باسی وەفاتکردنی لەیلی

لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 5 خولەک  18 بینین
کە گەڕایەوه لەیل لای مەجنوون
پەرێشان حاڵ بوو عاجز و مەحزون
بە دەقیقە و ئان هیچ نەبوو دڵشاد
ڕۆژ بە ڕۆژ دەرد و غەمی ئەبوو زیاد
لە وەسڵی مەجنوون هومێدی بڕی
هەتا داوێنی یەخەی دادڕی
وجودی کە وەک پەڕەی گوڵ وابوو
لەبەر نەخۆشی زار و زەعیف بوو
حەکیمی عالەم تەبیبی دونیا
کۆکرانەوە دایانێ دەوا
سەعی و غیرەتیان زۆر نواند هەموو
عیلاجی دەردی بێ دەوای نەبوو
کە زانی دەردی هیچ دەوای نییە
جا بە دایکی گوت نەخۆشی چییە
بانگی کرد گوتی وەرە دایە گیان
با ئاشکرا کەم لات ڕازی پەنهان
دەردی دڵی خۆم شاردەوە لە تۆ
هەتا بەم نەوعە من بووم ڕەنجەڕۆ
غەیری دەردی عەشق نەبێ بەخودا
هیچ دەردم نییە دایکی بە وەفا
زۆر ویستم بگەم بە وەسڵی دولبەر
مویەسەر نەبوو تەلەف بووم یەکسەر
ئاگری عەشقی لە دڵمی بەرزە
کڵپە و بڵێسەی سەد هەزار تەرزە
بە دەست کەس نییە وەها بوو قسمەت
خوا حافیز ئەڕۆم وا بۆ قیامەت
یاریش بە عەشقی من موبتەلایە
ئەویش دووچاری دەرد و بەڵایە
هەر بۆ من بووە ڕسوای زەمانە
لە ناو عالەمدا بوو بە ئەفسانە
من سەبەبم ئەو کە ئەکا هاوار
بە دەردی عەشقم بووە گرفتار
دایە گیان ئەوا من ئەمرم ئەڕۆم
یەقین گوناهی ئەو دێتە ئەستۆم
دەردی من یەک بوو وا بوو بە هەزار
چونکە لەلای یار وا بووم شەرمسار
وا وەداع ئەکەم دایکی بە وەفا
ئەڕۆم لە دنیا ئەچم بۆ عوقبا
یارم کە بۆ من پیشەی گریانە
دایم هەر کاری ناڵە و فوغانە
کە چاوت پێی کەوت بڵێ وا لەیلا
کە بە عەشقی تۆ بووبوو موبتەلا
بە دەردی عەشقی تۆوە ئەوا مرد
گیانی شیرینی قوربانی تۆ کرد
شەرت و عەهدەکەی خۆی بەجێ هێنا
خیلافی نەکرد هەرگیز لە گەڵتا
دایە گیان مەجنوون زۆر خەستە حاڵە
خزمەتی بکە ئەهلی کەماڵە
پێی بڵێ لەیلی خەفەت بارەکەت
بە تیری عەشقت بریندارەکەت
ئەوا لە دنیای فانی دەرچوو مرد
ڕووحی خۆی فیدای دوو دیدەی تۆ کرد
ئەگەر لە دەعوای عەشقا سادقی
لە دۆستیدا [تۆ] زۆر موافقی
لەیل ئینتیزارە بچۆ لای هەتا
بێ ئەغیار بگرن مەجلیسی سەفا
ئەم قسانەی کرد کە لەیل دەستوبرد
گوتی یا مجنون گیانی تەسلیم کرد
دنیا سەرتاپا دەرد و میحنەتە
سەرمەنزڵی خۆش هەر قیامەتە
ئەهل و عەشرەتی لەیلا بەجارێ
یەخەی کراسیان دڕی تا خوارێ
بەربوونە ناڵە و شیوەن و گریان
خۆیان گرتە قوڕ گەورە و بچوکیان
لە پاش چەن سەعات شیوەن و هەرا
تەسلیمی جێگای ئاخیرەت کرا
