باسی مردنی ئیبن سەلام

لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 9 خولەک  23 بینین
مەعلووم هەر خەو و خەیاڵە عالەم
بە خەو و خەیاڵ تۆ مەبە خوڕەم
عاقیبەت ئیبنوسەلامی هەژار
بە تیری ئاهی قەیس بوو گرفتار
چونکە نەگەیشت بە وەسڵی لەیلا
بە دەردی گران زوو بوو موبتەلا
زار و زەعیف بوو کەوت لەسەر جێگا
وەک موو باریک بوو هێزی تیا نەما
لە هەر چوار قوڕنە و ئەترافی جیهان
کۆکرانەوە جەمعی تەبیبان
تەئسیری نەبوو دەرمان و دەوا
هەرچەن خەریک بوون بۆی نەهات شفا
عاقیبەت ڕۆژێ هەنگامی بەیان
قابزی ئەڕواح وەریگرت لێی گیان
لەیلای شۆخ و شەنگ بەهانەی دەست کەوت
ئارامی نەما یەک لەحزە نەسرەوت
ڕوومەتی ڕنی یەخەی دادڕی
لیباسی شین کرد پرچی خۆی بڕی
بۆ شیوەن چەن ڕۆژ لەوێ مایەوە
بۆ ماڵی باوکی جا گەرایەوە
جا زەید کە بیستی ئیبنوسەلام مرد
ڕۆیشت خەبەری زوو بۆ مەجنوون برد
هەر کە ئەمەی بیست مەجنوونی شەیدا
بەربووە شین و زاری و واوەیلا
زەید سەری سوڕما گوتی بە مەجنوون
وام زانی کە تۆ زۆر ئەبی مەمنوون
کە ئەم خەبەرەم من داوە بە تۆ
کەچی تۆ ئەکەی شیوەن و ڕۆڕۆ
مەجنوون گوتی پێی یاری وەفادار
تۆ وا ئەزانی نیمە حەیا و عار
ئیبنوسەلامی بێچارە و فەقێر
بە وەسڵی یاری نەگەیشت خۆ تێر
بە نامورادی لە ڕێگای لەیلا
عاقیبەت ڕووح و گیانی کرد فیدا
بۆ ئەم ئەحواڵەی ئەو خەفەت ئەخۆم
هەر بگریم چاکە بۆ ئەو هەم بۆ خۆم
زەید لە مەجنوون کە دی ئەم حاڵە
تێگەیشت گەورە و ئەهلی کەماڵە
مەجنوونی جێهێشت زەید گەڕایەوە
ئەمیش لە سەحرا تەنها مایەوە
لە ماڵی باوکی، لەیلای نازەنین
داییما ئەیکرد گریە و زاری و شین
لە هەر جێگایەک کە تەعزیەبارێ
ئەبوو یا نەخۆش یا بریندارێ
کۆی ئەکردنەوە دایم لە گەڵیان
شەو و ڕۆژ ئەیکرد شیوەن و گریان
زاهیر بۆ ئیبنوسەلام ئەگریا
داغی مەجنوون بوو بەڵام لە دڵیا
ڕۆژێ لە ڕۆژان هەنگامەی سەحەر
تەنها مایەوە لەیلای نازپەروەر
بە دڵی پڕ جوش بە کوڵ ئەگریا
سەری هەڵبڕی و ڕووی کردە سەما
زۆر پارایەوە لە قاپی یەزدان
گوتی ئەی خودای حەیی لامکان
غەم و دەردی من بێ نیهایەتە
بۆ لای کێ ببەم ئەم شکایەتە
ئەگەر وازبێنم من لە عەیب و عار
بم بە مونسی مەجنوونی هەژار
ئەبم بە تانەی مەخلووقی ئەیام
ناموس و حەیام ئەڕوا لە لای عام
ئەگەر هەروەها وازی لێ بێنم
