شیرین شای شەدەلاران
پێتان ئەبەخشم خەڕاجی شاران
وەعدەیان پێدا وەختی نیوەشەو
بچێت لەت بکا جگەری خوسرەو
خۆلاسە شێرۆ پیسی بەدئەنگێز
نیوەشەو ڕۆیشت بۆ قەسری پەروێز
بە تاڵووکە و تاو و بە قین و خرۆش
چووە حوجرەکەی خوسرەوی لاڵپۆش
لێفەکەی لەسەر باوکی کە لادا
شەرمی باوکێتی مانع بوو وەستا
فکری کردەوە زۆر کردی خەیاڵ
گوتی زۆر حەیفە شاهی کەمەرلاڵ
بکوژم بە تاڵان بچێ تەختی شا
منیش تا مەحشەر ئەبم ڕووسیا
ئەو جێگەی خوسرەو تێیدا کەوتبوو
شیرینی ئەرمەن لەولای نوستبوو
کە دی مانگی ڕووی دولبەری نازدار
شعووری نەما ئەو شێرۆی غەددار
زوو هەڵیکێشا لە قەدی خەنجەر
دای لەسەر دڵی شاهی تاجوەر
شێرۆ خەنجەری وا لێدا بە قین
لە پشتی دەرچوو گەییە سەر زەمین
تاجی کەیانی و چقەی پەڕ تاوس
بازوبەندی لەعل شاهی کەیکاوس
هەرسێکی هەڵگرت شێرۆی بێ ئەدەب
زوو گەڕایەوە پیسی لامەزەب
خوسرەو پێکراوی زامی خەتەر بوو
لە خوێندا لاشەی سوور و ئەحمەر بوو
پەلی ئەهاویشت شای کەمەر لاڵان
هەر وەک گاکۆتر دایم ئەیناڵان
شیرین لە خەویا دی کەوا پەروێز
کەوتۆتە گێژاو و بەحرێکی خونڕێز
لە خەو بێدار بوو بەربووە هاوار
دەستی برد بۆ سەر باڵینی زەرکار
سەیری کرد لە خوێن مەوج ئەدا ئەمجا
بەربووە شین و زاری واوەیلا
کوژابوونەوە چراکانی شەو
تاریک بۆ قەسر و حوجرەکەی خوسرەو
پادشای بانگ کرد هیچ نەهاتە دەنگ
شیرین حەبەسا، بوو بە نەقشی سەنگ
پەردە و حیجابی شەرمی دڕی جا
بە ئاوازی بەرز گوتی خوسرەو شا
خوسرەو غەڵتانی دەریای خوێنین بوو
بێزار لە دەنگ و سەدای شیرن بوو
تێفکری ناڵەی خوسرەو بڵند بوو
مورغی ڕووح لە ناو گەروویا توند بوو
وەختێ دەستی برد بۆ سینەی پەروێز
هەڵئەقوڵا خوێنی بە وێنەی کارێز
شیرینی ئەرمەن وتی ڕسوا خۆم
مەحرووم لە دیداری پادشا خۆم
شینی فەرهادم خۆ تەواو نەکرد
وا شینی خوسرەو هات بە دەستوبرد
لە حەرەمسەرای کەیانی خوسرەو
سەدای واوەیلا هەڵسا نیوەشەو
حەرەمسەرایان خاسەی شاهانە
سەیریان کرد خوسرەو لە خوێن غەڵتانە
پەرچەمی خاوی خوسرەوی پەروێز
لە خوێنی ئاڵدا ڕەنگی بووبوو دێز
شیرین چوو دەمی نایە ناو دەمی
تێر تێر ماچی کرد کۆڵم و پەرچەمی
چاوی هەڵبڕی شای کەمەرلاڵان
گیانی تەسلیم کرد بە زاتی یەزدان
شیرینی ئەرمەن لە داخی پەروێز
بە ئەڵماس بڕی زوڵفی عەنبەربێز
گوتی پادشای حەوت کیشوەرم ڕۆ
شیرینی بێکەس بێ یاوەرم ڕۆ
سەرکردەی گەورەی تیپ و سپام ڕۆ
شاهی فیلەتەن ڕۆژی دەعوام ڕۆ
جەرگەی غوڵامان بێ ناز کەوتووم ڕۆ
دەرمانی دڵی قەت نەسرەوتووم ڕۆ
شازادەی نەوەی نەوشیروانم ڕۆ
خوسرەوی سانی نەوجەوانم ڕۆ
خوسرەو فیدای تاج خوسرەوانیت بم
قوربانی عەدڵی نەوشیروانیت بم
فیدای عەزیزان بێ ناز کەوتووت بم
قوربانی لاشەی لە خوێن خەوتووت بم
قوربانی جامی جەهان نومات بم
فیدای دەست ئەفشار گەنج و تەڵات بم
دەخیلە دەخیل مەچوو بۆ سەفەر
بەکێ ئەسپێری شیرینی دولبەر
هەڵسە زوو لە خەو قەزات لێمکەوێ
بۆچ دەنگی منت تۆ نایەتە گوێ
خۆ من شیرینم خوسرەو فیدات بم
قوربانی باڵای سەروی ساوات بم
سەر بەرزکەرەوە توخودا خوسرەو
سەرداران چاویان لە ڕێتە ئەمشەو
میرئاخوڕ ئەسپی وا بۆ کردووی زین
چاوەڕوانتە شای واڵا نگین
هەنگامی ڕاوە لەسەر سەرئاوان
سەرسەوز و بۆرچین وان لە پای کاوان
کێ بۆت تێ بکا جا جامی شەراب
کێ بپڕژێنێ لێت عەتر و گوڵاب
شیرینی ئەرمەن زویر و پەشێو حاڵ
ئەیلاواندەوە شاهی کەمەرلاڵ
لەو وەختەدا زوو شێرۆی شەڕەنگێز
هاتە حەرەمی خوسرەوی پەروێز
مەلایان بانگ کرد مەخلوقیان چڕی
ئاویان گەرم کرد کفنیان بڕی
زوو شوشتیان لاشەی جوانی شەهریار
خستیانە سندووق تەڵا و نوقرەکار
هەڵیان گرت دەرحاڵ بە تەختە ڕەوان
هەموو ئەهالی بەشین و گریان
بە قەدر و حورمەت خوسرەوی چالاک
لای قەبری فەرهاد سپاردیان بە خاک
شیرین لە مابەین قەبری هەردووکیان
دەستی کرد دیسان بەشین و گریان