ئەمجا لە پاشان زەیدی وەفادار
کە لە مردنی لەیل بوو خەبەردار
ڕووی کردە دەشت و بادیە و سەحرا
بە دوای مەجنوونا تا توانی گەڕا
لە هەردەیێکدا سەیری کرد مەجنوون
کەوتووە مات و عاجز و زەبوون
گوتی بە مەجنوون ئەی خاکت بەسەر
لە دنیا دەرچوو لەیلی نازپەروەر
ئیتر چی ئەکەی لە خاک و خۆڵدا
بۆچی ئەگەڕێیت لە هەردە و چۆڵدا
مەجنوون ئاهێکی وەهای هەڵکێشا
بەجارێ بەندی دڵی دەرکێشا
بێهۆش بوو توانا و تاقەتی نەما
وەخت بوو گیانی دەرچێ لە غەما
لە پاشان هۆشی کە هاتەوەبەر
گوی ئەی زەیدی جەور و زوڵمکەر
من وام ئەزانی دۆستی بە وەفای
نەمزانی کە وا مایل بە جەفای
بۆچی منت کرد تۆ وا پەرێشان
باوە کوشتەت نیم ئەی شێتی نادان
بۆچ ئەم خەبەرەت هێنا دەستوبرد
بۆچی تۆ قەسدی ڕووحی منت کرد
بۆچی کردمت وەها ڕەنجەڕۆ
گوناهی منت بۆ گرتە ئەستۆ
وەک ئەم گوناهەت تۆ کرد ئەی برا
نیشانم بدە مەرقەدی لەیلا
بزانم لەیلی شۆخی جەبین گوڵ
چییە ئەحواڵی لە ژێر سەنگ و گڵ
زەید مەجنوونی برد بۆ سەر قەبرستان
کە نیشانی دا قەبری لەیلا گیان
مەجنوون کێلەکەی زوو گرتە باوەش
ئەوەندە گریا هەتا بوو بێهۆش
وەختێ کە سەری بەرز کردەوە
بە ئاهـ و ناڵە و بە دەم دەردەوە
زۆر پارایەوە لە قاپی یەزدان
گوتی ئەی خودای حەیی لامەکان
من دونیام ناوێ بێ دیداری یار
زوو شادم بکە بە وەسڵی دڵدار
لەیلی وا لە ناو بەزمی بەقادا
منیش وام لە گێژ دەریای فەنادا
لە دەریای فەنا بمخەرە کەنار
زوو بمگەیێنە بە وەسڵی دڵدار
حەقمە من بکەم تەمەنای ئەجەل
بیکە بە عەشقی ڕەسوولی مورسەل
سەعاتێ نەژیم لە پاش لەیلی گیان
بێ ئەو لە لای من مردنە ژیان
ئەم موناجاتەی مەجنوونی شەیدا
قبوڵی فەرموو دەرلەحزە خودا
لەسەر قەبرەکەی لەیلی درێژ بو
گوتی «یا لەیل» و زوو ڕووحی دەرچوو
زەید کە دی مەجنوون گیانی تیا نەما
دەستی کرد بە شین بە بانگ و سەدا
لەسەر هەتا خوار یەخەی خۆی دڕی
ڕیش و سمێڵی بە چەقۆ بڕی
ئەهلی قەبیلەی زوو کرد خەبەردار
هەموو دەستیان کرد بە گریە و هاوار
گشت کۆبونەوە لەسەر قەبرستان
سەیریان کرد مەجنوون وێڵی سەرگەردان
وا لەسەر قەبری لەیلی مردووە
گیانی خۆ فیدای یاری کردووە
بە شین و ڕۆڕۆ بە واوەیلاوە
قەبریان بۆ هەڵکەند لە لای لەیلاوە
هەر وەک لە ئەوجی بڵندی سەما
رووحیان جوت بووبوو لاشەشیان هەروا
جووت بوون لەگەڵ یەک بە دڵێکی پاک
دەستەملان بوون لە ژێر سەنگ و خاک
قەبرەکانیان بوو بە زیارەتگا
ئەهاتن خەڵقی بۆی لە هەموو لا