لێی نەپرسمەوە دۆش دابمێنم
هەناسەی سەردی مەجنوونی شەیدا
ئەترسم ئاخر بەربادم بکا
کەوابوو خودای گەورە و بێ هەمتا
غەیری ڕەحمی تو نیمە هیچ پەنا
لەیلی بەم نەوعە دوعای زۆری کرد
خێڵی باوکی لەیل لەوێ باریان کرد
چونکە عادەت بوو ئەچوون بۆ کوێستان
لەیلاش سوار بوو ڕۆیشت لە گەڵیان
کەوتە ڕێ سواری حوشترێ بووبوو
دەردی دڵی خۆی ئەگێڕاوە زوو
زۆر خەیاڵی کرد هەتا دۆش داما
حوشترەکەی ئەو لە خێڵ بەجێما
خێڵ ڕۆیشت لەیلای دڵ پڕ لە میحنەت
مایەوە تەنیا لە دەشتی وەحشەت
کاتێ خەیاڵات لەسەری دەرچوو
سەیری کرد لەناو سەحرایێکا بوو
نە خێڵی باوکی دیارە نە هیچ کەس
زۆر تەماشای کرد نەبوو فریادرەس
حوشتری لینگدا بە هەموو لادا
بە بیابان و چۆڵ و سەحرادا
هەتا ڕێی کەوتە جێگەیە کەوا
لەوێ کەوتبوو مەجنوونی شەیدا
سەیری کرد شەخسێ لە هەردەی چۆڵدا
کەوتوە وەک مەجنوون لە خاک و خۆڵدا
چوو بە لایەوە لەیلا گوتی پێی
برای عەزیزم پێم بڵێ تۆ کێی
سەری هەڵبڕی گوتی مەجنوونم
عەوداڵ و وێڵی ڕووی دەشت و توونم
لەیلا لە جوابی زۆر ڕقی هەڵسا
چونکە بەو نەوعە نەیدیبوو ئەوسا
گوتی بێ ئەدەب بۆچ ئەکەی درۆ
مەجنوون کەی قیاس ئەکرێ لەگەڵ تۆ
مجنون تێگەیشت لەیلا نەیناسی
جوابی دایەوە زۆر بە کەساسی
گوتی ئەی دوڕی یەکتای لەتافەت
شۆخی نازەنین ساحیب مەلاحەت
مەجنوون ببینی ئەیناسی قوربان
ئەزانی چۆنە بە ناو و نیشان
جوابی دایەوە ئەمجارە لەیلا
گوتی کە مەجنوون جوانە و دڵڕوبا
جوانی لەتیفە لای هەموو عالەم
ناودارە و لاوچاک گەورە و موعەززەم
تۆ پەرێشان و زویر و زەلیلی
داماو و هەژار یەکجار سەفیلی
مەجنوون شاعیرە ئەهلی ئیدراکە
لەهجە و هەڵبەستی زۆر جوان و چاکە
مەجنون گوتی پێی بە دڵی پڕ غەم
عاشق لازمە لاڵ ببێ و ئەبکەم
فرمێسکی چاوە قسە و ئەشعاری
دایم هەر ماتە دڵی غەمباری
شیعر گوتن و عەرزی فەساحەت
دەلیلە قوربان بۆ خۆشی و ڕاحەت
لەیلا جا گوتی تۆ گەر مەجنوونی
لە عەشقی لەیلا مات و مەحزوونی
قسەت ئیسبات کە چەند شیعرێکی جوان
لە باسی لەیلا بۆم بڵێ قوربان
وەختێ ئەمەی بیست مەجنوونی هەژار
خوێندیەوە گەلێ ئەبیات و ئەشعار
لە ڕۆژێکەوە بۆ مەکتەب چوو بوو
هەتا ئەو ڕۆژە دەستوبرد زۆر زوو
هەموو بە شیعری ڕێکوپێک و جوان
بۆ لەیلای شۆخی دەرحاڵ کرد بەیان
