باسی خەوبینینی زەید بە لەیلی و مەجنوونەوە
لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
2 خولەک
21 بینین
زەیدی وەفادار بوو موتەئەسسیر
لەسەر قەبرەکان بوو بە موجاویر
هەڵسا ئازانە زۆر بە دەستوبرد
گومەزی لەسەر قەبرەکانیان کرد
بە شەو و بە ڕۆژ ئەگریا زار زار
بە جێی نەهێشتن بۆ بە توربەدار
کە مەغریب ئەبوو لەسەر قەبرەکان
فانووس و چرا و مۆمی ئەسووتان
شەوێکیان یەکجار مات و حەزین بوو
بۆ لەیلی و مەجنوون بێ تاو و تین بوو
کە خەوی لێکەوت وەختی بەیان بوو
لە خەو دی کەوا بۆ جێگایێ چوو
ڕۆیشت گەیشتە ناو باغێکی خۆش
پڕ گوڵ و لالە و عەرعەری دڵکەش
مەجلیس گیرا بوو شاهانە دەستوور
غیلمان و کەنیز وەستا بوون وەک حور
لەسەر تەختی زێڕ دوو کەسی دولبەر
پاڵیان دابوەوە وەک مانگی ئەنوەر
کەنیزەکی جوان ئەهات و ئەچوون
مەشغووڵی بەزم و کەیف و سەفا بوون
پرسی لە یەکێ گوتی ئەم جێیە
هەرگیز نەمدیوە پێم بڵێ کوێیە
ئەم دوو کەسە کێن هێند بەختیارن
پادشای کام جێن و چین و چ کارن
شەخسەکە گوتی بە زەید بزانە
لەیلی و مەجنوونە بەخوا ئەم دوانە
ئەمانەش هەموو حور و غیلمانن
بۆ خزمەت کردن لە لای ئەمانن
چونکە لە دنیا هەردووکیان چاک بوون
لە مەحەببەتدا گەلێ دڵپاک بوون
ئەجری دانەوە حەزرەتی یەزدان
داخلی کردن بە باغی ڕیزوان
لێرە بە وەسڵی یەکتری شاد بوون
لە داوی دەرد و میحنەت ئازاد بوون
کە لە خەو هەستا زەیدی وەفادار
لەم خەوەی خەڵقی زوو کرد خەبەردار
ئیعتیقادی خەڵق زیاد بوو هەمیشە
زیارەتی ئەوان کرایە پیشە