کە شیعرەکانی خوێندەوە مەجنوون
بە چاوی پڕ ئاو بە دڵی مەحزوون
لەیلا تێگەیشت ئەمە مەجنوونە
لە تاو عەشقی ئەو دڵی پڕ خوونە
بەربووە گریان بە کوڵی دەروون
گوتی ئەی نووری دوو دیدەم مەجنوون
هەر ناوی تۆیە وێرد و زیکری من
هەر یادی تۆیە دایم فکری من
لێم عاجز مەبە کە من ئەوەڵ جار
تۆم نەناسیەوە وا بووم خەتابار
ئەمە بە خەو و خەیاڵ ئەزانم
کە تۆم دۆزیەوە ئارامی گیانم
مەجنوون ئەمانەی کە بیست سەرسام ما
وتی بۆچ هاتووی بۆ ئێرە توخوا
لە قسەکانت دیارە ئاشنای
خاوەن ئەخلاق و خۆش لەفز و سەدای
تۆ ناوت چییە پێم بڵێ قوربان
بۆچی هاتویتە چۆڵ و بیابان
لەم قسانەی تۆ وا دەرئەکەوێ
ڕەحمت پێم هەیە منت خوش ئەوێ
لەبەر دەردی عەشق یەکجار کەساسم
هیچ هۆشم نییە ڕەنگە بتناسم
لەیلا کە زانی نایناسێ ئەمجا
گوتی ئەی مەجنوون عاشقی شەیدا
مژدە بێ گیانە کە من لەیلی تۆم
لە دەرد و داغت دەروون کەیلی تۆم
زانیم موشتاقی جەماڵی منی
دایم موحتاجی ویساڵی منی
ئێستا کە وەسڵم بۆت غەنیمەتە
وەرە لامەوە گیانە فرسەتە
دڵم بۆ وەسڵی تۆ ئەمانەتە
ڕووحم شاباشی قەدت و قامەتە
ئەمانەتەکەت زوو وەرگرەوە
وەرە لام چاوم ڕۆشن کەرەوە
ئەگەر نەخۆشی من تەبیبی تۆم
ئەگەر عاشقی خۆم حەبیبی تۆم
وەرەوە لامەوە گیانە هاودەم بە
لە بەزمی وەسڵی مندا مەحرەم بە
بێنەوە سەرت عەقڵ و فیراسەت
با بەس لێمان دەن تیری مەلامەت
مەجنوونی دڵرێش سەرگەرشتەی هەردان
ئەم قسانەی بیست سەرسام بوو حەیران
گوتی هەر وەختێ کە ڕوو دەرخا گوڵ
بولبول پێویستە بکا تەغافوڵ
مەجنوون نەبوایە لەیل کێ ئەیناسی
ناوی گوم ئەبوو زوو بە کەساسی
لەیلا کە بیستی ئەمە لە مەجنوون
جوابی دایەوە بە دڵی مەحزوون
گوتی بۆچ ئەکەی گیانە ئیستیغنا
تۆ ئاگات نییە لە حاڵی لەیلا
دایم خەریکی هاوارە بولبول
هەر دوعا ئەکا ببینێ ڕووی گوڵ
وەختێ گوڵی دی بکات ئیستیغنا
ئیتر بۆچ بکا شیوەن و غەوغا
جوابی دایەوە مەجنوونی شەیدا
گوتی بە لەیلا ئەی گوڵی ڕەعنا
بۆ من خەیاڵت بەسە کافییە
گشت ئارەزووی تۆ بێ ئینسافییە
هەتاکوو چاوم پر نوور بوو ئەوسا
من تۆم نە ئەدی ئەی مەلەک سیما
ئێستاکە دیدەم کەوا بێ نوورە
ناتبینم دیتن لە چاوم دوورە
بناغەی عەشقم زۆر مەحکەم بووە
منی لەگەڵ تۆ هاودەم کردووە
خەیاڵت لە دڵ پڕ بووه ئێستا
جێگای سووڕەتی تۆی تێدا نەما
لە جەماڵ خۆ ڕووح ئەبینێ لەزەت
ڕووحم لای تۆیە بۆچیمە سووڕەت
دەروونم لە تۆ خۆ ماڵاماڵە
ئیتر سووڕەتت بینین مەحاڵە
مناڵ بووم عەشقی تۆم کە کەوتە سەر
ئەمخوێند من ئەلف و بێ و زیر و زەبەر
تەحسیلم تەواو کردووە ئێستا
چیم لە ئەلف و بێ داوە من ئەمجا
خۆ بە ڕیسوایی ناوم مەشهوورە
عەقڵ و مەعریفەت لە بەندە دوورە
دەخیل و ئامان وەکوو من لەیلا
خۆت مەکە لەناو عالەمدا ڕسوا
لێمگەڕێ با هەر خۆم وا مەجنوون بم
هەر خۆم عەوداڵ و من توناوتوون بم
بچۆرەوە ناو عەشیرەتی خۆت
پەردەنشین بە بە عیسمەتی خۆت
ڕووی خۆت مەنوێنە گیانە بە ئەغیار
حەیفە جەماڵت ببینێ بەدکار
چونکە ئەتوارت ئەتواری منە
ئەزانن لەیلا دڵداری منە
مەجنوون بەم نەوعە لەگەڵ لەیل دوا
لەیلای نازپەروەر تێگەیشت ئەمجا
عەشقەکەی هێندە زۆر و تەواوە
رێی شکڵی ئەسڵا تێدا نەماوە
گوتی بە مەجنوون ئەلحەق کامڵ بووی
بە حەقیقەتی عەشق واسڵ بووی
لە حەقیقەتدا زاتێکی چاکی
زۆر بەشەرێکی خاوێن و پاکی
ئەلحەمدولیللا لە من بوو مەعلووم
کە وەسڵی سووڕەت لە لاتە مەزمووم
خەفەتم زۆر بوو ئێستا دڵشاد بووم
لە تەعەللوقی دونیا ئازاد بووم
لەمەوپێش گەرچی مەست و غافڵ بووم
لە حەقیقەتی عەشقا جاهیل بووم
زوڵف و ڕووی خۆمم ئارایش ئەدا
وەهام ئەزانی مەجنوونی شەیدا
تەماشای زوڵف و خەت و خاڵ ئەکا
نەمزانی کە حەز لە کەماڵ ئەکا
حاڵی بووم نیتە تۆ مەیلی نەزەر
ئەمین بە ئیتر ئازیزی سەروەر
ئەبێ تەنهایی بکەم ئیختیار
ڕووی من نەبینێ تا ئەبەد ئەغیار
دوعاخوازی کرد لە مەجنوون لەیلا
سواری حوشتر بوو گەڕایەوە دوا
لە ڕێگا تووشی شوانی حەیوان بوو
شوانی حەیوانی خێڵی خۆیان بوو
چوەو بۆ خێڵی خۆیان بە دڵشاد
مەجنوون بەربووە شیوەن و فریاد
ملی ڕێگای گرت، وەحشیی و تیوور
گورگ و چەقەڵ و ڕێوی و مار و مور
هەمووی دوای کەوتن پاک دەورەیان دا
ئەگەڕان چۆڵ و بادیە و سەحرا
لە فیکری چوەوە جا ناوی لەیلا
هەر بانگی ئەکرد لەوەلا مەولا
لە سەرمای زستان لە گەرمای هاوین
بێزار نە ئەبوو قەیسی دڵ غەمگین
هەر هەڵی ئەبەست قەسیدە و ئەشعار
لە لای نەمابوو ئارام و قەرار
وەلی و پیاوچاکان دەورەیان ئەدا
ئیستیفادەیان لێ ئەکرد خێرا
ئەیگوت مەعموورەی دنیا وێرانە
لە وێرانەدا خەزنە پەنهانە
هەر کەسێ کەوا سووڕەت پەرسانه
لە حەقیقەت دا کەر و نادانە